فلیمی شەمەندەفەری بەفر شکێنی پاریس و بریکسیتی ئینگلتەرا

Saturday, 09.14.2019, 10:50

2565 بینراوە


شەمەندەفەری بەفر شکێن، (Snowpeircing)، فلیمێکی science fictionە، لە چیرۆکێکی وێنەیی فەرەنسیەوە وەرگیراوە، لە لایەن دەرهێنەری کۆری ؛ boon gongho ساڵی 2013 کراوە بە فلیم، فلیمێکی زۆر گرنگ ە سەرنجڕاکێشە؛ شەمەندەفەرێکە بەناو بەفردا دەڕوات، هەمو بەربەستێک دەشکێنێت و ناوەستێت. دەرەوە بەستەڵەکە، لە بەشی دواوەی فارگۆنەکان، کۆمەڵێک لە هەژار و داماوی تێدایە، کە لە کولەمەرگیدا دەژین، کەسانێکی تر لە فارگۆنەکانی تروە دێن لەگەل کەسانی چەکداردا، هەرچییەکیان پێویست بێت لەوانی داوا دەکەن؛ وەکو ئەوەی ڕۆژێک پێویستیان بە مۆسیقارێکە، بۆ لایان دێن، ڕۆژێک چەند کەسێکین لێ دەکوژن، ڕۆژێکی تر چەند کەسێک دەبەن بۆ تاقیکردنەوەی موختەبەر، ڕۆژێکی تر پێوسیتیان بە چەند منداڵێکە و دەیانبەن......تاد. تەنها خواردن کە پێیان ئەدەن جۆرێکە لە جەلیی کە نازانن لە چی دروستکراوە.
ئەم کەسە چەوساوانە دەیانەوێت بگەنە فارگۆنەکانی تر، هەتا بزانن کێ ئەم شەمەندەفەرە لێدەخوڕیت و بەرەو کوی دەڕوات، هەروەها بۆچی ئەوان لە ناخۆشیی و کولەمەرگیدا دەژین، دەیانەوێت سۆراغی منداڵەکانیان بزانن، کە هاتوون و بردوویانن، کاتێک دەرگای یەکەم دەشکێنن پاشان دەرگاکانی تر، دەبینن لە هەر فارگۆنێکدا چینێکی جیاوازی نێوکۆمەڵگا دەژی، کە تەواو لە یەکتر جیاوازترن، دیمەنی جوان و خواردنی جیاواز، ژیانی جۆراو جۆر دەبینن، ئەم چینانەش پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ یەکتردا نییە. هەرچۆنێک بێت بە شەڕو کوشتار دەڕۆن هەتا دەگەنە فارگۆنی یەکەمی شەمەندەفەرەکە، دەبینن کە ژن و پیاوێک دانیشتون و نان دەخۆن لەسەر سفرەیەکی ڕازاوە، دەبینن کە مندالەکانیان لەناو ماشینی شەمەندەفەرەکەدا کاردەکەن، لەمەوە دەبینن، دەبینن کە (جەلیی) خواردنەکەیان لە چی دروست دەکرێت.....تاد. کابرای بۆرژوا بە کۆمەلە کرێکارەکان دەڵێت؛ چیتان دەوێت؟ ئەتانەوێت ماشینی شەمەندەفەرەکە بشکێنن؟ ئەگەر بیشکێنن شەمەندەفەرەکە دەوەستێت و دەرەوە بەستەڵەکە هەموو لە سەرما و لە برساندا دەمرن، ئەرکی سەرشانی هەموومان ئەوەیە کە ئەم شەمەندەفەرە لە کار نەکەوێت و بڕوات. پاشان کلیکی دەرگاکە ئەدات بە یەکێک لە کرێکارەکان و پێی دەڵێت: خۆت بڕیار بدە. ئەویش لەویدا دۆش دائەمێنێت، سەیری دەرەوە دەکات نازانێت چ بڕیارێک بدات، کوتوپڕ دایکی یەکێک لە مندالەکان بۆمبێک ئەکێشیت بە ماتۆڕی شەمەندەفەرەکەدا و شەمنەدەفەرەکە دەتەقێنێتەوە، دەستی مندالەکەی دەگرێت و پاڵتۆیەکی گەورە ئەدات بەسەریداو لە شەمەندەفەرەکە دەچیتە دەرەوە، دەبینێت هەتا چاو بڕدەکات بەفرو بەستەڵەکە، لە دورەوە ورچێکی سپی دەبینێت. ئەوە کۆتایی فلیمەکەیە.
ئەگەر ئەو ورچە بتوانێت لەو بەستەڵەکەدا بژی، ئەی من بۆ نەتوانم ؟

------------------------------
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شارێکی فەرەنسا گەنجێکی ئەفغانی بە چەقۆ چەند کەسێکی لەسەر جادە کوشتووە، ئەگەر جاران هاواریان دەکرد؛ ئەللاهو ئەکبەر ئێستاکە ئەوەش نەماوە. هەزارەها خێمە لە چواردەوری پاریس هەڵدراون، ئەفریقی، سوری، ئەفغانی، رۆمانی، سۆماڵی، فەرەنسی.......تاد. کە بەتەنیشتیانەوە تێدەپەڕیت، دەستت ماچ دەکەن، ئامادەن پێلاوەکانت بلێسنەوە بۆ ئیرۆیەک، هێندە زۆر بون لە سەر ئۆتۆبانەکە شەوان دەپەڕنەوە، بۆنی میزو پیسایی، دیمەنی ناخۆش وخاڵیی، خانوی داتەپیو بەکارتۆنی خوساو لەبەردەم باراندا، دیمەنێکی ئەپۆکالیپسی هەیە، لەولاوە باوکێک دانیشتوە جگەرە دەکێشێت، ژنەکەی بەتەنیشتیەوە، مندالەکانیان لە سەتڵێک ئاودا مەلە دەکەن، بەتەنیشتیانەوە سەدەها سەیارە شەو و ڕۆژ بە بێ وەستان دێن و دەڕۆن. لەسەدا نەوەدی دانیشتووی پاریس ئەم دیمەنە نابینن، لەبەر ئەوەی کە بەیانیان دەچنە کونی میترۆکەوە و لەکونێکی ترەوە سەر دەهێننە دەرەوە، تەلەفزوێنیش ئەم کارەساتانە پیشان نادات، نەک لەبەر ئەوەی کە میدیا پشتگیری لە حکومەت بکات، لەبەر ئەوەی، کە دەزانن هیچ ناگۆڕێت بۆیە باشتر وایە نانخواردن و کاتی پشو لە خەڵکی تێک نەدەن، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا لەهەر سوچێکی ئەم شارەدا دەبینیت، کە هەر ڕۆژە بینایەکی نوێ، پرۆژەیەکی نوێ دەچێت بە ئاسماندا، بورجی ئیفل هەموو کاتژمێرێک وەک فیشەکە شێتە دەبریسکێتەوە. بەڵام ئەم خەڵکانەی تر وەکو ئەو فلیمە لە ڤارگۆنی دواوەن، پیسترین ژیان بەسەر دەبەنو پیشان ئەدەن، تا بە کەمترین داواکاری بۆ ژیانیان ڕازی بن. شەوێک بەویدا تێپەڕیم، کتوپڕ کچێکم بینی بە روتی ڕای دەکرد بەسەر جادەکەدا، کوڕیکی گەنچ کە پانتۆلەکەی هاتبووە سەر ئەژنۆی بەدوایدا رای دەکرد، وام زانی خەو دەبینم. پۆلیس چی بکات ؟ لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 45 پۆلیس خۆیان کوشتوە لەبەر ئەوەی کە سەرۆک پێیان دەڵیت، کە دەبێت خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکرێن و دیموکراسیش پێیان دەڵێت کە نابێت ئازاری خەڵکی بدەن. لەکاتێکدا پۆلیسەکە پارەی نییە بۆ بژێوی ژیانی خۆشی، لەگەڵ ئەوەدا دەبێت بچیت ماڵی ئەو هەژارانەش تێک بشکێنێت کە خانویەکیان لە کارتۆن دروستکردوە بۆ خەوتن لەژێریدا، بۆیە خۆی دەکوژێت.
لە دواهەمین سەفەرمدا بۆ لەندەن بۆ یەکەم جار بینیم، کە چەند کەسێک لەسەر جادە خەوتبون، بێگومان ئەمە زۆر کەمترە لە چاو فەرەنسا، بەڵام دیاردەیەکی نوێیە، بۆیە دەترسن، دەیانەوێت بچنە دەرەوە، بەڵام ئەوان نەدەتوانن بە پێچەوانەی شەمەندەفەرەکەوە بڕۆن، نەدەتوانن شەندەفەرەکەش بوەستێنن، بۆیە ساڵێکە لە گێژاودا دەخولێنەوە، نازانن چ بڕیارێک بدەن. هەر بۆیەش ئەم سیستەمەی کە دروستمان کردووە بە کەسانی زانا بەڕیوە ناچێت، هەمیشە کەسانێکی بێ مێشک و بێ بەزەیی دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست؛ لەسەردەمی سارکۆزیدا کوڕیکی گەنجی فەیلەسوف وەزیری پەروەردە بوو، هێندەی پێنەچوو باری کەوتە لێژیەوە، چونکە نەیدەزانی چۆن بدوێت، خێرا سارکۆزی بەپیریەوە چوو لە جیاتی ئەو لە سەر تەلەفزوێن قسەی دەکرد و دەدوا، تا دواجار بە وەزیرەکەیان وت؛ کە سیاسەت بۆ تۆ نەکراوە، چونکە دەبێت بزانیت درۆ بکەیت و کەسێکی دووڕوو بیت، دەنا ناتوانیت حوکمرانی بکەیت. خۆ ئەگەر جار جارە کەسێکی زیرەک دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا ئەویش ناچارە وزە بۆ شەمەندەفەرەکە بدۆزێتەوە. ئەوەتا مەسعود بارزانی و بنەمەڵەکەی لە کۆشک و خوانی ڕازاوەدا دانێشتون بە بێ ترس دەخۆن و دەخۆنەوە، ئەگەر درۆزن و دووروو نەبن، چۆن لەو ژیانە خۆشەدا دەژین، لەم لاشەوە نمونەی وەکو ئاپۆ و دەمیرتاشیش لە بەندیخانەدان، چونکە ئەوان درۆزن نیین و جاشایەتی ناکەن، زمانی دوورو لەگەڵ میللەت بەکار ناهێنن.

کوڕەکەم بۆ خوێندن چۆتە تایوان، سەری سوڕماوە، دەڵێت لە ژوورەکەمدا گوێم لە مۆسیقا بوو، وام زانی لەسەر جادە کەسێک دۆندرمە دەفرۆشێت، کە بینیم نەخێر، سەیارەی کۆکردنەوەی خۆڵە و بە مۆسیقاوە خاشاک کۆ دەکاتەوە؛ ئەو مۆسیقایەش بریتییە نامەیەک بۆ ئێلیزی بتهۆڤنیان خستۆتە سەر، کاتێک هاوڵاتیان گوێیان لەو مۆسیقایە دەبێت، دەچن خۆلەکان ئەبەن، خەڵکی ماتۆڕو پاسکیل و کاسکەکانیان لەسەر جادە داناوە و کەسیش نایبات، لە پاریسیش هەرچەندە بە دوو زنجیر دەیبەستیتەوە هێشتا لێت دەدزن، لە تایوان پارچە کاغەزێک نابینیت لەسەر جادە کەوتبێت، جادەکانی پاریس بوونەتە تەنەکەی خۆڵ، کە خەڵکی بێزاربون لە ژیان و دەسەلاتدارانی، کە ئاوا هەڵسوکەت دەکەن. لە چاوەڕوانیدا بورکە و ڕیش و پەچەی ئیسلامی لە زیادبووندایە. هەرگیز باسی ئەم دیاردانە ناکرێت لەبەر ئەوەی کە زۆربوون و چارەسەریان نییە هەتا ڕۆژێک دەتەقێتەوە.
ئێستاکە شەمەندەفەرەکە بەرەو مەریخ دەڕوات، هەموو شتێک ئامادەکراوە تەنانەت خۆیان بۆ ئەگەریی روو بەرووبونەوەیان لەگەل بوونەوەری ئەستێرەکانی تریش ئامادەکردووە، خەڵکی پێیان دەڵێن ؛ با جارێک گیروگرفت و نەخۆشیەکانی سەرزەوی چارەسەربکەین ئەوسا بڕۆن، بەڵام ئەوان دەڵێن؛ نا ئەوانە چارەسەر ناکرێن لەبەر ئەوەی ژیان خۆی وەهایە و هەروەها دەبێت و هەروەهاش دەمێنێتەوە، ئەگەر هەر ئەم سیستەمەش کۆپی دەکەینەوە لە سەر مەریخ.
ئەو کەسەش، کە بڕوای بە (کەرە مەمرە بەهار)ەیە، ئەوا گێل و نەفامە
لە کۆتاییدا خۆ ئەگەر کلیلی بۆمبی ئەتۆمی بدەینە دەست هەندێک کەس کە لە نەبوونی و ئەشکەنجەدا دەژین، پێدەچیت بە بێ یەک و دوو شەمەندەفەرەکە بتەقێننەوە، بۆ هەتە هەتایە لە کاری بخەن.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)