ڕۆژئاڤا، پارچەیەک لە نیشتمانەکەمان مرۆڤی بە ئەمەک بەڕێوەی دەبەن

Wednesday, 09/10/2019, 21:19

5986 بینراوە


مارتین لۆتەرکینگ "خراپترین شوێنی دۆزەخ بۆ ئەوانە دانراوە کە لەکاتی جەنگە ئەخلاقییەکاندا هەر بەبێ لایەن دەمێنەوە "
-----------------------------
بەر لەوەی باسی پلانی ئەردۆگان و تورکەکان بکەین بۆ ڕۆژ ئاڤا و بڕیارەکەی ترەمپ بۆ گەڕانەوەی هێزە کانیان لە ڕۆژئاڤا، دەبێت لە ڕوانگەیەکی ترەوە بڕوانینە ئەو بەشەی نیشتمان، کە تورکان تێدا دەبنە مەهزەلە و لەوێدا وا دەشکێن کە مرۆڤایەتی لەسەر ئەم ئەستێرەیە دا توشی سەر سوڕمان دەبێت .
چۆن ....؟
چونکە ژنان لە رۆژ ئاڤا رۆڵێکی گرنگیان بینی لە بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی داعش و شەڕکانیان دژ بە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، هەرەها لە ئیدارەدانی کانتۆنەکان ژن ڕۆڵی بەرچاوی بینی و سیاسەت و فەرماندە سەربازییەکان کە بەجیهاندا دەگەڕان شایەتی قسەکانمان دەدەن، ئەمەش دەسکەوتێکی گەورە بوو لە ئاستی جیهاندا و کورد لەو بەشەدا توانی سەرنجی هەموو دنیا بەلای خۆیدا ڕاکێشێ و شەڕڤانە کچەکان بوونە نمونەی بەرچاو ئێستا لە زۆربەی جێگەکاندا کچانی دنیا لەو بەرگانە دەپۆشن کە شەڕڤانەکانمان لەبەریان دەکەن .
سنوری دەوڵەتی خەلافەتی چەتەکانی داعش لە پەنای ڕۆژ ئاڤادا بوو، بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاڤا نەچوون بازرگانی لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەدا بکەن، تەنانەت کیلۆیەک تەماتەش لە ڕۆژ ئاڤاوە نەچووە ناو دەوڵەتە دڕندەکەی داعشەوە، پێچەوانەکەی بەد ڕەوشتەکانی باشور بازرگانی نەوت و چەکیان لەگەڵ داعشدا دەکرد و پەستا پەستا سەر بۆیاخکراو هەرزەکان دەچوون بۆ وێنە گرتن لەپشتی چادرەکانەوە .
ڕۆژئاڤا هەموو ئەو جبەخانە و هاوکارییەی کە لەهەموو جیهانەوە بەدەستیان دەگەیشت ...لەژێر هەر ناوێکدا بووبێت، ئەوان لەشەڕەکاندا بەکاریان دەهێنا و هیچ هێزێک لە دنیادا ناتوانێت بچوکترین تۆمەت بداتە پاڵ شەڕڤانان، کە چەک و پێداویستیەکانی شەڕیان فڕۆشتبێت، پێچەوانەکەی لە باشوور هەموو بازاڕی چەک فرۆشەکان کە سەر بەدەسەڵاتن، پڕبوو لە چەکی تازە کە ووڵاتان وەک یارمەتی دەیان نارد، ئێستاش کەسێک لەسەر ئەو دزی و فاسدیە ووشەیەکی پێنەوتراوە .

لەڕۆژ ئاڤا ڕێز لەهەموو نەتەوەکان گیراوە هەڵگری هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت و هەر دینێکی هەبێت جێگە و پێگەی خۆی هەیە، بەڵام لە باشور ٢٨ساڵە هەرێم حاکمی کوردی تێدایە کەچی تورکمان و عەرەب لەکوێدا بۆیان هەڵکەوێت سوکایەتی بەگەلەکەمان دەکەن و بەدوژمن تێمان دەڕوانن، چونکە بەرهەمی سیاسیە داماوەکانمانە ئەم کردەوەیەی ئەوان، پێچەوانەکەی لە ڕۆژ ئاڤا دەبینین، من لەگەڵ دوو عەرەبی سوری بوومە هاوڕێ دەیان ووت: ئێمە شەرم دەکەین ڕامانکردوە خۆزگە کورد بووینایە، ئێوە چەند مەرد و ئازان چەند دڵسۆزی خاک و خەڵکن، ئەم عەرەبە سوریایانە لە شەڕڤانەکانی ڕۆژ ئاڤاوە سەیری ئێمەی کورد دەکەن .، کە بۆ منیش جێگەی شانازییە .
لەڕۆژ ئاڤا ئەو هێزەی هەیە هێزێکی نیشتمانییە، حیزب جودایە لە سوپا و هێزی چەکدار، جگە لەوە هێزێکە باوەڕی هەیە بە سەرکەوتن، ئەوان پەیڕەوی یاساکانی جەنگ دەکەن، بۆیە کاتێک چەتەکانی داعش دەکەوێتە دەستیان وەک مرۆڤ سەیریان دەکردن، نەک وەک دوژمن، ئەمەش سەرنجی هەموو جیهانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشا، هەندێک وێنە و کورتە ڤیدۆ هەیە لەباشور تەقە لە لاشەیەکی مردارەوە بوو دەکەن، مرۆڤ قێز لە کوردبونی خۆشی دەکاتەوە، کەچی لەڕۆژ ئاڤا برینارەکانی چەتەکانی داعشیان تیمار دەکرد و ئاویان دەدا بە تینۆکان دەدا و منداڵی داعشەکانیان لە ئامێز دەگرت . پێچەوانەی داعشەکان کە مامەڵەیان بە ژنی کوردەکانەوە دەکرد وەک غەنیمەی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن .
دەیان خاڵی بەهێزتر هەیە کە پێمان دەڵێت با تورک ئەو هەڵەیە بکات و هێرش بکاتە سەر ڕۆژ ئاڤا بەڵام چەتەکانی داعش چیان چنێوە تورکانیش هەمان درەو دەکەن، چونکە ڕۆژ ئاڤا بە عەقڵ بەڕێوەی دەبات، نیشتمان پەروەران لەوێ بوونیان هەیە ئیرادەیەک هەیە، بۆیە ڕۆژ ئاڤا نە پشتی بەئەمەریکا بەستوە، نە بە دەرچوونی ئەمەریکییەکان بۆ دەرەوەی سوریا پەکیان دەکەوێت .
ئێمەی خەڵکی باشور تەنها شتێک کە لە جوامێریمان نزیک کاتەوە بایکۆتی دراما و خۆراکەکانی تورکیایە، ئەوەش بەشێکە لە جوامێری خۆزگە بەباڵای هەموومان دەبڕا .
کاتێک لە سیاسیە داماوەکانی باشور دەڕوانم کە لە ڕۆژنامەکانیاندا ئەمە دەنووسن، ووتەیەکی سوهراب سوپهەرم بیر دەکەوێتەوە کە دەیووت:" لەجێگەی هەر سیاسیەک درەختێک بنێژن، با هەوا پاک بێتەوە ".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە