ئەم بێدەنگییە لە مێژوو ئێمە لە ناو دەبات

Thursday, 11/06/2020, 18:36

80751 بینراوە


 بەر لە ماوەیەک ڤیدیۆیەکی کورت، کە ١٢ دەقیقەو ١٦ چرکە بوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە،  کە لەماڵی سەرەک جاشێکە گیراوە، کە زۆربەمان بەناوەکەی ئاشناین، ئەویش "ئەنوەر بەگی بێتواتە "یە.لەو ڤیدیۆیەدا کۆمەڵێک لەهونەرمەندانی کوردی تیا دەرکەوتووە، لەوانە هەندێکیان بریتیین لە قوتابی و مامۆستای "پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی"  لەسوکایەتیەدا بەشداربوونی خۆیان ئاسودانانە پیشان دابێت، جگە لە عەرەب و کورد و خەڵکی شارەکانی تریش.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئێمە لەو هەرێمە ئەتک کراوەدا، کە خاوەنی ١٤٨ کەناڵی تەلەفیزۆنین، جگە لە ڕادێو و کەناڵی تری ڕاگەیاندنەکان، بەڵام تاکە کەناڵێک چییە باسی ئەم گەشتی هونەرمەندانەی نەکرد بۆلای سەرەک جاشێک، کە یەکێکە لە بەشداربووەکانی ئەنفال و کەسایەتیەکی دیاری ناو تاوانەکانە .
گەلۆ دەبێت ئەم هونەرمەند و شاعیرو ئەکتەرو نووسەرو مامۆستا و مۆسیقا ژەن و گۆرانی بێژانە هتد ...چی لەگەڵ ئەم کابرایەدا کەسەرۆک جاشە کۆی کردبێتنەوە ؟
فاروق ڕەفیق لەکتێبی "یەک کاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو (کلیک)" باسی کەناڵی زاگرۆس تیڤی دەکات کە خەریکی بەگەمژە کردنی خەڵکە، نووسەر نایشارێتەوە کە کەناڵە حیزبیەکان یان هەموو کەناڵەکان هەمان کار دەکەن لەسەر تێکشکاندنی خەڵک و باسنەکردنی جدێتی مەسەلەی ڕووداوە مێژووەیەکانی ئەو هەرێمە .

چی وای لە من کرد کە قسە لەسەر ئەم ڤیدیۆ کورتە بکەم؟ 

سێ کەسایەتی ناو ئەم تۆپەڵە تێکشکاو، سواڵکەر، مشەخۆر و بێهەڵوێستە وای لێکردم، کە قسە لەسەر ڤیدۆکە بکەم، کە لەهەموو سەردەمێکدا خۆیان دەگونجێنن و کورد ووتەنی: " با لە کوێوە بێت، ئەوان شەنی خۆیان دەکەن ".
- مامۆستا عومەر عەلی ئەمین " ئەوەی نایناسێت، بزانێت، کە باوکی خوشکە گەزیزەیە، ئەو کچە ڕووخۆشەی کە ئەو سەردەمە بەمنداڵی لەبیرەوەی زۆرماندا هەروەک (نما)ی ئەمڕۆ لەو سەردەمەدا جێگەی گرتبوو.لەو ڤیدیۆیەدا دیارە مامۆستا عومەر عەلی ئەمین گەزیزەی کچیشی بردووە بۆ لای سەرۆک جاشەکە تا نمەکی بکات. لە ڕاستی دا "عومەر عەلی ئەمین" مامۆستام بوو لەدوای ئاشبەتاڵەکە لە قوتابخانەی "ئاراس" لە گەڕەکی رزگاری مامۆستایەک بوو، کە ببووە بەشێک لەبیرەوەریمان، پیاوێکی هێمن بە تەواوی مانا مامۆستا بوو، ئێستا ئەو شەوەم بیرە کە موختاری گەڕەک ئاگاداری کردن کە کوڕەکەیان" ئاوات" لە موسڵ لە سێدارە دەدرێت، چونکە پێشمەرگە بوو لەشارباژێڕ گیرا بەچەکەوە .
قیژە و هاواریان بە گەڕەکدا بڵاو بوووە لەو دەمەدا کە بەعسییەکان پرسە قەدەغە بوو، نەیان دەهێشت، کە بۆ شەهیدەکان بگرن، دەبوو ماڵە قوربانییەکان بە بێدەنگی بگریانایە، کەچی مامۆستا بۆ تۆڵەی ئاواتی کوڕی خۆی گەیاندۆتە ئاهەنگی سەرۆک جاشێک.
کە سەیری ئەم کورتە ڤیدیۆیە دەکەیت، هەست ناکەی ئەمانە بەزۆر برابن، خۆ ئەنوەر بەگ، وەکو سەدام نە بوو، تا لەو دەهۆڵ و زورناو جڕت و چەقەنەیەدا، بەزۆر بتوانێت کۆیان بکاتەوە! لەو ڤیدیۆیەدا هەست بە شادمانی ئەم تۆپەڵە هونەرمەند و گۆرانی بێژانە دەکەیت . پاشان "عومەر عەلی ئەمین" هەر بۆ خاتری کوڕە لەدار دراوەکەی کە هێشتا لاشەکەی نەگەڕابۆوە بۆ سلێمانی نەدەبوو ئەو کارەی بکردایە و  مێژووی ژیانی خۆی ئاوا بخستایەتە بەر گومان، هەرچەندە لەو ماوەیەشدا گەزیزەش بیرەوەری ساڵی ١٩٧٠ی بۆ گێڕاینەوە گوایە لەبەغدادی تاوان خەریکی شانۆبوون، ئیدریس کوڕی مەلامستەفا هاتۆتە لایان و سەرو ١٠دیناری پێداون، ئاخر هونەرمەندەکانمان لە مناڵییەوە ئاوا پەروەردە دەکرێن، بەدرۆ گۆش دەکرێن، هەڵبەت ئەو دەسەڵاتە بۆی دەبارێنێت.
- "کەریم کابان"بوو، بەڕاستی هەستم بەشەرمەزاریی کرد، چونکە کەریم کابان یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی کە کفر بوو تێکەڵ بەو یاریە قێزەونە بووە، سەمەرە لەوەدایە کەریم کابان وا گەرم بووە بەهیچ شتێک سارد نابێتەوەو لە گۆرانی ووتن ناکەوێت، دەڵێی ئەنوەربەگ، قادرکابانی برای بۆ گەڕاندۆتەوە. پاشان کەریم کابان شانسی هەبوو دوای مردنی ئەم ڤیدیۆیە کەوتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەنا خەڵکی هێندە بە تامەزرۆوە لە تەمەنی ڕۆژەکانی دوایان نەدەڕوانی! من یەکێک بووم لەوانەی کە زۆر دڵگران بووم، پاشان کە چووە شاری سنە خەڵکی چ ڕێزێکیان پیشان دا! ناخۆشی لەوەدایە ئێستا ئەمانە لە ژیاندا نەماون تا هۆکاری چونیان پێمان بڵێن بۆ لای سەرۆک جاشێک و تاوانبارێکی ئەنفال.
- جیهاد دڵپاک کە بەڕاستی سەلماندی دڵی هێندە پاک نەبوو، کە ئێمە لێێ حاڵی بووین، ئاخر دوای ڕاپەڕین خۆی وا نیشان دەدا، کە لەناو ڕۆحی چیاکانەوە هەڵقولاوە و دەوری سەرکردەی عەسکەری و پیاوی بەهەڵوێست و سیاسی و هوشیار و هۆشمەندی دەگێرا، لە سەرو ئەمانەشەوە ئەو خاوەن برایەکی شەهید بوو، لە شارێکیشەوە هاتبوو کە سمبوڵی بەرگرییە، خۆزگە ئەمانە لە ژیاندا بمانایە و خۆیان ڕوونکردنەوەیان بدایە، کە چی ئەم هەڵەیەی پێکردوون ؟
ڤیدیۆکە کورت و کوێرە ئەوەی سەیری بکات دەزانێت هیچ زۆر لێکردنێکی تێدا نییە، بەڵکو شادمانی بە روخساری زۆریانەوە دیارە، هەندێک کەس وەک ئەوەی بزانن ڕۆژێک ئابڕویان دەتکێت خۆیان دەشارنەوە، بەڵام کامێرامانەکە لێزانە، جاشێکیش دەڵێ لێرەوە لەپشتەوە لەڕاستەوە لە چەپەوە وێنەیان بگرە، وەک ئەوەی بزانن ڕۆژێک دێت ئەم سوکایەتییە بڵاودەکرێتەوە.
- حسێن میسری و چیمەن ئیسماعیلی ژنی، کە (بەحساب دەرهێنەرە لە کەرکوک ڕایان کردوە، ئەمەش بەهەڵوێست پێمان دەفرۆشنەوە، کەچی دەچین بۆلای سەرۆک جاشێک کە تازە دەستی بەخوێنی ئەنفالەکان سورە و هێشتا بۆنی خوێنی لێدێت، تۆ بڵێ بەتەمای دەرهێنانی فیلمێک نەبووبن لەسەر بەزینی کورد؟
ئاخر وێنەکێشان و سەردانی جاش کوجا مەرحەبا؟
- کەریم عوسمان، برای شەهاب عوسمان، کە ساڵانێک لە رادیۆی یەکێتی کاری دەکرد و لە شەڕی ناوخۆدا لە هەولێر کوشتیان و سەرنگوم کرا.
- جەلیل زەنگەنە، بەر لەوەی بمرێت خۆزگە فیلمێکی لەسەر ئەوەش دەکرد کە چۆن دەگەڕا بەناو خەڵکدا کە ناوی خۆیان بەتورکمان بنووسن ئەو دەتوانێ مانگانەیان لە تورکیا بۆ وەربگرێت، ئەو کەسانە ماون کە جەلیل زەنگەنە داوای لێکردوون، ببن بە تورکمان. 
دوا جار ئەم کورتە ڤیدیۆیە هێندەی دەیان کتێب قسەمان بۆدەکات، لەسەر تاکی تێکشکاو و هەلپەرستی ناو کایەی ڕۆشبیری، کە ئێمە زۆر بەهەڵە و زۆر ناچیز لەم دەستەواژەیە حاڵی بووین. ئێمە داوای قارەمانێتی یان خۆتەقانەو شەڕکردنمان لەم کەسانە نەکردوە، کە دوای لەگەردەلولەکەی جەلیل زەنگەنە و مەلا حیکمەتدا مێژوویەک پڕ لە درۆ و پڕ لەچەواشەکاریمان بۆ دەگێڕنەوە، کە من وەک شایەتحاڵ و بەشداربوویکی شاخ لەسەر زۆری ئەو مێژووە دەتوانم زۆربەی ڕووداوەکانی بەدرۆ بخەمەوە . ئەمانە لەگەردەلولدا زۆریان ڕۆڵیان دەگێڕا، یان ئەو نوسەر و شاعیر و گۆرانیبێژ و مۆسیقا ژەنانەی کە وایان حاڵی کردبووین، ئەوان نەبونایە کورد بێ هونەر و سەرگەردان دەبوو. لەکاتێکدا تەنها ساڵێک بەسەر ئەنفال کردنی گەلەکەماندا هاتووە و نیشتمان سوتماک کراوە و تاوانباران هێشتا دەستیان شەلاڵی خوێنە . ئەمان دەچنە لای بکوژەکان و ئاهەنگ دەگێڕن . جگە لەوەش لەڕووی سایکۆلۆژیشەوە سەیری ئەم کەسە تێکشکاوانە دەکەی خەڵکانی سوک چروک بێکەسایەتین، لەخواری ئەم نووسینە هەندێک کۆمێنت، کە بۆ ئەم ڤیدۆیەیان نووسیوە بەبێ مۆڵەتی خاوەنەکانیان دایدەنێم، چونکە ئەوان زۆر شت دەڵێن، کە قسەی دڵی هەموانە بۆیە نابێت لەگەڵ ئەم مێژوە پڕ شەرمەزاریەدا نەوترێت و ئاراستەی مردوان و زیندوان نەکرێت .ئێستاش نەچووە بچێت، دەکرێ ئەوانەی ماون ڕوونکردنەوە بدەن، نەک وەک نەعامە سەریان بخەنە ژێر خاکەوە، چونکە ئێوە دەم لە هونەر و شیعر و مۆسیقا دەژەنن، بێمەڵامە نییە هەر کە دەمرن بێدەنگ کەس ناسۆر ناکێشێت بۆیان، ئاخر سوپاس بۆ ئەو کامێرامانە عەرەبەی دەڵێ ڕیزبن بڕۆن خۆتان مەنوێنن، من بۆ مێژوو وێنەتان دەگرم تا لە دوایدا خەڵک بزانێت چ پاروە نانێکتان خواردوە کە هەڵکێشراوە لەتاوان و لە خوێن؟ لەوە بێزار بووین، کە ئیتر بگرین و گلەیی لەبەختی خۆمان بکەین، داخۆ ئێمە بۆ هونەرمەند و ڕۆشنبیر و سیاسییەکانمان هێندە موو نەرم و بێکەسایەتین؟ ئاخر هەر دوای ڕاپەڕین سەرۆکی حیزبە کوردییەکان بەهەڵەداوان بەباوکی هەژار و دەوڵەمەندەوە خۆیان گەیاندە لای سەرەک جاشەکان و لەخوانی ئەواندا ڕۆنیشتن و بەشان و باڵیاندا هەڵیاندا و پەیمانی موچە و بەراتیان دانێ و دیوەخان و چەکدارەکانیان تژی کرد لە خۆشیەک کە لەسەردەمی سەدامیشدا نەیان بووە، وەک وەفایەک کە ئەنفالیان کردین و هاوشانی سوپای بەعس ئەوانیش ڕاویانکردین .
کاتێکیش دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد داوای جاشە ئەنفالچیەکانی کرد، سەرەک حیزبەکان بوونە قەڵغان بۆیان، ئیستاش کە پرسە یان خۆشییەکیان دەبێت، ئەوە سەرەک حیزب و گزیر و وەزیرەکانن، کەلەپێش هەموو کەسێکەوە دەچنە لایان، ئیتر هونەرمەند چییە ؟

من تەنها نمونەیەک دەهێنمەوە کە جیاوازی گەلی ئێمە و گەلانی تر لەوەدایە کە ئەوان لەناپاکەکانیان گەر نووسەر یان هونەرمەند یان هەرچ بەهرەیەکی تری هەبێت، ئەوان لەبەر خاتری نیشتمان کەسەکە نەشتەرگەری دەکەن، بۆ نمونە گەلی نەرویج، نووسەرێکی گەورەی وەک "کنووت همسۆن " لەساڵی ١٩٢٠ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاداب وەرگرتووە.لەدوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی دووەم "کنووت ھمسۆن" لەبەر ئەوەی لەلایانگرانی ھیتلەر بووە، حوکم دراوە و خراوەتە نەخۆشخانەی دەرونیەوە، لەکۆتایی ژیانیشیدا لەگۆشەگیریدا ژیانی بەسەر بردووە و خەڵکیش وەکو ناپاکی نیشتیمانی سەیریان کردووە، لە ١٩ی شووباتی ساڵی ١٩٥٢ کۆچی دوایی کردووە .ئەم نمونەیەم بۆیە هێنایە کەدەزانم ئەو خەڵکانە وەک ئەم نوسەرە ناودار نین بەڵام نیشتمان هەرکەسێک هەراجی بکات سوکایەتی پێبکات، بەدەم جەلاد و تاوانبارەوە بترەقێتەوە دەبێت باجی ئەو سوکایەتیە بدات درەگ یان زوو، ئێمە نازانین ئەم نوسەر و هونەرمەندانە لەساڵانی زوودا چیان کردوە کە وێنەیان نەگیراوە، ئاخر کچەکەی سەدام بە پیشان دانی ڤیدیۆیەکی سەدام و مارف خەزنەدار کە سەدامی فێری کوردی دەکرد مارف خەزنەداری گەورە و گرانی وا کوشت لەکولەکەی تەریشدا ناوی نەما .کەمال مەزهەریش کە باسی یادگاری خۆی و سەدامی کرد ئێستا نەمردوە کەچی لەهیچ کونێکەوە باسی ناکرێت، ئاخر کاتێک ئەم مێژوونوسانە شەرەفنامەیان لە ئێمە کردبوو بە کتێبێکی گەورە و گران کە دەیخوێنیتەوە جگە لەشەرمەزاری هیچی تێدا نییە، ئەوەتانێ عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ حسێن عارفێکی بۆ زیندوو بۆوە مێژووی نەشتەرگەری کرد لە کتێبی "بیرەوەری ساڵێک لەتەمەن "، بەڕاستی بۆیە ئێستا نوسەر و هونەرمەندەکان هێندە خۆیان لە ڕسوای ئەسون خەڵکی تاقەتی نییە سەیری پێنج دەقیقە لە هونەرەکەیان بکات، ناهەقیان نییە مەسعود بارزانی دەڵێ هەموو نوسەران لە هەژار موکریانی دەچێت و تاڵەبانیش دەیووت لەژیانیا فیلیمی نەدیوە بەڵام کەشکۆڵ بەزایە نادات هەمووی سەیر دەکات و دەترەقێتەوە و سەر لەسەرۆک جاشەکانیش دەدات، دەڵێ چونکە هەموومان لەیەک بەرەداین .
مەسعود بارزانیتان دیوە چەند شادمانە کە خەنجەرێک بە دیاریی وەردەگرێت،
چونکە لە ژیانیدا ئەو خەنجەرە لەکەلانەکەی باوکیشی نەهاتۆتە دەرێ، تەنانەت لە لێقەومانیشا
 
ئەنوەر بەگی بێتواتە لەگەڵ فوئاد مەعسوم و کۆسرەت رەسوڵ
لەم وێنەیەدا باوکی هەژاران لە هونەرمەندەکان زیاتر شاگەشکەیە

---------------------------
ناوی هەندێک لەو هونەرمەند و نووسەر و شاعیرانەی کە لە ڤیدیۆکەدا ناسراونەتەوە، کە بەداخەوە کوالیتی ڤیدیۆکە زۆر باش نییە و نزیکەی 30 ساڵیشی بەسەردا تێپەڕێوە، هیوادارم هەر کەسێک ئەوانی تر دەناسێتەوە، ئاگادارمان بکاتەوە، تا ناوەکانیان بخەمە نێو ریزبەندی ئەم کەسانە:
1. شاعیر حەسیب قەرەداغی
2. محەمەد ئەمین پێنجوێنی
3. جەماڵ شادان
4. ئیسماعیلە سور
5. ئیسماعیل خەیات
6. عەلی کەریم
7. دڵپاک تاهیر
8. حەمە عەلی خان
9. ئەنوەر قەرەداغی
10. سەڵاح ڕەوفی کەمانچە ژەن
11. عومەر عەلی ئەمین
12. خوشکە گەزیزە
13. عوسمان فارس
14. جیهاد دڵپاک
15. کەریم عوسمان
16. کەریم کابان
17. مامۆستا قادر مستەفا
18. عومەر سەرکار
19. دڵشاد ئەحمەد
20. حکمەت هیندی
21. حمودى حارثى ئەکتەری عێراقی
22. ئەحلام مەنسور
23. نەهرۆ ساڵح دەلۆی
24. هاشم جەباری بێژەری سەردەمی بەعس
25. چیمەن ئیسماعیل ژنی حسێن میسری

تێبینی:

-------------------------
ئەمانەی خوارەوەش چەند کۆمێنتێکن کە بینەرەکان لەسەریان نووسیوە، هەندێکیان جێگەی سەرنج بوون، بەهیوام ئەگەر خەڵکی فیلیم یان وێنەی تری لایە با بڵاوی بکاتەوە تا دادگای گەل و مێژوو  ئەو کەلتورە پیس و قێزەوەندە تێک بشکێنین کە کەلتورێکی دینی و خێلەکییە، پێمان دەڵێن ئەوانە مردوون نابێت چیدی باس بکرێن، چونکە شەیتان دەستی لێهەڵگرتوون .بائێمەش وازیان لێبێنین:

- پێم سەیرە زەڵاتەیەکی سەیر دروست کراوە .ئێمە ھەندی قوتابی پەیمانگابوین  کۆمەڵێکمان لەسجنی ئەبوغرێب و کۆمەڵێ لەشاخ و کۆمەڵێکیش لە بەعس یاساغ بون  .ئەمانە ھاوڕێکانی ئێمەن لەو ساڵانەدا وێنە لەگەڵ ئەنوەربەگ بگرن .ھەر ئەمانە  وێنەیان لەگەل بەرپرسەکانی ئێستاش ھەیە..بەڕاستی ئەم ڤیدۆیە نارەحەتی کردم.

- ئەو دەستانەت خۆشبن، دونیا هەی زۆردار و بێعارە،،، هەندێکی کەسایەتی  ناسراون....دڵنیابوون لەوەی هەموو شتێ بە کۆتا گەیشتوە....لەلایەکی  تریشەوە لۆمەی ئەمانە بۆ بکەین، یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم ساڵی ١٩٩٢  وەزیرەکان بە دوای یەکدا ئەچون بۆ ماڵیان، بۆ گۆشتی ئاسك و بزنە  کێوی...ئەمەم زۆر بە جدییە..

- مامۆستایانی معهدی فنون جمیلەن واتێدەگەم،،، ئەوکاتانەش هەمویان و  قوتابیەکانیشیان دەبوایە فول ئیمزایان هەبوایە،،، بەڵام چۆن وەڵامی  لایەنگران و فلیم و گۆرانیە کوردیەکان دەدەنەوە؟

- دڵپاک تاهیریشی تیایە داخەکەم ئێستاش کوردایەتیمان پێ ئەفرۆشێتەوە  بەکورسی یەکێتی وازی نەهێنا لەبڕوانامەی سێی ناوەندیەوە هەتا دکتۆرای  هێنا ئێستا مامۆستای تەڕەماشە بڵێم زانکۆیە جاش و خۆفرۆشانه
بەڵێ ڕاستە ئێستا قسەی لەگەڵ بکەیت هەزار موزایەدەت بەسەردا دەکات،  بەڵام بڕوا بکە ئێستایش هەروا شکۆشکاون و دەبێت بەسەدان فلتەری بەرپرسە  دز و تاڵانچیەکانی حزبەکەیاندا تێپەڕن..

- ئەو نوسینەی ڕابردوم باشترین کۆمێنتە بۆ ئەو ڤدیۆ گەشتەی سەر  ئەشکەوتان لە بێتواتەی .کاتی خۆی دڵم نەھات چەند گەمبۆڵێکی وەک کەریم  کابانی تێبکەم .کورد چونکە نەتەوە نیە بۆیە ھونەر و مێژوویشی نیە .

- دەست خۆش بێت ئێستا ئەو جاشانە و جاش قەڵەمەکانیش لای سەرانی حیزبی  دەستڕۆیشت و حوکمەتەکەشی لە شەهیدان ئازیزتر و لە پێشترن ...ئەوەیش  یەکێکە لەهۆکارەکانی ئەوەی بەم ئاستە گەیشتین ...ڕووی جاشەکان ڕەش بێت  ڕووی ئەو سەرکردانەش ڕەشتر بێت کە ئەمانەیان لەخۆیان گرتوووە ..

- ئەم کەسانە ھەر ئەوانەن کە ئێستا ھونەرمەند و ڕۆشنبیرانی خاوەن  دکتۆرای علوچ و دەسەڵات و پلەی بەرزیان لە ئێستای حوکمەتی کوردی ھەیە و  خاوەن باغ و ڤێلا و دۆنمە زەوین،

- من ھەمویان دەناسم ھەندێک لە گەنجەکان قوتابی پەیمانگا و، باقیش لە  فلم و دراما کوردیەکان زۆر دەرکەوتون، دەک ڕووتان ڕەش بێت، چەندە  بچووکن

- خاڵە كه‌ریم كابان جه‌وی لەهه‌مووان خۆشترەپی ده‌جیت زۆری چه‌وری و  چۆڵی خواردبیت

- دەست خۆش هیوادارم هەركەسێك لەو جۆرە بەلگە گرنگانەی لەلایە بۆ ڕای  گشتی بیخەنە ڕوو دروست لەو بەروارە ئێمە لە رۆژهەلاتی كوردستان لە  هەولی ئەوەدا بوین بە هەزار كولە مەرگی نەهێلین منالەكانمان لە برسان  بمرن و بە لێبوردنەكانی دكتاتۆر تەسلیم بە ڕژێم نەبینەوە باوەڕ بكەن  دەیان شەو بەیادی ئەو بەناو هونەرمەندانە ڕۆژم كردۆتەوە ئاخۆ ئەو هەستە  ناسكەیان چۆن لەدووای ئەنفال و كیماباران و وەدەرنانی ئێمەی پێشمەرگە  وەكو پەڕەی گوڵ هەلا هەلا بوە باوەر بەچاوەكانم ناكەم خۆزگە لەپێش  دیتنی ئەو وێنەیەو زۆر لەكارە قێزەونەكانی ئەو ڕۆژگارەی ئێستا هەردووك  چاوم مجرۆ بوایە. دەك خەجالەتی دەرگای ئەنفالەكان بن

- ئەم هونەرجاشانەی کە ئێستا لە مینبەرە جیاوازەکانەوە بونەتە پارێزەر  و خەمخۆرو نیشتمان پەروەر و داکۆکی لە دوو بنەماڵە کوردفرۆشەکەی ئەم  هەرێمەئەکەن دڵنیابە خاوەنی هەمان ئینتیمان کە بۆ ئەنوەربەگ و  بەعسیەکان هەیانبوو..

- ئینجا ئەنوەر بەگ زۆر لەم چەتە و مافیا کوردیانەی دوای ڕاپەڕین  شەریفتربوو. چونکە ئەو بەئاشکرا جاش بوو، بەڵام ئەمان بەناوی  کورداێەتیەوە شەرەفی خۆیان و خاک و نەتەوەیان هەڕاج کرد..

- حەمە عەلی خان دەوری مولازم موحسن دەبینێ و کە موقابەلەی دەکەن خۆی  زۆر بە شۆڕشگێر دادەنێ.. ماشەڵا

- دارزێن ھەند بە ھەلپە دەخۆن دەلێی لە ژیانیانە نانیان نە خواردوە

- زۆربەی ئەوانەی پێیان دەگوترێ شاعیر و روناکبیر ماستاوچی و کاسەلێس

- دەست خوش با ئەوەندە فشە فش نەکەن بەسەرمانا

- بەداخەوە ڕۆشنبیرە کوردەکان زۆربەیان قەڵەمفرۆش و ویژدان فرۆشبوون بە  ئێستاشەوە۰

- کەریم کابان براکەی بەدەست ئەوان تێدا چوو، کەچی بۆ یەک پارووی چەور خۆی  گەیاندووەتە ئەوێ.
- لەناو میللەتی ئێمەدا چەند جۆر مرۆڤی هەلپەرست هەن، کە سیاسیەکان ژمارە  یەکن هونەرمەند و ڕۆشنبیرانمان ژمارە دوون مەلاکانمان ژمارە سێن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە