دەبێت سوپاسگوزاری کۆرۆنابین

Wednesday, 01/04/2020, 3:07

4312 بینراوە


ئێمەی مرۆڤ ، بەگەورەو بچوکمانەوە بەهەژارو دەوڵەمەندمانەوە خەریکی ئەوەبووین هاوسەنگی ژیان لەناوبەرین ، ئێمە بەدەستی خۆمان ژیانمان لەخۆمان شێواندووە ، بەهۆی دەستبەسەراگرتنی مرۆڤی تەماحکارەوە ، بەنیازی بەدەستهێنانی دواهەمین سەرچاوە ، پەیتا پیتا سکی دایکی زەوی هەڵدەکۆڵێت بەدوای کەنزو سەرچاوە سروستێکانەوەن . هەوای پاکیان ژاراوی کردووە ، ڕووباروو دەریاکان پیس بوون ، زۆر لەئاژەڵەکان کە ئەم پلانێتە هی ئەوانە، ئێمەی مرۆڤ داگیرمان کردوە ئەوانمان نەهێشتوەو لەناومان بردوون بۆ ئەوەی خۆمان تێدا بژین ، داوێنی کێوەکان وشکو بێکەڵک بوون ، کەش وهەوا گەرم بووەو گۆڕانی بەسەر هاتووە ، بۆ نمونە بەفر لەسعودیە دەبارێت لە خوارووی سوئید هەوا گەرمە و بەفر نابارێت، هێچ ڕێزێک بۆ سروشت نەماوە ، بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین تێکەڵ بەوێرانکردنێک بووین کە بەدەستی خۆمان خوڵقاندومانە . ڕقی زۆرمان لەداربوو سەوزایمان بەدوژمن دەزانی ، لە باتی گوڵی سروشتی ، گوڵی نایلۆنمان دادەنا و وامان دەزانی لەباخەکانی بەهەشداین ، هێندە گوڵە نایلۆنەکانمان دەلاوانەوە ببووە بەشێک لە جەستەمان .
سوهراب ووتەنی هێندە داماوبووین ، لەناو شعرەکاندا بەدوای گوڵدا دەگەڕێین .
ئێمە دێن و دەڕۆین بەڵام ئەم زەمینە هەمیشە لێرە دەبێت ، چونکە مرۆڤ دەیەوێت خۆی بێت، مرۆڤ نابێت بەتراژیدێکان پێبکەنێ کە خۆی خوڵقانوێتی، لەکاتێکدا سەرزەمین وا ئاڵۆز بووە کە خۆڵ وخاش خەریکە داگیرمان دەکات . هەموومان شاهیدی ئەوەین ئاسمانی پڕ ئەستێرە نەماوەو هەوای پاک چۆتە قاتی ، کارخانەکان هێندە دوکەڵ دەکەن بەحەوادا هەموومانیان هەراسان کردوە، ئێمەش بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکمان هەبێت بەشداربووین لەو داڕزانەدا لەو داڕمانەدا ، نەخۆشی هەڕەشە لە هەمووان دەکات ، ورگی زل و پیری و پەکەوتەی ڕووی لەهەموومان کردوە ، ئێمە تەنها دووپێمان هەیە ، کەچی ١٠ یان ١٢ بگرە زیاتر پێڵاومان هەیە ، ئێمە یەک لاشەین کەچی دەیان چاکەت و پاڵتۆمان هەیە ، دووقاچمان هەیە بەڵام دەیان پانتۆڵ وشەرواڵمان هەیە، خاوەنی تەنها سەرێکین بەڵام سەدان کڵاومان هەیە . نازانم ئەم سەرانە چەندە بەتاڵە ؟ کەلاشەکان دەگێڕێت ، بۆ خۆدۆزینەوە لەو وونبوونەی هەموومانی وێرانکردوە .
کۆرۆناش دەڕوات ئەویش دەمرێت ، بەڵام بۆ ساتێک ڕێگەی ڕزگاربوونی پیشانی ئێمەدا ،کە تۆزێک مرۆڤ بین ، نەک تەنها خۆمان بەڵکو چواردەورو سروشتیشمان خۆش بووێت ، واز لەخۆپەرستی بێنین کە وێرانی کردووین .
ئێمە بێئاگا لەوەی کە بیرمان دەچێتەوە ژیان بکەین هەر خۆمان قایم دەکەین ، خانوبەرە دەڕازێنینەوە چەریاکان توڕدەدەین و هی نوێ دەهێنین، دەیان تاوەو مەنجەڵ و قاپ و قاچاغمان لەدەوری خۆمان کۆدەکەینەوە ، هەناسە لەهەرچی شتە دەبڕین ، بۆئەوەی پێمان بڵێن جودا یان خواردەو شیکین ، کەچی کاتێ کۆرۆناهات نەک جل و بەرگ و کۆشک و تەلار ، پارەی مۆڵ و ئۆتۆمۆبیل فریامان ناکەوێت ، بەڵکو دەبێتە بەڵا بۆمان ، کۆمەڵگای پێشکەوتووی مەتریالیستی ڕۆژئاوا ، جەهەنەمێکیان دروستکردوە کە مرۆڤایەتی هەمووی لەئاستی ڤایرۆسێکدا دۆش داماوە، نەسوپا نە چەک وە نەبانقەکان ناتوانن ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە، چونکە کۆرۆنا دەیەوێت جارێکی تر زەوی هەناسەیەک بدات ، هات و هەموو شتێکی پەکخست ، ژیانی بەشێوەیەک وەستاندوە ، ئێستا مرۆڤایەتی هێندە دۆشداماوە ، نەلەئاسمان و نەلەقوڵای دەریاو تەنانەت لە ناو دۆڵ و کێوەکانیش خۆمان حەشار بدەین لەسزای کردەوەکانی خۆمان قوتار نابین ، بۆیە گەر سەیری نیشتمانە کڵۆڵەکەی خۆمان بکەین ، بەرپرسە ترسنۆکەکان وا خۆیان وونکردوە دەڵێ لەئەزەڵەوە بوونیان نەبوە، ئاخر چۆن سوپاس گوزاری کۆرۆنا نەبین ئێستا لەکەناڵەکانەوە ئەو بیچمە درۆزنانە نابینین کە هەمووشەوێک خۆیان بەسەرە بۆیاخکراوەکانەوە نمایش دەکرد بۆمان ، دواجار کۆرۆنا شایستەی سوپاس کردنە ، چونکە کەس نێرگزەکان ناقرتێنێ ، کەس لەو دەشتودەرە پێ لەگوڵەحاجیلەو گوڵاڵە سورەکان نانێت ، کەس بەناوی سەیرانەوە پاشەڕۆ بەجێ ناهێڵێت ، گەر کۆرۆنا نەهاتایە لەم نەورۆزو جەژنەدا چەند لاشەی قوربانی هاتوچۆو و شەڕو تەقەکردنمان دەبیست ، بۆیە بەرترین پلەی هزر ئەوەیە مرۆڤ تەنها بەچاو لێکردن لەڕووداوەکان ڕاستێکان ببینێت ، سەرەتا کە ئەم ڤایرۆسە بووە میوانی سەر زەوی لە ووڵاتی چینەوە بوو. مەلا یانی مزگەوت ووتیان ئەوە تۆڵەی ئەوەیە چینێکان بەراز دەخۆن ، بۆیە هزر پێویستی بە بەبیرۆکەیەکی کراوەو بێلایەنە دەبێت دوربێت لە دەمارگیری . ئێستا چینێکان یارمەتی بۆ هەموو جیهان دەنێرن ، ئەوان دەڵێن ئێمە هەموومان لەناو پاپۆڕێکداین لەکوێوە کون بێت هەموومان غەرق دەبین و دەمرین . بڵێی ئیتر لەم میوانە نەخوازراوەوە وانەیەک لەڕەوشت فێربین و تۆزێک مرۆڤبوونمان بۆ بگەڕێتەوە ، ڕێزێک بگرین لە زەوی دایک و هێندە سوکایەتی بەسروشت و دارو ئاو گوڵ و پاڵندەکان نەکەین .
من لای خۆمەوە سوپاس گوزاری کۆرۆنام ، چونکە جارێکی تر دەتوانم هەوای پاک هەڵمژم و ئاسمانی ساف و پڕ ئەستێرە ببینم وەک جاران کە منداڵ بووم لەسەر گازەرای پشت ڕادەکشام لەسەربان و گوێم لەدەنگی ڕادیوێ دراوشیکەمان دەبوو، کە گۆرانی سەبری سەبری دەووت و منیش سەیری ئەستێرەکانم دەکردو دەم ووت : ئاسمان چەند جوانە ، خۆزگە ماڵمان لەوێ ئەبوو، هەستم دەکرد ئەستێرەکانیش هەر گوێ قوڵاغی هەمان ئاوازن کە لەڕادیۆی دراوسێکەمانە دەهات ، سوپاس کۆرۆنا ، جارێکی تر ڕاتگرتین لەبەردەم بەرپرسیارێتیدا ، بەهیوام وانەکانت سودمەند بێت بۆمان، کەماڵئاوایت لێکردین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە