بەرهەم، عەلاوی کاندید کرد بە ڕەزامەندی ئەمریکا و ئێران!

Monday, 02/03/2020, 12:41

6385 بینراوە


پێشنیار کردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن سەڕۆک کۆماری عیراق لە کتوپڕێک و بەبێ مشتومڕ لەگەڵ ئەمریکا و تاران نەبوو. پێش دەستنیشان کردنی عەلاوی بەرهەم ساڵح سەفەری ئیران و ئەمریکای کرد، کە هاتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خۆپیشاندەران، ئەو دەستوبرد عەلاوی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت. 
ئاشکرایە کە عەلاویی و بەرهەم ساڵح ناتوانن هیچ بڕیارێک دەرکەن و هیچ هەنگاوێک باوێن بەبێ ئەوەی ڕای تاران و واشینگتۆنیان مسۆگەر نەکردبێت. واتە بەرهەم ناتوانێت دەستی عەلاوی بگرێت و بیهێنێتە سەر شانۆی سیاسیی عیراق ئەگەر ئەمریکا، تاران و کوتلە گەورەکانی نێو پەرلەمان ڕەزامەندیان لەسەر نەبووبێت، لە پشت پەردەوە دانیشتن و ڕێککەوتنیان دەربارەی نەکردبێت. بە دڵنیاییەوە میکانیزمی هەڵبژاردنی وەزیرەکان بۆ حکومەتی کاتی عەلاوی، ئەویش بە ڕەزامەندی ئەمریکا و ئیران بوو، پێشوەختیش بەرهەم و عەلاوی و کوتلە گەورەکانی نێو پەرلەمانی عیراق کۆک بوونە لەسەر جۆری دامەزراندنی حکومەتی کاتی و دەستنیشان کردنی وەزیرەکان، کە ئەمڕۆ سەرانی پارتە کوردییەکان و سونەکان ڕەتیدەکەنەوە و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەوانەوە وەزیرە کوردەکان و سونەکان دەستنیشان بکرێن. سەرانی پارتە کوردیەکانی هەرێم خۆیان لەو ڕاستییانە گێل دەکەن و لە شەقامی کوردی دەشارنەوە کە ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە، هەڵوێستی زلهێزەکانیش بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان تاکتیکە سیاسیەکانیان دەگۆڕن. شەقامی عیراقیش لە جۆشوخرۆشە و چەند دژی بەرهەم، عەلاوی و عادل عەبدولمهدی و پەرلەمانی عیراقە دە ئەوەندە دژی ئەوانیشە.
پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای دەسنیشان کردنی عەلاوی بۆ ئەو پۆستە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵدا بەست و باسی ئایندەی عیراق و هێزە ئەمریکیەکانی کرد. واتە ئەوان ڕەزامەندی ئەوەیان لەسەر بوو کە ئەو کابرایە ببێت بە سەڕۆک وەزیرانی عیراق و کار بکات بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت، دەستکاری دەستور و سەرخستنی بیرۆکەی نەمانی سیستەمی پشک و تەوافق لە عیراق بکات. لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە بە کشانەوەی عەلاویش هەر کاندیدێکی دی بێتە پێشەوە، ئەوجارە پێشوەخت گڵۆپی سەوزی لەلایەن ئەمریکا و تارانەوە بۆ هەڵکراوە، کە بیرۆکەی نەهێشتنی سیستەمی تەوافق و پشک بخاتە بواری کارپێکردنەوە.
ئاماژەکان دەریدەخەن کە دەنگی شەقام و ئەوانەی لە پشتەوەی هاندانی ئەو حەشامەتەن لە عیراق، ئەوانیش بەهەمان شێوەی عەلاوی داوای نەمانی سیستەمی تەوافقی حزبی و پشک پشکێنە دەکەن، کەواتە ئەوەی لە شەقام بە عەلاوی ڕازی نەبوو لەبەرئەوە نەبوو کە دژی ئەو دروشمەیە، بەڵکو تەنیا لەبەرئەوە بوو، کە شەقام لە جۆری هێنانە پێشەوەی عەلاوی نیگەران بوو و هەستی کرد هەژمار بۆ دەنگی و قوربانیەکانی نەکراوە، هەروها ئەوانەی لە پشتەوەی هاندانی شەقامن دەیانەوێت خۆیان دەسەڵاتی حوکمڕانی بگرنە دەست.
بیرۆکەی گۆڕینی سیستەمی پشک و تەوافق لە عیراقدا تازە نییە و بە خۆڕسکی نەهاتۆتە ئاراوە. دەمێکە پارتە نەتەوەییەکان و عیلمانیەکان، هەندێک لە پارتە مزهەبیەکانی سونە و شیعەی عیراقی، میدیا و نووسەر و ڕۆشەنبیری عەرەبی لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی عەرەبیدا ئەو خاڵە دەوروژێنن، کە سیستەمی پشک و تەوافق، عیراق بەرەو دابەش بوون دەبات، بۆتە هۆی سەرەکیی لە گەشەکردنی گەندەڵی ئیداری و حزبی، هەروها لەسەر ئاستی شەقامیش هەموویان کاریان بۆ ئەو بیرۆکەیە کردوە، بە بۆنە بووبێت یان بێ بۆنە لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە نیگەرانی خۆیان لەم جۆرە سیستەمە دەربڕیوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا بە ئاشکرا ئەو خاڵەیان دەوروژاند، بە تایبەتی "سائیرون"ی سەدر، دوای هەڵبژاردنەکانیش عەبادی لە وتارێکدا جەختی لەوە کردوە کە هەموو عیراقیەک دەبێت پابەندی ئەنجامی هەڵبژاردن بێت، پەلە بکرێت لە دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ کە عیراقێکی یەکگرتووی دوور لە بنەمای پشک پشکێنە و تەوافق بێت.
لە سیستەمی پشک و تەوافقدا ئەوەی بە ئاشکرا دیارە هەرێمی کوردستانە، کە هیچ یەک لە لایەنە عەرەبەکان لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو هەرێمە بمێنێت، دەیانەوێت کەرکوک ئاسا لەسەر بیناغەی پارێزگە مامەڵە لەگەڵ شاری دهۆک، هەولێر و سلێمانی بکەن. بۆ ئەوەش شیعە و سونەکان و پارتە علمانیەکان، ژێربەژێر هەوڵیانداوە لەنێو پارتە کوردیەکان و میللەتی کورد خەڵک بدۆزنەوە کە تەنیا وەک کورد و هاووڵاتییەکی عیراقی بەشداریی لە حکومەتی عیراق بکات یان وەک تاكێک ببێت بە کاندیدی پارتێکی عەرەبی نمونە، ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندام پەرلەمانی یەکێتی بوو، کە لەسەر لیستی سونەی عەرەبی بە ناوی 'هاوپەیمانی بەغداد' کە مەشهەدانی سەڕۆکایەتی دەکرد، خۆی کاندید کرد و بە نیزامی کۆتا تەنیا بە ١٥٠٠ دەنگ بوو بە ئەندام پەرلەمانی ئەوان!
سەرەڕای ناکۆکیی نێوان پارتە عیلمانی و مەزهەبییەکانی سونە و شیعەی عەرەبی عیراقی و دەسەڵاتدارانی عیراق و شەقام، بەڵام لەسەر هەموو ئاستەکاندا لەسەر یەک خاڵدا کۆکن کە ئەویش ئەوەیە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پشک پشکێنە دەکرێت. ڕەنگە بۆ بەرژەوەندیی کاتی ئەمڕۆ سونەکان لە پەرلەمانی عیراقدا دەنگیان لەگەڵ نوێنەری حزبە کوردیەکان جووت بکەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوان لەگەڵ مانەوەی هەرێمن بەو پەیکەرە و سروشتەی کە هەیە. بێ گومان ئەگەر هاتوو ڕۆژێک سوونەکان توانیان دەسەڵاتی حوکمڕانی بگرنە دەست، بە دڵنیاییەوە ئەوا یەکەم هەنگاویان تێکدانی پەیکەری هەرێم دەبێت ئەگەر ئەوەیان بە ئاشتییانە بۆ نەچێتە سەر ئەوا پەنا بۆ فشاری سەربازیی دەبەن.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا حزبەکەی عەبادی کاندیدی کوردی هەبوو، خۆی بۆ هەولێر چوو، فەرشی سووری بۆ ڕاخرا و ئینجا بانگەشەی بۆ کاندیدەکەی کرد. حیکمە ئۆفسی لە سلێمانی هەبوو کابرایەکی کورد ببوو بە واجیهەی حزبەکەیان. واتە هەموو لایەنە عەرەبیەکان سەرەڕای جیاوازی بیروبۆچوون و مەزهەب لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە ئەویش ئەوەیە دەبێت عیراق بە یەکگرتووی بمێنێتەوە، دەسەڵاتی ناوەند خۆی وەزیرەکان هەڵبژێرێت لەسەر بیناغەی هاووڵاتی بوون نەک لەسەر بیناغەی ڕەگەز و مەزهەب و ئایین و حزب و هەرێم.
نەتەوەی کورد لە عیراقدا پێگەی بەهێزە، بەڵام لەسەر ئاستی حکومەتی عیراقدا نوێنەری پارتە کوردییەکان پۆستی باڵایان وەرگرتووە و یەک بێلایەن لەنێویاندا نییە، دەنگی کورد لە پەرلمانی عیراقدا بە ڕێژە کەمە، واتە ئەگەر شیعەکان یەکتر بگرن بە دەنگی زۆرینە دەتوانن کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەڕۆک وەزیران سەربخەن، بەڵام هەنووکە سەرانی پارتە شیعیەکان لەنێو خۆیاندا دابەش بوون، بۆیە ئەو ڕێژە کەمەی کورد لە پەرلەمانی عیراق بۆ بەرژەوەندیی و ناکۆکی نێو خۆیاندا بەکار دەهێنن، بەبێ سازش کردن لەسەر ئەو خاڵە مەبدەئیەی کە ئەوان قەناعەتیان پێ هەیە و کاری بۆ دەکەن کە ئەویش، نەمانی سیستەمی پشک و تەوافقە کە لەم خاڵەیاندا شەقامیش هەمان بۆچوونی هەیە.
لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشبینی گۆڕانکاری سیاسیی لە عیراقدا دەکرێت، بێ گومان ئەو گۆڕانکاریە کاردانەوەی لەسەر باشووری کوردستانیش دەبێت. لەسەر ئاستی خۆپیشاندەکان و شەقامی عیراقی کورد دەنگی نییە. هێزی شەقامی عیراقی بە تایبەتی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا توانیوایانە فشار لەسەر حکومەتی عیراق دروست بکەن، عادل عەبدولمەهدیان بە دەرکردن دا. ئەگەر پشتیوانیان لە عەلاویش بکردایە ئەوا بەسەر پەرلەمانیان دەسەپاند و حکومەتی عیراقی بەو شێوەیی کە عەلاوی پێشنیاری کردبوو دادەمەزرا. هەنووکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا فشاری شەقام زێتر دەبێت، دەنگی کوردی تێیدا نییە کە لە دوا ڕۆژدا بتوانێت کارێگەری لەسەر جۆری دامەزراندنی حکومەتی عیراقی داهاتوو هەبێت. بەگوێرەی ئەوەی کە ئەمریکاش بێ دەنگە، پێ دەچێت کە ئەویش ڕازیبێت، کە سیستەمی تەوافق و پشک لە عیراق کۆتایی پێ بێت، حکومەتێک دابمەزرێت هەوڵبدات دەستوری عیراقی دەستکاری بکات، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکات و لەسەر بیناغەی هاووڵاتی بوون خەڵک بۆ پۆستە باڵاکان کاندید بکرێت.
ئەم بیرۆکەیە، تەنیا لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عیراق کە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا دەستی پێکرد نەهاتۆتە ئاراوە، ئەڵبەتە ئەمە کاری بۆ کراوە و لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا ئەگەر سەدر بۆی لوابا ئەوەندە دەنگ بێنێت کە حکومەت دابمەزرێنیت ئەوا ئەمڕۆ ئاسا پێداگری دەکرد لە نەهێشتنی سیستەمی پشک و تەوافق. بێ گومان پێش هەڵبژاردنەکانی عیراق لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو پێشبینیە لە چەند وتارێکدا ئاماژەی پێ دراوە. 

1) سەدر و ئەمەریکا


لەو بارەیەوە و  ڤیدیۆیەدا چاوپێکەوتنەکەی سەدر ببینن:




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە