جێندەر

Thursday, 27/02/2020, 21:14

21929 بینراوە


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد

جێندەر (gender) لە زانستی زماندا: بریتیە لە جیاوازی نێوان نێر و مێ لە زمانی نووسین و ڕێزمان بە تایبەتی لە ڕستەسازی (سینتاکس)دا. هەروەها دەکرێت جێندەر بەو جیاوازییانە لێک بدرێتەوە کە لەنێوان نێر و مێدا هەن بە تایبەت لە پەیوەست بە جیاوازییە نازیندەییەکان (نابایۆلۆجیەکان). زۆرجار جێندەر بۆ ناسینەوەی سروشتی نێوان نێر و مێ بە کار دەهێنرێت وەک ئەوەی لە ڕووی کەلتورییەوە پێناسە دەکرێت. 
جێندەر بواری تایبەتمەندییەکانە بە کار دێت بۆ ناسینەوەی هۆکاری جیاوازی نێوان نێر و مێ بە تایبەتی لە مەسەلەکانی پەیوەست بە ژنان و پیاوان، هەروەها سروشتی جیاوازییەکانی نێوان نێرینە و مێینە. بەو پێیە خەسڵەتی جیاکردنەوەکان گۆڕانیان بە سەردا دێت لە ڕەگەزەوە بۆ ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و لەوێیشەوە بۆ شوناسی جێندەری. جۆن مۆنی(John Money) لە ساڵی 1955 جیاوازییە چەمکییەکانی نێوان ڕەهەندە بایۆلۆجییەکانی ڕەگەز و ڕۆڵی جێندەریمان بۆ دەخاتە ڕوو. بەر لە کارەکانی ئەو وشەی جێندەر بۆ ڕەگەزە ڕێزمانییەکان (بۆنمونە جیاوازی نێوان تاک و کۆ) بە کار دەهات. ئەگەرچی وشەکە بەو شێوەی مۆنی مەبەستی بوو بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی بە خۆوە نەبینی هەتا ساڵانی 1970 کاتێک تیۆری فێمینستی ڕەهەندی بایۆلۆجی سێکس و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی جێندەری خستە ڕوو. لەمڕۆدا جیاوازییەکە بە شێوەیەکی سنوردار لە چەند بوارێکدا دەبینرێت، بۆنمونە: بابەتی ئەدەبی مێینە و ئەو بەڵگەنامانەی لە لایەن ڕێکخراوگەلی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)وە نووسراون، بەڵام لە زۆربەی بوارەکاندا تەنانەت لە هەندێک بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، مانای جێندەر بە جۆرێک بەرفراوان بووە کە چەمکی سێکسیش لە خۆبگرێت و تەنانەت ببێتە جێگرەوەیشی. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییە بەسەر مانای جێندەردا دەکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ساڵانی 1980 کاتێک دەزگای خۆراک و دەرمان دەستی کرد بە بەکارهێنانی چەمکی جێندەر لەبری سێکس لە ساڵی 1993. ئێستا جێندەر بە شێوەیەکی گشتی بۆ ڕەهەندی فسیۆلۆجی بوونەوەر بە کار دەهێنرێت بەبێ هیچ ئاماژەدانێک بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی جێندەر.
لە ئەدەبی ئینگلیزیدا، سێ ڕەهەندی (trichotomy) نێوان: لایەنی بایۆلۆجی سێکس، لایەنی سایکۆلۆجی جێندەر و لایەنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی سێکس بۆ یەکەمجار لە ڕاپۆڕتی فێمینیستێکدا بە دیار کەوت لەسەر پرسی گواستنەوەی توخمی (transsexualism) لە ساڵی 1978. هەندێک لە کەلتورەکان تایبەتمەندیی جێندەرییان هەیە لە پەیوەست بە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان کە دەکرێت لە مەسەلەی نێر و مێ جیا بکرێتەوە، وەک کۆچی هندی و پاکستانییەکان.
لە کاتێکدا زانستە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار بابەتی جێندەر نزیک دەکەنەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، لێکۆڵینەوە جێندەرییەکانیش بە شێوەیەکی تایبەتی توێژینەوە دەکەن لەسەر زانستە سروشتییەکان بۆ گەیشتن بەوەی ئایا جیاوازییە بایۆلۆجییەکان لەنێر و مێدا کاریگەرییان هەیە لەسەر پێشخستنی لایەنی جێندەری مرۆڤ، هەردووکیان مشتومڕ لەبارەی ئەوەوە دەکەن کە چۆن چۆنی جیاوازیی بایۆلۆجی کاریگەری دەبێت لەسەر دروستبوونی شوناسی جێندەری.

لایەنی ئیتیمۆلۆجی 

ڕیشەی وشەکە و شێوازی بەکارهێنانی

 لە ڕووی وشەسازییەوە: مانای مێژوویی جێندەر بریتیە لە جیاوازیکردن لەگەڵ شتانێک یاخود بابەتگەلێک بەهۆی بوونی جیاوازی زگماکییەوە. سێ جۆر بەکارهێنانی هەیە لە زمانی ئینگلیزیدا، ئەوەی کە لە هەموویان باوترە، جیاوازییە گشتییەکانی نێوان نێر و مێیە، بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی بایۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی.
لەزمانی ئینگلیزیدا: جۆر kind
وشەی جێندەر (gender) لە وشەی (gendre)ی ئینگلیزیی چاخی ناوەندەوە هاتووە کە لە فەرەنسیی کۆنەوە وەرگیراوە و ئەویش لە genus))ی لاتینییەوە هاتووە. هەردوو وشەکە لە زمانی ئینگلیزیدا مانای جۆر (kind)، (type)، (sort) دەگەیەنن کە لە بنچینەدا لە gen هیندۆئەوروپییەوە وەرگیراوە کە سەرچاوەی وشەگەلی وەک : kin، king، kind چەندین وشەی دیکەیە لە زمانی ئینگلیزیدا. لە زمانی فەرەنسیدا وەک وشەی (genre) (genre sexuel) سەری هەڵداوە کە لە بنچینە یۆنانییەکەوە وەرگیراوە (gen)، لە وشەگەلی وەک (gene)، (genesis)، (oxygen) دەبینرێت. لە ئینجیل (کتێبی پیرۆز)یشدا بە شیوەی کار (فرمان) بە کار هێنراوە کە بە مانای زاوزێکردن هاتووە.

Thou shalt not let thy cattle gender with a diverse kind
Leviticus 19:19، 1616
(تۆ نابێت ڕێگە بدەیت بە ئاژەڵەکانت زاوزێ لەگەڵ جۆری جیاواز لە خۆیان بکەن.)

زۆربەی بەکارهێنانەکانی وشە بنچینەییەکە gen لە زۆرینەی زمانە هیندۆئەوروپیەکاندا یان ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ مانای لەدایکبوون (birth) بۆنمونە وەک وشەی (pre-gn-ant) یاخود بۆ جۆرایەتی سروشتی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ نمونە (gentry، generation، gentile، genocide and eugenics) چاپی یەکەمی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد لە ساڵی 1900 مانای بنچینەیی جێندەری بە "جۆر" لێک داوەتەوە کە پێشتر لە ناوچووە.
ئەرستۆ فەیلەسوفی یۆنان زاراوەکانی وەک: "نێرینە" و "مێینە" و "بێ ڕەگەز"ی بە کار هێناوە بە مەبەستی پۆلێنکردنی ناو، بەو هۆیەیشەوە چەمکی جێندەری ڕێزمانی خستووەتە ڕوو.
بەپێی پۆلێنکردنی ئەرستۆ پۆلەکانی ناو بریتین لە نێر و مێ و شت (مادە). بەکارهێنانی جێندەر لە بواری جیاوازییە ڕێزمانییەکاندا، بەکارهێنانێکی تایبەت و تەکنیکییانەیە. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەکە زیاتر لە بواری ڕێزمان (grammar)دا گرنگی پێ دراوە وەک لە بواری جیاوازییە توخمییەکاندا.
لە بەرواری 24/10/2013 ئەم بابەتەم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە، لێرەدا تەنیا دەستکاری ڕێنووسم کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە