مەرجی سەرەکی ئەمریکا چیە؟

Saturday, 01/06/2019, 17:52

8962 بینراوە


ئەمریکا بە هێنانی ئاخوندەکان و ڕووخانی شا ئامانجەکانی خۆی پێکا.
کاتێ سۆڤیەت ووڵاتی ئەفغانستانی داگیر کرد نا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دوو ووڵات بوەوە، یەکەمیان پاکستان بوو ووڵاتەکەی تر ئێران بوو. بە ڕێگای ئەم دوو ووڵاتە چەك و پارە و پێداویستی شەڕ لە هەموو لایەکەوە  بە موجاهیدەکانی ئەفغان دەگەێنرا.
ئەگەر شای ئێران لە حوکم بوایە ڕێگای نە ئەدا بە ڕێگای ئێرانەوە یارمەتی بگاتە دەست موجاهیدەکان و دوژمنایەتی سۆڤیەت بە ڕێگای ئێرانەوە  بکرێت. جارێکیان کابرایەکی ئەفغانی بۆمی باس کرد ووتی ئێمە بە ڕێگای بەندەری عەباس  بە ناو خاکی ئێرانەوە یارمەتی ئەمریکامان پێدەگەیشت کە چی ئاخوندەکان وا خۆیان نیشان دەدا دوژمنی سەرسەختیان ئەمریکایە. ئەم کابرایە ووتی لەلایەن سوپای پاسدارانیش مەشق مان پێدەکرا.
سۆڤیەت هەر لەبەر ئەفغانستان بوو ئابوریەکەی ڕووخا هەڵبەتە هۆکاری تریش هەبوو بەڵام ئەگەر شەڕی ئەفغان نەبوایە سۆڤیەت هەڵنەدەوەشێندرایەوە،  ئێران دەوری بینی لە هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت.
ئەگەر شا لە حوکم بوایە شەڕی ئێران و عێراق  ڕووی نە ئەدا سەدام نەی دەوێرا شەڕی شا بکات. داگیر کردنی کوێت لەلان عێراق و ڕووخانی سەدام تەواوکەری شەڕی ئێران و عێراق بوون، هەروەها پەرەپێدانی دوژمنداری نێوان سونە و شیعە مەزهەب تا ڕادەیەك لەسایەی ئاخوندەکانە.  
نزیکەی چل ساڵە ووڵاتە ئەوروپیەکان و هەندێ ووڵاتی تر پاروویان کەوتۆتە ناو ڕوون مامەڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن کەچی ئەمریکا وەك تەماشاکەر وەستاوە. بە بۆچوونی من  ئیدارەی ترامپ تازە بڕیاریان داوە وەك تەماشاکەر نەوەستن دەبێت ئەمریکا پشکی شێری بەرکەوێت لە مامەڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران. هەڵبەتە ووڵاتە ئەوروپیەکان دەزانن ترامپ کێی ئێشێ بەڵام دبلۆماسیەتی نێو ووڵاتان ناتوانن بە ئاشکرا قسە بکەن. ئەورووپیەکان و روسیا و چین و هیند  و ژاپۆن، هەردوو کوریا حەز دەکەن ئاوهەوایەکە هەر وابمێنیت و بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئێران بەردەوام پێ بدەن بەڵام ئەمە لەبەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل دا نیە.
خاڵێکی تر ئێران دەمێکە باس لەمە دەکات مامەڵە بە دراوی دۆلار نەکات ئەمە بڕینی هێڵی سوورە.
سەرئەنجام مەرجی سەرەکی ئەمریکا  دەیەوێت پشکی شێری بەرکەوێت لە مامەڵەی بازرگانی لەگەل ئێران وابزانم ئەمە کارێکی ئاسان نیە دەرئەنجام دەبێت بە شەڕ ئەو مەسەلەیە یەك لای بکرێتەوە، هەروەك چۆن ژێر خان  و سەرخانی عێراق خاپوور بوو، ئەمریکا ئەگەر بۆی بکرێت ئێرانیش بە دەردی عێراق دەبات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە