ڕوسیا عیراق پڕچەک دەکات و باشووریەکانیش فریو دەدا

Wednesday, 09.18.2019, 15:40

4721 بینراوە


بوونی هەژموونی ئیران لەسەر حکومەتی عیراق و دەسەڵاتدارانی سلێمانی و هەولێر. قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران، دوو هۆی سەرەکیین کە ئیران بۆ دژایەتی ئەمریکا دەیەوێت عیراقیش ئەو ڕێچکەیە بگرێت، کە لە بەرژەوەندیی ئەودایە. سوریا ئاسا بکەوێتە نێو فەلەکی ململانێکانی نێوان ڕوسیا، ئەمریکا، ئیران، تورکیا، ئیسرائیل، سعودیە و قەتەر و وڵاتانی ناوچەکە، بەرەی ئیران و ئەسەد هەڵبژێرێت، خاکەکەی لەبری خاکی ئیران وەک خاکی سوریا ببێت بە گۆڕەپانی جەنگ لە کۆتاییدا بە تەواوی کاول و خاپور بێت.
-----------------------------
دنیا لەلایەن دەزگە هەواڵگریەکانی خاوەن گروپی مافیا و میلیشیدا لە ژێر دروشمی بوونی دەوڵەت، یاسا، سیستەمێکی دیاریکراوی حوکمڕانی و سوپای فەرمی بەڕێوە دەچێت. جەنگی دژی تیڕۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمریکا پێشڕەوی بوو. تا هەنووکە لە میدیا جیهانییەکاندا پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکرێت کە ئەمریکا ڕێبەرایەتی ئەو جەنگەی کرد و لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەی هەوڵی دا دۆست و لایەنگر بۆ هەڵوێستەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام کەم هەن کە پەنجە بۆ ئەوە درێژ بکەن کە ڕوسیا یەکەم وڵات بووە هانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکای داوە بۆ هەڵگیرساندنی فتیلەی دووبەرەکیی و جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەزگەی هەواڵگری ڕوسی ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە ئاشکرا کردنی شوین و کەمپی میلیشیای چەکدارانی توندڕەو لە ئەفغانستان، پەیوەندیی ئەو کەمپانە بە یەکتری و لە ئەنجامدا هەموو زانیارییەکانی داوەتە دەزگەی هەواڵگری ئەمریکی. هەروها ڕوسیا یارمەتی بزوتنەوەی دژ بە تالیبانی لە ئەفغانستان دا. ڕوسیا یەکەم وڵات بوو لە ساڵی ٢٠٠٠دا چووە پاڵ ئەمریکا پشتیوانی لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ سزا خستنە سەر بزوتنەوەی تالیبان. دواتر هەمان دژە هەڵوێستی بەرامبەر بە پاکستان نواند لەبەرئەوەی یارمەتی بزوتنەوەی تالیبانیان دەدا. ڕوسیا ڕێگەی بە ئەمریکا دا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا هێڕشی سەربازیی بۆ ئەفغانستان ئەنجام بدەن و هاوهەڵوێستی ئەمریکا بوو لە جەنگی ئەمریکا لە عیراقدا.

ڕوسیا و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندیی ئابووریی بێ هاوتایان هەیە. هەر دووکیان هاوپەیمانەتیان لەگەڵ سەڕۆک، وڵاتانی ناوچەکە هەیە و خاوەن سوپای فەرمی و گروپ و میلیشیای نافەرمین کە بە وەکالەت شەڕی بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکەن، لەبەرئەوە لە زۆر هەڵویستدا لە کاتی پێویستدا یاری بە داشەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن بۆ بەردەوامیی دان بە دۆخێکی تایبەت کە هەردووکیان دەربارەی کۆک بن.
گەلێک لە چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێیان وابوو لە سەرەتادا ڕوسیا تەقەلاکانی چڕکردەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە جەنگ بئاڵێنێت، بۆیە یارمەتی لۆجیستیکی دا و دەزگەی هەواڵگری ڕوسی هاوکاری ئەمریکییەکان بوون، ڕێگەی دا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەکاربهێنێت بۆ هێڕشەکانی بۆ سەر تالیبیان لە ئەفغانستان. دەبێت بگوترێت کە ئەمە بووچوونێکە لە ئەنجامی خوێندنەوە و توێژینەوەی ڕووداوەکان بەرهەم هاتووە، بەڵام دووریش نییە هەر لە سەرەتادا دەزگەی هەواڵگری ئەمریکیی و ڕوسیی لەسەر پێکانی کۆمەڵێک ئامانج کۆک بووبن و بەگوێرەی قۆناغەکان هاوڕابووبن لە گۆڕینی داشەکان و جێگۆرکێ لە شوێنی دەسەڵاتدا. کاتێک کە تورکیا بە نیاز بوو هێڕش بۆ سەر عەفرین بکات، چومسکی گوتی: عەفرین لانەی سەدان هەزارکەسی ئاوارەیە ئەگەر ئەمریکا نەبێت تورکیا ناوێرێت هێرشی سەربازی بۆ سەر عەفرین ئەنجام بدات!
ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبینی دەکرێت کە ڕوسیا هەوڵدەدا هەژموونی خۆی بەسەر سەڕۆک و حکومەت و دەسڵاتدارانی ناوچەکە بسەپێنێت. پشتیوانی لە عیراق، سوریا و لبنان بکات. ئەو سێ وڵاتەی کە پڕن لە میلیشیا و گروپی نافەرمی سەر بە ئیران، کە لە ڕابردوودا چەند جارێک بنکەکانیان ببوو بە ئامانجی هێڕشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. لەهەمان کاتدا ڕوسیا پەیوەندیی لەگەڵ ئیران توندە و چەکی بەرگری ئاسمانی ئێس-٣٠٠ پێفڕۆشت و لەگەڵ ئیسرائیلیش پەیوەندیی پتەوە!
ڕوسیا هەوڵدەدا هاوسەنگی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیران و ئیسرائیل ڕابگرێت. هێز و میلیشیا چەکدارەکانی لە سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان نەبێت، ناکۆکیی و شەڕ و پێکدادان تەنیا لە نێوان ئیران و دارودەستەکانی و ئیسرائیل بێت ئەو تەنیا چەک بفرٶشێت، بە قسە هەڵوێست بنوێنێت. وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند: هەمیشە ڕوسیا دژ بەو هێڕشە سەربازیانە دەوەستێت و پێی وایە ئارام و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسیەوە".

مووشەکی ئێس ٤٠٠ ڕوسی لە تورکیا

ڕوسیا موشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ کردوە بە ئامرازێک بۆ پتەوکردنی ئابووریی وڵاتەکەی و کڕینی سەڕۆک و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەریاندا، بەبێ جیاوازی کردن لە نێوانیاندا، بەبێ ئەوەی هەژمار بۆ ئەوە بکات کە کام وڵات لە ناوچەکە پشتیوانی لە داعش کرد، مەترسی بۆ سەر ناوچەکە هەبوو و هەیە و دەبێت، ئەو مووشەکی فرۆشتێ نمونە تورکیا. هەمان مووشەک لە سەرەتای جەنگەوە لە سوریادا هەیە ئەو کات ئەردوغان بەخوێنی سەری ئەسەد تێنوو بوو!
دوای هێڕشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگەکانی میلیشیای سەر بە ئیران، پوتین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ناتانیاهۆی سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: ئەوان ئامادەن بەو چەکە پارێزگاری لە لوبنان بکەن واتە لوبنانیش دەتوانێت مووشکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا بکرێت.
ساڵی پار قەتەر ڕایگەیاند کە ئەوان لە هەوڵی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ن لە ڕوسیا، یەکەوجا سعودیە بە بیستنی ئەو هەواڵە هاتە دەنگ و هەڕەشەی کرد، بەڵام ئەمڕۆ دوای هێڕشی ئاسمانی حوسیەکانی یەمەن بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە، پوتین لە میدیاکاندا ڕایگەیاند: ئێمە ئامادەین کە یارمەتی سعودیە بدەین ئەگەر دەسەڵاتدارانی سعودیە وەک ئیران و تورکیا بڕیاری حەکیمانەیان دا کە مووشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس-٣٠٠ و ئێس ٤٠٠. لە ڕوسیا بکڕن. ئەمە لە کاتێکدایە کە سعودیە و ئیران نیشانە لەسێبەری یەکتر دەگرن. ئەمە بۆنی ئەوەی لێدێت کە دووبارە دەزگەی هەواڵگری ئەمریکی و ڕوسی ڕێککەوتبن بۆ ئەوەی ڕوسیا بتوانێت موشەکەکانی ساغکاتەوە ئەو بەزمانە بنێنەوە ئەگیانا ئەمە چەندی بە چەندە هەر وڵاتێک کە ئیسرائیل موشەکێکی تێگرت، پۆتین بە جانتا دبلوماسیەکەی سەردانیان بکات و ئامادە بێت موشەکی ئێس-٤٠٠ بە دوژمنی هاورێکانی بفڕۆشێت!

مووشەکی ئێس ٣٠٠ ڕوسی لە ئیران

لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا بوو سەدامی ڕووخاند، بە مەبەست بێت یان نا زەمینەیەکی لەباری ڕەخساند بۆ ئەوەی لە عیراق هەموو کەسایەتیە سیاسیە عیراقی و باشووری کوردستان کە بۆ ساڵانێکی درێژ لەژێر هەژموون و جاشی ئیران بوون، دەسەڵات بگرنە دەست، ببنە ئەو کیانەی کە تا سەر ئێسقان لە گەندەڵی بئاڵێن و ئەمڕۆ لە گۆڕەپانەکەدا هەبن و ئیران دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەکاریان بهێنێت.
لەژێر ئەجێندای ئیراندا نزیکبوونەی دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێم لە ڕوسیا تێبینی دەکرێت. وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند بۆ گۆڕینەوەی بووچوونەکانیان دەربارەی گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی دۆخی عیراق و سوریا لەگەڵ نوێنەری عیراق دانیشتوون. هەروها هەر دوو وڵات دەیانەوێت یەکێتی خاکی عیراق و ئاسایشی لە دەستدرێژیەکانی گروپی توندڕەوی داعش بپارێزن. لە مانگی پێنجی ئەو ساڵدا لە میدیا جیهانییەکان بڵاوبۆیەوە کە عیراق خەریکی کڕینی موشەکی ئێس-٤٠٠ی ڕوسیە و لایەنێکی فەرمی عیراقی ڕایگەیاند کە گرنگە لە دوو ساڵی داهاتودا کڕینی ئەو موشەکە بە پراکتیک بکرێت. لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ڕوسیا لە ناوچەکەدا خەریکی گەمەیەکی قێزەوەنە، هەموو لایەک دژ بە یەک چەکدار دەکات لەیەکیان بەردەدات، دواتر خۆی لە نێوانیاندا دەبێت بە ناوبژیوان و بە پادشای دیبلۆماسی و هەڵگری پەیامی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەناسرێت.
لە مێژوودا هاتووە و ئەزموون سەلماندویەتی کە ڕوسیا هەرگیز هاوڕێی پرسی کورد نەبووە، هەمیشە بۆ بەرژەوەندییەکانی بە ئاسانی توانیویەتی سەرانی پارتەکان و سەرکردەی شۆڕشەکان هەڵخەڵەتێنێت و لە خشتەیان ببات، لەبەرئەوە بڕوا کردن بە ڕوسیا و نزیکبوونەوە لێی لە ئایندەدا بۆ کورد باجەکەی مەزن دەبێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمریکا سزای ئابووریی بەسەر کوردستاندا بسەپێنیت و هەوڵی زیندوو کردنەوەی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش و بەعسیە شۆڤێنیەکان بدات.
لە ساڵی ٢٠١٤وە ڕوسیا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە پڕچەککردنی سوپای عیراقی و هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد بۆ کڕینی مووشەکی ئێس-٤٠٠ کە بێ گومان بەهێزبوونی سوپای عیراقی ژێر دەسەڵات و هەژموونی ئیران هەرگیز لە بەرژەوەندیی کورد بە تایبەتی باشوورییەکان نەبووە و نییە، لە ئایندەدا مەترسیەکی مەزن لەسەر پرسی کورد لە عیراق دروست دەکات بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان. ڕوسیا بۆ کات کوشتن و ڕاگرتنی هاوسەنگی پەیوەندییەکان لە عیراق لەگەڵ کورد تەنیا لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی سادەی بازرگانی و پیشەسازییە لە میدیا حزبیەکان و سێبەرەکانیان لە باشووری وڵات بڵاوبۆیەوە کە لە ١٥/٩/٢٠١٩دا هەرێم لەگەڵ موسکۆ یاداشتێکی بازرگانی و پیشەسازیان واژۆ کرد. میدیای حزبەکان و سێبەرەکانیان ئەم هەواڵەیان وەک بابەتێکی گرنگ بڵاوکردەوە، خەڵکیان چەواشە کرد و وایان دەرخست کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە هەرێمێک لەگەڵ ڕوسیای زلهێز پەیوەندیی بازرگانی و پیشەسازی بنایات بنێت، بەڵام پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ نەکردوە کە ڕوسیا ئەم هەنگاوەی تەنیا بۆ فریودانە و دوژمنەکانی پرسی کوردی بە مووشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ و ٣٠٠ چەکدار کردوە، چواردەوری کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بوون بە خاوەن ئەو جۆرە مووشەکە بەڵام هەرێم بەتەمای بازرگانی و گیرفان پڕکردنە و کورد لە باشوور نەبووە بە خاوەن بەرچیغێکیش نەک مووشەکی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠!




(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 5/5)