یواکیم مێدین رۆژنامەنوسی سویدیی دەڵێت: لە نمونەی مستەفا کەمن

Saturday, 09/05/2020, 16:51

5867 بینراوە


یواکیم مێدین، (Joakim Medin) رۆژنامەنوسی سویدیی و نووسەری کتێبی کوبانی و کتێبی دی، لە کاتی هێرشەکانی داعشدا سەردانی دەکردم بۆ سلێمانی و لام دەمایەوە. چەند جارێک چوو بۆ قەندیل، لە گەرمەی شەڕی کوبانی و رۆژئاوادا، ئەوەندەی رێگای بدۆزیایەتەوە بۆ ئەوێ، دەچووە مەیدانەکەوەو لە سەر رووداوەکان دەینوسی. مستەفای حەسەنە گەورە یارمەتیی زۆری دا لە راپەڕاندنی ئیشەکانیداو کارئاسنیی بۆ کاری جۆربەجۆر. جگە لە ئەوانەش ماوەیەکی خۆشمان پێکەوە لە چوونە شاخ و ئاڵاییشدا بە سەر برد. کاتێک هەواڵی ناساخیی مستەفام دا بە یواکیم مێدین، داخ چووە دڵیەوە. مات بوو. لە بەر خۆیەوە وتی بۆ ئەو؟ غەدربوو. چەند جارێک وتییەوە غەدرە. داوای لێ کردم کە هەمیشە لە هەواڵی ئاگاداری بکەم. بە هەواڵێکی بچوکی مستەفا کە لە خەستەخانە خەوێنرابوو، دڵی خۆمان خۆش دەکرد. نەماندەویست بڕوا بە نەمانی بهێنین. لە یەکێک لە تەلەفونەکانمدا بۆ یواکیم پێم وت کە تەماشای فەیسبوکەکەیم کردووە لە رۆژی ٢٠ی مارتەوە هیچی نەنوسیووە. ئەوە نزیکەی مانگێکە خەوێنراوە. یواکیم بە پێکەنینەوە وتی کە بینیمانەوە پێی دەڵێم: مستەفا شەڕێکی زۆرت لە کیس چووە.

رۆژی ٠٧/٠٥/٢٠٢٠ کات ١٤،٠٦ بۆم نوسی کە سییەکانی بەس نەبوون بۆ هەناسەدن، دوبارە ئامێریان بۆ داناوەتەوە. زۆر جێگای داخە. بۆشاییەکی گەورە لە دوای خۆی بەجێ دێڵێت. هێندەی پێ نەچوو هەواڵم بیست کە دەستیان لێ شتووە. دوای دە خولەک مەسیجێکی ترم نارد کە لەکیسمان چوو. یواکیم وەڵامی دایەوە کە یەکجار جێگای داخە، هەر بە هیوابووم ئاوا کۆتایی نەیەت. ئەو وتی: لە بابەتی مستەفا کەمن. بە دوایدا گەلێک وەسفی تری کرد.
لە فەیسبوکەکەییدا یواکیم بە سویدیی دەربارەی مستەفا بڵاوی کردەوە:
هاوڕێم، رۆژنامەنوسی کورد مستەفا گەورە بە دەم دەردی کۆڤید نۆزدەوە بۆ هەتاهەتایە چاوی لێک نا. لە لاواییدا بە شاخەوە پێشمەرگە بوو لە خەباتیدا دژی دیکتاتۆری عێراق سەددام حسەین. وەکو رۆژنامەنوس، پۆرتاڵی هەواڵ کوردستانپۆستی رەواجداری، دەر دەکرد. هەرچی لە دەست دەهات دەیکرد بۆ ئاگادارکردنەوە دەربارەی پیسخۆریی، دەستەڵات خراپیی و ناهەمواریی لە کۆمەڵگادا. ناڕەزایی لە سەر جادەکان رێک دەخست. زۆر جار داخی دەکردە دڵی دەستەڵاتدارانەوەو بەرەو رووی رق و هەڕەشە دەبۆوە. ویستی ئەو بۆ هاوکاریی و یارمەتیی بێ سنور بوو.
چەندەها جار شەو لە ماڵەوە لای مستەفا ماومەتەوە کاتێک بە ئیش دەچووم بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوە ئەو بوو کە رێکی خست من بتوانم پێشمەرگەم لە دەور بێت لە بەرەی شەڕ کاتێک کە هەڵمەتەکانی شەڕی گرتنەوەی موسڵ دەستی پێ کرد.
ئەوە ئەو بوو کە یارمەتیدەرم بوو بۆ چوونە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، رۆژئاوا، دوا جار کە توانیم بچم بۆ ئەوێ. (یواکیم قەدەغەکراوە بچێتە رۆژئاوا.)
زۆر جار هاوڕێکانی بانگهێشت دەکرد بۆ ماڵەوە، پێکەوە خواردنمان ئامادە دەکرد، باسی سیاسەتمان دەکرد. یان دەچوین بۆ شاخ بۆ پشت سلێمانی بۆ رۆشتن، باددەمی فەریکمان راستەوخۆ لە دارەکان دەکردەوەو دەمانخواردن.
هاوڕێ، لە یاد ناچیت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە