ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

هه‌مووشتێكتان كرد به‌ قوربانى له‌ پێناو ده‌نگى ساخته‌دا

Monday, 06.15.2020, 23:48

1110 بینراوە


هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمی كوردستان بێجگه‌ له‌ شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و خه‌باتی شاخیان زۆر شانازیشیان به‌و ده‌نگانه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌یانهێنا، له‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕازی خه‌ڵكیدا ده‌یانگوت ئێمه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن هاتوین و هه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردنیش ده‌ڕۆین، چونكه‌ خۆیان ده‌یانزانی چ هه‌ویرێكیان شێلاوه‌ بۆیه‌ زۆر پابه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بون و زۆر شانازیشیان به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی پێشو و هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی خۆیان له‌ لێدوانه‌كانیاندا ده‌ڵێن له‌ كێبركێی ناته‌ندروستی هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وا هه‌وڵیانداوه‌ زۆرترین كه‌س دابمه‌زرێنن به‌ موچه‌ی جۆراوجۆر و له‌ ژێر ناوی جۆراوجۆردا، ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ بونی كه‌سانێك كه‌ دوو موچه‌ و تا نۆ موچه‌ و زیاتریش.
وه‌ك گوتمان له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌گی ساخته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌وان هه‌ر به‌ده‌نگی ساخته‌ی ناوخۆ كۆڵیان نه‌داوه‌، به‌ڵكوو كوردانی هه‌رسێ پارچه‌كه‌ی تری كوردستانیشیان دامه‌زراندووه‌ یان خانه‌نشینكردوه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌پێی لێدوانی په‌رله‌مانتارێكی خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان هاوڵاتیانی سودانی و نیپاڵی و عه‌ره‌بیش موچه‌ خۆرن له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر لیستی هه‌ردوو حیزب.
هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌ میزانیه‌ی هه‌رێمی توشی نه‌زیف بووه‌ و چاره‌سه‌ریشی هه‌روا ئاسان نه‌بێت.
بینیتان له‌ پێناو ده‌نگی ساخته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا حكومه‌ت و خه‌ڵكی و موچه‌خۆرانتان و خۆشتان توشی چ قه‌یرانێك كردووه‌؟!
ئازایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ دان به‌ هه‌ڵه‌كانی خۆتاندا بنێن و بڵێن سێ ده‌یه‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ فه‌رمان ڕه‌واواییمان كردووه‌ و هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ و كه‌مووكوڕیه‌كان بده‌، ئیتر دڵ به‌ ده‌نگی ساخته‌ خۆش مه‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ ناته‌ندروسته‌كانتان، موچه‌ی هه‌موو موچه‌خۆره‌ نایاساییه‌كان ببڕن.
نه‌ له‌ ناوخۆ و نه‌ وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و نه‌ زلهێزه‌كانیش پشتیوانه‌كه‌ی جاران نیین، فریای خۆتان و خه‌بات و ناوبانگتان بكه‌ون، تا به‌ده‌ردی ڕژێمه‌ نادیموكراسیه‌كان نه‌چوون، چونكه‌ به‌ به‌رده‌وام بونى ئه‌م ڕه‌وشه‌ چانوستان له‌ چاره‌نوسى ئه‌وان باشتر نابێت.




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)