ھزرە‌ سیاسییە‌ كۆنسێرڤاتیڤ و تووندڕە‌وە‌كان

Wednesday, 25/03/2020, 19:27

3201 بینراوە


مادام ھزرو تیۆرە‌ سیاسیە‌كان بە‌ردە‌وام ھە‌وڵی ئە‌وە‌ دە‌دە‌ن یا لایە‌نگری سیستە‌مێك بكە‌ن، یا ڕە‌خنە‌ی ئاڕاستە‌بكە‌ن، بۆیە‌ دە‌كرێت بۆ دوو جۆر پۆلێنیان بكە‌ین، ھزری كۆنسێرڤاتیڤ و ھزری تووندڕە‌و. ھزری كۆنسێرڤاتیڤ ئە‌و كاتە‌ سە‌ر ھە‌ڵدە‌دات كە‌ تاكە‌كان دە‌یانە‌وێت دە‌ست بە‌سیستە‌می باوەوە‌ بگرن و ڕێگا نە‌دە‌ن بگۆڕێت و پاساو بۆ مانە‌وە‌ی بھێننە‌وە‌. ئە‌و تۆرانە‌ بە‌زۆری لە‌لایە‌ن دە‌سە‌ڵاتداران و ئە‌و كە‌سانە‌وە‌ی پشتگیری لێدە‌كات كە‌ سوودو بە‌رژە‌وە‌ندییان لە‌ ڕە‌شی باودا ھە‌یە‌، ھە‌روە‌ھا بیركردنە‌وە‌یە‌كی سروشتی ئە‌و كە‌سانە‌یە‌ كە‌ حە‌ز بە‌ سە‌روە‌ری یاسا دە‌كە‌ن و دژی ئاژاوە‌و ھە‌ڵوە‌شاندنە‌وە‌ی حكومە‌تن. باشترین نموونە‌ لە‌سە‌ر ئە‌و جۆرە‌ تیۆرە‌كانی مافی خوایین كە‌ لە‌میانە‌یدا توانرا دە‌سە‌ڵاتی كڵێسا بخرێتە‌ سە‌ر دە‌سە‌ڵاتی سیاسی، بە‌وە‌ش یاساكانی دە‌وڵە‌ت ڕە‌نگێكی ئاسمانییانە‌یان وە‌رگرت و كە‌س بۆی نە‌بوو لێیان لابدات.
لە‌ڕێگای ئە‌و تیۆرە‌وە‌ سە‌رپێچیكردنی فە‌رمانی حكومە‌ت و پاشاو سە‌رۆكە‌كان بووە‌ گوناھێكی ئایینی و تاوانێكی مە‌دە‌نی، بە‌وە‌ش لە‌یە‌ك كاتدا ھە‌م پیاوانی دە‌وڵە‌ت و ھە‌م پیاوانی كڵێسا سوودمە‌ندبوون و خە‌ڵكیان ملكە‌چی دە‌سە‌ڵاتە‌كانی خۆیان كرد. ئە‌و جۆرە‌ بۆچوونانە لە‌نێو مێژووە‌ ھزری سیاسیدا زۆرن كە‌ بوونە‌تە‌ پاڵپشت لە‌دە‌سە‌ڵاتی ڕە‌ھا پاشاكان و دژكاری چاكسازی و گۆڕانكارییان دە‌كرد، وە‌كو ئە‌وە‌ی لە‌ بە‌ریتانیای سە‌دە‌ی ھە‌ژدە‌یە‌مدا ھە‌بوو، یا ئە‌و پاڵپشتییە‌ی بۆ دە‌ستووری ئە‌مریكی پشاندرا لە‌ سە‌دە‌ی نۆزدە‌یە‌مدا. 
ئە‌و تیۆرە‌ بە‌ردە‌وام زە‌مینە‌یە‌ك خۆشدە‌كات كە‌ تێیدا بڕوا وابێت سیستە‌می باو باڵاترین و باشترینە‌، بۆیە‌ ئە‌ستە‌م دە‌بێت خە‌ڵك بڕوا بێنن كە‌ پێویست دە‌كات بگۆڕدرێت. خۆ ڕە‌نگە‌ ھە‌ر بە‌ ھە‌مان شێوە‌ش ھە‌ندێك پلانی سیاسی ببنە‌ بنە‌ماو یاساو عورف و لە‌كۆتاییشدا ببنە‌ بە‌شێك لە‌ كولتووری میللی ئە‌و خە‌لكە‌و ئە‌ستە‌مبێت دە‌سكاری بكرێت. بە‌ردە‌وام ئە‌و خە‌ڵكانە‌ی ھە‌ڵگری بیروباوە‌ڕی كۆنسێرڤاتیڤن، ھە‌موو ھە‌وڵێك بۆ چاكسازی و گۆڕان وا وە‌سف دە‌كە‌ن كە‌ دە‌رچوونە‌ لە‌بە‌ھای كۆمە‌ڵگە‌و ھە‌ڵگری ئاژاوە‌یە‌و بە‌تە‌واوی ڕە‌تیدە‌كە‌نە‌وە‌و دژایە‌تی دە‌كە‌ن و خە‌ڵك وشیار دە‌كە‌نە‌وە‌ لە‌ ئاست ئە‌و مە‌ترسییانە‌ی دە‌شێت گۆڕانكاری لە‌گە‌ڵ خۆیدا بھێنێت. كاتێكیش ئە‌و بیرو باوە‌ڕانە‌ كۆن دە‌بن ب بە‌كە‌ڵكی ژیانی سە‌ردە‌م نایە‌ن و ناتوانن درێژە‌ بە‌ ژیان بدە‌ن، دە‌بینین ھە‌ڵگرە‌كانیان بە‌ردە‌وام حە‌نینێكیان بۆ سە‌ردە‌می ڕابردوو و وە‌كو ڕۆژگاری زێڕین باسی لێوە‌ دە‌كە‌ن. لە‌ولاشە‌وە‌ تیۆرە‌ ڕادیكاڵە‌ تووندڕە‌وە‌كان لە‌میانە‌ی ھە‌وڵدان بۆ گۆڕانكاری لە‌ڕەو‌شی باو سە‌رھە‌ڵدە‌دە‌ن و دە‌یانە‌وێت لە‌میانە‌ی ئە‌و تیۆرانە‌وە‌ بە‌رە‌نگاری واقیعی سیاسی و كۆمە‌ڵایە‌تی و ئابووری ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ ببنە‌وە‌. ئە‌و تیۆرانە‌ ھە‌ڵگرە‌ی فە‌لسە‌فە‌یە‌كی خە‌یاڵین، یا تۆباوین، كە‌متریش پێوە‌ندییان بە‌ واقیعی چیانی مرۆڤە‌كانە‌وە‌ ھە‌یە‌و زە‌حمە‌تە‌ بتوانرێت لە‌واقیعدا پراكتیك بكرێت. كاری ئە‌و تیۆرانە‌ جیاوازن لە‌ گۆڕانێكی ڕیشە‌ییە‌وە‌ بۆ گۆڕانی بچووك و چاكسازی لاوە‌كی لە‌كاری حكە‌میدا تاوە‌كو بتوانرێت پلانی تازە‌ دابڕێژرێت بۆ سە‌رلە‌نوێ ڕێكخستنە‌وەی ڕە‌وشی سیاسی و ھە‌یكە‌لی حكومی، تا دە‌گاتە‌ بە‌رھە‌مھێنانی سیستە‌می تازە‌ی سیاسی.
لە‌ كاتێكدا بە‌شێك لە‌لایە‌نگرانی ئە‌و گۆڕانكارییانە‌ بڕوایان وایە‌ كە‌ دە‌بێت لە‌سە‌رە‌خۆو بە‌شێوە‌یە‌كی یاسایی بێتە‌دی، دە‌بینین خە‌ڵكانێكی تر ھە‌ن پە‌نا دە‌بە‌نە‌ بە‌ر ڕێگای شۆڕشگێڕانە‌ی خێراو كو‌دە‌تای سە‌ربازی و سیاسی لە‌میانە‌ی بە‌كارھێنانی تووندوتیژیدا. بە‌ردە‌وام ئە‌و كە‌سانە‌ بڕوا بە‌و تیۆرانە‌ دێنن كە‌ لە‌دە‌رە‌وە‌ی بازنە‌ی دە‌سە‌ڵاتدان و بێبە‌شن لە‌ خۆشگوزە‌رانی و بە‌ختە‌وە‌ری، بۆیە‌ دە‌یانە‌وێت ڕە‌وشی ژیانی خۆیان خۆشترو باشتر بكە‌ن. 
دیارە‌ تیۆرە‌ سیاسیە‌ تووندڕە‌وە‌كان سە‌رھە‌ڵنادە‌ن ئە‌گە‌ر تاكاكانی كۆمە‌ڵگە‌ نە‌گە‌یشتبنە‌ ئاستێكی باڵا لە‌ پێگە‌ێشتنی سیاسی وڕۆشنبیری سیاسیدا كە‌ بتوانن ئازادانە‌ وتووێژ لە‌بارە‌ی سیستە‌می سیاسی و بوارە‌كانی كاری حكومە‌تدا بكە‌ن، بە‌ڵام ئاشكرایە‌ كە‌ سە‌رھە‌ڵدانی ئە‌و بۆچوون و بنە‌مایانە‌ مە‌ترسییە‌ بۆسە‌ر دە‌سە‌ڵات حكومە‌ت، مێژووش پێمان دە‌ڵێت كە‌ چۆن دە‌سە‌ڵات ھە‌وڵیداوە‌ ئە‌و تیۆرو بۆچوونانە‌ سە‌ركوت بكات و لە‌ناویان ببات. نموونە‌ی ئە‌و تیۆرە‌ تووندڕە‌وانە‌ش تیۆری مافی كۆمە‌ڵایە‌تی و تیۆری مافی سروشتییە‌ كە‌ بنە‌مای شۆڕشی ئینگلیزی بوو لە‌سە‌دە‌ی حە‌ڤدە‌یە‌م و شۆڕشی فە‌ڕە‌نسی و ئە‌مریكیش لە‌ سە‌دە‌ی ھە‌ژدە‌یە‌مدا. ئە‌و تیۆرە‌ ھێرشی كردە‌ سە‌ر تیۆری مافی خوایی و پشتگیری لە‌گە‌ل و گێڕانە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵات بۆ گە‌ل كرد. دە‌كرێت تیۆرە‌ سۆسیالیستییە‌ نوێیە‌كانیش وە‌كو تیۆری تووندڕە‌و تە‌ماشا بكرێت. 
ئە‌وە‌ی جێگای تێبینییە‌كی گرنگە‌ ئە‌وە‌یە‌ كاتێك تیۆرە‌ تووندڕە‌وە‌كان بە‌گشتی دە‌بن و پە‌سە‌ند دە‌كرێن و سە‌ركە‌وتنی كردارە‌كی بە‌دە‌ست دێنن، ئە‌وە‌ دە‌گۆڕێن و ڕووگە‌یە‌كی كۆنسێرڤاتیڤانە‌ ھە‌نگاو دە‌نێن تاوە‌كو بتوانن واقیعی دە‌سە‌ڵاتی خۆیان بپارێزن، واتە‌ ئە‌گە‌رچی ڕە‌چاوی ھە‌ندێك پێداویستی دە‌كە‌ن بۆ گۆڕان، بە‌ڵام لەھە‌مان كاتدا ڕێگری لە‌ھە‌ندێك جۆرە‌ گۆڕانكاری تریش دە‌كە‌ن. بە‌و جۆرە‌ دە‌بینین تیۆری مافی سروشتی كە‌ مە‌بە‌ستی بە‌دە‌ستھێنانی مافی تاكە‌كان بوو لە‌ئازادی و كارو سە‌رمایە‌دا، تێۆرێكی تووندڕە‌و بوو لە‌سە‌دە‌ی ھە‌ژدە‌یە‌مدا سە‌ری ھە‌ڵدابوو و بە‌رە‌نگاری كۆنە‌پە‌رە‌ستی ئە‌وكات بۆوە‌، كە‌چی ئە‌مڕۆ ئە‌و تێۆرە‌ خزمە‌ت بە‌مافە‌ بە‌دە‌ستھێنراواكان دە‌كات، بە‌وە‌ش بە‌وە‌ش ھە‌وڵدە‌دات بە‌ربە‌ست بخاتە‌ بە‌ر دە‌سە‌ڵاتە‌كانی حكومە‌ت لە‌ئاست تاكداو نە‌ھێڵێت دە‌سە‌ڵاتی زیاتر ھە‌بێت بە‌سە‌ریدا وە‌كو ئە‌وە‌ی سۆسیالیستە‌كان داوای دە‌كە‌ن كە‌ دەبێت حكومە‌ت دە‌ستبخاتە‌ نێو بازاڕو كایە‌ی گشتییە‌وە‌.
بە‌گشتی ھە‌موو تیۆرێك خاڵی بە‌ھێز و لاوازی خۆی ھە‌یە‌، بۆیە‌ دە‌بینین ئە‌گە‌رچی تیۆرە‌ كۆنسێرڤاتیڤە‌كان داوای جێگیری و ئاشتی و ئارامی دە‌كە‌ن، بە‌ڵام لە‌ ھە‌مان كاتیشدا بە‌ پاساوە‌ چاكسازی و گۆڕانكارییە‌كان پە‌كدە‌خە‌ن. لە‌ولاشە‌وە‌ تیۆرە‌ توندڕە‌وە‌كانیش، ئە‌گە‌رچی پێویستە‌ بۆ پێشخستن و پێشكە‌وتنی سیاسی، بە‌ڵام لە‌ ھە‌مان كاتیشدا دە‌بنە‌ ھۆی كێشە‌و تلانە‌وە‌ی زۆرو ناجێگیری سیاسی بە‌رھە‌م دێنن. لە‌ ئاست ئە‌و وە‌زعە‌شدا، گونجان لە‌ نێوان ئە‌و تیۆرانە‌دا بدۆزرێتە‌وە‌ بە‌ جۆرێك بە‌یە‌كە‌وە‌ بتوانن ھە‌ڵبكە‌ن، چونكە‌ ھە‌ریە‌كە‌یان كاردانە‌وە‌یە‌ بە‌رامبە‌ر ئە‌ویتریان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە