نەوشیروان مستەفا وەک زیندەوەرناسێک بناسە

Tuesday, 19/05/2020, 14:19

11389 بینراوە


کاتێک لە زانکۆبووم بە خوێندنەوەى پەرتوک و نوسراوەکانى عەبدوڵا ئۆجالانەوە خەریکبووم زۆرم لێ خوێندنەوە، لە ساڵى 2011 و لەکاتى خوێندنەوەدا بابەتێک کەوتە بەرچاوم و بیرم کەوتەوە کە پێشتریش کۆمەڵێ نوسراوى کەى ئاپۆم دیوە کە پەیوەستبوون بە زانستى بایۆلۆجى و پەرەسندن و کشتوکاڵەوە ئەوەش بۆ من وەک خوێندکارێکى بەشى بایۆلۆجى گرنگتر بوو لە بابەتە فکرى و سیاسیەکانى بۆیە دەستم کرد بە کۆکردنەوەى نوسراوەکان و چەند ڕۆژێک خۆمم پێوە خەریک کرد تا گەیشتە نزیکەی بیست  لاپەڕەیەک. ئیتر پشوى نەورۆزى بەسەردا هات و منیش لە شارى زاخۆى دەلالەوە بەڕێکەوتمەوە بۆ هەڵەبجە و پەرتوک و نوسراوەکەشم لە ناو یەکێک لە ژمارەکانى گۆڤارى (هاودەم) دانا. بەڵام لە پاش پشوەکە کاتێک کە گەڕامەوە بۆ زاخۆ تەماشام کرد هەشت پەرتوک و کۆى ژمارەى گۆڤارەکان کە لڤین و هاودەم و ڤەژەن  و ن بوون برابوون، زۆر گەڕام بەشوێن نوسراوەکەى خۆمدا دوعام دەکرد لەناو تەنەکەی خۆڵ دامنابێت بەڵام بەداخەوە دەستم نەکەوت. لەو کاتەوە بوو بەداخێک لەسەر دڵم چونکە سەرچاوەکان و نوسراوەکەشم لەدەست دا.هەتا ئێستاشى لەگەڵ بێت نەمزانى کێ بوو و بۆ وایکرد. 
هەڵەنەبم مانگى دوازدەى پار ساڵ بوو لە فەیسبووک پەرتوکى (پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن -1997-)ى نەوشیروان مستەفام بەرچاوکەوت منیش داونلۆدم کرد و خوێندمەوە لە کاتى خوێندنەوەدا سەرەڕاى کێشمەکێشمى سیاسى و خیانەت و جاشایەتى و ئاشتەواى ئەم بابەتە زانستیانەم دى ڕاستەوخۆ کەوتمەوە بیر ئەو نوسراوەى کە لێیان دزیم ئیتر دەستم کرد بە کۆکردنەوەى باسە زانستیەکانى نەوشیروان مستەفا کە لەم پەرتوکەدا هەبوو، وتم با هەرچى زووە ئەمیش بڵاو ببێتەوە تاوەک ئەوەى ئاپۆى لێنەیەت. بۆیە هیوادارم سودێکى هەبێت بۆ هەموان. 
هەموومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە (نەوشیروان مستەفا ئەمین) یەکێک بوو لە بیرمەندە سیاسیەکانى کورد و هیچکات ناتوانرێت ئەو ڕاستیە بشاردرێتەوە. لەم نوسراوەدا من نامەوێت باسى سیاسەتبکەم بەڵکوو باس لەو بابەتەزانستیانە دەکەم کە نەوشیروان مستەفا لە پەرتووکى (پەنجەکان یەکترى ئەشکێنن) بە کورتى و لەچەند لاپەڕەیەکى دیاریکراودا بەش بەش نوسیویەتى. ئەم نوسینانە زیاتر دەچنە قاڵبى پۆلێنزانیەکى باو کە ئەرستۆ کارى لەسەر کردبوو، بەڵام لە پاش ئەرستۆ کارلۆس لینایۆس زۆر بەجوانى و بەوردى کۆمەڵێک داهێنانى نوێى لە پۆلێنزانیدا ئەنجامدا و شێوازەکەى ئەرستۆ بوو بە بەشێک لە مێژوو. ئەوەى نەوشیروان مستەفا لەناو کورددا باو بوە و بەڵام ئەم هاتوە بە وردبونەوەى زیاتر و بینینى زیندەوەرەکان و گرنگیان سەر لەنوێ دایڕشتوەتەوە . هەروەها بە زمانى کوردى و زمانى باو نوسراوە ئەوەى گرنگە ڕەنگە ئەو کات بیرى لەوە نەکردبێتەوە ئەو کارەى کە دەیکات دەکەوێتە قاڵبى پۆلێنکردنەوە و بۆ خەڵکى ئاسایى زۆر گونجا و ڕێخۆشکەرە بۆ ناسینى زیندەوەران هەروەها دەرگاى واڵاکردوە بۆ ناسینى چەند جۆرێکى جیاواز لە زیندەوەران کە لە کوردستاندا هەبوون و دەتوانرێت بکرێت بە بناغەى کۆمەڵێک کارى زانستى لە ئێستا یا لە ئایندەدا و زانستخوازان و زمانەوانان و سودێکى باشى لێ وەربگرن.  
- منیش بۆ ڕێکخستنەوەى بابەتەکە پاش دەستکاریکردنێکى سادە بۆ کورتکردنەوەى بابەتەکە و گەیاندنى مەبەست و ناوەڕۆکى نوسراوەکان وەک خۆى دەیکەم بەچەند خاڵێک و بە خوێنەرى کوردى دوو بارە ئاشنا دەکەمەوە :-

1- جووت بون و ژیانى ئاژەڵان:-

- لە لاپەڕە (151) دا باس لە جوتبوونى ئاژەڵان دەکات و شێواز و ناوى ئەو جووتبون و زۆربوونە باس دەکات بەم شێوەیە :- 
- شێوازى جوتبوونى کۆمەڵێک زیندەوەر بەم شێوەیە باس دەکات :- ماین و ماکەر بە (تەڵەب و فاڵ) ،مانگا بە (کەڵ) ، دێڵە سەگ بە (با) ، پشیلە بە (ڕەشمە) ، مەڕ بە (بەران) ، بزن بە (تەگە).
- لە شێوازى وەچە خستنەوەدا لەکاتێک کە زیندەوەرەکە (ئاوس) بێت لەسەر ژمارەى بێچوەکان بڕیارى داوە و دەڵێت :- ئەوەى یەک یا دوو بێچویان دەبێت پێى دەڵێن (زان) وەک مانگا و ماین و مەڕ و  بزن ، ئەوەى لە دوو بێچوو زیاترى دەبێت پێى دەڵێن (ترەکین) وەک سەگ و بەراز و پشیلە.
- لە شێوازى کۆتاى هاتن بە ژیانیان دەڵێت :- مرۆڤ دەمرێت ،ئەو ئاژەڵانەى کە گۆشتیان دەخورێت وەک بزن و مانگا و مەڕ مردار دەبنەوە، ئەوانەى کە گۆشتیان ناخورێت وەک کەر و ئەسپ و سەگ و پشیلە دەتۆپن.
- لە بارەى شێوازى دەربڕینى ئەو دەنگانەى کە ئاژەڵ دەریدەکات دەڵێت :- ئەسپ ئەحیلێنێت ،کەر ئەزەڕێنێت، ئێستر ئەپڕمێنێت ، گا ئەبۆڕێنێت.

2- وڵاخى باربەر :-

- لە لاپەڕە (147)ى پەرتوکەکەدا لە باسى گەڕانەوەى خۆى و چەند هاوڕێیەکى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشور باس لە گواستنەوەى کەلوپەلەکانیان دەکات بە وڵاخى باربەر کە ناوى هەریەکە لە (ئەسپ ، ئێستر ، کەر ،گا )ى هێناوە و باس لەوە دەکات کە شوێنى وەستاندنى ئەو ئاژەڵانە بۆ باربارکردنى بە (تێرمیناڵى وڵاخ) ناو بردوە و باس لەوە دەکات کە لە کۆندائەو جێگایە بە (چایرى ستور) ناوبراوە. ئاماژەش بەوە دەکات کە وشەى وڵاخ مەغۆلیە و هاتوەتە ناو زمانى کوردیەوە. زانیاریەکان لەسەر هەریەک لەو باربەرانە بەم شێوەیە شیدەکاتەوە:-

ئـ- ئەسپ :-

- ئەسپ نێر و ماین مێیە، هەمیشە بۆ سواربوون بەکارهێنراوە و نیشانەیەک بوە بۆ کەسایەتى خاوەنەکەى . بەڵام کاتێک بۆ بارگواستنەوە بەکار دەهێنراو پێى دەڵێن (بارگیر یا بارگین) بەڵام کە دەیان خەساند پێیان گوتوە (یەختە یا بەرەغە).
- ئەسپى ڕەسەن ئەو ئەوسپەیە کە دایک و باوکى ناسراوبن، بەڵام ئەگەر نەناسراوبن ئەوە پێى ناگوترێت ڕەسەن.
- ماین تواناى زاوزێى هەیە و بە بێچوەکەى دەگوترێت (جوانوو). کاتێک ئەم بێچوە تەمەنى دەبێت بە دوو ساڵ پێى دەڵێن (نۆما) تا نەبێت بە سێ ساڵ سوارى نابن و بارى پێ ناگوازنەوە چونکە  ئێسکى ڕەق نەبوە و بڕبڕەکانى لاواز و نەرمن. بەڵام کە بوو بە چوار ساڵ ئەوکات دەڵین (پشتى گرتوە) ئیتر دەستدەکرێت بە ڕاهێنان و ئامادەکردنى بۆ سوارسوارێن و باربردن بەڵام هیلاکیەکى زۆرى دەوێت تا ڕادەهێنرێت. 
- ئەسپ ، ئاژەڵێکى یەک سمە و دەبێت ناڵ بکرێت ئەگینا سمەکانى بیرنداردەبن و زیان بە ئەسپەکە دەگەیەنێت، لە بەهاراندا ئەسپەکان بەرەڵا دەکرێن و کۆدەبنەوە و  (ڕەوە ) دروست دەکەن .

ب- کەر (گوێدرێژ) :-
- کەر بە نێرەکەى دەگوترێت نێرەکەر و بە مێیەکەى دەگوترێت ماکەر . ئاژەڵێکى باربەرە و تاک سمە و دەبێت ناڵبکرێت. کەر بۆ سوارى و بارگواستنەوە بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەسپ لە ئێستر و ئێستر لە کەر بەرزترە واتە کەر لەهەموویان نزمترە بۆیە سواربوون و بارکردنى ئاسانە.بەبەچکەى کەر و ئێستر دەگوترێت (جاش)، هەروەها کەر بە ئالیکى کەم دائەکەوێت و بەرگەى هیلاکى و برسێتى زۆر دەگرێت.

ج- ئێستر :-
- هەندێک جار پێى دەڵێن (قاتر) و نەزۆرکە واتە تواناى زاوزێ کردنى نیە. ئەسپ پەیدا دەبێت لە ئەنجامى جوتبوونى نێرەى کەر (نێرەکەر) لەگەڵ (ماین) کەمێیەیە. سێ ساڵى دەوێت تاپشت بگرێت و دواى سێ ساڵەکە دەست دەکرێت بە ڕاهێنان پێکردنى و بۆ ئەوەى ئامادەى بارگواستنەوە بکرێت ، ئێستر ئاژەڵێکى بەهێزە و توانى وەرگەڕانى بە شاخدا هەیە و دەتوانێت بارى باش بگوازێتەوە و لە ئەسپ و کەر باشتر دەتوانێ بەرگەى هیلاکى و ئازار و قورسى باربگرێت.بەڵام بەهەمان شێوە تاک سمە و بۆ پاراستنى سمەکەى دەبێت ناڵبکرێت.

د- گا :-
گا نێرەیە و مانگا (چێڵ) مێیەیە ، وەک مەڕ و بزن ئاژەڵى دوو سمە و ناڵ ناکرێت. پێشتر خەڵگ بە تایبەت جافە کۆچەریەکان بۆ گواستنەوەى بار و کەلوپەلیان لەجێگاى کەر و ئەسپ و ئێستر بەکاریان هێناوە بەڵام کاتێک پیر بوە و تواناى نەماوە سەریان بڕیوە و گۆشتەکەیان خواردوە.
بەچکەى گا و مانگا بە گوێرەکە (گۆلک) ناو دەبرێت و کاتێک لە شیر بڕایەوە نێرەکەى پێى دەگوترێت (نۆوەن (نەوەن)) و مێیەکەى پێى دەگوترێت (نێون).

3- بزن:-

- کاتێک نەوشیروان دەچێتە گوندى (کانى توو ) لە بنارى ئاسۆس باس لە جۆرێک ڕووەک دەکات کە بچوکتر بووە لە هەڵووژە ڕەشە و پێیان گوتوە (سیکەرۆ) کە تامێکى خۆشى هەبوە.
- هەروەها باس لە ژیانى خەڵک و بەخێوکردنى بزن دەکات، باس لەوە دەکات بزن لە مەڕو هەرزانتر و باشتر بەرگەى سەختیەکانى سروشت دەگرێت و باس لەوە دەکات کە ئەو ناوچەیە بزنى مەرەزى باشیان بەخێوکردوە و ژنەکانیان باشترین جۆرى شاڵ و مەرەزیان بەرهەمهێناوە . هەروەها باس لەوە دەکات کە سێ جۆر بزن هەن لە کوردستان کە بریتین لە بزنى ڕەش و بزنى سپى و بزنى مەرەز.
- بەچکەى بزن لەو ساتەوەى لەدایک دەبێت تا سێ مانگ بە کار (کارژۆڵە) ناو دەبرێت، لە سێ مانگیەوە تا یەک ساڵ پێى دەڵێن (گیسک)، لە یەک ساڵ تا دوو ساڵ پێى دەڵێن (چتر (چتیر)). لە دواى دوو ساڵ ئینجا بە نێرەى دەگوترێت (تێرى ، سابرێن ، تەگە) و بە مێیەکانیش دەڵێن (بزن).
- ئەو ساڵەى بزن نەزێ شیرى نابێت و پێى دەڵێن بزنى (قسر).
- بزنى ڕەش و بزنى مەرەز لەگەڵ نێرەى یەکتر جووت دەگرن و بێچووى یان دەبێت و پێى دەڵێن (دووڕەگ).
- بزنى ڕەش سوکەڵەیە و بەرگەى سەختى دەگرێت تواناى زیاترە لە جۆرەکانى تر و بە ئاسانى بەسەر شاخدا وەردەگەڕێت، بەڵام زیانى زۆرى هەیە بۆ سروشت چونکە چرۆى تازەى درەختەکان دەخوا و توێکڵى قەدەکەیان لێ دەکاتەوە و بەمەش درەختەکە وشک دەبنو هەر بۆیە پێى دەڵێن (کولەى ڕەش).
- موى بزنى ڕەش زبرە بەکەڵکى دروستکردنى جلوبەرگ نایەت بەڵکو بۆ دروستکردنى گوریس و ڕەشماڵ بەکاردێت، بەڵام موى بزنى مەرەز نەرمترە و دەتوانرێت جلوبەگى پێ دروست بکرێت وەک شاڵ و دەستکێش و پوزەوانە و تەنانەت بەتانیشى لێدروست دەکرێت لە هەندێک ناوچە.

4- هەنگ:-

- کاتێک دەچنە ناوچەى (زارگەلى) دەڵێت لە ئەشکەوتێکى پشتمانەوە هەنگێکى تێدابوو کەس نەیدەتوانى بیبڕێت شوێنەکەى زۆر سەخت بوو هەموومان چاومان تێبڕیوو هەرچى هەوڵمان دەدا سەرکەوتو نەبووین . لەو بابەتەوە دەچێتە ناو بابەتى هەنگ و هەنگەوانیەوە و باس لە هەنگ دەکات بەم شێوەیە :-
- هەنگ نێرە و نێیە و شاى هەیە ، نێرە قەبارەى گەورەترە لە مێیە  و ڕەنگى بۆرە و چزووى نیە و ناتوانێت پێوە بدات. مێیە لە نێرە بچوکترە و باریکەلەیە و ڕەنگى تێکەڵە لە ڕەش و زەرد و هەنگویندەکات و چزووى هەیە بۆ پێوەدان و لەکاتى پێوەدان چزوەکەى دێتە دەرەوە و دەمرێت.
- لە بەهاراندا پورە دەدات و کەسێک دەیگرێت یا خۆى دەچێتە شوێنێک و پێکهاتویەکى شین دروست دەکات کە بە (بەرەمێو) ناو دەبرێت لە زستانیشدا کونى هاتوچۆى پێ بچووک دەکەنەوە.هەروەها لە بەهار و هاویندا بە دروستکردنى هەنگوین و شانەوە خەریکن.
- دانیشتوانى گوندەکان لە بەهاراندا هەنگەکانیان دەبن بۆ کوێستانەکان و لە پایزدا دەیانگێڕنەوە بۆ هەنگەڵانەکانیان لە گوندەکان. مێوى هەنگوینى ئەو شوێنانە سپیە و هەنگوینەکەى زەردى کاڵە ، سەرچاوەى مێوەکە گوڵى گەونى کەتیرەیە و سەرچاوەى هەنگوینەکەش هەڵاڵەى گوڵە بۆنخۆشەکانى کوێستانەکانە.
- هەنگ چەند دووژمنێکى هەیە لەوانە مڕە ، زەردەواڵە ، مارمێلکە ،شەوگەرد، هەنگە خۆرە، کەنەسمە.
- مڕە/ جۆرە پەپولەیەکە دەچێتە ناو پورەکەوە و لەناو شانەکانى و گەرا دادەنێت و شانەکانى وێران دەبن و هەنگەکە دەمرێت.
- ورچ/ کاتێک ورچ بە شوێنەکەیان فێربوو پورەکە دەشکێنێ و هەنگوینەکەى دەخوا و هەنگەکان سەرگەردان دەبن.
- هەندێک جار هەنگ توشى نەخۆشى و کێشە دەبێت و نەوشیروان مستەفا لێرەدا باس لە هەندێک لەو کێشانە دەکات بەم شێوەیە:- هەندێک جار هەنگ توسى زەردووى دەبێت و بۆ چارەسەریان بە دوکەڵى ئێسکى ماسى قانگ ئەدرێن. هەندێ جار توشى ڕەوانى (سکچوون) دەبن. هەندێک جار لە برساندا پەلامارى پورەى یەکتر دەدەن و بەهەزارانیان بە کورژراوى لەبەردەم کونەکانیان دەبینرێت و لەم کاتەدا باشترە هەندێک خۆراک وەک شیرینى و شەکریان بۆ دابنرێت.
- شەمە تلێنکە :- نەوشیروان مستەفا باس لە جۆرێکى تر لە بەرهەمهێنەرانى ترى هەنگوین دەکات و دەڵێت :- جۆرێکى کە هەنگ هەیە کە قەیارەیان بچوکە و لە کونى تاوێر و بەرد شانە دروست دەکات و پێى دەڵێن (شەمە تلێنکە) و لە هەندێک ناوچەش پێى دەڵێن (شەپە توکە) کە هەنگوینێکى خۆشتر لە هەنگى ئاسایى بەرهەمدێن و بەڵام کەمە و بەشى پارویەک دەکات. هەروەها دەشڵێت ڕەنگە تا ئێستا کەس هیچ لێکۆڵینەوەیەکى زانستى لەسەر شەمەتلێنکەى کوردستان نەکردبێت .

5- بەڕوو:-

- لە کاتێکدا کە لەگەڵ پێشمەرگەکان دەچنە بنارى ئاسۆس دەست دەکەن بە خانوو دروستکردن لەو کاتەدا دەچن بۆ بڕینى دارى بەڕوو بۆ سوتاندن و دارەڕاى خانوو لەو کاتەدا خەڵکى ناوچەکە دەچنەلاى نەوشیروان مستەفا و گلەى ئەوەى لێدەکەن کە ئەم بەڕوان دەیان جار خۆیان و ئاژەڵەکانى لەمردن پاراستوە و باشترە نەیانبڕن، لەو بابەتەدا دەڵێت :-
- بنارى ئاسۆس پاش چنارنى چڕترین شوێن بوو بە هەریەک لە دارەکانى بەڕوو ، قەزوان ، گۆیژ ، بڵاڵوک داپۆشرابوو خەڵکەکەى نەیان دەبڕینەوە بەرەکەى بۆ خواردنى خۆیان و گەڵاکەى بۆ خۆراکى ئاژەڵەکانیان بەکار دەهێنا. بەڕوو دارێکى قورس و پتە و بەهێزە چەند جۆرێکى جیازاى هەیە و بەرەکانیاشیان جیاوازن، ئەمانە کۆمەڵێک بەرهەمن کە بەڕوو بەرهەمیان دێنێت و نەوشیروان مستەفا باسیان دەکات:-
ڕ‌- بەڕوو :- دانەى بەڕوو درێژکۆلە و ڕەنگى قاوەیی تێرە هەندێکیان گەورەن و پێیان دەڵێن (وێڵو) کە کڵاوێکیان لەسەر دایە و پێى دەڵێن (جەوت) کە پێشتر بۆ خۆشەکردنى کونە و مەشکە و هیزە بەکار دەهات، بەڕوو لە زستاندا خستویانەتە ناو ئاگردان و برژاندویانە و خواردوویانە یا هاڕیویانە و کولێرە (خەپلە) یان پێ دروستکردوە و خواردوویانە بەم شێوەیە خۆیان لە قات و قڕى و بێ خۆراکى پاراستوە.
ب‌- مازوو :- بەڕێکى خڕ و سەختە(ڕەق) و لە پایزدا دەیچنن و لە بازاڕ بە کیلۆ دەیفرۆشن ، مازوو بۆ دوو مەبەست بەکار دەهات. بۆ خۆشەکردنى پێستەى ئاژەڵان و هەروەها بۆ ئەو کەسانەى کە تلۆق و هەڵئاوساوى و برین و سوتاوى دروست دەبوو لە کاروانەکان لەگەڵ خەنە تێکەڵى دەکەن و دەیدەن لە قاچیان و پێستى پێیان (پنگر) دەکات.
ت‌- گزگل :- هیچ ڕوونکردنەوەیەکى نەداوە.
پ‌- سیچکە :- لە هەندێ ناوچە پێى دەڵێن (گڵوان) کە بەرێکى خڕى قاوەیی تۆخە و بەرگێکى ڕەقى هەیە و ناوەکەى شێوەیەک لە ئاردى زەردى تێدایە و بەهایەکى بازرگانى ئەوتۆى نیە .
ج‌- گەزۆ:- هەندێک ساڵ گەزۆر لەسەر دار بەڕوو دەبارێت و گەڵاکانى کۆدەکرێتەوە و وشک دەکرێتەوە و دەهاڕدرێت و دەکوڵنرێت پاشان شەوەکە و گەزۆرى لێدروست دەکرێ. لێکۆڵینەوەکان دەریان خستوە کە گەزۆر نابارێت بەڵکو گیانەوەرێکى بچووک کە بەچاو نابینرێت لەسەر دار بەڕوو گەشەدەکات و پاش کۆمەڵێک کارلێکى کیمیاوى گەزۆ دروست دەبێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە