پۆلیسی ئەلمانیا نیوەشەو دەچێتە سەر ماڵی بەرپرسێکی پاراستن، کە نزیک بە دڵشاد بارزانییە


بەڕێزان سەرکردایەتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران: (بۆ پەکەکەتان تێبەرداوین؟)

Friday, 07.12.2019, 19:41

898 بینراوە


ئاری هەرسین، کوڕی محمەد هەرسین کە بارزانی بە دەستی خۆی کوشتی، چونکە پارەیەکی زۆی  بەرماوەی ئاشبەتاڵەکەی دزیی بوو، ئەم کوڕە باوککوژراوەی دەستی جامانەسوورەکان هەندێک جار بۆ خۆی جامانەی سوریش لەسەر دەکات، هەرچی لە بەرژەوەندی باڵای کورد  بێت دەیکات و دەیڵێت، ئەم سیاسەتبازە پێی وایە سیاسییە، نەسیحەتی ئێران دەکات کە چۆن لە پەکەکە بدات. کردوونی بە سەگ. گوایە کەوتۆتە گیانی باشوور  بۆیە تورکیا هاتۆتە سەر هەرێمەکەی پارتیی، (تێبینی: لە کوردییدا تێبەردان بۆ پەلاماری سەگ دێت) ئەم نووسینەی لە ئەرشیفی کوردستانپۆستدا پارێزراو دەبێت.
---------------------------
بەڕێزان سەرکردایەتی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران
چەندین جار باسمان لە پەیوەندی مێژویی شۆڕشی باشوری کوردستان و وڵاتی ئێران کردوە. بەو کاتەوە کە شای تاغوت، خیانەتی لە میللەتی کورد کرد لە بەشداریکردنی لە موئامەرەکەی ساڵی ١٩٧٥، ھەتا ئەو پشتیوانیەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکەمانی لە ساڵانی ھەشتاکان کرد.
زۆر جاریش باسی نزیکی کورد و میللەتانی ئێرانمان کردوە، وەک دیاردەیەکی ڕوونی ئەنترۆپۆلۆجی، لە ڕوی زمان و فەرھەنگەوە.
ھەواڵی دڵخۆشکەری گفتوگۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لێرەو لەوێ بڵاو بۆتەوە. ھیوای بەردەوام بوون و جدیەتی زیاتر بۆ ئەم ھەوڵانە دەخوازین.
حکومەتی ھەرێم بە ھیچ جۆرێک بەشداری ئەو بەرەیە ناکات کە حەزیان لە لێدانی ئێرانە. پەیوەندی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژانە و بە قەبارەیەکی باشی چەند ملیار دۆلار لەسەر ئاستی ساڵانە بەردەوامە.
کەچی ئێوە پشتیوانی لە ڕێکخراوی پە کە کە دە کەن بۆ ئیزعاج کردن و شێواندنی ژیانی ھاوڵاتیانمان لە ھەرێمی کوردستان. ھەر بەوەشەوە ناوەستن، تۆپبارانمان دەکەن. گوند و ئینسان و ئاژەڵ و سروشتی وڵاتەکەمان کاول دەکەن. ئێوە بە بیانوی کۆمەڵە و دیموکرات ئەو کارە دەکەن، تورکیاش بە بیانوی پە کە کە.
ئێمە دوژمنتان نین، دیموکرات و کۆمەڵەش دوژمن نین. دوژمن ئەوانەن کە ڕێز لە ئیرادەی میللەتانی جیھانی سێھەم ناگرن. ئێوە ئەوەندە مامەڵەتان لەگەڵ كارەکتەری ئیستیعماردا کردوە، بەداخەوە بەشێک لە خەسڵەتەکانی ئیستیعمارتان وەرگرتوە. بیرتان چۆتەوە کە شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٧٩ بە مەبەستی پاراستنی ماف و کەرامەتی سەرجەم میللەتانی ئێران بوو، نەک بەس فارس و ئازەری.
تەشکیلەی حوکم لە ئێران جوتەیەکی فارس و ئازەریە. ئەم تەشکیلەیە پاشخوانێکی مێژوویی ھەیە کە جەنابتان لێی بە ئاگان و پێویست ناکات لێرەدا وردی بکەمەوە. بەڵام کورد و میللەتانی دیکەی ئێرانیش مافی خۆیانە بەشدار بن لە خزمەتکردنی وڵاتی خۆیان.
ھیچ مەنتیقی تێدا نیە ئێوە لەسەرێکەوە گەنجی کورد بە بیانوی تلیاک ئیعدام بکەن، ھەڵگورد تۆپباران بکەن، لەولاشەوە شین و شەپۆڕ بۆ کوردی باکور بکەن و پە کە کەمان تێ بەردەن...!
دواجار باشترین ھەڵبژاردن لەبەردەم کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕێکەوتنە لەگەڵ کورد، بەڵام ئەمەش مەیسەر نابێت ھەتا خۆتان لەناو خۆتاندا ساغ نەکەنەوە. خۆ ساغکردنەوە بەو مانایەی کە ئایا لە وڵاتی ئێراندا کێ حوکم دەکات و کێ ساحێب بڕیارە؟... عەسکەرتاریەت و عەقڵیەتی بیکوژە و بیبڕە؟... یان عەقڵیەتی پێکەوە ژیان، لە خۆرھەڵاتێکی ناوەڕاست کە خۆمان خاوەنی بین و بەڕێوەی بەرین نەک ئیستیعمار.
حەز دەکەم لە کۆتایدا ئەو تێبینیەش بخەمەڕو، کە بەندە دەمتوانی ئەم نوسراوەتان بە زمانی شیرینی فارسی ئاڕاستە بکەم، چونکە فارسیەکەم ھیچی لە کوردیەکەم کەمتر نیە، بەڵام دەزانم ئێوەش شارەزایتان لە زمانی کوردیدا لە ئاستی پێویستدایە.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا...

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 1)