بتانەوێت گەلێک لەناو بەرن، ئەزمونی دەسەڵاتی کوردی پیادەبکەن

Friday, 17/04/2020, 23:36

6572 بینراوە


(پەرێز) واتا بۆسە، لە زمانی کوردییدا بە مانای شوێنی بۆسەنانەوە دێت، ئەو شوێنەی راوچی خۆی تێدا مەڵاس دەدات، بۆ ئەوەی راوی نێچیرەکەی بکات...(هەمانەبۆرینە - ل ١٢٠).
ئەم وشەیە لەگەڵ پێشگری وشەی (دوور) پێکەوە دەبێتە (دوورپەڕیز) یان (دوورەپەرێز)، هەمان مانای کەرەنتینە دەگەیەنێت، کورد دەڵێت (خۆت دوورەپەرێز بگرە)، واتە لەو شوێنە، یان لەو مەترسییە خۆت نزیک مەخەرەوە، کەرەنتینەی ئیتالیش، بە کەمێک جیاوازییەوە، ئەو مانایە دەگەیەنێت، جیاوازییەکەش ئەوەیە، کە ئەو کەس لە شوێنێکدا دەمێنێتەوە و ناچێتە شوێنی مەترسیی، هەر وەک هاوڕێیەکی بەڕیزی زمانزانی ئیتاڵی بۆی گێراومەتەوە، کەرەنتینە واتا (چلە بەسەرچوون)ـە. هەروەها بە واتای (دووخستنەوە)، یان (مانەوە و دانای شتێک بۆ چل رۆژ).. هەڵبەت لای کورد و زۆربەی نەتەوەکانی تریش، لە کەلتورە جیاوازەکاندا ئەو چل رۆژە هەیە، کە بۆ مەبەستێکی دیارییکراو، شتێک بۆ چل رۆژ داهێڵنەوە، وەکو لای خۆمان (ئاوی ترێ) بۆ جل رۆژ دانراوە، دوایی بۆتە سرکە، یان شەراب، یان ژنی زەیستان ماوەی چل رۆژ دوای منداڵبوون ئەوسا خۆی شۆریوە، هەروەها بۆ کەسێک کە دەمرێت، دوایی (چل) رۆژ یادی کراوەتەوە و دەڵێن چلەی بەسەرچووە و چوونەتە سەر گۆڕەکەی... هتد، . بۆ زۆر مەبەستی تر، وەکو چلەی وەرزەکانی ساڵ (چلەی زستان، بەهار،هاوین، پایز) چل رۆژ دانراوە..کەرەنتینە ئیتالییەکەش واتا چل رۆژ، ئەمیش گوایە کاتی خۆی بازرگانە چینیەکان و ناوچەکاتی تر بە پاپۆڕ هاتوونەتە ئیتالیا و لەوێ لەنگەریان گرتووە، لەگەڵ خۆیاندا دەرد و پەتا و نەخۆشییان هێناوە وەکو تاعون و نەخۆشی کوشندەی تر، دوایی بڕیاریان داوە، بۆ لەوەو دوا هەر پاپۆڕێک هات، دەبێت کەرەنتینە بکرێت واتا چل رۆژ بمێنێتەوە و رێگایان نەداوە، کەس لە ناو پاپۆڕەکە دابەزێت.
من لەم نووسینەمدا دەبوو دەولەمەندترم بکردایە و چەند رۆژێک پیوەی خەریک بوومایە، بەڵام وا بزانم لەو نمونانەی خوارەوەدا کە قسەی لەسەر دەکەم مەبەستی خۆم دەپێکم، چونکە ئەوە هاندەربوو بۆ نووسینەوەی ئەم وتارە کە تێیدا دەڵێم ئێمەی کورد وا خەریکین وردە وردە بە دەستی خۆمان، لە زمانەکەی خۆمان تەرە دەبین و دوور دەکەوینەوە، هەرچی وشەی رەسەن و جوانی کوردیی و کوردەوارییە لە دەست خۆمانی دەدەین، لە جێگایان، بە زمان و وشەی زمانێکی بێگانەی ترەەوە دەگیرسێینەوە و دەیهێنینە ناو زمانەکەمانەوە لە کاتێکدا خۆمان خاوەنی وشەی گونجاوترین. (سەرنج: هێنانی وشەی بێگانە، کە نەتەوەیەک خۆی نەیبێت کارێکی گونجاو و خراپ نییە، بە هەڵە لەمەبەستم تێنەگەن، بە تایبەتی وشەی کەرەنتینە کە رەنگە جێگای خۆی کردبێتەوە. لە کوردەواریدا بە کەرەنتینەیان وتووە قوڕمتێنە).
هەڵبەت یەکێک لە هۆکارەکان بە پێچەوانەی نەتەوەکانی ترەوە، ئەگەر وشەیەک بەکار هێنراو هاتە ناو زمانەوە، وەک ئێمەی کورد ناکەن، دەستور و رێوشوێنی زمانەوانی تری لەگەڵدا دەکرێت، وەک ئەوەی گۆڕینی پیتێک کە زمانەکە  بە پیتە نامۆبێت و لە فۆڕمێکی گونجاودا بە زمانەکەی خۆیان ئاشنای دەکەن، بەڵام لای کورد بە پێچەوانەوە گوێ بە یاسا و رێساکانی دەستوری زمان نادرێت، هەروا بەسەرماندا تێدەپەڕێت بۆیە وشەی ناقٶڵا و نەگونجاو لە ناو زمانی کوردییدا جێگایان دەبێتەوە. ئەمەش  دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکانی کەسێتی ئێمەی کورد، کە لەبەرامبەر ئەو هەموو رووداوە ناخۆش و نوشستییە سیاسیی و سەربازییانەی بەسەرماندا هاتووە بەتایبەتی لە باشوور، هەموومان تێیدا بچوک کراوینەتەوە، کەس متمانەی بە خۆی، بە زمان و بە مێژووەکەی نەماوە، لە گەڵ خۆیدا زمان و فۆلکلۆر و کەلتوری کوردەواری پێ کاڵ کردووینەتەوە، دەسەڵاتی خیانەتکاری باشووریش هۆکاری سەرەکیی ئەم تێکشکاند و نەهامەتییانەن، بە مەبەست کاریان لەسەر کردووە، ئەوەتا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا لە بری زمانی کوردی، بڕیار دراوە زمانی ئینگلیزیی بخوێنن، هیچ دوژمن و داگیرکەر و کۆلۆنیالیستێک کاری وای بەرامبەر بە وڵات و گەلیکی داگیرکراو نەکردووە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ئەوەی بە کورد کردووە، بۆ نمونە کابرایەکی نەفام و شێڕەشیرکەری وەکو (فەرهاد سەنگاوی) کە پێش دوو ساڵ لە پەرلەمان پێشنیاری ئەوەی کرد،  زمانی ئینگلیزی لە هەرێم ببێتە زمانی سەرەکی خوێندن، چونکە ئینگلیزی زمانێکی جیهانییە، لەبەر ئەوەی پپێشنیارەکەی، پێشنیارێکی خائینانە و ناپاکانە بوو، یەکسەر لێیان وەرگرت، وا لە پارەوە زمانی ئینگلیزی پەیڕەو دەکرێت، زمانی کوردی وەکو زمانی پاشکۆی  زمانەکانی تر، ئەگەر کەسوکاری ئەو قوتابیی و  منداڵەکە مەیلیان لێبێت دەیخوێنێت، دەنا کوردییەکە فەرامۆش دەکرێت و نووسین و زمانی کوردی و رێزمانەکەی ناخوێنێت، هەر ئەم بێبایەخ بوونەشە کاری کردۆتە سەر زمان و رێنووسی کوردی، لە کۆمێنت و وتاری نووسەرە تازەپێکەوتووەکاندا دەردەکەوێت هەڵەی زۆر لە نووسینەکانیاندا هەیە ، نەوەیەک دروست بووە، نازانێت بە کوردییەکی باش بنووسێت و بخوێنێتەوە. ئەو چەتەگەرییەی کە پارتیی و یەکێتیی و سەرانی ئەم حیزبانە لە شاخ بانگەشەیان بۆ دەکرد، گوایە خەبات و تێکۆشانیان بۆ پاراستنی نیشتیمان و مانەوەی نەتەوە و زمان و مێژووی کورد دەکەن، ئەمڕۆ پێچەوانەکەی پیادەدەکەن، سیاسەتی تورک و داگیرکەران جێبەجێ دەکەن، لە هەوڵی لەناو بردنی گەلی خۆیاندا کار دەکەن..
(تێبینی: کاتی خۆی فەرهاد سەنگاویی کە بووە گۆڕان لە کوردستانپۆست لەسەری نووسرا، کە بۆتە خاوەنی چەند بازاڕ و دوکان لە سلیمانی، لە دانیمارکەوە فەرهاد پەیوەندیی پیوە کردم، وتی من کەسێکی سیاسیی نییم و لە سیاسەت نازانم. ئەوە بوو دوایی لە ماوەیەکی کورتدا گەڕایەوە بۆ ناو  یەکێتیی و خۆی هەڵبژارد، کردیان بە ئەندامپەرلەمان، قسەی زلی سیاسیی و پێشنیاری دەردەپەراند، یەکێک لە پێشنیارەکانی وەکو وتم لابردنی زمانی کوردیی و لە شوێنی خوێندنی زمانی ئینگلیزی بوو).
ئەوەی کە ئەمڕۆ بۆتە کارەسات و بەسەر کورددا بە خراپی شکاوەتەوە ئەوەیە، کە کەسانی ناوشیار و نەزان پلە و پۆست وەردەگرن، لە شوێنی نەشیاودا دەبنە بڕیاردەر، بۆیە ئەمەش دیوێکی کارەساتەکانە کە بەسەر کورددا دێت، دوژمنانیش هەموو ناپاکیی و خیانەتێک بە ژێر ئەم نەزان و نەفامانەدا تێدەپەڕێنن، ئەمەش یەکێکە لە نەهامەتییەکان کە بەسەر کورددا دێت. بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوانەی کە هیچ نیین و هیچ نازانن، بەڵام لەبەر دەستکەوتی مادیی و مەعنەوی و بەدەم درێژیی خۆیان دەبنە دەستکەلای بەرپرس و دوژمنەکان، دەبن بەوەی کە خۆیان ئەوە نیین و ئەو توانایەیان نییە..
زمانی کوردییش کە شێوێنراوە، هۆکاری دیکەی زۆرە، بە تایبەتی لە ناولێنانی زۆربەی دوکان و بازاڕەکان بە ناوی عەرەبی و تورکی و ئەوروپی، یان لە ناولێنانی منداڵەکان بە زمانی عەرەبی و بێگانە، لە قسەکردنی رۆژانە، کە وشەی بێگانەی زۆری هاتۆتە ناو و بەکار دەهێنرێن، وەکو (سەپرایز)، (کەپڵ) (نەو کەلەر)، (ئۆهـ مای گاد) ... هتد ، ئەمە لە کاتێکدا بە ناو زمانەکەی خۆماندا بگەڕێین زمانەکەمان لەو وشانەدا هەمانە و دەەولەمەندین. بەڵام ئەم جۆرە کەسایەتییانە چونکە گرێی کەمبەخۆزانین و کەسایەتییەکی فشەلەیان هەیە، بەم جۆرە وشە و قسانە خۆیان دەشارنەوە و خۆیان هەڵدەکێشن.
هەروەها ئەم دەسەلاتە ناپاک و خائینە چونکە نەوەیەکی نەزان و نەفامی پەروەردە کردووە، وشەی کوردیی واشمان هەیە، ئەگەر بە کاریشی بهێنین شێوێنراوە. لە کاتێکدا هیچ نەتەوەیەکی تر خۆیان لە زمانەکەیاندا وشەیەکیان نەبووبێت، ئەم کارەیان ناکردووە و زمانەکەی خۆیان وا لێنەکردووە، هەرچەندە ئەوان مەترسی تێداچوون و لەناوبردنیشیان لەسەر نییە، بەڵام کورد نەک تەنیا وشەی زمانی بێگانەی ناقۆڵای هێناوەتە ناو زمانەکەی خۆیەوە، وا خەریکە لە زۆر بۆنەدا کەلتوری نەتەوەکانی دەوروبەری داگیرکەرانیش دەهێنیت و لەوەی خۆشی دوور دەکەوێتەوە. بۆ نمونە لە زۆربەی ئاهەنگی ژنهێنان و شووکردندا شمشێری عەرەبی بەکار دەهێنن بۆ لەتکردنی کێک و شاباشی بوکێ، یان لە پرسەکاندا چادری بیابانی عەرەبی هەڵدەدەن، دشداشە و جلی عەرەبی لەبەر دەکەن، گۆرانی تورکی و عەرەبی لێدەدەن و دەیڵێنەوە، جلی کوردیی وەک شەرواڵ مراخانی، رانک و چۆغەی کوردییان شێواندووە، تام و خۆشی جلە کوردییەکانی جارانی نەماوە. هۆکاری هەموو ئەمانە جگە لەوانەی سەرەوە، ناوشیاریی و نائاگایی و کەمبوونەوەی هەستی نەتەوەیی دەگەیەنێت، کە ئەم نەوەیەی ئەمرۆی کورد خەریکە بە مێژوو و رابردووی خۆی نامۆ دەبێت.
دیسان بە بۆچوونی من رەنگە یەکێک لە هۆکاری شێواندنی زمانی کوردی، ئەوەش بێت، کە زۆر لەو کوردانەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە بۆ نیشتیمان، بۆ خۆنونادن و پۆزلیدان بەتایبەتی کوڕی بەرپرس و دەسەڵاتدارەکان کۆمەڵێک وشەی ئینگلیزی و لاتینی ئەو وڵاتەیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، لە نووسین و قسەکردندا بە کاری دەهێن، ئەمەش زوو وەکو پەتایەک بڵاوبۆتەوە و چاوی لێدەکرێت، چونکە ئەم کەسانە بە هۆی دەسەلاتی خۆڕسکی باوان و بنەمالەکەیان بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا خۆیان قسەکانیان سەپێنراون و جاویان لێدەکرێت، ئەمەش خراوەتە نێو نووسین و قسەی رۆژانەی خەڵکەکە. ئەم نووسینەم هەروا بە پەلە نووسی کە دەبوو نمونەی زۆرتری لەسەر بهێنمەوە، بەڵام لە ئیستادا ئەوەی بە خەیاڵمدا بێت وشەی (کەپڵ)ـە واتا دەستگیران، لە سلێمانی جاران پێیان دەگوت (دەنک)، دانە و تاک، لە هەولێر و کەرکوک دەیانگوت (قلێک)، ئیتر لەو رۆژگارەدا ئەوەش مانا و مەبەستی تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام لە وشەی دەستگیرانەکەدا یەک مانای دەدا، وشەی کەپڵ پەیوەندیی بە سەرسەرێتی و بێنامووسی ئەو کەسانەشەوە هەیە کە لە دەرەوەی وڵات خەریکی رابواردن بوون، کە دەهاتنەوە، یەکسەر وشەی کەپڵێکیان بەکار دەهێنا و خۆیان بە رابواردن و بێنامووسیەوە خەریک دەکرد، کوڕی بەرپرسەکان کردیان بە خوو کەپڵیشیان لەگەڵ یەکتردا دەگۆڕییەوە، کەچی بە پێچەوانەوە بە ئاستەم دەبینیت ئەمانە بە دوای زانست و پێشکەوتنەوە نەبوون، نەهاتوون وشەیەکی زانست، یان فەلسەفییان لەگەڵ خۆیاندا هێنابێت، زمانی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکەن. مەگەر لە رێگای چەند نووسەر و راگەیاندنەکانەوە نەبێت، ئەویش لە ناو گروپێکی بەر تەسکدا بەکار هاتووە.
مۆڵ و تاوەر و گوندی ئەڵمانی و ئینگلیزی و ئیتاڵیش، یان ناوی زۆر لە دوکان و بازارەکان، هەمووی ئەم  کەسانەوە داکەوتۆتەوە لەگەڵ خۆیاندا هێنایان و خزاندیانە ناو زمانی کوردیی. کە جاران ناوی رەسەنی کوردیی لە دوکان و بازاڕەکان دەنران.
لە هەمووی سەیرتر، ئەوەی سەرنجی منی راکێشاوە، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەو کاتەی سەرەتا من کوردستانم جێ هێشت، هەندێک وشە هەبوون، بەکار دەهێنران، ئەمڕۆ ئەو وشانە نەماون و بەکار ناهێنرێن، یان شێوێنراون، بە نمونە زۆر کەس ئیستا لە نووسراوی فەرمی و وتارەکاندا لە بری وشەی پێشمەرگە دەنووسن پێژمەرگە، یان لە بری (دەڕۆیشت)، دەنووسن (دەڕۆشت) بە ئارەزویی خۆیان یاری بە زمانی کوردیی دەکەن و زمانەکەیان شێواندووە... وشەی کوردی دیکە زۆرن، کە نامەوێت لێرەدا درێژەی بدەمێ، تەنیا ئەم نمونەیەی خواریشەوە دەهێنمەوە، کە جاران ئێمە ئەگەر گوێمان لە گۆرانیبێژێک بوایە دەمانگوت: دەنگی خۆشە، ئیستا دەڵێن صەوتی خۆشە، یان دەمانوت وێنەیەکمان بگرە، ئیستا دەڵێن تەصویرێکمان بکە...، گەعدە، لە بری دانیشتن و ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی بەکار دەهێنن.
 هەر گەلێک بیەوێت خەبات بو رزگاری خۆی بکات و ئازادیی بوێت.. دەبێت لە خۆمانەوە دەست پێبکەین و تایبەتمەندی زمانەکەمان بپاریزین. کەناڵە کوردییەکان، راگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵات، دامودەزگاکانی حکومەت و بازرگانەکانی خوێن و سیاسەت، هۆکاری سەرەکی شێواندنی زمان و عەقڵی کورد و نەوەکانمانن، ئەوانە لە دوژمن دوژمنترن.
تێبینی: ئەم باسە بە تێروتەسەلی نمونەی زۆر ترو قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت، لێرەدا بەشەکەی تری  بۆ نووسەرە بەڕێزەکانی دیکەی هەلدەگرم.

بابەتی هاوشێوە لەسەر زمانی کوردی 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە