ڕاسیزم (ڕەگەزپەرستی)

Sunday, 08/03/2020, 14:28

8570 بینراوە


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد
--------------------------
ڕاسیزم یاخود ڕەگەزپەرستی ئەو باوەڕەیە کە پێی وایە کەسێک بەڕێزترە یاخود کەمترە لە کەسێکی تر، لەسەر ئەو بنەمایەی کە خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و ئاکارییەکانی کەسێک پێشوەخت لە ساتی لەدایکبوونەوە بڕیار دەدات لەسەر سیفاتەکانی ئەو کەسە. جیاکاری ڕەگەزی ئەو باوەڕەیە کە زۆربەی جار لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی دامەزراوە، لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونەی کە ڕەگەزە جیاوازەکان پێویستە لە یەکتر جیا بکرێنەوە.
ڕەگەزپەرستی بە درێژایی مێژوو بوونی هەبووە. دەکرێت بەوە پێناسە بکرێت کە ڕقلێبوونەوەی کەسێکە لە کەسێکی تر، یاخود ئەو بۆچوونەی کەسێک شایستەی ئەوە نییە پێی بوترێت مرۆڤ بە هۆی: ڕەنگی پێست، زمان، نەریت، شوێنی لەدایکبوون یاخود هەر هۆکارێکی دیکە کە بنەمای سروشتی کەسەکە دەستنیشان بکات. ڕەگەزپەرستی کاریگەری بەسەر جەنگ، کۆیلایەتی، پێکهاتنی گەلان و پرەنسیپی یاساییەوە دەبێت.
لە ماوەی 500 بۆ 1000 ساڵی ڕابردوو، ڕەگەزپەرستی دەسەڵاتەکانی خۆرئاوا بە ئاڕاستەی گەلانی ناخۆرئاوایی کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی هەبووە لەسەر ڕەوتی مێژوو بە بەراورد لەگەڵ هەر کام لە شێوازەکانی دیکەی ڕەگەزپەرستی (بۆ نمونە ڕەگەزپەرستی لەنێو گروپە خۆرئاواییەکان یاخود گروپە خۆرهەڵاتییەکانی وەک ئاسیایی و ئەفەریقایی و ئەوانی دیکە). نمونەیەکی زۆر دزێوی ڕەگەزپەرستی خۆرئاواییەکان کۆیلایەتییە بەتایبەت بەکۆیلەکردنی ئەفەریقییەکان لە جیهانی نوێدا (ئەگەرچی کۆیلایەتی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا). ئەم بەکۆیلەکردنە بە هۆی ئەو بیروباوەڕەوە گەڵاڵە بووە کە ڕەشپێستە ئەفەریقییەکان کەمترن لە سپیپێستە ئەوروپییەکان و نەوەکانیان.

ئەم بیروباوەڕە لە خۆوە سەری هەڵنەداوە، ئەفەریقییەکان لە بنەماوە بە کەم دانەنراون. کاتێک پورتوگالەکان بۆ یەکەمجار لە سەدەی 15 و 16 ئەفەریقایان دۆزییەوە، ئەوان لە ئیمبراتۆریەت و شارگەلی پێشکەوتووی وەک ئەوانەی خۆیانەوە هاتبوون، ئەفەریقییەکانیان وەک ڕکابەرێکی خۆیان دەبینییەوە. بە درێژایی ئەو سەردەمە ژیارە ئەفەریقاییەکان نەیانتوانی تەکنەلۆجیای پەرەسەندووی ئەوروپا بگوێزنەوە، زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئەوروپایش دەستیان کرد بە تاڵانکردنی کیشوەرەکە و بەزۆر دانیشتوانە ڕەسەنەکانیان ڕاپێچ دەکرد تا وەک کۆیلە کاریان پێ بکەن لە کۆڵۆنیالە نوێیەکان بە درێژایی زەریای ئەتڵەسی، ئەفەریقییەکان وەک ڕەگەزێکی کەمتر تەماشا دەکران و کرابوونە دڕندە. ئەم تێڕوانینە پێویست بوو بۆ پاساودان بە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، لە کاتێکدا کەلتوری خۆرئاوا هانی یەکسانی و پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤی دەدا. خواستی هەندێک لە ئەفەریقییەکان بۆ فرۆشتنی ئەفەریقییەکانی دیکە بە ئەوروپییەکان لە شێوەی بازرگانی کۆیلەدا بووە هۆی ئەوەی وەک دڕندە یاخود کێوی ناودێر بکرێن، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ ئەو باوەڕە هەڵەیەی، کە دەڵێت کەسانی ڕەشپێست هەموویان کەسوکاری یەکترن، هەموویان نەوەی یەک کۆمەڵگان، بەرهەڵستی جیاوازییەکان دەکەن هەندێک جار لەو پێناوەدا لەگەڵ میللەتانی دیکە دەجەنگێن.

یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی ڕەگەزپەرستی بەتایبەتی بە ئاڕاستەی گروپەکانی ڕەشپێست و کۆچبەراندا، لەو هەڵوێستانەدا ئاشکرا دەبێت کە لەکۆیلە و کۆیلایەتیدا خراوەتە ڕوو. جولەکەکان گەلێک جار لە لایەن دژە سامییەکانەوە وەک نیمچەمرۆڤ تەماشا کراون، بەڵام مرۆڤی باڵا وەک کەسانی زۆرزان و شارەزا و دەسەڵاتدار تەماشا کراون. ڕەشپێستەکان و ئەوانی دیکە لە لایەن ڕەگەزپەرستەکانەوە وەک نیمچەمرۆڤ تەماشا کراون، بە بۆچوونی ئەوان ئەو جۆرە مرۆڤانە زیاتر لە دڕندەوە نزیکترن وەک لە مرۆڤ. ئەگەر هەڵوێستی دژە سامییەکان هەڵوێستێکی شەڕانگێزانە بێت ئەوا هەڵوێستی ڕەگەزپەرستەکان بە کەم تەماشاکردنە بە ئاڕاستەی ئەو کەسانەی کەمتر ئەرزشی شەڕانگێزییان هەیە، ئەگەرچی لە سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی قوربانیانی ڕەگەزپەرستی زۆرجار بەسوک تەماشا کراون.

لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، داروینیزم و بیروباوەڕی مەسیحیەت و زیادبوونی کۆچ لە لایەن زۆرێک لە سپیپێستەکانی خۆرئاواوە، بە هەڕەشەیەک هەژمار دەکران بۆ سەر بەها کەلتورییەکانی خۆیان. فەیلەسوف و زانا ئەوروپی و تا ڕادەیەکیش ئەمەریکییەکان زانستێکی چەواشەکارانەیان داهێنا بۆ سەلماندنی باڵادەستی سپیپێستە دژە سامییەکان (ئەوانەی لە ڕەگەزی جولەکە نین و سپیپێستن). لە کاتێکدا قەلاچۆکردنی جولەکە لە لایەن نازییەوە متمانەی بە زۆرێک لەو جۆرە زانستە گریمانەییانە نەبوو بۆ بەرزکردنەوەی ڕەگەزێک بەسەر ئەوی دیکەدا، ڕێژەیەکی کەمتری زانایان و بیرمەندانی کۆمەڵایەتی لە سەدەی بیستەمدا بەردەوامییان دا بە بیرۆکەی کەموکورتی زگماکی ڕەگەزێکی دیاریکراو بە تایبەتی ڕەشپێستەکان. لە هەمان کاتدا هەندێک ئەندامی کۆمەڵەی ڕەشپێستی ئەمەریکی پشتیوانی باڵادەستی ڕەگەزی خۆیان دەکرد و ڕەگەزی سپیپێستەکانیان بە کەمتر دادەنا، زمانێکی نزیک لە زمانی ڕەگەزپەرستە سپیپێستەکانیان بە کار دەهێنا.

هەموو ئەو بۆچوونانە لەسەر تێگەیشتنی هەڵە داڕێژراون لە بارەی ڕەگەزەوە، لە ڕاستیدا زانا هاوچەرخەکانیش قایل نین بەوەی کە ڕەگەز ڕێگەیەکی شیاو بێت بۆ پۆلێنکردنی مرۆڤ. ئەوەی کە وا دادەنرێت گرنگ بێت بە لای جیاوازییە ڕەگەزییەکانەوە لە لای هەندێک کەس بۆ نمونە جیاوازییەکانی وەک: ڕەنگی پێست، قژ، شێوەی دەموچاو لە ڕووی زانستییەوە جێگەی بایەخ نییە. لە ڕاستیدا جیاوازییە بۆماوەییەکان لە ڕووی ئەو بابەتەی کە پێی دەوترێت ڕەگەز، ڕەنگە زیاتر بێت وەک لە جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان. یەکێک لە فەیلەسوفەکان دەڵێت: "تایبەتمەندی بۆماوەیی کەمتر لەنێو دانیشتوانی بەریتانیادا دەبینرێت بە جۆرێک کە لە زائیر یاخود چین بەو ڕێژەیە نابینرێت، ئەو جیاوازییانە زۆر بەقوڵی کاری کردووەتە سەرمان لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەوانی تردا تا لە ڕووی بایۆلۆجییەوە بڕیار بدەین."

6/1/2013
سەرچاوە: guardian.co.uk

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە