بنەما سەرەکییەکانی پەرەسەندن

Saturday, 02.23.2019, 21:12

2177 بینراوە


پە‌رە‌سە‌ندن (Evolution)، لە‌ زیندە‌وە‌رزانیدا بە پێناسەیەکی کورت بریتییە لە: گۆڕانێک لە ئاستی جینەکی کۆمەڵەی جۆرێکی دیارکراو کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند نیشانە و تایبەتمەندییەکی نوێ، پاشان لەڕێی یەکە بۆماوەیییەکانەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێنەوە، دەرەنجام بە ‌بە‌ردە‌وامبوون و کە‌ڵە‌کە‌بوونیان بە‌ ماوە‌یە‌کی دوورودرێژ،‌‌ جۆرێک پەیدا دە‌بێت کە لە‌ جۆرە‌کە‌ی پێشووی جیاواز بێت.
ئەمە ئەو واتایە دەگەیێنێت کە هە‌موو جۆرێکی نوێ لە‌ جۆرێکی پێش خۆی هاتووەتە‌ کایە‌وە، هە‌ر جۆرێکیان پێشینە‌یەکی هە‌یە جیاوازە‌ لە‌گە‌ڵ جۆرەکانی دی، ‌پێشینە‌ی هاوبە‌شی جۆرێک لە‌گە‌ڵ جۆرێکی نێزیک خۆی، لە‌ ماوە‌ و ڕابردووێکی دوورتردا ‌هە‌بووە.
پەرەسەندن کردارێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و هۆکاری سەرەکیی هاتنە کایەی سەرلەبەری جۆرەکانی زیندەوەرانە، جا چ ئەوانەی پێشان هەبوون و بنەبڕ بوون، یان ئێستە هەن.
گۆڕانەکانی ئاستی جینەکی هۆکاری بوونی پەرەسەندنن، ئەوانەشی کە دەبنە هۆی ئەو گۆڕانانە چەند میکانیزمێکن کە لە بەشەکانی داهاتوودا لێیان دەدوێین.
بەڵام لە سەرەتاوە بە مەبەستی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە بنەماکانی پەرەسەندن و شێوازەکانی، زاناکان بەگوێرەی پلەی گۆڕانەکان دوو جۆرە پەرەسەندن دەستنیشان دەکەن:
پەرەسەندنی بچووک (Microevolution): ئەو گۆڕانانەن کە لە تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکانی سنووری یەک جۆردا ڕوو دەدەن، دەبنە هۆی پەیدابوونی چەند گۆڕانێکی سادە و ڕووکەش لە پێکهاتەی ئەندامەکانی لەش لە زیندەوەراندا. بەمە هیچ جۆرێکی نوێ بەبەرهەم نایێت وەک، گۆرانی ڕەنگی پێستە، قەبارەی لەش، کورتی و درێژی باڵاو و هەندێک گۆڕانی بچووکی دیکە.
پەرەسەندنی گەورە(Macroevolution): ئەو گۆڕانانەن لە تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکانی زیندەوەراندا ڕوو دەدەن، بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورورێژ و چەندجارەبوونەوەیان، دەبنە هۆی پەیدابوونی چەند گۆڕانێکی مەزن و بنەڕەتی لە پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشیان. بەمەیان جۆرێکی نوێ بەبەرهەم دێت کە جیاواز بێت لەگەڵ پێشینەکەی، بە شێوەیەک جۆرە نوێیەکە نەتوانێت لەگەڵ پێشینەکانیدا زاوزێ بکات (دابڕانی زاوزێکردن)، گریمان لە کاتێکدا بمانەوێ پێکەوە کۆیان بکەینەوە. بە کەڵەکەبوونی گۆڕانەکان و ماوەی خایەندراوی زیاتر، جیاوازییەکان پتر دەبن، بەمەش جۆرەکان زێتر لێک دوور دەکەونەوە. وەک چۆن لە پەرەسەندنی باڵندەکان لە خشۆکەکانەوە بەدەر دەکەوێت.
پەرەسەندنی بچووک کردارێکی ئاشکرا و بەرئەزموونە، لەبەرچاوانماندا ڕوو دەدەن و نموونەشیان یەکجار زۆرە، وەک پەرەسەندنی گەورە نین کە جگە لە هەندێکیان نەبێ، زۆربەیان هەزاران و ملیۆنان ساڵیان گەرەکە، بەتایبەتیش لە ئاژەڵە باڵاکاندا.
بوونەوەرە زیندووەکان وێڕای بوونی هاویەکی لە پێکهاتەیاندا، لە کردارە زیندەکییەکانیشدا چوونیەکن، بۆیە دەبینین لێکچوونێکی پڕاوپڕ لە کۆمەڵە جۆرەکاندا هەن وەک، کۆئەندامەکانی جووڵەکی، هەرسکردن، سوڕی خوێن، هەناسەدان، دەمارەکی، زاوزێکردن و چەندان لایەنی دیکەیاندا. هەروەها زیندەوەران لە پێکهاتە کیمیایییەکانی خانە، فرمانەکانی وەبەرهێنان، بەکاربردنی وزە و هەنگاوەکانی دابەشبوونی خانەدا هاوشێوەن، ئەم دابەشبوونانەش کە لەڕێی یەکە بۆماوەیییەکانەوە (دنا) ڕوو دەدەن، لە گشت زیندەوەرەکاندا وەک یەکن.
دەرەنجامەکانی پەرەسەندن لە جۆرەکاندا لە دوو شێواز بەدەر دەکەون کە پێیان دەگوترێت، پەرەسەندنی لێک نێزیککەرەوەیی و پەرەسەندنی لێک دوورکەرەوەیی.
پەرەسەندنی لێک نێزیککەرەوەیی: ئەو پەرەسەندنەیە کە هەمان تایبەتمەندی دەداتە ئەندامێکی لەشی ئەو زیندەوەرانەی کە نێزیکایەتی بۆماوەیییان لەگەڵ یەکدیدا نییە. باڵ، ئاشکراترین نموونەیە لەسەر دەرەنجامەکانی پەرەسەندنی لێک نێزیککەرەوەیی، لە لای چەندان جۆر و کۆمەڵەی جیاجیای زیندەوەراندا توانی فڕین سەری هەڵداوە وەک، مێشومەگەز، باڵندە و شەمشەمەکوێرە، بەوەی کە نێزیکبوونەوەیەک نیشان دەدات، بۆ پێکهاتەیەکی هاوبەش لەو کۆمەڵەجۆرە جیاوازانەدا.
پەرسەندنی لێک دوورکەرەوەیی: لە دەرەنجامی کەڵەکەبوونی جیاوازییەکانەوە دێتە دی، لەوانەیە ببێتە هۆی پەیدابوونی جۆرێکی نوێ. ئەو شێوازەی پەرەسەندن لە یەک جۆردا، یاخۆ لە جۆرە زۆر نێزیکەکاندا ڕوو دەدات، بەتایبەتی لەو کاتانەی کۆمەڵەی جۆرێک دادەبڕێت و دەکەوێتە ژینگەیەکی جیاواز کە نەتوانرێ ئاکار و تایبەتمەندییە بۆماوەیییەکانیان بۆ یەکدی بگوێزرێنەوە، بەمەش جیاوازییەکان پتر دەبن و جۆرە نوێیەکە و جۆرە بنەڕەتییەکە زیاتر لە یەکدی دوور دەکەونەوە. دەکرێ پەلی زیندەوەرەکان کە هەمان نموونەی پێشووە لە ڕووێکی دیکەوە وەربگرین، لەسەر پەرەسەندنی لێک دوورکەرەوەیی. پەل، وەک ئەندامێکی لەش لە پێشینەی گەلێک جۆردا هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی بۆ ئەنجامدانی چەندان کار و فرمانی جیاجیا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بۆیە بووەتە هۆی دووربوونەوەیان لە یەکدی. وەک ئەوەی دەبینین کە گۆڕاون، بۆ پەڕکەکان لە زیندەوەرە ئاوییەکاندا، بۆ باڵ لە باڵندەکان، بۆ سمەکان لە وشکانییەکان، بۆ بەداردا هەڵگەران لە هەندێ ئاژەڵ و چەندان کاری جۆراوجۆر لە زیندەوەرانی دیکەدا.
لەبەر گرینگی ئەم بابەتە و بۆ ڕوونکردنەوەی پتر دەڵێین، لەبارەی پەلەوە کە ئەندامێکی گەلێک ناوازەیە لە مێژووی پەرەسەندن لە زۆربەی زیندەوەراندا، لە دوو ڕووەوە خۆی دەنوێنێت کە بە هاوشێوەیی و هاویەکی دەناسرێن، ئەمانە هەردووکیان یەک شت نین، بەڵام لە لای زۆربەماندا تێکەڵ بەیەکدی دەکرێن. گوتمانە شەمشەمەکوێرە تاکە شیردەرە کە دەفڕێت (فڕینێکی تەواو)، واتە لەگەڵ ئەوەی زیندەوەرێکی باڵدارە بەڵام باڵندە نییە، گەر بمانەوێت لە باڵندە جیای بکەینەوە. هاوشێوە پێناسەیەکە بۆ بنەچەیەکی هاوبەش لە چەندان کۆمەڵەی هاوجۆری ئەو بنەچەیە، بەو واتایەی کە ئاماژەیەکە بۆ نەخشەیەکی گشتی. دەستی مرۆڤ و باڵی شەمشەمەکوێرە هاوشێوەن لە لایەنی ئێسکەکانی دەست و پەنجەکان، بەڵام باڵی شەمشەمەکوێرە لەگەڵ باڵی باڵندە هاوپیشەن.

ئەم نموونانەی پەسەرەندن لەبارەی گۆڕانی پەلەکان گەلێک ئاشکران کە نەکرێت بەئاسانی فەرامۆش بکرێن. ئەگەر پەلەکانی پێشەوەی خشۆکەکان بە پەرەسەندن نەبووبێتە باڵ لە لای باڵندەکاندا، ئەی ئەو چڕنووکانەی باڵی بێچووەکانی باڵندەی هۆاتزین (Hoatzin) (لە ناوچە زەلکاوییەکانی ناوەڕاستی ئەمریکای باشوور دەژی) لە چییەوە هاتوون؟ ئەم چڕنووکانە کتومت چڕنووکەکانی پێشینەی کۆنی باڵندەکانمان (Archaeopteryx) دەخاتەوە یاد. کۆئەندامی هەرسکردنیشی وەک هی ئەو شییردەرانەیە کە گیا دەخۆن، ئەمەش لەبەرئەوەیە گەڵای چەندین ڕوەکی جۆراوجۆر خۆراکی سەرەکیی ئەو باڵندەیەیە.
نیوزیلەندا لەبەر دابڕانی جوگرافیایی ئاژەڵاکانی کە زۆربەیان باڵندەن گەلێک تایبەتن و جیاوازییان زۆرە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە. ئەوەی جێی سەرنجە کە ئەم وڵاتە لە کۆندا، جگە لەوانەی کە مرۆڤ بۆ ئەوێی بردوون هیچ ئاژەڵێکی شیردەری لێ نەبووە. ئەم وڵاتە ژمارەیەکی زۆر باڵندەی لێیە کە ناتوانن بفڕن، یاخۆ توانای فڕینیان لەدەست داوە. لێرەدا ئەگەر لە هۆکاری ئەمە بپرسین، شارەزایان دەڵێن، لەبەرئەوەیە کاتی خۆی ئەم باڵندانە لە شوێنی دیکەوە بۆی هاتوون، ئەم دەڤەرەش هیچ ئاژەڵێکی بەو شێوەیەی نییە، ڕاوکەریان بێت، یان کێبڕکێیان لەگەڵدا بکات لەسەر خۆراک، بۆیە بەرەبەرە وایان لێهاتووە کە پێویستیان بەوە نەبێت بفڕن. ئەمە بێگومان بەڵگەیەکی زەقە بۆ پەرەسەندن، بەوەی کە دەتوانێ هەموو ئەو دیاردانە بەئاسانی ڕاڤە بکات.
مەگەزەکان زۆربەیان باڵدارن و دەفڕن، جگە لە هەندێ جۆری مێش و مێشوولە کە دوو باڵ، ئەوانەی دیکە زۆربەیان چوار باڵیان هەیە، ژمارەی ئەوانەشی کە نافڕن زۆر کەمە. بۆ نموونە، لەبەر پێداویستییەکانی پەرەسەندن مێروولە کارەکەرەکان باڵیان نییە، چونکە باڵ ڕێگرە بۆ چووستی و چالاکیی کارکردن، بەڵام شاژن و نێرەکان باڵیان هەیە. جێماوی باڵەکان لە لای ئەو مەگەزانەی کە نافڕن، هەرچەندە بچووک بوونەتەوە بەڵام هێشتا بە ئاشکرا دیارن. خاوەن باڵە پێستەیییەکان تەنیا یەک نموونەی هەیە کە بتوانێت بفڕێت ئەویش شەمشەمەکوێرەیە، ئەوانەی دیکە تەنیا باڵەفڕەیەکی کەم دەکەن. دەپرسین باشە بۆ شەمشەمەکوێرە پەرەی نەساند بۆ پەیداکردنی باڵی پەڕدار و باڵەکەی هەر بە پێستە مایەوە، هەرچەندە ئاشکرایە کە بۆ فڕین باڵی پەڕدار زۆر باشترە لە هی پێستە؟ وەڵامەکەی دیسانەوە بەئاسانی ئەوەیە کە شیردەرە، جگە لەمە زۆر تایبەتمەندی دیکەی هاوبەشی هەیە لەگەڵ شیردەرەکان، لە هەموویان گرینگتر ئەوەیە کە دەزێت لەبری ئەوەی وەک باڵندەکان هێلکە دابنێت.
پە‌رە‌سە‌ندنی ژیان زۆر جار بەرە‌و‌ ئاراستە‌‌ی پتربوونی ئە‌ندامە‌کانی لە‌ش، هەروەها ئاڵۆزان لە‌ پێکهاتە‌ و فرمانە‌کانیان تێ دەپەڕێت. ئەمەش بەرەنجامێکی سروشتی پەرەسەندنە، بۆ زێدەبوونی کۆی گشتی ژمارەی زیندەوەران، چونکە ژیانی جۆری نائاڵۆز، ئێستەش ژمارەیان گەلێک زیاترە لە زیندەوەرە ئاڵۆزەکان. بەشی زۆری زیندەوەران لە جۆری وردەزیندەوەری یەکخانەیی و خاوەن ناوکۆکەسەرەتایییەکانن کە هەرچەندە قەبارەیان بچووکە، کەچی نیوەی سەرلەبەری جۆری بوونەوەرە زیندووەکان پێک دەهێنن، بەوەی لە سەرەتای پەیدابوونی ژیانەوە هەتا ئەمڕۆکە، ئەوانە شێوەی باوی زیندەوەرانن لەسەر زەویدا. بەڵام لەبەرئەوەی زیندەوەرە ئاڵۆزەکان لە قەبارەدا گەورەن، بۆیە زیاتر هەست بە بوونیان دەکرێ، ژمارەشیان پتر دێتە بەرچاو.
گوتمان کە پەرسەندن خێراییەکەی هەموو کات وەک یەک نییە، لەوەش گرینگترە بزانین کە دەشێ لە یەک جۆریشدا هەر جیاواز بێت. زیندەوەر هەیە کۆئەندامی دەماری زۆر پێشکەوتووە، کەچی کۆئەندامی هەرسکردنی وا نییە، یان بەشێکی لەشی پەرەسەندنی زۆری بەخۆوە بینیووە، بەڵام ئەندامی دیکەی زۆر سادەیە. هەروەها ئەو زیندەوەرانەی کە جۆرەکانیان لەمێژە هەن ئەوە ناگەینێت کە لە ڕووی جینەکییەوە لە ئاڵۆزی، یان لە ژمارەیاندا کەمتر بن لەوانەی ئێستە. سەلەمەندەر بە ملیۆنان ساڵ پێش مرۆڤ هەبووە، کەچی جینۆمەکەی ٣٠ هێندەی مرۆڤە، بەڵام ئەوی سەیرە توانای سەلەمەندەر لە بەرهەمهێنانی ئەنزیمەکاندا بەو هەموو جینۆمەوەش لەهی مرۆڤ کەمترە. ئەوانەی کە پتر پەرەیان سەندووە دیسان ئەوە نییە کە هەلی مانەوەیان زیاتر بێت لەوانەی دیکە، سیسرک و مشک گەلێک پێشی سەرەکییەکان هەبوون، بەڵام نە سیسرک، نە مشکیش لە لیستی ئەوانەدا نیین کە لەژێر هەڕەشەی بنەبڕبوونن، کەچی گۆریلا و ئۆرانگوتان لە بەشی هەرە سەرەوەی ئەو لیستەیەن.
پەرەسەندن ئەوە نییە، هەموو کاتێک و لە گشت ئاستێکدا بەرەو ئاڵۆزی پتر و جۆری چاکتر و زۆربوونی ئەندامەکانی لەش بڕوات، بگرە دەشێ بەرەو لابردن و کەمکردنەوە بێت. نەهەنگ پێی دواوەی هەبووە بەڵام نەیماوە، تەنیا لە پێشەوە پەلەکانی بوون بە پەڕکە و هی پشتەوەی لەدەست داوە. مار لە مارمێلکەوە پەرەی سەندووە، کەچی مارمێلکە لە مار لەگەلێک لایەندا پەرەسەندووترە. ئەمانە بۆ بەم شێوەیەن؟ هەمووی پێوەندی بە سازان و گونجانەوە هەیە، واتە ئەگەر سازان لابردنی ئەندامێکی پێویست بوو، ئەوا بە پەرەسەندن دەشێ ڕوو بدات، ئەمەش پێی دەگوترێت، پەرەسەندنی داتەکاندنەکی.
ئێمەی مرۆڤ و گشت زیندەوەرانی دیکە، لە ئاکامی هەمان میکانیزمەکانی پەرەسەندنەوە پەیدا بووین. بە گوزارشتێکی دیکە، ئێمە شێوەیەکین لە شێوەکانی ژیان لەسەر زەویدا، لەگەڵ ڕوەک و ئاژەڵەکان هیچ جیاوازییەکمان نییە، ئەو بیر و هۆشەی کە ئاکارێکی جیاکەرەوەمانە لە زیندەوەرانی دی، پەرەسەندنێکی مەزنی کۆئەندامی دەمارەکییە، ئەو پەرەسەندنە یەکجار گرینگەش تەنیا لەو کۆئەندامەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەرانی دیکە هەن، لە چەندان لایەن و پێکهاتەی ئەندامەکانی لەشەوە، گەلێک لە ئێمە پەرەسەندووترن.
ئێمە وای بۆ دەچین بە پلە لە سەرووی پڵنگین، چونکە ئەو کردارانەی کە بە مێشکمان ئەنجامی دەدەین، لە مێشکی پڵنگ بایەخدارترە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە پێیەکانی پڵنگ زۆر لە پێیەکانی ئێمە چاکترن، لە لایەنی بەهێزی و خێراییی غاردانەوە. بە هەمان شێوە گوێ بەو هەستیارییەی سەگ بۆ بۆنکردن نادەین، یاخۆ ئەو توانایەی کە شەمشەمەکوێرە هەیەتی لەڕێی بەکارهێنانی دەنگدانەوە بۆ دیارکردنی شوێنی شتەکان*، لەوانەیە لای ئێمە ئاسایی بێت. چونکە ئێمە تەنیا لەسەر بنچینەی ئاستی هۆشدارییەوە دەڕوانینە زیندەوەران، ئەمەش لەبەرئەوەیە ئێمە لەو بوارەدا بەهێزین، بەمەش بڕیار دەدەین کە ئێمە باڵاتر و چاکترین بوونەوەرین، دواجاریش بەم شێوازە هەڵەیە پێناسەیان دەکەین، بەوەی کامەیان زیاتر لە ئێمە بچێت، ئەمەیان لەوانی دیکەیان بە چاکتر و پەرەسەندووتر دادەنێین.
ئەو بەرگرییەی کە پشیلە هەیەتی بۆ نەخۆشییەکان، دەیان جار لە هی ئێمە بەهێزترە، چونکە گریمان ڤایرۆسی جۆرە نەخۆشییەکی کوشندە پەرەی سەند، توانی تەشەنە بکات و بڵاو ببێتەوە وەک، ئینفلوەنزای باڵندە و ئەوانی دیکە، ئەو کاتە شتێکی سەیر نییە، گەر هەموو مرۆڤەکان لەناو بچن، ئاژەڵێکی وەک پشیلەش بمێنێت. بە‌ سە‌رنجدانمان لە ژیان و گوزەرانی زیندە‌وە‌رانەوە، بە‌چاکی بۆمان ڕوون دە‌بێتە‌وە کە پەرەسەندن، یان سەرلەبەری ژیان، زنجیرە‌یەکە‌ لە سازان لە‌گە‌ڵ ژینگە‌ و سروشتدا، نە‌‌ک بە‌پێچە‌وانە‌وە بێت کە سروشت، یاخۆ زە‌وی بە ‌شێوەیەک چێ بووبێ، بۆ ئەوەی لە‌گە‌ڵ ژیاندا بگونجێن. چەندان جار دەیڵێینەوە کە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بوونمان پەرەسەندن و میکانیزمەکانیەتی، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ڕەنگە ڕۆژێک دابێت، هەر هەمان ئەم هۆکارانە بنەبڕمان بکەن!
گۆڕانەکان لە‌ جینە‌کانە‌وە‌ دەست پێ دەکەن، پاشان لەڕێی زۆربوون و زاوزێوە دە‌گواسترێنە‌وە‌ بۆ نە‌وە‌ی داهاتوو. ئە‌گە‌ر ئە‌و گۆڕانانە‌ بۆ زۆربوون و مانە‌وە‌ی جۆر و سازانی زیندە‌وە‌ران لە‌ ژینگە‌کەیاندا سووددەر بوون، ئە‌وا نە‌وە‌ لە‌دوای نە‌وە سە‌رهە‌ڵ دە‌دەنەوە و دە‌مێننە‌وە‌، گە‌ر زیاندە‌ریش بوون، ئە‌وا بە‌رەبە‌رە‌ لەناو دە‌چن و نامێنن. بەگشتی گۆڕان و پەرەسەندن، زنجیرەیەکن لە کردارەکانی پە‌سندکردن و لابردن (هەرمان بۆ چاکترین)، ئەمانە لە‌ ئە‌نجامی میکانیزمێکی بنەڕەتی دێنە کایەوە پێی دە‌گوترێت، هەڵبژاردنی سروشتی.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدەین کە پەرەسەندنی بچووک لە هەموو لایەنەکانی و هۆکارەکانی ڕوودانیدا وەک پەرەسەندنی گەوەرەیە، هەر ئەو پەرەسەندنە بچووکانەشن زۆر جار بە کەڵەکەبوون دەبنە پەرەسەندنی مەزن، تاکە جیاوازی لە نێوان ئەو دوو جۆرە پەرەسەندنە، تەنیا لە بەرەئەنجامەکانیانەوە بەدەر دەکەوێت.
بەڵام پێویستە بەچاکی گۆڕان و پە‌رە‌سە‌ندنی جۆرێک بۆ جۆرێکی دی (گۆڕانی گەورە)، لە ‌گۆڕانی بچووک جیا بکەینەوە. بۆ ڕوونکردنە‌وەی زێتر، نموونەیەکی باو دێنینە‌وە:
لە کۆنەوە بۆ پەرەپێدان و چاککردنیان، هەندێ کرداری مەبەستدار لەلایەن مرۆڤە‌وە‌ دە‌کرێن لە ئاژەڵە ماڵییە‌کانی (کەوییەکان) وەک، مە‌ڕوماڵات و پەلەوەر و چەندانی دیکە.

سەگ وەک ئاژەڵێکی بەماڵیکراو، ماوە‌یەکی دوورودرێژە‌ بایەخی پێ دەدرێت، بە‌تایبە‌تی لە‌ وڵاتانی خۆراوادا، بە نیازی وە‌دە‌ست هێنانی شێوە‌یەکی دیکەی داواکراو، لە جوانیی‌ ڕە‌نگ، گە‌و‌رە‌ و بچووکی لە‌ش، سە‌روگوێ و چە‌ندان تایبە‌تمە‌ندی دەرەکی دیکە، هەروەها لە لایەنی زیرەکی، وریایی، هێمنی و دڵسۆزیان بۆ مرۆڤ. ئەویش لەڕێی زاوزێپێکردنی دوو شێوە‌ و نیشانەی جیاواز، بۆ پەیداکردنی سە‌گێک کە خاوە‌نی چەند ئاکارێکی خوازراو و پە‌سندکراو بێت. هەموو ئەمانە ئەو واتایە بەدەستەوە دەدەن کە هەر سەگێک چەند تایبەتمەندییەکی لەوانەی ناومان بردن نەبێت، هەلی مانەوە و نەوەنانەوەی بەرەبەرە کەمتر دەبێتەوە. نموونەیەکی دی ئەم بابەتە لە مانگاکاندا دەبینرێت، بەوەی ئە‌و مانگایانە‌ی کە شیریان زۆرە‌ بمێننە‌وە ‌و زاوزێ بکە‌ن، کە‌م شیر و لاوازە‌کانیش سە‌ر ببڕدرێن.
مرۆڤ وای لەم جۆرە ئاژەڵ و پەلەوەرانە کردووە، گۆڕانی گرینگیان بەسەردا بێت، بە شێوەیەک کە هەرگیز نەتوانن بەبێ چاوەدێری مرۆڤ بژین، چونکە ئەمانە هیچ تایبەتمەندییەکی وایان نییە، بۆ خۆپاراستن و کێبڕکیان بشێت لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکەدا. ئەگەر هەر ئەو مانگایانە بە نموونە وەربگرین، دبینین کە بە قەبارە زل بوونە، شیریشیان گەلێک زۆر بووە، بەمانەش وایان لێ هاتووە جووڵەیان کەم و غاردانیان سست و خاو ببێت، بە جۆرێک گەر بێو ئەمانە جارێکی دیکە ببرێنەوە ژینگە سروشتییەکانیان، هەر زوو دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئاژەڵە دڕندەکان.
ئەو پەرەسەندنانەی بە خواستی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن، بە پەرەسەندن، یان بە گۆڕانە بچووکەکان پێناسە دەکرێن، کردارەکەش (هەڵبژاردنی دەستکرد)ی پێ دەگوترێت. چونکە ئە‌وە‌ی دەکرێت لە‌ یە‌ک جۆرە ئاژەڵە و نابێتە هۆی پەیدابوونی ئاژەڵێکی دی، واتە دەکارین بێژین، بەم کار و کردەوانە هە‌رگیز نەکارین مانگایەک، یان سەگێک، بکەین بە ئەسپێک.
لەگەڵ ئەوەش دەڵێین، پەرەسەندن گەر دەستکرد، یان بچووکیش بێت، جاری وا هەیە کە بەرەنجامەکەی ڕوودانی پەرەسندن، زۆر بەچاکی دووپات دەکاتەوە. نموونەیەکی یەکجار سەرنجڕاکێش بینرا لای زانایەکی ڕوسیایی، دمیتری بیلیایڤ (١٩١٧ – ١٩٨٥)، ئەم زانایە بە پەرەسەندنێکی دەستکرد توانی جۆرە ڕێوییەکی (خۆڵەمێشی) بکات بە سەگ، هەرچەندە لە زیندەوەرزانیدا چەسپاوە کە پێشینەی سەگ گورگ بووە، نەک ڕێوی. بیلیایڤ لەو کردارەی بەسەگکردنە (سەگاندن) کە بەبێ بەشداریکردنی هیچ سەگێک ئەنجامی دا، وای لەو ڕێوییانە کرد نەک تەنیا لە هەڵسوکەوتدا، بگرە لە زۆر پێکهایەی لەشیشدا وەک سەگیان لێ بێت.
ئەم زانایە لەگەڵ تیمەکەیدا چەندان ساڵ خەریکی بەخێوکردنی کۆمەڵە ڕێوییەک دەبن (٣٠ دانە نێرینە و١٠٠ی مێیینە)، بۆ هەڵبژاردنی ئەو تاکانەی کە هەڵسوکەتەیان نەرمە و لە مرۆڤ ناترسن. بەمانە و بە دەستنیشان کردنی چەند تایبەتمەندییەکی وەرگیراو و خوازراوی دیکە، پاش چەند بەرەیەک ئەو ڕێوییانە وایان لێهات هیچ ترسێکیان لە مرۆڤ نەبێت، هەروەها لە جووڵانی کلک و وەڕینیشدا وەک سەگ بن.
بە هەڵبژاردنی ئەو هەڵسوکەوتانەی کە لە سەگ نێزیکە و لە ڕێوی دوورە، پاشان بە زاوزێپێکردنی ئەوانە و وەلانانی تابەتمەندی نەویستراو، وای لێهات ئاژەڵێکی سەیر بەدەست بێت کە نە ڕێوی بێ، نە سەگێکی تەواویش بێت. بە چەندجارەبوونەوەی ئەم کردارانە بەرە لەدوای بەرە ئەو ئاژەڵەی کە پەیدا دەبوو، لە جۆری ڕێوی دوور دەکەوتەوە و پتر لە جۆری سەگ نێزیکتر دەبووەوە. دەرەنجام ئەو ئاژەڵە کەوڵ و کلک و گوێی وەک هی سەگی لێهات، هەروەها قەبارەی سەریشی بچووکتر بووەوە. ئەوەی لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بوو کە لە لایاندا ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنەکانیش گۆڕانیان بەسەردا هات، خوولی زایەندی مێینەکانیشیان (ئامادەیییان بۆ پەڕین) لە ساڵێکدا لە١ جارەوە (ڕێوی)، ببێتە ٢ جار (سەگ). کەواتە ئەو هەڵبژاردنەی کە لە بنەڕەتدا بۆ گۆڕانی هەڵسوکەوت ئەنجام درا، بووە هۆکارێک بۆ پەرەسەندن و گۆڕانی پێکهاتەی لەش لەناوەوە و لە دەرەوەیدا.
بەڵام لێرەدا دەبێ جەختی لەسەر بکەینەوە کە ئەوەی لە پەرەسەندندا هەیە بەو شێوازە نییە، چونکە سروشت ناڕوانێتە‌ جوانیی لە‌ش و ڕە‌نگی پێستە، یاخۆ شێوە‌ی دەرەکی هیچ زیندە‌وە‌رێک، بگرە ئە‌وانە‌ هە‌ڵدە‌بژێرێ کە توانی خۆسازان و مانە‌وە‌یان زێدە‌ترە لەوانەی‌ دیکە‌، لە گوزە‌ران و پێبژیویان لە‌ ژینگە و سروشتی دەوروبەریاندا. پێویستە بزانین کە هە‌ر کاتێک وتمان (ژینگە)‌، دە‌بێت وشە‌ی (دە‌ورە‌بە‌ر)ی لە‌تە‌کدا بنووسین، لەبەرئەوەی لە‌وانە‌یە‌ تایبە‌تمە‌ندییە‌ک لە‌ ژینگەی ڕووبە‌رێکی دیارکراودا، پە‌سند و سووددە‌ر بێت، کەچی لە‌ یە‌کێکی دیکە وا نە‌بێت. بوونی‌ پێستە‌ی سپی لە ورچی بە‌ستە‌ڵە‌کدا، نیشانەیەکی سووددە‌رە لەو سروشتە سپیپۆشە، بەوەی کە هەم ڕاوکە‌ر، هەمیش نێچیرە‌کانی ناتوانن بە‌چاکی بیبینن، بە‌ڵام لە‌شوێنێکی دی بە‌ئاسانی دە‌بینرێت، بە‌مە‌ش زیانی پێ دە‌گات. ئە‌و ورچە‌ سپییە‌ بە‌تایبە‌تی بۆ ئە‌و ژینگە‌یە‌ دروست نە‌بووە‌، چونکە‌ مێژووی زە‌ویکۆڵناسی گەواهی دەدەن کە لە‌و ناوچە‌یە‌دا ورچی ڕەش (تێرڕەنگ) هە‌بوون، بە‌ڵام لە‌ناو چوون و بنە‌بڕ بوون کاتێک خۆراکیان چە‌نگ نە‌کە‌وتووە،‌ بە‌هۆی ڕاکردنی نێچیرە‌کان لێیانەوە، هەر بۆیە ورچە ڕەشەکان لە‌ زۆر ناوچە‌ی دیکەدا، هەتا ئە‌مڕۆش ماون‌. کەواتە جۆری ئەو ئاژەڵە بووە دوو کۆمەڵە کە هەریەکەیان ڕێچکەیەکی تایبەتی دەگرێتە بەر لە پەرەسەندندا، پاشان بەرەبەرە جیاوازییەکانیان پتر دەبێت، تا دەبن بە دوو جۆری جیاواز، ئەمەشە کە داروین ناوی دەنێت بە بنەچەی جۆرەکان. ئێستەش ئەگەر توانەوەی سەهۆڵی ئەو شوێنە بەردەوام بێت، بەهۆی (بەندبوونی گەرمی) کە کێشەیەکی مەزنی ئەم چەرخەمانە، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەو ورچە سپییانە بەرەو بنەبڕی دەچن.
گۆڕان و پە‌رە‌سە‌ندن لە کۆمەڵەی جۆرەکان هۆکاری بوونی هە‌موو لێکچوون و هاوشێوە‌یییەکن لە زیندە‌وە‌راندا، بوونی جیاوازی و جۆراو‌جۆریشیان بۆ هە‌مان ئەو هۆکارانە دەگەڕێنەوە. بەڵام گۆڕانی هە‌ر تاکێک بە‌دە‌ر لە‌ جۆرە‌کە‌ی، بە‌ گۆڕان و پە‌رە‌سە‌ندن ناژمێردرێت، چونکە‌ تاک هە‌میشە‌ بۆ ماوە‌یەکی دیارکراو دە‌ژی و لە‌دواییدا دە‌مرێت، پە‌یدابوونی جۆرێکی نوێش زۆربەی جار بەندە بە تە‌مە‌نی تاکە‌کانی ئە‌و جۆرە.‌ هاتنەکایەی جۆرێکی نوێ لە بەکتریاکاندا، لەوانەیە تەنیا چە‌ند ڕۆژێکی کەمی بووێت، کە‌چی لە هەندێ ئاژەڵدا نە‌ک هە‌زار، بگرە ملیۆنان ساڵیشی گەرەکە.‌
بۆ ئەوەی لێکدژی و ناکۆکی لەو گوتانەدا پەیدا نەبێت و ئەم خاڵە ڕوون ببێتەوە دەڵێین، تاک بۆ پەرەسەندن هیچ گرینگییەکی نییە، هەرچەندە دەشزانین کە گۆڕانەکان هەموو جارێک لە تاکی جۆرەکاندا سەرهەڵ دەدات، بەڵام گەر نەگوێزرایەوە بۆ نەوەی داهاتوو، واتە پێش ئەوەی گۆڕانەکە بگوێزرێتەوە ئەو تاکە بمرێت، ئەوا هیچی لێ نایەتە کایەوە. ئەگەر ئەو گۆڕانە گوێزرایەوە و تەشەنەی کرد لە کۆمەڵەی جۆری ئەو تاکە، ئەو دەمە دەبێتە بنچینە بۆ پەرەسەندنی داهاتوو. بۆیە ئەو تاکەی گۆڕانێک بەخۆوە دەبینێت کە دواجار دەبێتە هۆی پەرەسەندن، ناو دەنرێت بە تاکی دامەزرێنەر، دامەزرێنەری چی؟ دامەزرێنەری جۆرێکی نوێی گریمانەکی کە ڕەنگە پاش سەدان هەزار، یان ملیۆنان ساڵی دیکە پەیدا ببێت.
دە‌بێ ئە‌وە‌ش بڵێین کە ئە‌و گۆڕانانە‌ لە‌ هە‌موو جۆری زیندە‌وە‌رە‌کان لە‌ یە‌ک ئاستدا ڕوو نادە‌ن، نە لە‌ چۆنە‌تی و نە‌ لە‌ چییە‌تیدا. بۆیە دەبینین هەندێ جۆر بە‌ درێژایی ملیۆنان ساڵ، هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆیان پێوە‌ دیار نییە، کە‌چی هەندێکی دی تەنیا ناسینە‌وە‌ی پێشینە‌ی هاوبە‌شیان، کارێکی گەلێک سەخت و گران دەبێت.
ئەمەش لە بنەمایەکی دیکەی گرینگی پەرەسەندن بەدەر دەکەوێت کە دەڵێ، جۆرەکان لە کاتی سەرهەڵدانیان، واتە لە سەرەتای بەجۆربوونیان (بوون بەجۆر) پەرەسەندنەکەیان خێرا و گورجوگۆڵە، بەڵام کاتێک لەگەڵ ژینگەکەیدا دەگونجێت و دەبێتە جۆرێکی نوێ و دەچەسپێت، ئەوا پەرەسەندنەکەی هیواش دەبێتەوە.
کورتەی چەمکەکانی پەرەسەندن
هەرچەندە لە درێژەی ئەم نووسینەدا لە چەندان بابەتگەلی جۆراوجۆری پەرەسەندن دەدوێین، بەڵام خستنەڕووی چەند بنەمایەکی پەرەسەندن بە شێوەی پێشەکییەک، بە گرینگ دەزانین.
- هەموو جۆرەکان لە پێشینەیەکی هاوبەشی گشتییەوە هاتوون، زۆربەی جۆرەکانیش لە جۆرێکی پێشی خۆیانی (سادەتر) لە پێکهاتەدا پەیدا بوونە.
- گۆڕانی شێوە و پێکهاتەی لەش و فرمانەکانیان، لە گشت جۆری زیندەوەراندا بەردەوامە.
- زۆربەی گۆڕانەکان سادە و لەسەرەخۆن، بەڵام بە کەڵەکەبوونیان و بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورودرێژ، جۆری نوێیان لێ دێتە کایەوە، بەمەش هەمەجۆری لە زیندەوەراندا پتر دەبێت.
- ژمارەی جۆری زیندەوەران جێگیر نییە، هەروەها هەموویان پێکەوە و لە یەک کاتدا دەرنەکەوتوون، پەیدابوونیشیان لە پلەپلەیی و پەرەسەندنە یەک لەدوای یەکەکانەوە هاتووە.
بۆ بوونی پەرەسەندن گەلێک بەڵگە هەن، ئەوانەشی کە زۆر ئاشکراو بەرچاون:
١- هەڵکۆڵدراوەکان
* بەڵگەی چۆنەتی پەیدابوونی زیندەوەرانە لە چاخە جیاجیاکاندا. بە بۆچوونی زاناکان، سەرەتا ژیان وەک پێکهاتەیەکی زیندووی گەلێک سادە لەناو ئاودا سەری هەڵداوە، پاشان بەرەبەرە بەرەو وشکانی چووە. لە ڕوەکەکاندا بە کەوزەکانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە تۆوەداپۆشراوەکان، لە ئاژەڵەکانیشدا سەرەتاکەی لە نابڕبڕەدارەکانەوە بووە تا بە شیردەرەکان گەیشتووە.
* بەڵگەی بوونی شێوە نێوانەکییەکانە (شێوەی تێپەڕبوو لە جۆرێک بۆ جۆرێکی دیکە)، لە نموونەی، (ئارکیۆپتریکس)ی نێوان خشۆکەکان و باڵندەکان، (تیکتالیک)ی نێوان ماسییەکان و وشکاوەکییەکان.
٢- پۆلێنسازی و پێشینە هاوبەشەکان
بەڵگەی بوونی پێشینەی هاوبەشی گشت جۆرەکان دەسەلمێنێت، بەوەی هەر هەڵکۆڵدراوێک، یان هەر بوونەوەرێکی زیندوو بدۆزرێتەوە، شوێنێکی تایبەتیی پێ دەدرێ لە (درەختی ژیان)دا، بەو شێوازەی کە دۆزراوەکان ئەو بۆشایییانە پڕ دەکەنەوە کە لە نێوان زیندەوەرە بنەبڕبووەکان و زۆربەی جۆرەکانی ئێستەدا هەن. بەڵگەی بوونی پێشینەی هاوبەش، نەک تەنیا لە ڕواڵەت و شێوەی دەرەوەیاندا بەدی دەکرێت، بگرە زانست بە تۆژینەوەکانییەوە لە بوارگەلێکی جۆراوجۆری، وەک بۆماوەزانی کە لە پێکهاتە ناوەکییەکانی زیندەوەران دەکۆڵێتەوە، زۆر بەڵگەی گرینگی دیکەی بەدەست کەوتووە.
٣- توێکارە بەراوردکارییەکان
* ئاژەڵە فرەخانەکان دەکرێنە دوو بەشی سەرەکی کە بڕبڕەدارەکان و نابڕبڕەدارەکانیان پێ دەگوترێت، واتە بەگوێرەی بوون، یان نەبوونی بڕبڕەی پشت.
* پێکهاتەی پەلی بڕبڕەدارەکان، لە شێوەدا جیاواز و لە پێکهاتەدا وێک دەچن:
- شێوە و نیشانە دەرەکییەکانیان جیاوازە، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەلومەرجی ژینگە و چۆنەتی جووڵەیان بگونجێت.
- لە ئێسکەپەیکەردا چوونیەکن.
- پەلە پێنج پەنجەکان، بە شێوەیەکی تایبەتیی وا گۆڕاون کە لەگەڵ ئەنجامدانی چەند جۆرە فرمانێکدا بگونجێن وەک، گۆڕانی پەل بۆ باڵ لە باڵندەکان (فڕین)، گۆڕانی پەنجەکان بۆ یەک پەنجە لە سمدارەکان (غاردان)، گۆڕان و کورتبوونەوەی پەل و بەیەکداچوونی پەنجەکان لە نەهەنگەکاندا (مەلەکردن).
٤- شوێنەواری چەند پێکهاتەیەک لە لەشی زیندەوەراندا
مەبەست لە بوونی شوێنەواری چەند پێکهاتەیەکە کە سەردەمانێک لە پێشینەکاندا چالاک و سووددەر بوون، پاشان وایان لێ هاتووە هیچ فرمانێک بەڕێوە نەبەن، بەمەش تووشی داهێزان ببن، پاشان بەرەبەرە سست ببنەوە و نەمێنن. بۆ نموونە: ڕیخۆڵەکوێرە لە مرۆڤدا، بوونی جێماوی پێیەکان لە ئێسکەپەیکەری نەهەنگدا، نەمانی گەڵا و پەیدابوونی پێکهاتەی تیژ و باریکبوونەوەی لکەکانی ئەو ڕوەکانەی لە شوێنە وشکەکاندا دەژین.
٥- دابەشینی جوگرافیایی
پەرتوبڵاوبوونەوەی زیندەوەران لەسەر زەوی بەبوونی جیاوازی، یان وێکچوونی ئاوهەوا و ژینگەی دەوروبەریان و چەند هەلومەرجێکی دیکە، وای لێیان کردووە لە ئاستی پەرەسەندندا چوونیەک، یان جیاواز بن.
* زیندەوەرانی کیشوەری ئەمەریکا و ئەفریکا لە زۆر شێوە و پێکهاتەدا لێک ناچن، هەرچەندە لەڕووی ئاوهەوا و چەند لایەنێکی دیکەدا وەک یەکن. ئەمەش بەڵگەیەکە کە ئەم دوو کیشوەرە ماوەیەکی گەلێک دوورودرێژە لێک جیا بوونەتەوە، جۆرەکانی هەریەکێکیان بە ئاراستە و ڕێچکەیەکی جیاوازی پەرەسەندن تێ پەڕیووە.
* زیندەوەرانی کیشوەری ئەوروپا و دوورگەکانی بریتانیا، زۆر لێک دەچن. ئەمەش هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم دووانە لەمێژ نییە (بە گوێرەی تەمەنی زەوی)، لێک جیا بوونەتەوە. بەڵام دوورگەی (ماداگاشکار) گەرچی لە ئەفریکا گەلێک نێزیکە، کەچی زیندەوەرەکانی لەگەڵ ئەوانەی ئەفریکادا لێک جیاوازن، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئەم دوورگەیە بەبەردەوامی لە ئەفریکا دابڕاو بووە.
بابەتی دابەشینی جوگرافیایی کێشەیەکی مەزن بوو بۆ داروین. دژکاران و ڕەخنەگرەکانی ئەو سەردەمە دەیان گوت: گەر وشکاوەکییەکان لە یەک پێشینەوە هاتبن، چۆن ئەمانە هەم لە ئەفریکا، هەمیش لە ئەمەریکای لاتیندا دەبینرێن؟ ئەم دوو کیشوەرە لێک دوورن و زەریاکان لێکیان جیا دەکاتەوە، دەشزانین کە وشکاوەکییەکان لەبەر سوێری ناتوانن لە ئاوی دەریاکاندا بژین، ئەی باشە ئەمانە بەچی گوێزراونەتەوە؟ داروین وەڵامی ئەوانە دەداتە و دەڵێت، ئەمە دەشێت بە دوو شێواز بووبێ، یەک: بەهۆی شتە سەرئاوکەوتووەکان (لکەدار و پووش)، دووەم: لەوانەیە لە کۆندا پرد و شوێنی بەیەکەوەلکان لە نێوانیاندا هەبووبێ. بێگومان ئەمەی دووەمیان بۆچوونێکی زۆر ژیر و بلیمەتانەیە، چونکە تیۆری جووڵەی کیشوەرەکان کە سەربە زەویناسییە، لەو دەمەدا بابەتێکی نەناسراو بووە. ئەم جووڵە و کشانی کیشوەرەکان کە بەڵگەیەکی بەهێزی دیکە بوو بۆ تیۆرەکەی داروین، پاش ٣٠ ساڵ لە مردنی داروین (١٩١٢)، لەسەر دەستی زانای ئەڵمانی، ئەلفرێد ڤیگنەر، سەری هەڵدا. هەرچەندە لە سەردەمی دارویندا تا ڕادەیەک باس لە هەندێک لەو گۆڕانکارییانە دەکرا کە بەسەر زەویدا هاتبوون، بەڵام کاتێک ڤیگنەر ئەو تیۆرەی داهێنا، زۆر کەس ئەمەی بە بیرۆکەیەکی شێتانە و ئەفسانەیی پێناسە دەکرد و پێیان سەیر بوو چۆن کیشوەر جووڵە دەکات! پاش نێزیکەی ٥٠ ساڵێک ئەمە بووە تیۆرێکی چەسپاوی بەڵگەدار، بە جۆرێکی وا کە ئەم کیشوەرانە نەک تەنیا پێشان جووڵاوەنەتەوە، بگرە ئێستەش لە جووڵەدا بەردەوامن.
٦- بوونی هاوشێوەیی لە پێکهاتەی ناوکی و زیندەکردارەکاندا
* گشت زیندەوەرێک لە ڕووی خانەیییەوە لە پرۆتۆپلازما پێک دێ، هەروەها کردارەکانی ڕۆنان و تەپاندن، هەنگاوەکانی دابەشبوون و خۆلەبەرگرتنەوەی خانەکان و بەکاربردنی وزە، لە هەموویاندا چوونیەکن.
* پێکهاتەی پاشەرۆکی نایترۆجنی، لە هەموو ئاژەڵە بڕبڕەدارەکاندا هاوشێوەن.
٧- ئاوەلەمەی ئاژەڵەکان
قۆناغەکانی گەشەکردنی ئاوەلەمە چ لە دەرکەوتن، یاخۆ لە ونبوونی پێکهاتەی ئەندامەکانی لەش، لە سەرلەبەری ئاژەڵاندا هاویەکن. ئەمەیان لە سەرەتاوە یەک خانەیە، پاشان دابەش دەبێت و گەشە دەکا بۆ شانە و ئەندام و کۆئەندامەکان، لێرەشدا هەنگاوەکانی دەرکەوتنی ئەو ئەندامانە لە گشتیاندا چوونیەکن. ئەگەر سەرنج بدەینە ئاوەلەمەی ئاژەڵەکان، دەبینین هەر هەموویان لەشێوەدا لە بێچووە ماسییەک دەچن، ئەمەش بێگومان سەلمێنەری بوونی بنەچەی ئاوەکی هاوبەشیانە.
---------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 4.5/5)