ڕێککەوتنی پارتە ڕۆژهەڵاتییەکان لەگەڵ ئیراندا

Monday, 29/07/2019, 22:55

7426 بینراوە


لەپێش دروستبوونی پەیکەری سیاسیی هەرێم لە دوای کۆڕەوی باشوور لە ساڵی ١٩٩٢ دا، جوڵانەوە و بزوتنەوە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ئەوپەڕی چەپیانەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاستییان لە جموجوڵیکی بێهاوتا بوون، توانیبوویان زۆر یان کەم بۆشایی سیاسی و بۆشایی هەبوونی خەباتی چەکداری لە گۆڕەپانەکەدا پڕ بکەنەوە. ئەو کات دوو حزبی سەرەکیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوون، یەکیان حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و ئەویدیان کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو کە خۆی وەک پارتێکی هەڵگری بیروباوەری چەپ دەناساند.
بێ گومان هەر دوو حزب خاوەن قاعیدەیکی حزبی جەماوەریی پاکبوون و خواست و ئارەزووی بەردەوامیی بوونیان لە تێکۆشاندا لە دوای ساڵی ١٩٩٢دا گۆڕانی بەسەردا نەهات، بەڵام لە ئاست سەرکردایەتی و دەفتەری سیاسی هەر دوو پارت لە دوای ساڵی ١٩٩٢دا کەوتنە ژێر هەژموونی سەرانی پارتی و یەکێتی، خواستی پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتییان، وەرگرتنی پارە، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی ئیسراحەت بۆیان لە باشووری کوردستاندا و دەرچوونیان بۆ هەندەران لەژێر دروشمی ئەوەی زیان بە ئەزموونی باشوور نەگەیەنن، جوڵانەوە و بزوتنەوەی کوردیان بە جۆرێک کز کرد نائومێدی و بێ هیوایی باڵی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا کشاند. لە ئەنجامدا بارودۆخێکی نالەبار بۆ ئەندام و لایەنگرانی هەر دوو پارت دروست بوو، لە ماوەی بیستوهەشت ساڵی تەمەنی دروستبوونی هەرێم بە دەیان کادیر و خەڵکی لێهاتووی نێو هەر دوو پارت بە دەستی دەسەڵاتدارانی ئیران و ئیتیلاعات بە هەمئاهەنگی پارتی و یەکێتی تیڕۆر کران. لە نووسینی بەیانێک بەولاوە سەرانی هەر دوو پارت هیچ هەڵوێستێکیی دیان نەبوو.
سەرانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموان باشتر دەزانن کە کێ دەستی هەبوو لە تیڕٶڕکردنی قاسملۆی سەرۆکی ئەو حزبە و بە دەیان دۆکیۆمێنتیان لەبەردەستدا هەیە، کە لە دانیشتنە لابەلاکاندا بە گوێی خەڵکیدا دەیچرپێنن، تا دەگات بە بوونی دەنگی تۆمارکراو بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی، پارە وەرگرتن و پاڵدانەوە لە شاڕۆچکەی کۆییە متقەیان لەخۆ بڕی! ئەم جۆرە هەڵوێستانەی سەرانی هەر دوو پارت دیاردەیەکی زەق بوو کە کاردانەوەی هەبوو لەسەر لێکترازانی حزبەکە، ئاشبەتاڵێکی بێدەنگی ئەندام و لاینگر و جەماوەریی هەر دوو لا و دروستبوونی بۆشایی سیاسی کە بە شێوەیەکی سروشتی پژاکی تێیدا لە دایک بوو.
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەك بەشەکانی دی لە گۆڕەپانی پڕ کێشمە کێشمی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر هەر دوو ئاستی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەییەکاندا سەنگی تایبەتی هەیە. ئەمڕۆ ناتەبایی نێوان دەسەڵاتدارانی ئیران و ئەمریکا، سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە دۆخی ناوەخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتەی شێواندوە بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا پەیوەندیی بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کرد بۆ هەمئاهەنگی دژی دەسەڵاتدارانی ئیران. هەنووکە دۆخی دەسەڵاتدارانی ئیران وا دەخوازێت کە ئاوڕێک لە پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بدەنەوە و داوای دانوستاند لەهەمان سەرانی ئەو پارتانەی کە ٢٨ساڵە دەستیان هەبووە لە خامۆشکردنی خەباتی سیاسی و چەکداری و لەژێر هەژموونی سەرانی پارتی و یەکەتین کە بە درێژایی مێژوو جاشی یەک لە دوا یەکی دەسەڵاتدارانی تاران بوون بکەن. واتە هێزێک بە ڕێبەرایەتی ئەو جۆرە سەرکردانە دروست دەبێت لە ناوچەیەکدا کە گەماڕۆ دراوە بە سوپای ئیرانی و میلیشیای کوردی سەر بە تاران کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی پرس و پزاڤێ ڕزگاری میللەتی کورد نییە.
بە درێژایی مێژوو، سروشتی دەسەڵاتدارانی ئیران لە شاوە بگرە تا دەسەڵاتی شیعەی ئەمڕۆ نەخشەی ئەوەیان نەبووە و نییە کە ددان بە خودموختاری و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی فیدراڵی بێنن، حکومەتی خۆجێی لە نێو سنووری جوگرافیای ئێراندا بۆ کەمە نەتەوەکان دابمەزرێنن، لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران لە پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتەدا لەت بوونی ئیران دەبینن هەروها لە سەرەتایی نەوەتەکان تا ئەمڕۆ سیاسەت و ستراتیژیەتی تاران ڕوونە کە دەیەوێت بۆ وڵاتانی دراوسێ پەلوپۆ بهاوێژیت. لەژێر ناوی ئیسلامەوە ئیمپراتۆریەتی فارس زیندوو بکاتەوە بۆ نمونە، بە پراکتێک عیراقی ئەمڕۆ لەژێر دەسەڵات و هەژموونی ئیراندا بەڕێوەدەچێت. سوپای ئیران و چەکدارەکانی سەر بە ئەوان لبنان و سوریا و چەند وڵاتێکی کەنداویان تەنیوە. ئێرانێک کە خاوەن ستراتیژیەتێکی بەو جۆرە بێت و ئەو هەنگاوانە بهاوێت چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت کە ڕێز لە پارتە کوردییەکان بگرێت. سەرانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی وەک نوێنەرانی دەنگی ناڕەزا بناسێنێت و ددانیان پێدابنێت. تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو دەیەوێت کات بکوژێت. لەو تەنگەژە سیاسیە ڕزگاری بێت. باشوور ئاسا سەرانی پارتە ڕۆژهەڵاتیەکان بکڕێت. دەنگە ناڕەزاکان ئاشکرا بن، دواتر بە ئاسانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن سەرکوت و تیڕۆڕیان بکات، ئەوانی دیش بکڕێت و هێزی میلیشیای سەر بە تارانیان لێ دروستبکات. لە ئەنجامدا ڕوونە کە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیران بێ ئەنجام دەبێت، زیان لە بزاڤێ ڕزگاری ئەو دەڤەرە دەدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە