پێشینەی هاوبەشی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە

Saturday, 02/02/2019, 22:43

13871 بینراوە


پێشینە‌ی هاوبەش (Common Descent)، یاخۆ ئەوەی لە‌ زیندە‌وە‌رزانیدا پێی دەگوترێت، پێشینە‌ی هاوبە‌شی گشتی، ئە‌و چەمکە‌ دە‌گرێتە‌وە‌ کە پێشینە‌ی هە‌موو ئە‌و جۆرە زیندە‌وە‌رانە‌ی ئە‌مڕۆکە هە‌ن، ئە‌وانە‌ی لە‌ ڕۆژگارێکیشدا هە‌بوون و بنە‌بڕ بوون، بۆ یە‌ک پێشینە‌ی گشتی دەگەڕێنێتەوە.
بە گوزارشتێکی دی، سە‌رە‌تا یە‌ک تاکە‌ زیندە‌وە‌ر پە‌یدا بووە (تیۆری پەیدابوونی ژیان)‌، پاشان بە‌ دابەشبوون و پە‌رە‌سە‌ندنی بەرەبەرە‌یی و بە‌ تێپە‌ڕبوونی ماوە‌یە‌کی یە‌کجار دوورودرێژ، ئە‌و هەمەجۆرییە‌ هاتووەتە ‌کایە‌داراوە (تیۆری پەرەسەندن).‌ کەواتە سە‌ر‌جە‌می زیندە‌وە‌ران خزمایە‌تییان لە‌گە‌ڵ یە‌کدیدا هە‌یە، هە‌ر جۆرێک لە‌گە‌ڵ نێزیکترین جۆر لە‌ خۆی، پێشینە‌یە‌کی هاوبە‌شی هە‌یە‌ و لە‌گە‌ڵ یە‌کێکی دوورتر پێشینە‌یە‌کی کۆنتری هە‌یە‌، بە‌م شێوە‌یە‌ هە‌تا جۆرە‌کان لە یەکدی دوورتر بن، پێشینە‌ی هاوبە‌شیان کۆنتر دە‌بێت.
لەسەردەمانێکدا چەمکی پێشینە‌ی هاوبە‌ش، پتر پشتی دە‌بە‌ستا بە‌بوونی ئە‌و نیشانە‌ دەرەکییە هاوبە‌شانە‌ی کە لە‌ گشت جۆری زیندە‌وە‌راندا بە‌دی دە‌کران. هەر بۆیە بە‌ڵگە‌کان‌ لە ‌سە‌ردە‌می دارویندا، تە‌نیا شێوە و ئە‌و لێکچوونانە‌ بوون کە بە‌چاو دە‌بینران، وەک بوونی هاوشێوەیی لە ئەندامەکانی لەشی ئاژەڵان و بوونی باڵ لای باڵندە‌ (گە‌رچی هەندێکیان توانی فڕینیان نییە)‌. ئێستە ئەمانە بۆ ئێمە بەس نین، چونکە زۆربەمان دەزانین کە بینین بە‌تە‌نیا، هە‌رگیز نابێتە‌ بە‌ڵگە‌ بۆ سە‌لماندنی هیچ جۆرە‌ تیۆرێکی زانستی. ئە‌مڕۆ زاناکان لەڕێی زانستە جیاجیاکانەوە، بەتایبەتیش‌ لە بۆماوە‌زانییەوە، چەندان بە‌ڵگە‌ی بەهێز و پتە‌ویان بەدەست کەوتوو، بتوانن بوونی پێشینە‌ی هاوبە‌شی جۆرەکان دیار بکەن.‌ هە‌موو خانە‌یە‌کی زیندوو، هە‌مان ترشی ناوە‌کی وەک کە‌رستە‌یە‌کی بۆماوە‌یی (دنا و ڕنا) و هە‌مان ترشی ئە‌مینی بۆ ڕۆنانی پڕۆتینە‌کان بە‌کار دەهێنێت، هەروەها چە‌ندان کرداری دیکە کە لە‌ناو خانە‌دا ڕوو دە‌دە‌ن، لە لای هەموو زیندەوەراندا وەک یەکن. نەبوونی بۆماوەزانی و نەشارەزایی بواری جینەکیی، ببووە هۆی ئەوەی داروین نەتوانێت بەچاکی وەڵامی ئەو ڕەخنانە بداتەوە کە لێی دەکران، لەسەر بوونی جیاوازی لە یەک جۆری زیندەوەراندا کە ببووە کێشەیەکی دیکەی ئەو تیۆرە لەو کاتەدا.
جگە‌ لە‌ بۆماوە‌زانی زۆر زانست هەن، بوونی پێشینە‌ی هاوبە‌شی جۆرەکان دە‌سە‌لمێنن وەک، توێکاریزانی، زە‌ویناسی، زە‌ویکۆڵزانی، شوێنەوارناسی و زانستی هەڵکۆڵدراوەکان. ئێستە بنە‌چە‌ی هاوبە‌ش وەک کۆڵەگەیەکی سە‌رە‌کیی پە‌رە‌سە‌ندن، لە لای زۆربە‌ی زانا و زانستمەندەکاندا بووە‌تە‌ ڕاستییە‌کی زانستیی سە‌لمێندراو‌.

پێشینە هاوبەشەکانی مرۆڤ
هەرچەندە داروین دەیزانی کە جۆرەکەی ئێمە لەگەڵ مەیموونەکاندا خاوەنی پێشینەیەکی هاوبەشە، بەڵام لەو سەردەمەدا هیچ هەڵکۆڵدراوێکی وا نەبوو کە پاڵپشتی بیروڕاکانی بێت بۆ پەیدابوونی مرۆڤ. زۆربەی ئەو تۆژینەوانەی کە پێوەندیان بە پەیدابوونی مرۆڤەوە هەیە، لە پاش داروین سەریان هەڵداوە.
ئاکامەکانی گەلێک لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن، کۆمەڵە مرۆیییەکان لە‌گە‌ڵ مە‌یموونە باڵاکانی ئە‌فریکا خاوەن پێشینە‌یە‌کی هاوبە‌شن، چونکە زۆربەی ئە‌و پێشینە هاوبە‌شانە لەم کیشوەرەدا دۆزراونەتەوە، هەروەها جێماو و هە‌ڵکۆڵدراوە تایبە‌تییەکانی مرۆڤی کۆن، وایان کردووە بەڵگەکانی پەرەسەندن و گۆڕانی پلە‌پلە‌یی ئەو پێشینانە بەرەو مرۆڤ، لە زۆربە‌ی لایە‌نە‌کاندا جێگیر و چەسپاو بن.
مرۆڤی ئەمڕۆ چەند پێشینەیەکی هەیە کە بە مرۆڤە سەرەتایییەکان ناو دەنرێن، یاخۆ مرۆڤە پێشینەکان (نەک مەیموون) وەک، هەڵکۆڵدراوەکانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و کۆمەڵە مرۆییە کۆنەکانی دیکە. لەبەرئەوەی ئەو پەرەسەندنەی کە ڕوو دەدات هەمیشە لە هەمان جۆردا دەبێ، بۆیەشە جەختی لەسەر دەکەینەوە کە پەرەسەندن هەرگیز زیندەوەرێک ناکاتە زیندەورێکی دیکە کە هەیە، بگرە دەبێتە هۆی پەیدابوونی بوونەوەرێکی نوێ لەڕێی کەڵەکەبوونی بازدانە جینەکییەکان و میکانیزمەکانی دیکەی پەرەرسەندن، بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورودرێژ.
ئەگەر سەرنج بدەینە مرۆڤی ئێستە‌ کە هە‌ڵگری جینە‌کانی پێشینە‌ هاوبە‌شەکەیەتی لە‌گە‌ڵ شیمپانزیدا، دەبینین لە هەمان کاتدا هەڵگری ژمارەیەکی زۆریشە لەو جینە مرۆیییانەی‌ کە هەندێ ئاکاری پە‌سندیان پێ بە‌خشیووە،‌ بەهۆی ئە‌و پە‌رە‌سە‌ندنانە‌ی ملیۆنان ساڵیان خایاندووە. جۆری شیمپانزیش‌ جینی پێشینە هاوبە‌شە‌کەی لە‌گە‌ڵ مرۆڤ و ئە‌و جینانە‌ی تێدایە کە هەندێک تایبە‌تمە‌ندی دیکەیان پێ داوە، ئەمیش لەڕێی ئە‌و پە‌رە‌سە‌ندنانە‌وە وەری گرتووە کە لە کاتی خایەنراودا لەگەڵ هی مرۆڤ یەکسانن، بەڵام لە ڕێچکەدا جیاوازن، بۆیە گرینگە‌ بزانین کە پێشینە‌ی جۆرەکەی هە‌ردووکیان بوونە‌وە‌رێکن نە‌ مرۆڤ بوونە، نە‌ شیمپانزی.
کرداری گواستنە‌وە‌ی‌ جینە‌کانی ئە‌و پێشینانە‌ بە‌ردە‌وامە،‌ لە هە‌موو زیندە‌وە‌رێکیشدا ئەو جینانە دە‌مێننە‌وە، لەبەرئەوەیە‌ ‌مرۆڤی ئە‌مڕۆ، نە‌ک تە‌نیا هە‌ڵگری جینە‌کانی پێشینە‌ هاوبەشەکەیەتی لەگەڵ شیمپانزیدا، بگرە هە‌موو ئە‌و پێشینانە‌شە کە لە‌ ڕابردوودا هەیبوون، لە‌و کاتانە‌ی ماسی، یان جۆرێک لە‌ خشۆکە‌کان بووە.‌
مرۆڤ زۆر پێشینەی هەیە لەگەڵ مەیموونە باڵاکان، چەندین ئێسکەپەیکەری ئەمانە دۆزراونەتەوە، یەکێک لە هەموو ئەو هەڵکۆڵدراوانەی کە گەلێک ناسراوە پێی دەگوترێت، ئاردی (Ardipithecus ramidus).
دۆزەوەی ئاردی وەک سەرچاوەیەک بۆ ئاشنابوون بە بنەچەی مرۆڤ، بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە بۆ تیۆری پەرەسەندن، بۆیە لێرەدا پێمان باشە هەندێک لێی بدوێین.
زانای مرۆناسی، تیم وایت کە یەکێکە لە بەشداریکارانی ئەو پڕۆژەیەی تۆژینەوەی لەسەر دۆزەوەی ئاردی دەکرد، دەڵێت: "ئاردی نێزیکترین پێشینەی هاوبەشی نێوان ئێمە و شیمپانزییە کە تا ئێستە دۆزراوەتەوە."
پڕۆژەی گەڕان و پشکنین لە باکووری بیابانی (ئیتیۆپیا)، بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوو دەگەڕێتەوە. ئەم شوێنە گرینگییەکی زۆری هەبوو بۆ زاناکان، لەبەرئەوەی لە ناخیدا هەڵگری بەڵگەی کۆمەڵەیەکی مرۆیی نادیار و نەناسراو بوو، ئەویش کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢ شەویلگەیەک دۆزرایەوە کە نموونەی لە هیچ یەکێک لەو کۆمەڵانەی پێشوودا نەبوو، ئەو شەویلگەیە و چەند ئێسک و پروسکێکی دیکە، بوونە بەڵگە بۆ ئەو بوونەوەرەی بە ئاردی ناونرا.
کێشەکە سەرەتا ئەوە بوو کە نەدەتواندرا بەو چەند پارچە ئێسکە، بەتەواوی نیشانە و تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆری کە لێیەوە هاتووە دیار بکرێن. خۆشبەختانە پاش نێزیکەی دوو ساڵ، ئێسکەکانی دەست دۆزرانەوە، پاشان وای لێهات بە ماوەیەکی کورت، زیاتر لە سەد پارچە ئێسکی دیکە دۆزرانەوە. ئەو پارچانە زۆربەیان ناتەواو بوون، بۆیە زاناکانی ناچار کرد، وێنەیان بگرن و لەڕێی کۆمپیوتەرەوە پێکەوەیان بنێن، تا بکارن ئەو بوونەوەرە بگێڕنەوە بۆ شێوەی بنەڕەتی خۆی. کۆی پارچە ئێسکەکانی ئاردی ١٢٥ دانە بوون، ئەمانەش گرینگترین بەشەکانی لەشیان پێک دەهێنا، هەر لە کەللەی سەر و ددان و ئێسکەکانی سمتەوە بگرە تا دەگاتە ئێسکەکانی دەست و پێ. ئەم پێکەوەنانە بووە هۆی ئەوەی زاناکان بتوانن بەراوردی بکەن لەگەڵ دۆزەوەی لوسی (Australopithecus afarensis)، ئەو نیوچەمرۆیەی کە نێزیکەی یەک ملیۆن ساڵ لە پاش ئاردییەوە هاتووە و سەربە بەشێکە لە مەیموونەکانی باشوور (باشووری ئەفریکا) (Australopithecus)، لوسی یەکێکە لە بنەچەی مرۆیییەکان، واتە کۆمەڵەی هۆمۆ (Homo)، ئەوەی کە مرۆڤی هاوچەرخ بەشێکە لێی.
زاناکان ئاردییان خستە ڕیزی ئەو بەشەی کە مرۆڤی لێیەوە هاتووە، نەک بۆ بەشی شیمپانزی، ئەمەش لەبەر بوونی چەندان تایبەتمەندی جۆراوجۆر، وەک ئەوانەی لە نیوچەمرۆیییەکانی نموونەی (لوسی)دا هەن، بەڵام لە مەیموونە باڵاکاندا نین، چ لەوانەی ئێستە هەن، چ لەوانەشی کە بنەبڕ بوونە. بەتایبەتیش ئەوانەی پێوەندییان بە ڕۆیینی ستوونی هەیە وەک، شێوەی ئێسکەکانی سمت و ئەو جومگانەی کە ماسوولکەکانیان پێیەوە بەندن، هەروەها پێکهاتەی ئێسکی پەنجەی پێیەکانیان. لە سەرووی ئەمانەوە بچووکی و کورتیی ددانە بڕەڕەکانی کە لە ئاریدا هەن، تایبەتمەندییەکن تەنیا لە مرۆییەکاندا دەبینرێن، چونکە لە کۆمەڵەکانی دیکەدا (مەیموونەکان)، ددانە بڕەڕەکان تیژ و درێژن.
دەکرێ لە ئاردییەوە وەک ئەڵقەیەکی سەرەکیی ڕەوتی پەرەسەندنی مرۆڤ، سەرنجێک بدەینە ڕابردوویەکی کۆنتر، واتە بۆ پێشینەی هاوبەشی جۆری مرۆڤ و شیمپانزی، وەک چۆن بۆچوونەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە نێزیکەی ٦ تا ٨ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە ژیا بێت. ئەوەی لێرەدا دەرکەوتووە کە هەرچەندە تەمەنی ئاردی نێزیکەی ٤.٤ ملیۆن ساڵێک دەبێت، کەچی خاڵە هاوبەشەکانی پتر لەو دۆزەوانە نێزیکترە کە لەو کۆنترن، ئەوانەی کە ڕەنگە بگەنە ٦ تا ٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەریش، وەک ساهیلئە‌نتڕۆپس چادنیس (Sahelanthropus tchadenis)، یان ئاردیپیتیکس کادابا (Ardipithecus kadabba)، ئەوەی کە تەمەنی خۆی لە ٥.٧ ملیۆن ساڵ دەدات. ئەمانە هەردووکیان لەو کۆمەڵانەن کە بەستوونی دەڕۆیین و ددانە بڕەڕەکانیان کورت بوون، لەبەرئەوەی ئەمانەش ئێسکەپەیکەرەکانیان ناتەواون، ناکرێت بەچاکی گشت تایبەتمەندییەکانیان دیار بکرێن، بەڵام کاتێک کە لەگەڵ ئاردیدا بەراوردیان دەکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم دووانەش سەربە هەمان زنجیرەی پەرسەندنی مرۆڤن.
ئەوەی جێی سەرسڕمانە کە ئاردی هەرچەندە لە پێشینەی هاوبەشی شیمپانزییەوە نێزیکە، کەچی لە گەلێک ڕووەوە لە مرۆڤی ئێستە دەچێت، نەک لە شیمپانزی. بەمە ڕاستەوخۆ بەدەر دەکەوێت کە ئەو گۆڕانانەی بەسەر شیمپانزیدا هاتووە لەوەی مرۆڤ پترە، بەو واتایەی پەرەسەندنی مرۆڤ لەچاو شیمپانزی کەمترە. بێگومان ئەمەش تەواو پێچەوانەی بۆچوونە باوەکانە لەم بارەیەوە، هەر بۆیە هەندێک وەک بۆچوونێک دەبێژن کە مرۆڤ (مەیموونێکی پەرەسەندوو) نییە، بگرە دەشێت بە پێچەوانەوە بێت!*
ڕۆیینی ئاردی بەستوونی خۆی لەخۆیدا تایبەتمەندییەکی ناوازەی کۆمەڵەی مرۆیییەکانە لە ڕەوتی پەرەسەندندا. زانای مرۆناسی، دۆنالد جۆهانسن، دەلێت: "ئاردی دۆزەوەیەکی گەلێک گرینگ و پڕبایەخە، لەبەرئەوەی خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکە کە کەس نەی دەتوانی بەئاسانی پێشبینییان بکات."
لێرەدا دەکرێ بپرسین، ئایە ئەو بوونەوەرە چی بوو کە پشێوییەکی وای هێنایە ئاراوە، بە جۆرێک کە چەندان بیروڕای چەسپاوی شارەزایانی بواری پەرەسەندن هەڵ بگێڕێتەوە؟
ئاردی بوونەوەرێکی ڕەگەز مێیینە بوو، درێژییەکەی ١٢٠ سم و کێشەکەی نێزیکەی ٥٠ کیلۆگرام دەبوو. واتە لە لوسی درێژتر و کێشەکەی دوو هێندەی ئەو دەبوو، ئەمەش ئەو بەدەر دەخات کە کۆمەڵەی ئاردی بەپێچەوانەی لوسی، لە لایەنی کێشیەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێیەکانیاندا نەبووە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، هاوتای ئەو ڕێژەیەی لە نێوان درێژی دەست و پێیەکانی ئاردیدا هەیە، لە هیچ کۆمەڵەیەکی دیکەی هاوشێوەی وەک، گۆریلاکان و شیمپانزییەکاندا نییە، چونکە ئاشکرایە ئەمانە دەستەکانیان درێژ و پێیەکانیان کورتن. جگە لەمە بوونی ئەو جومگەیەی کە توانی نووشتاندنەوەی دەست بۆ دواوە دەدات، گەواهی ئەوەن کە ئاردی پێی دەکرا بە چوار پەلییەوە لەسەر دارەکاندا بڕوات و پێیاندا هەڵگەڕێت، ئەمەش دیسانەوە دیارە وەک شیمپانزییەکان نییە، چونکە ئەمانە دەستی درێژ و بەهێزیان هەیە بۆ گرتنی قەدی دارەکان. بەکورتی دەستەکانی ئاردی زۆر لە دەستی مرۆڤیان دەکرد، هەروەها پەنجەکانی پێی ئاردی هەرچەندە درێژ بوون کە بگونجێن بۆ خۆگرتن بە قەدی دارەکان، بەڵام لە جووڵەیاندا سست بوون و وەک هی شیمپانزییەکان نەبوون. سەرباری هەموو ئەمانە ئەو پارچە ئێسکەی لە بەشی دواوەی پەنجەکانی پێی ئاردیدا هەبوون، بەڵگەی پەرەسەندنێکی زۆری چەسپان و پتەوەی پێیەکانن کە بۆ ڕۆیینی ستوونی پێویستن.
ئەوەی پێویستە دیسانەوە بگوترێت، لەم چەند دێڕەی سەرەوە و بابەتی ئاردیدا دەبینین، زاناکانی پەرەسەندن لەسەر ژمارەیەکی زۆر بابەت کێشە و مشتومڕیان هەیە، بەردەوامیش بیروڕای نوێ و جۆراوجۆر دێتە ئاراوە کە لەوانەیە هەندێکیان تەواو پێچەوانەی بۆچوونە باوەکان بن. بەڵام هەموو ئەمانە لە زانستەکاندا شتگەلێکی ئاسایین، ئەم ڕایانەی لێتۆژ و شارەزایان، ڕاست بن، یان هەڵە، ئاردی نێزیکایەتی بە مەیموونەکانەوە کەمتر، یاخۆ زیاتر بێت لە کۆمەڵە مرۆییەکان، هۆکاری پشت ڕاستکردنەوەی پێشینەکانی مرۆڤ هەرچییەک بێت، هیچ لە ڕاستییەتی بوونی پەرەسەندن کەم نابێتەوە، هەرگیزیش نابنە هۆی ئەوەی متمانەی زانایان بە تیۆری پەرەسەندن کز ببێت، چونکە ئەم بیروڕایانە هیچیان دژی بنەما سەرەکییەکانی پەرەسەندن نین. 
بەداخەوە هەندێک کەس، بوونی بۆچوونە جیاوازەکانی زانایان دەکەنە بیانوو بۆ دژایەتیکردنی ئەم تیۆرە، جاری واش هەیە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا لەسەر تیۆرەکە، بەپێچەوانەوە بە خەڵکی ڕادەگەیێندرێت. وەک چۆن ماوەیەک بەرلە ئێستە، لە هەندێ دەزگە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئەو دۆزەوە بەناوبانگەی ئاردی کە بەڵگەیەکی گەلێک گرینگە بۆ سەلماندنی بوونی پەرەسەندن، بە مەبەستی چەواشەکردن، لەکاتی هەواڵی کۆتایی هاتن بە تۆژینەوەی زاناکان لەسەر ئاردی و بەستنی کۆنگرەیەک بۆ خستنەڕووی چەند زانیارییەکی زانستیی بەنرخ، لەژێر ناونیشانی هەرەسهێنانی تیۆرەکە بڵاو کردەوە. لە ڕاستییدا لە ڕووی زانستییەوە بەلاوەنان و (هەرەسهێنان) تەنیا ئەو کاتە دەبێت، یەکێک بێت و تیۆرێکی دیکە دابنێ کە ڕاڤە و لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبێت، هەروەها خاوەنی چەند بەڵگەیەکی بەهێزتر بێت لەوەی کە تیۆری پەرسەندن هەیەتی، بۆ پەیدابوون و پەرەسەندنی زیندەوەران و بوونی هەمەجۆرییان.
لەپاڵ ئەمانە بەشێکیش هەن، دژکارانێکی سەرسەختی ئەم تیۆرەن، بەناوی داکۆکی کردن لە بیروڕای ئاینی لە هەوڵی ئەوەن، تا بۆیان بکرێت بەڵگەکانی پەرەسەندن بشارنەوە، هەتا نەکەونە بەردەستی زانا و شارەزایان. وەک ئەوەی پێش ماوەیەک، هەندێک لە ئەندامانی بزوتنەوەیەکی ئینجیلیی لە وڵاتی (کینیا)، هەڵمەتێکی گەورەیان ئەنجام دا، بۆ داخستنی ئەو مۆزەخانانەی کە هەڵکۆڵدراوەکانی کۆمەڵەی مرۆڤە سەرەتایییەکانیان تێدایە.
بوونی پێشینەی هاوبەشی مرۆڤ لەگەڵ مەیموونە باڵاکانی دیکە، بەڵگەی هێندە زۆرن کە ناکارین بەئاسانی بەلاوەیان بنێین. لەبەرئەوەش کە لە مرۆڤ و پێشینەکانی دەدوێن، لێرەدا پێمان باشە لە تۆژینەوەیەکی نوێی زانستیی یەکجار گرینگ بدوێین کە دەرەنجامەکەی بووەتە بەڵگەیەکی ئاشکرای وا بۆ بوونی پەرەسەندن.
ئەو کاتەی بۆماوەزانی سەری هەڵدا، زۆر کەس پێی وا بوو کە تیۆری پەرەسەندن دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی ڕاستەوخۆ، چونکە ئەم زانستە ئەگەر لەگەڵ بنەماکانی پەرەسەندندا یەک نەگرنەوە، ئەوا بێگومان دەبێت تیۆرکە هەڵە بێت.
ئەو تۆژینەوەیە ماوەیەک بەر لە ئێستە ئەنجام درا، لەسەر پێشینەی هاوبەشی جۆری مرۆڤ و مەیموونەکان، بەتایبەتیش لەسەر ئەو جیاوازییە سەیرەی کە لە ژمارەی کڕۆمۆسۆمەکانی ئێمە و مەیموونە باڵاکانی وەک، شیمپانزی، گۆریلا و ئۆرانگوتاندا هەیە. ئەم بابەتە بەڕاستی ببووە ڕەخنەیەکی تووند کە ئاراستەی پەرەسەندن دەکرا، دژکار و نەیارانی ئەمەیان بە خاڵێکی گرینگی ناڕاستی ئەم تیۆرە و دەرکێشانی مرۆڤ دادەنا لە تێکڕای ڕەوتی پەرەسەندن.
مەیموونە باڵاکان گشتیان ٢٤ جووت کرۆمۆسۆمیان هەیە، لەبەرئەوەش مرۆڤ لەگەڵ ئەمانەدا خاوەنی پێشینەیەکی هاوبەشە، دەبێت ئەویش هەمان ئەو ژمارەیەی لەو کرۆمۆسۆمانە هەبێت. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە دەبینین کە خانەی مرۆڤ تەنیا ٢٣ جووتی تێدایە.
لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئەویش، ئەگەر بیرۆکەی پەرەسەندن لەبارەی پێشینە هاوبەشەکانەوە ڕاست بێت، ئەی ئەو جووتە کرۆمۆسۆمەی مرۆڤ چی لێهات؟
کەواتە ئێستە تیۆری پەرەسەندن پێشبینییەکی خستە ڕوو کە بەرئەزموون بێت. بەو واتایەی دەشێت لە جینۆمی مرۆڤ شتێک بووبێت لە شوێنێکدا، وەک ئەوەی پێکەوەلکانێک لە نێوان دوو کرۆمۆسۆم ڕووی دابێت، بەمەش ژمارەیان بووبێتە ٢٣ جووت. لێرەدا گەر نەتوانین شتێکی لەم بابەتە بدۆزینەوە، ئەوا پێویستە دان بەوەدا بنێین کە نەک تەنیا گریمانەی پێشینەی هاوبەش هەڵەیە، بگرە تیۆرەکە بەگشتی ڕاست نییە، چونکە ئەمەیان بەندە بە پەیدابوونی زیندەوەران لە یەکدی، ئەمەش ئاشکرایە کە کۆڵەگەیەکی هەرە سەرەکیی تیۆری پەرەسەندنە.
بۆ گەڕان بەدوای وەڵام و چارەسەری ئەم گرفتە، زاناکانی بۆماوەزانی لەڕێی لێکۆڵینەوەکانیانەوە لە مێژووی ئەو پەرەسەندنانەی کە لەناو کرۆمۆسۆمەکانماندا گلدراون، گەیشتنە دەرەنجامێک ئەویش کە لە باری ئاساییدا، هەر دانەیەک لە کرۆمۆسۆمەکانی مرۆڤ لە کۆتاکانی هەردوو لایەکانیەوە هەڵگری جۆرە هێمایەکی بۆماوەیییە لە ترشی ناوەکی، پێی دەگوترێت تیلۆمیر (Telomeres)، لە ناوەڕاستیشدا هێما بۆماوەیییەکی دیکە هەیە ناو دەنرێت بە، سێنترۆمیر (Centromeres). کەواتە دەشێت لە ڕابردودا، چەند بازدانێکی بۆماوەیی ڕویان دابێ و بووبنە هۆی توانەوە و یەکگرتنی چەند کرۆمۆسۆمێک و پێکەوەنانی چەند کرۆمۆسۆمێکی نوێی وا کە تیلۆمیرەکانی نەک تەنیا لە سەرکانییەوە، بگرە لە ناوەڕستیشدا هەبێت.
ئێستە ئەگەر ئێمە توانیمان پێکهاتەیەکی لەو شێوەیە لە کرۆمۆسۆمەکانی مرۆڤدا بدۆزینەوە، دەگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە پێشتر کردمان، لەسەر بوونی جووتێک کرۆمۆسۆمی کەمتری مرۆڤ، لە ژمارەی ئەو کرۆمۆسۆمانەی لە مەیموونە باڵاکاندا هەن. گەر نەشمان دۆزییەوە، ئەوا بێگومان تیۆری پەرەسەندن تووشی کێشەیەکی مەزن دەبێت. ئەوەی جێی سەرنج و سەرسڕمان بوو زاناکان پاش پشکنینیان، ئەو شێوە کرۆمۆسۆمەیان لەناو خانەی مرۆڤدا بینی، بەوەی کە کاتێک دوو (جووتێک) کرۆمۆسۆمیان دۆزییەوە، کتومت بەو شێوەیە بوون کە پێشبینی دەکرا! ئێستە ئەو شێوە هێمایە بەتەواوی لە جووتە کرۆمۆسۆمی ژمارە دوودا دەبینرێت، بۆیە دوای ئەم دۆزەوەیە زۆربەی زاناکانی ئەم بوارە دەڵێن، لە ڕاستیدا نابێت بگوترێ ژمارەی کرۆمۆسۆمەکانی مرۆڤ ٢٣ جووتە، بگرە وەک مەیموونە باڵاکانی دیکە ٢٤ جووتن.
پێشینە‌ی هاوبەشی زیندەوەران
دەبێ خاڵێکی گرینگ ڕوون بکەینەوە کە زۆر کە‌س بە‌رە‌و هە‌ڵە‌ دە‌بات،‌‌ ئەویش کە وا دە‌زانن‌‌ ئە‌و جۆراوجۆرییە‌ و پێشینە‌ هاوبە‌شانە‌ی زیندەوەران ‌یە‌ک لە‌دوای یەکەوە هاتوون، بە شێوەی پلیکانەیەک (بە تیۆری پلیکانەیی پەرەسەندن دەناسرێن). بە‌ڵام پێویستە‌ بە شێوە‌ی درە‌ختێکی وەک (درە‌ختی بنە‌ماڵە)،‌ بەڵام گەلێک مە‌زن و پە‌لوپۆدار ببینرێت، چونکە‌ پێشینە‌ی هاوبە‌ش بوونە‌وە‌رێکی سە‌ربە‌خۆ نییە،‌ لە‌و جۆرەی کە لێیە‌وە‌ پە‌یدا بووە. کاتێ جۆرە زیندە‌وە‌رێک لە‌ پێشینە‌کەیەوە پە‌رە ‌دە‌سێنێت، مەبەست ئە‌وە‌ نییە‌، لە‌پڕێکدا ئە‌و پێشینە‌یەی دوورە‌پارێز دەبێ و دادەبڕێت‌ لە‌ کۆمە‌ڵە‌کەی‌، بگرە کۆمەڵە گشتییەکە بە‌ئاسایی ژیان دە‌باتە ‌سە‌ر لە‌گە‌ڵ وە‌چە‌ پە‌رە‌سە‌ندووە‌کە‌یدا، بەو جیاوازییە کەمەی کە لەنێوانیاندا هەیە.‌ ئە‌و وە‌چە‌یە‌ تەنیا بڕێکی کەم تایبە‌تمە‌ندی وای هە‌یە،‌ باشتر بێت بۆ گونجان و خۆسازان، جا چ لە ‌لایە‌نی کێبەرکێیەوە بێت بۆ پە‌یداکردنی بژیو، یان بۆ‌ زاوزێکردن کە دە‌بێتە‌ هۆی بڵاوبوونە‌وە‌ و تە‌شە‌نە‌کردنی جینە‌کانی ئە‌و تایبە‌تمە‌ندییە‌ چاکانە لە‌ کۆمە‌ڵە‌کەیدا‌.
لێرەدا ئەوەی دەشێت ناوی بنێین بە (نەمر) جینە چاکەکانە، چونکە هە‌موو تاکێک دە‌مرێ، چ پێشینە‌ بێت، یان وە‌چە‌، ئە‌وانەی دەمێننەوە بەرەی پەرەسەندووەکانن کە هە‌ڵگری جینە‌ چاکە‌کانن‌، جینی پێشینەکانیش بەرەبەرە‌ لە‌ناو دە‌چن (پێناسەی بنە‌بڕی). ئێستە‌ هیچ یە‌کێک لە‌و جۆرە پێشینە‌ هاوبە‌شانە‌ نابینرێت، هەموو ئە‌مانە‌ بە‌رە‌و کۆئەنجامێکمان دە‌بات بڵێین، گشت ئە‌و ڕوە‌ک و ئاژەڵانەی ئە‌مڕۆکە هەن، پێشینە‌ی هیچ جۆرێک نین، بۆیە‌ هە‌ڵە‌ دەکەین کاتێک دەبێژین، مرۆڤ لە‌ مە‌یموونەوە پە‌یدا بووە، چونکە هەریەک لەوانە لە بوونەوەرێکەوە هاتووە کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر بنەبڕ بووە.
پەرەسەندنی زیندەوەران لە شێوەی درەختێکە، قەدەکەی وردەزیندەوەرە یەکخانەیییەکانن، پاشان ئەمە لە ڕۆژگارێکدا بووە بە دوو لکی گەورە، یەکێکیان ڕوەکەکانن بە لکە جۆراوجۆرەکانیان، ئەوەی دیکە ئاژەڵەکانن بە لکە جیاجیاکانیانەوە، هەموو ئەم لکانەش چەندان لکی دیکەیان لێ بوونەتەوە، یەکێک لەم لکانە بووە بە مرۆڤ.
نموونەی دیکەش هەن وەک ئەوەی زانراوە کە هەرچەندە پێشینەی هاوبەشی باڵندەکان و شەمشەمەکوێرەکان باڵدار نەبووە، کەچی دەبینین لە هەردووکیاندا ئەو تایبەتمەندییە هەیە. لەبەر بوونی چەند بەربەستێک کە یاسا فیزیایییەکان بۆ کرداری فڕین دەیان سەپێنن، وا دەکات شێوەی ئەو باڵانە لە هەموو ئەو جۆرانەدا لێک بچن، ئەم لێکچوونە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سەرچاوە و بنەچەی باڵ لە گشتیاندا پەل بووە، بەڵام گۆڕانی بەسەردا هاتووە، وەک چۆن لە پێکهاتەی ئێسکەکانیانەوە بەدیار دەکەوێت.
بنەمایەکی دیکە لە پەرەسەندندا هەیە دەڵێت، جۆری نوێ مەرج نییە، لە ئاڵۆزترین، یان باڵاترین پێشینەوە پەرە بسێنێت. شیردەرەکان لە خشۆکەکانەوە هاتوون، ئەو واتایە ناگەینێت کە لە باڵاترین خشۆکەکان (بۆ نموونە دایناسۆڕەکان) پەرەیان سەندبێت، بگرە سەلمیندراوە کە شیردەرەکان لە خشۆکە کەمئاڵۆزەکانەوە پەرەیان سەندووە.
ئەوی پێویستی بە ئاماژەکردنە، جۆرە‌ چە‌مکێک لە‌ بۆماوە‌زانیدا هە‌یە‌ بە (فرە‌ڕە‌چە‌ڵە‌کە‌کان) دەناسرێت، ئە‌میش ئە‌و کۆمەڵە جۆرە دە‌گرێتە‌وە‌ کە دەتواندرێت لەڕێی ‌بوونی چە‌ند جیاکاری و تایبەتمەندییەکی دیارکراو پۆلێن بکرێن. تاکە‌کانی ئەم کۆمەڵەیە لە‌ چە‌ندان ئاراستە و ڕێچکە‌ی جیاجیاوە‌ پە‌رە‌یان سە‌ندووە،‌ بۆیە‌‌ ئەمانە لە یەک دانە پتر پێشینە‌ی هاوبە‌شیان هەیە، هەروەها پێشینە‌ی هاوبە‌شی کۆنیان سە‌ربە کۆمەڵەیەی دواجاریان‌ نییە‌. بۆ ڕوونکردنەوە، ئاژەڵە‌ خوێنگە‌رمە‌کان کە شیردەر و باڵندکان دەگرێتەوە، بە‌ فرە‌ڕە‌چە‌ڵە‌کە‌کان دادە‌نرێن، چونکە پێشینە‌ی هاوبە‌شی ئەم جۆرانە لە خوێنگە‌رمەکان نە‌بووە، لەبەرئەوە‌ش کە پێشینە‌ی خوێنگە‌رمە‌کانی هە‌ریە‌کێکیان سە‌ربە‌خۆ پە‌رە‌ی سە‌ندووە،‌ بۆیە کۆمەڵەی خوێنگە‌رمە‌کان بە‌ کۆمەڵە‌ ڕە‌چە‌ڵە‌کێکی ڕاستە‌قینە‌ ناژمێردرێت. لێرەدا مەبەست لە زیندەوەرە خوێنگەرمەکان، بۆ نموونە شیردەرەکانن، ئەوانەن کە گەرمی لەشیان بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە (جگە لە کاتی نەخۆشکەوتندا)، بەرانبەر بە گۆڕانی پلەی گەرمی کەشوهەوا و ژینگە، بەڵام خوێنساردەکان لە نموونەی خشۆکەکان، گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستەوخۆ کاریان لێ دەکات.
پە‌رە‌سە‌ندن کردارێکی پلە‌پلە‌یی و لە‌سە‌رە‌خۆیە‌ لە‌ گۆڕانە جینەکییە بە‌ردە‌وامەکان کە لە‌ بازدانە‌ سوودە‌رە‌کانی کۆمە‌ڵەی‌ نیشتە‌جێبووی شوێنێکی دیارکراودا ڕوو دە‌دە‌ن، پاشان پشت لە‌دوای پشت بە‌ کە‌ڵە‌کە‌بوونی ئە‌و گۆڕانانە،‌ وە‌چە‌یە‌ک دێتە‌ ئاراوە‌ لە‌گە‌ڵ پێشینە‌ هاوبە‌شە‌کانی جیاواز بێت. وێڕای بوونی ئەو جیاوازییانە، وەک گوتمان جینی پێشینە‌کان لە وەچەی نوێی پەرەسەندوودا هە‌ر دە‌مێنێتەوە. هەموو ئەمانەش زۆر بەچاکی وەک نموونەیەک، لە پەرەسەندنی پێشینەی نەهەنگەکان لە چاخ و سەردەمێکدا، بۆ نەهەنگەکانی ئێستە بەدەر دەکەوێت.
بۆ روونکردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە، دەبینین کە بیرۆکەی ئەوەی نەهەنگ لە ئاژەڵیکی وشکانی پەرەی سەند بێت، زۆر پێش داروین هەبووە، بەڵام داروین بەچاکی ڕاڤەی کرد و خستییە چوارچێوەی تیۆرەکەی. چونکە شتێکی گەلێک ناوازەیە ئاژەڵێک لە دەریادا بێت و شیردەریش بێ، دەریا تەنیا یەک شیردەری تێدایە ئەویش جۆری نەهەنگییەکانە کە لەتەک ئەودا دۆلفین و بەرازی دەریا دەگرێتەوە (بێگومان بە هەموو جۆرە جیاجیاکانییانەوە). جگە لە لایەنی جینەکی و شوێنەواری پێیەکان، چەند پێکهاتەیەکی ئەندامەکانی لەشیان جیاوازە لەگەڵ ئەوانەی دیکەی ئاویی، وەک ئەوەی دەبینین نەهەنگ لە پێستەیدا مووی هەیە، وەک مووی ئاژەڵی وشکانی، ئەمەش یەکجار دەگمەنە لە زیندەوەرانی دەریاکاندا. نەهەنگ بەپێچەوانەی گشت جۆرە ماسییەکان خوێنگەرمیشە، هەناسە دەدات بە سییەکانی، مەلەکردنیشی وەک ماسییەکان نییە، چونکە ماسی خۆی بۆ تەنیشتەکانی (چەپ و ڕاست) دەجووڵێنێ، بەڵام نەهەنگییەکان وەک ئاژەڵە وشکانییەکان بۆ سەر و ژێر (بەرزی و نزمی).
نەهەنگ لە ئاژەڵێکی وشکانیی پەرەی سەندووە کە چووەتە ناو ئاو، پێشینەکەی ئاژەڵێک بووە وەک ئەسپی ئاویی، نەهەنگەکان لەگەڵ ئەسپی ئاوییدا خاوەنی پێشینەیەکی هاوبەشن کە بەرلە نێزیکەی ٥٥ ملیۆن ساڵ ژیاوە. ئەوەی جێی سەرنجە، کۆئەندامی هەرسکردنیان زۆر لێک دەچێت، هەرچەندە ئەسپی ئاوی گژوگیا دەخوات، نەهەنگیش گۆشتخۆرە.
تیۆری پەرەسەندن وەک هەر تیۆرێکی زانستی، پێویستە سەرەتا چەند پێشبینییەک بخاتە بەردەم ئەزموون و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بۆ ئەوەی بزانرێ تا چ ڕادەیەک دەتوانێ ڕاستی ئەو پێشبینییانە بسەلمێنێ. کاتێکیش پەرەسەندن دەڵێت، پێشینە‌ی جۆری نەهە‌نگە‌کان ئاژەڵێکە چوار پە‌لی هەبووە و لە‌سە‌ر وشکانی ژیاوە‌، پاشان چووە‌تە‌ ناو ئاو، کەواتە پێشبینی ئە‌وە‌ دە‌کرێت، ئە‌و ئاژەڵانە‌ بدۆزرێنە‌وە کە‌ بەرەبەرە‌ پە‌لە‌کانیان گۆڕا بن بۆ‌ پە‌ڕ‌کە‌کان، ‌تا مە‌لە‌کردنیان ئاسانتر ببێت. ئێستە‌ چەندان پێشینە‌ و شێوە‌ نێوانەکییەکان دۆزراونە‌تە‌وە کە بەتەواوی ڕاستی ئەو پێشبینییانە بەدەر دەخەن، بە‌تایبە‌تیش لە جۆری نەهە‌نگە‌کاندا کە زیاترین پێشینە‌یان بەدە‌ست زاناکان کە‌وتووە، بە‌ بە‌راوردکردن لە‌گە‌ڵ ئاژەڵانی دیکەدا.
پێشینەی هاوبەش لە‌ زانستی پۆلاندندا لەبارەی پێوە‌رە‌کانی دابە‌شینی زیندە‌وە‌ران، چەندان شێواز و بۆچوونی جیای هە‌ن، وەک ئەوەی هەندێکیان لێکچوونی شێوە‌ و ڕواڵە‌تی دە‌رە‌کی، بەشێکی دیکە پێکهاتە‌ی جینە‌کان دە‌کە‌نە‌ بنچینە‌ بۆ پۆلێنسازی. وەک گوتمان، لێکچوون هە‌موو کاتێک نابێتە‌ پێوە‌ری نێزیکایە‌تی جۆرە‌کان، بۆیە ئەگەر شە‌مشە‌مە‌کوێرە بە نموونە وەربگرین، دەبینین زیندەوەرێکی باڵدارە‌ وەک هە‌ر باڵندە‌یە‌ک، بە‌ڵام ئایە ئەمەیان لەگەڵ باڵندەکان لە‌ پە‌رە‌سە‌ندندا وەک یەکە؟ لە وەڵامدا دەڵێین، نە‌خێر! چونکە بە ‌پشکنینێکی ورد دە‌گە‌ینە‌ ئە‌و بەرەنجامە‌ی کە جیاوازییە‌کی زۆریان هە‌یە‌ لە‌ پێکهاتە‌ی باڵەکانیاندا. باڵی شە‌مشە‌مە‌کوێرە پێستە‌یە‌کە، درێژ دەبێتەوە لە نێوان پە‌نجە‌کان و دە‌ستیدا‌، کە‌چی باڵ لە باڵندەکانی دیکەدا، کۆمە‌ڵێک پە‌ڕی ڕیزبووە ‌بە درێژایی دە‌ستییانەوە. لە‌مە‌وە بەدە‌ر دە‌کە‌وێت کە لە یە‌ک پێشینە‌ی باڵدارەوە نەهاتوون و ڕێڕەوی پە‌رە‌سە‌ندنیان جیاوازە،‌ لێکچوونی باڵەکانیشیان‌ لەبەرئەوەیە، پێکهاتەی باڵ لە هە‌ردووکیاندا بە جۆرێکی وا پەرەی سەندووە هەمان کردار ئەنجام بدا، ئەویش کە فڕینە.‌
زۆرینە‌ی زانایانی پۆلێنسازی تا بە‌چاکی ئە‌و گۆڕانانە‌ی ڕوویان داوە،‌ هەروەها ئە‌و پێوە‌ندییانە‌ی هە‌ن لە نێوان ئە‌و جۆرانەدا‌ دە‌ستنیشان بکەن، پە‌نا دە‌بە‌نە‌ بە‌ر درە‌ختەکانی پە‌رە‌سە‌ندن (درەختی ژیان) کە زۆر لایە‌نی جیاجیا لە‌ پێکهاتە‌ی ئە‌ندامە‌کانیان، ژیانی زیندە‌وە‌ران و سازانیان لە‌بە‌ر‌چاو دە‌گرن. لەڕێی ئە‌م درەختانەوە زۆربە‌ی زانیارییە‌کانی وەک، شوێن، خزمایە‌تی و خشتە‌ی کاتە‌کی مێژووی پە‌رە‌سە‌ندنی زیندە‌وە‌ران دیار دە‌کرێن. ئە‌وە‌شمان لە‌بییر نەچێت کە هەر جارێک لە بابەتی پۆلێنکردندا دە‌بێژین زیندە‌وە‌ر، مە‌بە‌ستمان سە‌رجە‌می زیندە‌وە‌رانە‌ بە‌ ڕوە‌ک و ئاژەڵەکان، ئە‌وانە‌ی ئە‌مڕۆکە هە‌ن، ئە‌وانە‌شی لە‌ڕۆژگارێکدا هەبوون و پاشان لە‌ناو چوون.
ئە‌م شێوازە‌ لە‌ پۆلاندن، سوودی گەلێک زۆرە‌‌ بۆ سە‌لماندنی پێشبینی و بۆچوونە‌کانی پە‌رە‌سە‌ندن و دیارکردنی پێشینە‌کانی جۆری زیندە‌وە‌ران. ئەگەر ئەم شێوازە بکەینە بنچینە‌ دەکارین بێژین، دیناسۆرە‌کان هە‌موویان بنە‌بڕ نە‌بوونە،‌ چونکە‌ باڵندەکان‌ لەوانەوە پەرەیان سەندووە، بۆیە ئەوەی دەیەوێ زانیاری وە‌ربگرێ لەبارەی‌ هەندێ جۆر لە دیناسۆرە‌کان، دە‌توانی پشت ببەستێ بەو تۆژینەوانەی کە لەسەر باڵندە‌کانەوە ئەنجام دراون. باڵندەکان لە پێشینە هەرە کۆنەکانیاندا، لە دیناسۆرەکانەوە هاتوون، بە زانیارییەکی وردتر، لە دیناسۆرە دوو پێیەکانەوە هاتوون، ئەوانەی دوو پەلی پێشەوەیان زۆر بچووکتر بوون لە دوو پەڵی (پێ) دواوەیان.
ئەگەر وێنەی گشت پەرسەندن بکێشین، ئەوا دەبێتە شێوەی درەختێکی مەزن و پەلوپۆدار، قە‌دی ئەم درە‌ختە پێشینە‌ی هاوبە‌شی یەکجار ‌کۆن، پە‌لە‌کانی پێشینە‌کانی دیکە، لکە‌کانی جۆرە‌کان و لکی لکەکانیش لکەجۆرەکان نیشان دەدەن، واتە هەتا بەرەو خوارەوە بچین بۆ ڕابردووێکی دوورتر دەگەڕێینەوە. کاتێک جۆرێکی نوێش پە‌یدا دە‌بێت، ئەوا لکێکی نوێ لە‌ یەکێک لەو لکانە جیا دە‌بێتە‌وە‌، کەواتە نە‌وە‌ی پێشوو بووە‌ پە‌لێک کە دوو لکی لێ جیا بووە‌تە‌وە‌. هەر دەمێک جۆرێکی نوێی زیندوو، یان ئە‌وە‌ی لە‌ چینگەلێکانی زە‌ویدا دە‌دۆزرێتە‌وە،‌ شوێنێکی پێ دەدرێت و درەختەکە جارێکی دیکە دەسکاری دەکرێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو درەختە چڕوپڕییەکەشی لە‌ هە‌موو لایە‌کە‌وە‌ هاوشێوە‌ نییە. قە‌وزە‌کان خزمایەتییان لەگەڵ گشت ڕوەکێکدا هەیە، دوو هێڵ دەگرنەوە، یەکێکیان ئەو قەوزانەن کە هە‌تا ئە‌مڕۆش هە‌ن و یە‌کێکن لە‌ جیابوونە‌وە‌ یەکجار سە‌رە‌تاکان لە‌ درە‌ختی ژیان، ئەوەی دووەمیش پە‌رە‌ی سە‌ند تا چەندان جۆرە‌ ڕوە‌کی دیکەی لێ هاتە کایەوە، ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە قەوزەکانی ئەم هێڵەی دووەم، پێشینەی هەموو جۆرە ڕوەکێکن. زێدە‌کردنی کاتەکانی پەیدابوونی زیندەوەران بۆ درە‌ختی پە‌رە‌سە‌ندن، گرینگیی و بایەخی ئەو شێوە دابەشین و پۆلێنسازییە زێتر دەکات. بۆ تێگە‌یشتنێکی چاکتر لە‌ کرداری پە‌رە‌سە‌ندن و مێژووی سەرهەڵدان و بنە‌بڕی جۆرە‌کان‌، شارەزاکان لەم بوارەدا هێڵی قە‌د و پە‌لوپۆکان، بە ‌جۆرێک وێنە‌ دە‌کێشن کە درێژیان‌ بگونجێ لە‌گە‌ڵ درێژی ماوە‌ی یە‌کە‌مین جیابوونە‌وە‌یان لە‌ جۆرە‌کانی دیکە. کەواتە ئەگەر بمانەوێ بە ڕەچاوکردنی مێژووی پەیدابوونی جۆرەکان، وێنەیەکی تەواوی درەختی پەرەسەندن بکێشین، ئەو کاتە دەبێت قەدی ئەم درەختە یەکجار زۆر درێژ بکەینەوە، هەتا بگەینە کاتی ڕوودانی یە‌کە‌مین جیابوونە‌وە‌ی ڕوە‌ک و ئاژەڵان لە یەکدی. ئەو درەختەی ژیانیش کە داروین لە دەسنووسەکانیدا وێنەی دەکشا، بۆ گشت ژیان، کۆمەڵەی ڕوەکی گشتی، کۆمەڵەی گشتی ئاژەڵان، خشۆک، یان بۆ جۆرە لێک نێزیکەکانی لە نموونەی مەیموونەباڵاکان، دەتوانرێ دروست بکرێت.
لەبەر ئەم هۆیانە و زلی و پانوپۆڕی ئەو درەختە، دەبینین شتێکی ئاسایییە کاتێک شارەزایان بۆ ئاسانکاری، گەلێک جار ژیانی زیندەوەران دابەش دەکەنە سەر چەند کۆمەڵەیەکی بچووک و بچووکتر، بەشیوەیەک کە هەر یەکەیان درەختێکی تایبەتیی خۆی هەبێ. وەک ئەوەی درەختێک بۆ ڕوەک، یەکێکی دیکە بۆ ئاژەڵ، یان درەختێک بۆ گوڵدارەکان، تۆوڕووتەکان، لوولەیییەکان و هی دی لە ڕوەکدا، بۆ خشۆکەکان، باڵندەکان، شیردەرەکان، کۆمەڵەی مرۆییەکان و چەندانی دیکە لە ئاژەڵەکاندا.
لەگەڵ هەموو ئەو گوتانە، پاش ناسین و لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ڕنا و دنا، زاناکانی هاوچەرخ پێیان وایە، درەختی داروین و درەختەکانی دیکەش، چیدی ناتوانن بەوردی پەرەسەندنەکان و نێزیکایەتیی زیندەوەرەکانمان بۆ دیار بکەن. بە دۆزینەوەی (دنا)، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، گەلێک دەروازەی زۆر گرینگ کرانەوە بەسەر تۆژینەوەکان لە بواری پێکهاتە ناوەکییەکان و تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکان لە زیندەوەراندا. بە بوونی ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لەسەر (ڕنا) دەکران، هێشتا باوەڕپێبوون بە درەختی داروین درێژەی هەبوو. بەڵام کاتێک زاناکان لە پێکهاتەی (دنا) پتر هەوڵەکانیان چڕ کردەوە، ئەوا بەرەوڕووی کێشەیەکی ڕاستەقینە بوونەوە (ساڵی١٩٩٠)، چونکە دیتییان ئەو زیندەوەرەی (ا) کە نێزیکایی لە زیندەوەر (ب) هەیە لە ڕووی (ڕنا) وە، لە زیندەوەر (ج) نێزیکترە لە ڕووی (دنا) وە، هەرچەندە لە لایەنی جۆرەوە (ج) دوورتریش بێت لە جۆری (ا). کەواتە ئەو نێزیکایەتییانەی کە وا دەزاندرا یەک بە دوای یەکەوە دێن، لەسەر هەموو جۆرە پێشینەکان پێڕەو ناکرێن، بۆیە چارەسەر و ڕاڤەکردنیان تەنیا لەڕێی ئاڵوگۆڕی جینەکییەوە دەبێت. بۆ نموونە چەند لێتۆژ و شارەزایەک لە زانکۆی (تێکساس)، گەیشتنە ئەوەی کە گەلێک جۆر لە مشک و ماسی هەن، چەند شێوە (دنا)یەکیان هەیە، لە ٢٥ جۆری نێزیکی لە پێش و پاشی خۆیاندا نین، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە گواستنەوەی جینەکی تێیاندا، بە شێوازێکی بەربڵاوی ئاسۆیی تێپەڕیووە بۆ پەرەسەندنیان.

---------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە