باوەڕ دەکەم پرۆفیسۆر!

Saturday, 05/10/2019, 20:08

9957 بینراوە


ڕۆژی ٣ ی ١٠ ی٢٠١٩ کە د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ کۆچی دوایی کرد (ڕۆحی شادبێت)، هیوا ئەحمەد مستەفا لە فەیس بوک ی خۆی ئەمەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:

{هەڵوێستێکی (د. عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ)تان بۆ دەگێڕمەوە:
ساڵی ۲٠۱۱ من بەرپرسی لقی ٤ ی پارتی بووم لە سلێمانی. لە هەمان ساڵ پەلاماری لقی ٤ درا، کە بەداخەوە ڕوداوی ناخۆشی لێکەوتەوە.کاتژمێر ۸ ی شەو دکتۆر عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ، گەورە ئەدیب و نوسەر و ڕۆشنبیری کورد، تەلەفۆنی بۆ كردم، وتی:
"کاکە هیوا زۆر نیگەرانم لەو ڕوداوەی ئەمڕۆ کە لەگەڵ بارەگای پارتی لە شارەکەی من ڕویداوە، ئەمانەی پەلاماری ئێوەیاندا گومان دەکەم خەڵکی ڕەسەنی شارەکەبن، زۆرێک لەمانە هی ئەملا و ئەولان هێناویانن، من بڕوام بە چەک نیە، بەڵام ئەگەر پێتان وایە بوونی من لە ناو بارەگای لقی ئێوە دەبێتە هۆی ئەوەی پەلامارتان نەدرێتەوە، هەر ئێستا دێم، چونکە ئەوە بارەگای مەلا مستەفای بارزانی یە و سەرۆکی نەتەوەی کورد بووە و لای ئێمە هەر بە سەرۆکی کوردیش دەمێنێتەوە" }
دواترهیوا باسی دەکات چۆن ئەو هەڵوێستەی بیرناچێت و چۆن گەیاندویەتە مەسعود بارزانی و چۆن ئەویش بە دەمی سوپاسێکی بۆ د.عیزەدین ناردوە. دیارە تەلەفونەکە لە شەوی ١٧ ی شوبات دا بوە.
پرۆفیسۆرنیگەران نیە لە کوشتنی مێردمنداڵێکی بێتاوانی وەک (ڕێژوان) و برینداربونی چەندانی تر بە گولەی بێبەزەییانەی پاسەوانەکانی لقی چوار، لە کاتێکدا ئەوانە لە هەڵچونێکی هەستوسۆزییەوە بە بەرد نەک بە چەک هێرشێکی ڕەمەکیی بێپلانی مناڵانەیان کردۆتە سەر بارەگای لقی چوار، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەو هێرشەدا نە یەکێتی نە گۆڕان دەستیان نەبوە، ئەوە بو (حەمە تۆفیق) ی سەرکردەی دیاری گۆڕان دەمودەست ئەو هێرشبەرانەی بە (گێرەشێوێن) ناوبرد و یەکێتیش سەلماندی کە دژی ئەو هێڕشە بوە، ئەوەبو دواتر بێبەزەییانە ڕاپەڕینی ١٧ ی شوباتی سەرکوتکرد و چادرەکانی سەرای ئازادیی سوتان.
پرۆفیسۆر گومان دەکات هێرشبەران خەڵکی ڕەسەنی شاربن، هەمو کەس دەزانێ ئەوانەی ١٧ ی شوبات هیچیان لە دەرەوەی شار نەهاتبون، ئێ باشە گریمان وابێت ، مەگەر خەڵکی دەرەوەی شار مرۆڤ نین؟ هاوڵاتی نین؟ ئاخر باشە خەڵکی ڕەسەنی شار کێیە؟ کەسێک بە ڕێکەوت خۆی و باوکی و باپیری لە سلێمانی لەدایک بوبن چی ڕەسەنایەتی و حیکمەتێکی تێدایە؟ ئایا ئۆتۆماتیک دەبێت بە کەسێکی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەر و بەویژدان؟ خۆی سلێمانی ئێستا تەمەنی دوسەدوسیوپێنج ساڵە، چوار یا پێنج پشت بگەڕێیتەوە دواوەوە هەمو ئەوانەی لە سەرەتای دروستبونی سلێمانیدا بون خۆیان خەلكی لادێ بون، بەڕاستی پێم سەیرە کەسێک بڕوای بە مارکسیزم و مرۆڤدۆستی هەبێت باسی ڕەسەنایەتی بکات! پرۆفیسۆر بەزەیی بە پیاوکوژاندا دێتەوە و دەیەوێت ببێتە مەرتال (قەڵغان) ی زیندویان بۆ ئەوەی بەردەکان بەر سەری ئەو بکەون نەک پیاوکوژان. ئەی باشە مەلا مستەفا (خوا لێی خۆشبێت) پەیوەندیی چییە بەو ڕوداوەوە و ئینسانێک کە سی و دو ساڵ بەر لەو ڕوداوە مردبێت چۆن دەتوانێ هەر بە سەرۆکی نەتەوەی کورد بمێنێتەوە؟ پرۆفیسۆر لە سەری سەرەوەی ئەو لیستەیەشدا بو کە واژویان وەرگیرابو بۆ پشتگیریکردنی مەسعود بارزانی لە مانەوەی وەک سەرۆکی هەرێم.
هۆکان زۆرن کە تا ئێستا کورد دەوڵەتی سەربەخۆی نیە، یەکێکی زۆر گرنگیان ئەوەیە کە کورد تا ئێستا سەرۆک و ڕابەری مەزن و مێژویی نەبوە ، یەکێ لەهۆکانی ئەمەش ئەوە بوە کە کەسانی هەلپەرست و خۆپەرست و پارەپەرست لە شاعیر و نوسەر و هونەرمەند و دانەری کتێب و بڕوانامەداری بەرز و پیاوی ئاینیی ناودار و کادیری سیاسی و سەربازیی بەرز، بەشداربون لە پرۆسەی گەشەکردن و دروستبونی سەرۆک و ڕابەرانێک کە هیچ نیشانە و توانای سەرۆکیان تیانەبوە ، خەڵکە سادەکەش کە دەبینن توێژی سەرەوەی کۆمەڵ ئاوا پشتگیریی ئەم سەرۆکانە دەکات و بەسەریاندا هەڵدەڵێت، ئەمانیش کوێرانە شوێنی سەرۆک دەکەون و خۆیانی بۆ دەدەن بە کوشت تا ئەو ڕۆژەی سەرۆکەکەیان شکست دێنێ یا ڕادەکات یا خۆی دەدات بەدەستەوە، ئینجا بۆیان دەردەکەوێت سەرۆکەکەیان سەرۆک نەبوە.
بێگومان داگیرکەرانی کوردوستانیش بەشدارن لە دروستبون و دروستکردن و گەورەکردنی ئەم جۆرە سەرۆکە ناسەرۆکانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە