گۆڕان نازانێت گۆڕان چییە!

Wednesday, 18/09/2019, 18:40

16889 بینراوە


چەند ساڵێک لەمەوبەر کچە وەزیری پەروەردەی فەرەنسی لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێکدا وتبوی، کە لەوەتەی بۆتە وەزیر، کتێبێکی نەخوێندۆتەوە.
 وتەی ئەم کچە وەزیرە لە وڵاتی عەرەبی سعودیش دەنگی دایەوە. پاشان لە فەرەنسا بوو بە هەڵا، وتیان چۆن وەزیرێکی پەروەردە دووساڵە کتێبێکی نەخوێندۆتەوە؟ کچەی داماویش تەنها وتبوی کە لەبەر کارکردنی وەزارەتەکەی کاتی نەماوە بۆ کتێب خوێندنەوە، خۆ ئەگەر بیوتایە مانگی سی کراس دەگۆڕێت لەوەتەی بۆتە پەرلەمانتار، ئەوا داوایان لێ دەکرد کە واز بهێنێت.
گرفتەکە لێرەدا کراس کڕین نییە، لەبەر ئەوەی کە ئەو بە پارەی خۆی کراسی کڕیوە و خەڵکیش ئازادە کە گرنگی بە جل و بەرگ و رووکەشی خۆی بدات، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە کە پەرلەمانتارێک بە چییەوە خەریەکە و باسی چی بۆ خەڵکی دەکات، لەکاتێکدا خەڵکی ئەم هەرێمە بەدەست چەندەها گیروگرفتی دیکەی وەکو بێموچەیی و گەندەڵی و زیندانی نهێنی و زۆر گیروگرفتی ترەوە دەناڵێنێت. پەرلەمەنتاریش لەبەر ئەوەی کە ژیانێکی بەختیاری دەژی، ناتوانێت لە گیروگفتەکانی کۆمەڵگە تێبگات. خەڵکیش ئەویان هەڵبژاردوە هەتاوەکو ببێتە دەم راستی ئەوان و باسی گیروگرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، هەر بۆیەش ئەو موچە بەرزەی پێ دەدرێت ، هەتاوەکو هیچی تر نەتوانێت کاتی لێ زەوت بکات، هاتوەکو هەموو کاتی خۆی تەرخان بکات بە کارکردنەوە، بەلام وادیارە کە کاری ئەوان لە پەرلەمان تەنها دەستبەرزکردنەوەیە بۆ دەنگدان، دەنگدانێکیش کە لەوەو بەر لەلایەن پارتەکانیانەوە داویان لێکراوە، بۆیە قسەی ئەم کچە پەرلەمانتارەی گۆڕان، ئاستی بیرکردنەوە و ژیانی ڕۆژانەیمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە بە چییەوە خەریکە و چۆن خەمخۆری ئەو میللەتەن، لە لایەکی تر ئەتوانین بڵێین کە قسەی ئەم پەرلەمانتارە هیچی کەمتر نییە لە قسەکەی مەسعود بارزانی، کاتێک بە خەڵکی دەوت: بڕۆن هەڵپەڕن، چی دەکەن بیکەن، هەرئەوەیە. یان هەروەک چۆن ماری ئەنتوانێت بەخەڵکی دەگوت: ئەگەر نان نییە بیخۆن بڕۆن بسکیت بخۆن.
ئەم مۆدێلی پەرلەمانتاریە بۆتە دیاردەیەکی کۆمێدی و گاڵتەجاڕی، پاش ئەوەی ئەندامەکان بۆ پێشبڕکێی پەرلەمان بە چەندەها درۆ و دەلەسە خەڵکی هەڵدەفریوێنن، هەر دوای هەڵبژاردنیان، پاش ئەوەی دەستیان لەکارەکەیان گیربوو، لە سەر کورسی پەرلەمان دادەنیشن و سواری شەمەندەفەرەکە دەبن، ئیتر دەبنە پاڵپشتێکی پتەو بۆ ئەو سیستەمە، ئیتر خەڵکی نابێت بەرامبەر ئەم زیادەڕۆیانە بێدەنگی هەڵبژێرێت. بەڵام هەندێک لە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرگری لێدەکەن، گوایە ئەو بەپارەی خۆی کڕیویەتی، دەڵێن کە ئیڤان وەک بنەمەڵەی بارزانی بە پارەی نەوتی دزراو کراسەکانی نەکڕێوە، یان ئیڤان هەرخۆی بۆ بەرگری کردن لەخۆی دەڵێت، کە گوایە هەندێک پەرلەمانتار دەناسێت جلوبەرگ لەو زیاتر دەکڕن، یان هەمان ئەندامانی بزوتنەوەکە تێناگەن لە ڕەخنەی خەڵکی کاتێک دژی هەڵبژاردنەوەی عومەری سەید عەلی دەوەستنەوە وەک بەڕیوەبەری گشتی بزوتنەوەکە، دەڵێن بۆچی بۆ پارتەکانی تر قسە ناکەن و بۆ گۆران بە پێچەوانەوە؟ وادیارە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرس و پەرلەمانتارەکانیان لەبیریان چۆتەوە، کە بزوتنەوەکەیان ناوی گۆڕانە و هەر بەو دروشمەش خەڵکیان فریوداوە، گوایە ئەوان وەک پارتی و پەرلەمانتارەکانی تر هەڵسوکەوت ناکەن، دەیانوت، کە ئەوان خزمەتی گەل دەکەن. ئێستاکە خەڵکی دەزانن کە بزوتنەوەەی گۆڕان راستە هێزێکی سەربازییان نییە و بەو بۆنەیەشەوە تاڵانی نەوتیان بۆ ناکرێت، بەڵام لە پراتیکا هەر وەک پەرلەمانتارەکانی تر هەڵسوکەوت دەکەن.

لە وتارێکمدا لەسەر لۆگۆکانی کوردستان، لەسەرەتای بزوتنەوەی گۆڕاندا ، باسی لۆگۆی گۆڕانم کردبو، کە هەرگیز ئەو لۆگەیە گوزارشت لە گۆڕان ناکات، بۆیە ئەو بزوتنەوەیە، نازانن گۆران چیە و ناتوانن بیگۆڕن، لۆگۆیەک بە وێنەی مۆمێک، کە مۆم خۆی لە خۆیدا شکڵێکی کلاسیکی کۆنە، لەهەمان کاتدا بە گرافیزمێکی کلاسیکی کراوە، بۆیە ناتوانێت گوزارشت لە گۆڕان بکات. تۆ کە نەتوانیت لۆگۆیەک بکەیت بە زامنێکی مۆدێرنی هونەریی ئەم سەردەمە و جیاواز بێت لە وانی تر، ئیتر چۆن ئەتوانیت گۆڕان لە بیرکەنەوە و بەڕێوەبردن و هەڵسوکەوتدا بکەیت؟ وەک ئەوەی کاتێک بە منداڵێک دەڵێین وێنەیەکمان بۆ بکە، وێنەکەی حەزو ئارەزوی ئەومان پیشان ئەدات. بۆیە دروستکردنی لۆگۆیەک، چۆنیەتی بیرکرنەوە و بۆچونی ئەو پارتەمان پیشان ئەدات. وەک ئەوەی کە خانویەکیان لەسەر لم دروستکردبێت وەهایە، دیسان وەک چۆن سەرەتای بزوتنەوەی کوردی لە حەفتا و چواردا، ناویان نابوو شۆڕش، جەگە لە ئامانجی سەرۆک عەشیرەتێک زیاتر بۆ ڕوخاندنی حکومەتی بەعس، هیچی تری تیا بەدی نەدەکرا.
------------------------------------

ئیڤار ئیبراهیم : مانگانە (۳۰) کراسم کڕیوە ! پێنج ساڵی پەڕلەمانتاریم جلی دووبارەم لە بەر نەکردووە .
..................................
کوردستانپۆست: خاتوو ئیڤارا ئیبراهیم پەڕلەمانتاری خولی پێشووی گۆڕان لە NRT 2 ئەوەی ئاشکرا کرد، کە مانگی سی (30) کراسی کڕیوە، چونکە حەزی دەکرد زوو جلکانی بگۆڕێت ...
ئەم خانمەی گۆڕان پێی وابووە، بزووتنەوەی گۆڕان، واتە گۆڕینێ جلوبەرگ، بۆیە بەو کارەوە  زۆر ماندوو بووە، لەوێشەوە هەوڵی دابینکردنی موچەی کابانی ماڵی داوە، بێگومان هەموو پەڕلەمانتارەکانی گۆڕان وەک ئەم خانمە وەها لە گۆڕان گەیشتوون، ئەوەش دروشمی رەوانشادی گردی زەرگەتە بوو، کە دەیگوت (ئەیگۆڕین)، ئەوەتا ئیڤار ئیبراهیم هەموو رۆژێک دەستێک جلی تازەی کڕوە و گۆڕیوێتی.
بۆ زانیاریتان ناوی راستیی ئێڤارا ئیبراهیم، عەزیمە بابۆڵییە، کاتی خۆی لە سکرتارییەتی کۆسرەت رەسوڵ کاری دەکرد، لە سەرەنجامی ناکۆکییەکانی نێو حیزبەکان بەتایبەتی یەکێتیی و گۆڕان، سەفینی مەلا قەرە یەکێک یارمەتی داوە و پشتیوانی لێدەکرد، بە دوایدا عەزیمە خان ناوی خۆی گۆڕی بۆ ئیڤارا. کاتێکیش دەورەی پەرلەمەنتارییەکەی تەواو بوو، دەستی دایە بازرگانی کردن. ئیستا پارتیی یارمەتی و کۆمەکی دەکات تا لە دەرەوەی هەرێم کەلوپەل و پێداویستی بازرگانییەکانی بهێنێتە هەولێر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە