ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

پەیکەرێکی زەبەلاح بە هزرێکی بچکۆلانە

Tuesday, 05.26.2020, 0:42

3746 بینراوە


لەسەر بەرزایەکانی شاری سنە پەیکەرێکی هەرەگەورەی هادی زیائەدین دانراوە. ڕۆژنامەوانەکە ئاوا باسی پەیکەرەکە دەکات :
پەیکەرێکی گەورە بە پەیامێکی گەورە، پەیامەکەی هەستانەوەی نەتەوەیەکە، پەیکەرەکە 22 مەتر بەرزە، بەلام بۆ هادی زیائەدین ماندوبونی هەشت ساڵ لە پەیکەرەکەدا گرنگە، نەک قەبارەکەی .
هادی زیائەدینیش دەڵێت :
ئەمە تەنها مەسەلەی شەهادەت نیە، ئەمە ئەو بەڵایانەیە بەسەر میلەتێکدا هاتوە، ویستومە لە دو دانە منداڵی شەهید ئەو کارەساتە پیشان بدەم. من باوکێکم دروستکردوە هیچ تۆپێک نای لەرزێنێت، هیچ ئالوگۆڕێک لەتەئریخدا ناتوانێت ئەو باوکە لەکار بات، ئەم باوکە پشتی نەشیاگە، پایەدار و مەحکەم، لەسەر جێگای خۆیا وەسیاگە، ئەمە تەنها باوکێک نیە، یەک مەملەکەتە، یەک میلەتە.


پەیکەرەکە وەک دەیبینن پیاوێکە بە جلی کوردیەوە دومنداڵی مردوی بە لای چەپو راستیا لەباوەش گرتوە، شکڵی پەیکەرەکە بە شکڵێکی هەندەسی بەشبەش کراوە، کە تۆزێک لە شکڵە کلاسیکیەکە لای داوە، باوکەکە هەرچەندە بە پێوە وەستاوە بەڵام وەک منداڵەکان بێ گیانو مردو دیارە، هیچ جولاندنەوەیەک یان گوزارشتێک لە هەڵسوکەوتیا بەدی ناکرێت : جگە لە تۆزێک مۆنی و سێبەری ناڕازیبون لە ڕوخساریدا نەبێت، نە هەنگاوێکی ناوە بەرەو پیشەوە نە توڕەبونێک دەبینرێت لەنیگایدا، نەخۆشەویستیەک بۆ منداڵەکانی، وەک ئەوەی کە ئەو دو منداڵانە پیشانی بینەران بدات، خۆ ئەگەر ئەو باوکە دو بار تەماتە یان دو ماسی گەورەی بەسەر شانەوە بوایە بۆ فرۆشتنیان لە بازاڕی سەوزە و میوە، هیچی لەباسەکە نەدەگۆڕی و نیگا و جۆری وەستانی دەگونجا لەگەڵیا.
کاتێک سەیری پەیەکەرەکە دەکەینو گوێمان لە پەیکەرتاشەکە دەبێت، دوجیهانی تەواو جیاوازن، ئەم پەیکەرە تەنها لە هزری پەیکەرتاشدا مانای سەرهەڵدانەوەی نەتەوەیەک یان بەرخۆدانو سەرکەوتن ئەگەیەنێت، دەنا بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بەو باسەوە نیە. پاشان کە دەلێت : ( هیچ تۆپێک نای لەرزێنێت، ناتوانێت لەتەئریخدا لای بات، پەیادار و مەحکەم لەسەر جێگای خۆی وەسیاگە )، زیاتر لە قسەی حەماسی پیاوانی سیاسی دەچن هەتاوەکو زمانی هونەرمەندێک. ئەوەی کە هومەرمەند لە دڵیدایە و بیری لێکردۆتەوە لەگەڵ ئەوەی دەیبینین لە کارەکەیدا، دوجیهانی تەواو غەریبن بەیەکتری . 
من کاتێک ڕەخنە لە کارێکی هونەری دەگرمو بە سادەترین زمان، دور لە بنێشتجوینو قسەی باقوبریق، هەوڵ ئەدەم رونی بکەمەوە کەئەو کارە کارێکی هونەری نیەو ئەو مانایە نادات کە هونەرمەند مەبەستی بوە و بەزمانی هونەر نەکراوە، خزمەتیش بەکۆمەڵگەکەمان ناکات، خەڵکی لێم دێنە هاوار، بەبێ ئەوەی بتوانن بەیەک وشەش بەرگری لەخۆیان یان لەکارە هونەریەکە بکەن، دژی قسەکانم دەوەستنەوە وەک ئەوەی کە من بێ ڕێزیم بە کورد و کوردوستان کردبێت. ڕەخنەگرتن ڕقوکینە نیە، ڕێگایەکە هەتاوەکو هونەرمەند ڕوبەروی ڕای جەماوەرەکەی ببێتەوە، بەڵکو بەو بۆنەیەوە بتوانێت زیاتر خۆی بە بەرپرسیار بزانێت کاتێک کارێکی هونەری ئەنجام ئەدات .
ئێستاکە لەبەر ڕۆشنایی چەند نمونەیەک باسی ئەم پەیکەرە دەکەین کە چۆن کارێکی ناڕەوایەو نەکردنی زۆر باشترە لەبونی بەو بەرزاییەوە. دڵنیاشتان دەکەمەوە لە بۆچونەکانمدا نە پەڕەی بۆچونی هونەرمەندێکی ئەوروپیتان بۆ تەرجومە دەکەم نە کۆپی پەیجی ویکی پێدیا.

ستایلی پەیکەرەکە:

کاتێک هونەرمەند پەنا دەباتە بەر گۆڕینی شکڵێک، بەمەبستی ئەوەیە کەبتوانێت لەو ڕێگەیەوە هەستێک دەربڕێت کە شکڵە کلاسیکیەکە ڕێگربوە لێی. بیرۆکەی ئازادیدان بە شکڵ بە بزوتنەوەی کوبیست: 1907 وە دەستی پێکرد، بزوننتنەوەی کوبیست یەکێک بو لە هەرە گرنگترین بزوتنەوەی هونەری کە یارمەتی هونەرمەندانی دا کە بتوانن بە ئازادیدان بەشکڵ زیاتر هەستوسۆزی خۆیان دەربڕن. ئەمەش وەک پێوسیتیەکی گرنگ، لەبەر ئەوەی کە وەک چۆن هۆنراوە لە قافیەدا سجن کرابو، بەهەمان شیوە هەستو سۆز لە هونەردا لە شکڵێکی کلاسیکیدا، بە پێدانی ئازادی بە شکڵ، هونەرمەندان توانیان لەو ڕێگەیەوە زیاتر گوزارشت لە هەستو سۆزی خۆیان بکەن . بۆ نمونە لەم پەیکەرەی خوارەوە دا کە ساڵی 1913 لە لایەن هونەرمەند : umberto boccioni کراوە ، دەبینین کە چۆن هونەرمەند تەواو شکڵەکەی گۆڕیوە، بەو هۆیەوە توانیویەتی هەستو هێزێکی جیاوازتر بدات بەو مرۆڤەی کەهەنگاو دەنێت.

Umberto Boccioni – L’homme qui marche (1913) Bronze

لەم کارە هونەریەدا مرۆڤێک دەبینین بە هێزێکی سەرسوڕهێنەرەوە هەنگاو دەنێت بەرەو پێشەوە، بەرەو ئامانجێک، رەوتی مرۆڤمان پیشان ئەدات لە ژیاندا. خۆ ئەگەر هەمان مرۆڤی بکردایە بە شیوەیەکی کلاسیکی هەمان تێڕوانینمان نەدەبو بۆ ئەو پەیکەرە، ئازادی دان بە شکڵەکە تەواو تێڕوانینمان دەگۆڕیت بۆ پەیکەرە کە. ئەو ئازادی دانەش بەو شکڵە بەستایلێک کراوە کە لەهەمو خاڵێکی پەیکەرەکەدا بەدی دەکرێت، بە لۆژیکێکی ژیرانە کراوە، کە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکە کە هونەرمەند بە ڕیکەوت نەیکردوە، وەک چۆن شەپۆلی دەریایەک لەهەمو خاڵێکدا هاوبەشن، ئەم شکڵەش بەهەمان شیوە، لەبەر ئەوەی کە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی جێگیرە، هونەرمەند ئاگامەندە.
نمونەی ئەم پەیکەرانەی خوارەوەش بۆ گایەک یان بۆ ژنێک هەمان بیرۆکەیە.


بەلام پەیکەرەکەی کاکی زیائەدین کە ویستویەتی لە شکڵە کلاسیکەیەکە لابدات، هیچ هونەرێکی تێدا نیە: زۆر بە شەرمنانە لە شکڵە کلاسیکیەکە لای داوە، خۆ ئەگەر ئەو گۆڕانکاریەشی نەکردایە لە شکڵەکەدا هیچی لە باسەکە نەدەگۆڕی، هیچی لە تێڕوانینمان نەدەگۆڕی، تەنها ئەوە نەبێت کە هونەرمەند بەم کارەی دەیەوێت پێمان بڵێت کە گوایە هونەرێکی مۆدێرنی کردوە، بەلام تەواو هەڵەیە لەبەر ئەوەی کە ئەو تەنها بەچاو، بە شکڵ، مۆدێرنیتێی خوێندۆتەوە نەک بە لۆژیک. گۆڕینی شکڵە کلاسیکیەکە زیاتر لە دەستڕەنیگنی دارتاشێک دەچێت هەتاوەکو لە کاری هونەرمندێک، مەبەستم ئەوەیە کە هەمو هونەرمەندێک دەست ڕەنگینە دەتوانێت گۆڕانکاری لە شکڵێکدا بکات، بەڵام هەمو دەستڕەنگینێک هونەرمەند نیە، لەبەر ئەوەی کە کاکی زیائەدین پرسیاری لەخۆی نەکردوە کە بە چ مەبەستێ ئەو گۆڕانکاریەی کردوە لەو شکڵە کلاسیکیەدا، وەک چۆن دارتاشیک بە بێ ئەوەی ئاراستەیەک بدات بەو گۆڕانکاریەک لە شکڵێکدا، تەنها بۆ دەستڕنگینی. کاری هونەرمەند جیاوازە، هونەرمەند واتە ئاگامەندی. جگە لەوەی کە شکڵە هەندەسیەکانی کاکی زیائەدین هیچ لۆژیکێکی هونەریان تێدا نیە، ناچنە خانەی دابەشکردنێکی ژیرانە، دابەشکردنێکی هەندەسیە کە تەواو بە شکڵە کلاسیکیەکەوە دەقی گرتوە، تەنها چرچو هێڵەکان هەندەسی بون بە بێ ئاراستەو مەبەستێکی پێکراو. خۆ ئەگەر بیوستایە باسی خۆ ڕاگری بۆ بکردینایە دەبوایە هەمو هێڵە هەندەسیەکان یەکیان بگرتایەتەوە و بەرەو سەکۆیەکی جێگیر، قەلایەکی پتەویان بۆ ئەو باوکە پێکبهێنایە، یان ئەگەر بیوستایە باسی سەرهەڵدانەوەی بۆ بکردینانە دەبوا هێڵە هەندەسیەکان هەمویان بەرەو ئاراستەیک لەیەک خاڵدا یەکتریان بگرتایەتەوە پاش پەرژوبڵاوبونەوەیان، بێگومان ئەمەی باسی دەکەم تەنها وەک نمونەیەکی سادەیەو تەنها هەڵبژاردەش نیە، چەندەها ڕێگای تر هەنە. خۆ ئەیتوانی بەو گۆڕانکاریە باسەکەی دەولەمەندتر بکردایە، وەک دەیبینین هێڵەکان هیچ لۆژیکێکیان تێدا نیە : هێلە هەندەسیەکان ونبونو دەخولێنەوە و بینەریش لەگەل خۆیاندا ون دەکەن، نازانین دەوریان چیە لە باسی بەرخۆدان و سەرهەڵدانەوەدا. کەواتە ئەم هێلە هەندەسیانە بەمەستی چی کراون ؟ تەنها بە میکانیکی کراون، ئەمەش ئاستی ڕۆشنبیری کاکی زیائەدینمان پیشان ئەدات لەو بوارەدا. خۆ ئەگەر ئاگامەند بوایە کە بە چ مەبەستێک ویستویەتی لە شکڵە کلاسیکیەکە لابدات، ئەوا بێ شک ئامانجەکەی دەپێکا . پێدەچێت کاکی زیائەدین ویستبێتی بەم کارەی چەمکی مەحکەمییمان پیشان بدات وەک خۆی دەڵێت : پایەدار و مەحکەم لەسەر جێگای خۆی وەسیاگە. کام پایەدار ؟ کام مەحکەم ؟ بینەر ئەوە نابینێت.

باری وەستانی پەیکەرەکە بە پێوە :

باوکە کوردەکە دومنداڵی مردوی بە باوەشەوەیە، ئەو دو منداڵە مردوە بە میکانیکی لەسەر شانو باڵی باوکەکە دانراون، پەیوەندیەکی قوڵ نیە لە نیوان باوکو دو مندالەکەدا، خۆ ئەگەر دو شوتی یان دو ماسی بگرتایە بە شانیەوە هیچی لەبەسەکە نەدەگەڕۆی، لەبەر ئەوەی کە باوکەکە بێ گیانە، راستە تۆزێک مۆنی و بێزاری بەدەمو چاویەوە دیارە کە دورە لە چەمکی خۆڕاگری و سەرهەڵدانەوە، دەموچاوێکی بێ هەڵوێستە وەک ئەوەی کە هیچ کارەساتێک روینەدابێت، وەک ئەوەی کە ئەو دو مندالە هی ئەو نەبن، سەرنجت ڕاناکێشیت بەلای خۆیدا. باوکەکە بە پێوە وەستاوە وەک هەمو مرۆڤێک، نە هنگاوێکی ناوە بەرەو پێشەوە نە بە شوێنێکدا سەردەکەوێت، هیچ جولاندنەوەیەک نابینین لە هەڵسوکەوتیدا کە گوزارشت لە مانایەکی قول بکات، وەک مندالەکان مردوە و بێ گیانە. وەک ئەوەی دو مندالەکە بەرامبەر بە بینەر پیشان بدات، ئەمەش وەک زۆر لە کارە هونەریەکانی کەسانی ڕۆژهەلاتی : ستایلێکی بەربڵاوە کە پەیکەرەکان بەرامبەر بە بینەر بوەستنو بدوێن، وەک چۆن کەسانی کەڕولاڵ پیوستیان بەوەیە کە تۆ باش سەیریان بکەیت هەتاوەکو لەمەبستیان تێبگەیت، لەبەر ئەوەی کە زمانیان نیە بۆ دەربڕینی هەستو مەرامی خۆیان ، بۆیە پەنا دەبەنە بەر خۆ نمایشکردن بەرامبەرت. پەیکەرێک، کارێکی هونەری، پیویستی بەوە نیە لەگەل ئێمەدا بدوێت، بەرامبەرمان بوەستێت یان شتێکمان پیشان بدات، هەتاوەکو لەمەبەستی تێ بگەین، بەڵکو سەرنجی خۆی بەو بۆنەیەوە بەلای ئێمەدا ڕاکێشێت هەتاوەکو ئێمەش ئاوڕی لێبدەینەوە. پەیکەر، کاری هونەری، وەک ئەوەی کە هەیە، تەنێکی سەربەستە، وەک خۆی بونی هەیە، پێویستی بەوە نیە ڕومان تێ بکات هەتاوەکو سەیری بکەین، ئەمە لاوزترین خاڵی پەیکەرەکانی ڕۆژهەڵاتن : هەمیشە بەرامبەر بە جمهور وەستاون، لە جیهانی خۆیاندا نین.

ئەو پەکەرەی خوارەوە پەیکەری هونەرمەندی فەرەنسی : ڕۆدان، ساڵی 1880 کراوە، بە زمانێکی ئونیڤێرسێل کراوە، پێویستی بەوە نیە رو لە جمهور بکات، هەرچەندە بە شکڵێکی کلاسیکی کراوە، هەرکەسێک دەیبینێت هەست بەوە دەکات کە ئەو کەسە لەگێژاوی بیرکردنەوەدایە، وەک ئەوەی کە بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت، مرۆڤێکی لاواز نیە، هەمو گیانی ماسولکەیە بەڵام وادیارە کە ماسولکەکانی یارمەتیدەر نەبن لە تەنگژیەکەیدا، سودیان نەبێت لە تەنگژیەکەیدا. ئەمەش باسێکی گرنگ بەدای خۆیدا دەهێنێت.

پەیکەرەکەی کاکی زیائەدین، مرۆڤێکە بە سەرپێوە، جۆری وەستانی مرۆڤەکە هیچمان پێ ناڵێت، تەنها لەبەر ئەوەی کە دو قاچی هەیەو مرۆڤە بۆیە بە پێوە وەستاوە. کاتێک هونەرمەندێک کارێکی هونەری دەکات هەمو جولەیەک دەبێت بدرێتە بەر پرسیار وەک چۆن کەسایەتیەک لەسەر شانۆ. هەمو جوڵاندنەوەیەک مەبەستێکی لە پشتەوەیە، بەو جۆرەی ئەو باوکە بە پێوە وەستاوە هیچ شتێک لە هەستمانا ناهروژێنێت، هیچ بیرکردنەوەیەک. گوایە کەسێکی مەحکەمو، خۆ ڕاگرە و چەمکی هەڵسانەوەی نەتەوەیەکمان بۆ باس دەکات.
بچوکترین جولاندنەوە و باری لەشێک لە نەستی ئێمەدا مانایەک دەبەخشێت، بۆ نمونە کاتێک سەیری ئەم وێنەی خوارەوە دەکەین، ئەو مرۆڤانەی بە گرافیزم کراون بە بێ ئەوەی کە دەموچاویان ببینین تەنها لە باری وەستانو جۆری دانانی دستو قاچیان، بەبینینی هەر وێنەیەکیان فکرەیەک دێت بە بیرمانا، دەزانین ئەو کەسە چی دەکات، چی دەوێت، لە چ حالەتێکدایە، بەمەرجێک شکڵی زۆر سادە و ساکاریشن :


پەیکەرەکەی کاک زیائەدین تەنها باوکێکمان پیشان ئەدات کە دو منداڵی مردوی بە شانەوەیە بەرامبەر بە بینەر وەستاوە و هیچی تر، ئەمەش هیچمان پێ ناڵێت، هیچ داهێنانێکی تێدا نیە.

ئەم پەیکەرە سودی چیە ؟

کاکی زیائەدین باوکێکمان پیشان ئەدات کە دو منداڵی مردوی بە باوەشەوەیە، ئەم وێنەیەش هەمان ئەو وێنەیە کە هەمو ڕۆژێک دەیان بینین لە میدیاکانەوە، لەو ناوچانەی کە شەڕو دژواریان تێدا روئەدات، باسێک نیە کە ڕاستەوخۆ بەسرابێتەوە بە باری ژیانی کوردو کوردوستانەوە، با جارێک چەمکی هەڵسانەوەی نەتەوە و خۆڕاگری لەبیر خۆمان بەرینەوە. کاتێک منداڵیک، تاکێکی کورد دێتە دەرەوە بە بەرزایی شارەکەیەوە ئەو پەیکەرە دەبینێت، سودی ئەو پەیکەرە چیە بۆ ئەو ؟ ئایا کاریگەریکەی ئەرێنی دەبێت لەسەری ؟ جگە لەو وێنەیەی کە هەمو ڕۆژێک لە میدیاکانەوە دەیبینێت چی تری پیشان ئەدات ؟ چ هەستێکی ژیرانە دەهروژێنێت لە ناخیدا ؟ هیچی تر . سودی چیە کە ئەو مندالە هەمان وێنە ببینێتەوە کە هەمو ڕۆژێک لە سەر تەلەفزوێنو میدیاکان دەیبینێتەوە ؟ چ سودێک بە جیلی دوای خۆی دەگەیەنێت ؟ چ سودێک بە مێژو دەگەیەنێت ؟ چ داهێنانیكی کردوە ؟ چ تێڕوانینێکی نوێ وەک هونەرمەندێک بۆ دەوروبەرو روداوەکانی پیشان داوە؟ وەلامەکەی : هیچ . لەبەر ئەوەی هونەرمەند تێروانینێکی قوڵی نەبوە، هۆشمەندیەکی جیاوازی بۆ ڕوداوەکان نەبوە، بۆیە شتێکی ئەوتۆ نابینین کە جێی سەرنجو لێکدانەوە بێت، کاتێک بە تەنیشتیەوە تێپەردەبین بتێکی بێگیان دەبینین، دو منداڵی مردو دەبینین لەباوەشی لەشێکی مردودا.
راستە لە شوێنێک وەک کوردوستان هەروا ئاسان نیە کە بتوانین کارێکی هونەری مۆدێرنو شکلێکی تەواو غەریب لەناو شارێکدا دابنێین، بەلام خۆ تەنها بە شکلێکی کلاسیکیش دەتوانرا شتێکی جوان دەربڕین کە هەڵقولاوی فکرێکی ژیر بێتو دوبارەبونەوەی ئەو وێنانە نەبن کە لە میدیاکاندا دەیان بینین، لەبەر ئەوەی کە هونەری شێوەکاری دەتوانێت لە قالبە ڕیالیسمەکەی بچیتە دەرەوە بۆ وەدستهێنانی مانایەکی تر بۆ ڕوداوەکان ئەگەر نا ئێمە پیویستمان بە هونەرمەند نیە . باشتر وابو چەند فڕفڕۆکەیەکی گەورەی بە رەنگی پەلکە زێرینە بکردایە بەو بەرزاییەوە، یان شکڵێکی ڕنگاوڕەنگ بۆرازانندنەوەی زیاتری ئەو سروشتە، زۆر سودی زیاتری بە خەڵکی شارەکە دەگەیان هەتاوەکو پباوێکی دوجار مردو.

پرۆژەیەکی تر بۆ بەرزاییەکانی شاری سنە

ئێمە ئەمڕۆ دوای چەندەها هەزار ساڵ لە رەسمو نەخشو شارستانی و مێژوی هونەر، کە لە نەخشی سەر دیواری ئەشکەوتەکانەوە دەستی پێکرد، تێروانینمان گۆڕاوە بۆ شکڵو باسەکان، بەڵام هەندێک شکڵو هیما هەمان کاریگەریان هەیە لەسەرمان، هەمان کۆدن لە نەستمانا، وەک چۆن لای هەمو مرۆڤێکی روی سەرزەوی شکڵەکان لەخەودا یەک مانایان هەیە : کەلە سەر، ئێسقان، دان، قژ، ڕیش، شاخ.........تاد، شكڵەکانیش بەهەمان شیوە، ناتوانین باوکێکی مردو بە دو منداڵی مردو لەباوەشدا، بە زۆرە ملێ ببەستینەوە بە چەمکی سەرهەڵدانو خۆڕاگری نەتەوەیەکەوە.
وادیارە کە سەردەمەکەمان تەواو گۆراوە خەڵکی سەریان لێ شێواوە و نازانن چۆن گوزارشت لە هزری خۆیان بکەن، لەبەر ئەوەی جگە لەوەی کە خۆیان سەربەست نین لە بیرکردنەوەیاندا، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ کەمی شارەزاییان لە هونەردا، لەهەمان کاتا لەژێر کاریگەری کۆمەلێک چەمکدان کە داوای جۆرێک لە هونەریان لێ دەکەن، بەلام دەوری هونەرمەند ئەوەیە کە لە گۆشە نیاگایەکی ترەوە سەیری روداوەکان بکات، ئەگەر هونەرمەند ئەو بوێریەی نەبێت، ئەو هۆشمەندیەی نەبێت، ئەو توانایەی نەبێت، کەواتە دەوری هونەرمەند چیە لە کۆمەڵگەدا ؟
مێژو گرنگە، ئاگاداربون بە مێژوی هونەرو شارستانیەتەکانی تر بۆ هونەرمەندێک کەرەسەی بنەڕەتیە، بەلام مەرج نیە هەمان وێنە و هیما دوبارەبکەینەوە، ئێمەش دەتوانین شکڵو تێڕوانینی خۆمان هەبن بۆ باسەکان، بەجۆرێکی تر هەستی خۆمان دەربڕین، بە کەڵچەری خۆمان، بەو شکڵانەی لەدەروبەرمانا دەیابینین، ئەو شکڵانەی کە کەس گرنگی پێ نادات، ئەوە کاری هونەرمەندە بیان دۆزێتەوە و وەک شوناسێێک بەکاریان بێنێت لە کارەکانیدا، لەهەر بوارێکدا بێت: لە بواری ئارشیتاکتور، فلیمسازی، فۆتۆگرافی...تاد بەلام خالی دەستپێک فێربونی زمانەکەیە، واتە چۆن گوزارشت لە هەستی خۆم بکەم بە شکڵێک. چونکە ئەم جۆرە کارانە پێمان دەڵێن کە کورد هەرگیز خاوەنی شارستانیەت نەبوە و تواناشی نیە ببێتە خاوەنی شارستانی .
ئەو کارەساتانەی روئەدەن لەدەوروبەرماندا ئەتوانن ببنە کەرەسەی باسەکانمان، ئەمانەش لە مێژودا رویان داوە، زەقترین نمونە تابلۆکەی پیکاسۆیە بۆ شەڕی ئەهلی ئیسپانیا ساڵی 1937، کاتیک نازیو فاشیستەکان بۆمبارانی خەڵکی سڤیلی ئیسپانیا دەکەن :
گێرنیکای پیکاسۆ 1937
 کاتێک سەیری ئەم تابلۆیە دەکەین، دەبینین کە چۆن ئازاری منداڵو حیلەی ئەسپو هاواری دایکان پێکەوە لەیەک ستایلدا تێکەڵ بون، بە شکڵو هێڵی هەندەسی ژیرانە، ئەگەر پیکاسۆ توانیویەتی بەو جۆرە گۆڕانکاری لە شکڵەکاندا بکات ئەوە بەرهەمی بزوتنەوەی کوبیستە کە یارمەتی داون شکڵەکان ئازدبنو زیاتر گوزارشت لە هەستی ئەو بکەن. لێرەدا پێویست بەوەناکات هونەرمەند چیرۆکمان بۆ بگێرێتەوە، تابلۆکە خۆی ئەدوێت، باسی ئازارو ئەشکەنجەی هەمو مرۆڤێک دەکات لەکاتی شەڕدا ، پێوسیتیشی بەوە نەبوە جلوبەرگی فلامنکۆی ئیسپانی پیشانبدات هەتاوەکو پێمان بلیت کە ئەو کارەساتە لە ئیسپانیا رویداوە، پیکاسۆ باسی ئازاری مرۆڤ دەکات، لەبەر ئەوەی کە هونەر زمانێکی ئونیڤیرسێلە. خۆ ئەگەر کاکی زیائەدین بیوستایەت باسی هەستانەوەی بۆ بکردینایە، پیویستیشی بەوە نەدەکرد کە پیاوێکمان بۆ بکات بە جلکی کوردیەوە، ئەیتوانی باوکێکمان بۆ بکات دومنداڵی توند بە باوەشەوە گرتوە و بە زەویدا کەوتوە و دەیەوێت هەڵسێتەوە، یان دەستی دو منداڵی بگرتایەو بە هەنگاوێک بەرەو ئاسۆیەکی بەرز هەنگاوی بنایەت، یان ئەگەر بیوستایە باسی خۆڕاگری و مەحکەمیمان بۆ بکات ئەوا دەبوا لەشی باوکەکەو دو مندالەکەی بۆ بکردینایە بە شکلێکی جێگیر وەک پیرامید . لەبەر ئەوەی کە کاکی زئایەدین نەیتوانیوە هیچ لەم باسانە بکاتە هەوێنی کارەکەی جگە لە پیشاندانی دومنداڵی مردو، هەربۆیەش خاڵی هەندەسی کەوەک بیرۆکەی مۆدێرنیتێ بەکاری هێناون هیچ دەورێکیان نیە لە پەیکەرەکەدا، هیچ ڕۆڵیک ناگێڕن. کاتێک سەیری ئەو تابلۆیەی پیکاسۆ دەکەین دوای هەر هێلێک دەکەویت پەیوەندی و بەردەوامی هەیە لەگەل هێلو شکڵەکانی تر، هەمویان بەستراونەتەوە بەیەکەوە لەبەر ئەوەی کە لەیەک جیهاندان، لەیەک باسدان، بەڵام کاتێک دوای هێڵە هەندەسیەکانی پەیکەرەکەی زیائەدین دەکەوین، دوای هێڵی جامانەی باوکەکە دەکەوین، هەریەکەو بەلایەکدا دەڕوات، پیوەندیەک دروستناکەن، پێکەوە نەبەستراونەتەوە، نەبونەتە یەک جیهان هەتاوەکو باسی مەحکەم و خۆڕاگری و سەهەڵدانەوەی نەتەوەیەکمان بۆ بکەن.

دەرئەجام :

چۆن ڕێی تێدەچێت کە کەسێک هەشت ساڵی ژیانی تەرخانکردنێت بۆ پەیکەرێکو هیچ مەبەستێکی نەشاردبێتەوە لەو پەیکەرەدا ؟ بێ شك ئەگەر مەبەستی هونەرمەند نەبینم لەبەرئەوەیە کە دەمەوێت لە ڕوانگەی هونەرەوە سەیری کارەکەی بکەم، وەک کارێکی هونەری شیکاری بۆ بکەم . بەڵام وادیارە بۆ ئەوەی باشتر لەم پەیکەرە تێبگەین ئەبێت وەک کەسێکی نەخوێندەوار سەیری بکەین و شیکاری بۆبکەین، لەبەر ئەوەی کە لەلایەن نەخوێندەوارێکەوە کراوە و بۆ نەخوێندەوارانیش کراوە، بۆیە ئێمە هیچی لێ هەڵناکڕینین. کەدەڵێم نە خواێندەوار مەبەستم ئەوەیە کە مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی فێری هونەر بێت، وەک ئاژەڵان خۆی دەنواند، ئەوی بەرمبەری تێدەگەیاند : بەرامبەر بەدوژمنانی بە جۆرێک خۆی دەنواندو هەڵدەبەزیەوە و چاوی لێ سوردەکردەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەو مرۆڤە زمانێکی پاراوی نەبو هەتاوەکو ئەوی بەرامبەری تێبگەیەنێت کە چی دەوێتو نیازی چیە، دوای چەندەها هەزار سال ئەو هەڵسوکەوتانە بونە هونەر، هونەری شێوەکاری، سەماکردن، مۆسیقا، شانۆ، شیعر...تاد هەر یەک لەم هونەرانەش لەگەل مێژودا بەئەزمونی سەردەمو کات زمانێکی تایبەتی خۆیان پێکهێنا، جا ئەگەر کاکی زیائەدین خۆی بە هونەرمەند بزانێتو لەو ڕێگەیەوە گوزارشت لە هەستی خۆی بکات بە پەیکەرێک وەک تاکێکی شارستانی، ئەوا هەر بەیادی ئەو هەڵسوکەتەی جارانی مرۆڤی سەرەتاییەوە پەیکەرێمان بۆ دەکات کە پۆز لێئەدات بەرامبەر بە دوژمنەکەی، ئەمەش هۆکاری بێ ئاگایەتی لەزمانی هونەر.
کاکی هونەرمەند باسی چەمکی سەرهەڵدانو خۆڕاگری بۆ نەکردوین، واتە بەدوای ئەو کەرەسانەدا نەگەڕاوە کە بتوانێت ئەو چەمکەمان پیشانبدات بە شێوەیەکی هونەری، بەڵکو باوکێکی کردوە وەستاوە بە دومنداڵی مردو لەسەر شانیدا لە دەرئەنجامی تەقینەوەک یان ڕوداوێکی جەنگیدا و ئیتر لەویادا ئەو باوکە وەستاوە بە بێ گریانو خەمباری جگە لە جۆرێک ناڕەزایی کە بەسەرچاویەوە دیارە، ئەمش بۆ کاکی هونەرمەند جۆرێکە لە خۆراگری و سەرهەڵدانەوە و مەحکەم، وەک ئەوەی ڕوبکاتە ئێمەو پێمان بلێت : ئەگەر کۆرپەکانیشم بکوژن ئەوا کاریگەری نیە لەسەر من، لێرەدا ناجولێمەوە و بە پێوە دەوەستم، من کەسێکی خۆڕاگرم، ڕۆژێک تۆڵەی خۆم دەسێنمەوە . یان وەک ئەوە کە کەسێک بەرامبەر بە دوژمن بوەستێتو بڵێت : تۆ کۆرپەکانم دەکوژیت ؟ ئەوەتا دەمبینیت من لەجێی خۆمدا وەستاومو نەدەگریمو نەخەمباریشم، با دوژمن بزانێت کە کوشتنی مندالەکانم هیچ کاریگەری نابێت لەسەرم. ئەمەیە گەورەترین هەڵەی کاکی هونەرمەند : دەیەوێت بەحەماسەوە پێمان بڵێت کە ئەو باوکە هیچ باکی نیە کە مندالەکانی دەکوژرێن، ئەمەش پێشنیاری حەماسی پیاوێکی سیاسیە بۆ باوکێک.


ئەم فۆتۆگرافیەی هەڵەبجە، بە خۆڕایی نیە کە بۆتە ڕەمزی کیمیا بارانی هەڵەبجە، خۆ فۆتۆگرافەرەکە چەنەدەها وێنەی تری گرتوە لە کاتی بۆمبارانەکەدا، بەلام تەنها ئەمەیان بۆتە ڕەمزێکی جوانی ئەو کارەساتە. بۆچی ؟ لەبەر ئەوەی کە گوزارشت لەخۆشەویستی باوکێک دەکات هەتا دوا هەناسەی بۆ کۆرپەکەی لەو تراژیدیەدا. ئێمە هەمیشە وەها ڕاهاتوین کە کۆرپەمان لە باوەشی دایکانا بینیوە، لەم فۆتۆفگرافیەدا باوکێک دەبینین کۆرپەکەی بەباوەشەوەیە، هەر ئەوەشە کە سەرنجی فۆتۆگرافەکەی ڕاکێشاوە بەلای خۆیدا، باوکێکمان پیشان ئەدات کە ئازارەکانی ڕێگرنەبون لە پاراستنی کۆرپەکەی، خۆ سەلمێندراوە کە کاتێک مرۆڤ بە ئازارێکەوە دتلێتەوە و بەرەو مردن دەڕوات ئەوا دەستبەرداری خۆشەویسترین کەسی دەبێت، بەلام ئەو باوکە تەنانەت کۆرپەکەی لە ژێر لەشی خۆیدا نەپلیشاندۆتەوە، لە باری ڕاکشانیدا هەست بەوە دەکەین کە هەتا دواهەمین هەناسە ئاگاداری کۆرپەکەی بوە. ئەم هەستەیە کە کاریگەریکەی بێ ئەندازەی لە نەستی ئێمەدا دروست کردوە، بەجۆرێک کە هەرجارێک دەیبینین موچڕکە وەک تەزوی کارەبا بە لەشماندا دێتو دەڕوات، هەستو سۆزمان دەهروژێنێت. بەمەش دەلێن هەقیقەتی ژیان، خۆشەویستی . بەڵام ئەو باوکەی زیائەدین باوکێکی درۆزنە، باوکێکی دەستکردی مرۆڤێکی بەحەماسە، پێشنیاری پیاوێکی سیاسیە، مرۆڤی بەحەماسیش وەک هەمو مرۆڤێکی بێ ئاگا لەژیان مرۆڤێکی بێ مەععریفەتە، ئەو باوکە دورە لە ڕاستیەوە، زیاتر لە وتارو حەماسی پیاوانی سیاسی دەچێت هەتاوەکو کاری هونەرمەندێک کە بە تەنگ ئازارەکانی مرۆڤەوە بێت، وەک ئەوەی کە دەستی بەزەیی و خۆشەویستی لەگەڵ بەرخۆدانو سەرهەڵدانەوەدا نەگونجێت.
کاتێکیش کچە شەرەڤانەکان دەبینین لە گەرمەی شەڕدا خۆیان جوان دەکەنو پرچیان دەبەستنو گرنگی بەو گوڵە ئەدەن کەدەیکەن بەقژیانەوە، مانای وایە کە ئەوان خەبات ئەکەن بۆ پێدانی جوانیەک بەژیان، هەر ئەمەشە کە خەڵکی سەرسامکردوە. گرنگییدان بە خۆشەویستی و بە ژیان هەستی نیشتمان پەروەریمان کەم ناکاتەوە. دەنا ئێمە پێوسیتمان بەسەر هەڵدانو خۆراگری چیە ئەگەر نەمان بات بەرەوە جیهانێکی پڕ لە خۆشەویستی ؟
جا بۆیە ئەگەر لەتواناماندا نیە بە زمانێکی هونەری باسی سەرهەڵدانو خۆڕاگری بکەین، باشتر نەدەبو لەبری ئەو پەیکەرە بێ مانایە کە هیچ سودێکی نیە جگە لەداگیرکردنی ئێسپاسێک بەو بەرزاییەوە، چەند فڕفڕۆکەیەکی گەورەی ڕەگاورنگ دابنێین وەک ڕازاندنەوەی ئەو یاڵە کە بدەم باوە دخولێنەوە و سەرنجی خەڵکی سنە، بەتایبەتی مندالانی سنە رابکێشن بەلای خۆیانداو جوانیەکی تری بادایە بەو شارە ؟ یان هەرپرۆژەیەکی تر کە لە توانیدا هەبوایە وەک پەنجەرەیەک هیوایەکی تر بخولقێنێت بۆ ئەو کۆمەڵگەیە ؟



(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 4/5)