لە نێوان فەرەنسا و تورکیادا کەی دەتەقێتەوە؟!

Sunday, 19/07/2020, 21:19

4469 بینراوە


مەسیحیەت دینێکی ڕۆژهەلاتیە بۆیە بۆ داپۆشینی کارێکی نابەجێ وەک ئەوەی کە مریەمی دایکی عیسا سکی پڕبو بە بێ مارەیی، دەڵێن : فریشتەکان فویان کردوە بە ژێر کراسەکەی مریەمدا، ئەمەش زمانی پیاوە سۆفی و میستیکەکانی ڕۆژهەڵاتە کە بە زمانی عەوامو دەرویشان ئەدوێن بۆ پەردەپۆشی و بە پیرۆز کردنی کارێک، بەڵام ئەوروپیەکان ئەمە بەراستی تێگەشتن. بەهەمان شیوە دەلێن : ئیبراهیم نۆ سەد سال ژیاوە ئەمەش زمانی دەرویشانە بۆ ئەوەی گەورەیی ئیبراهیم پیشان بدەن، یان لە دینی یارسانەکاندا، کاتێک خاتو ڕەزبەر سکی پڕ دەبێت پێش ئەوەی بچێتە ماڵی مێردەکەی، براکانی باوەڕی پێ ناکەنو دەیبەنە چۆڵەوانیەک هەتاوەکو بە خەنجەر بیکوژن، بۆئەوەی براکانی باوەڕ بە پوختەیی ئەو بکەن، منداڵەکە لەدەمیەوە دێتە دەرەوە . چەند وێنەیەکی سوریالیستو لەهەمان کاتا ترسناکە ؟ بەهەمان شێوە شێخ عوسمان حەوت جاران چۆتە ئاسمانێ .
کاتێکیش ژنەی وەزیری کشتوکاڵی کوردوستان دەڵێت : تەماتەی کوردوستان بۆ دۆشاو ناشیت ئەوەش زمانی سیاسەتە و جۆرێکە لەدوان بۆ عەوام، چونکە ئەگەر راستیەکان نەشارێتەوە دەبێت بڵێت : وڵاتێک کە بەرهەمی نەوتی هەبێت لە ناوچەکەدا و هاوردەی بکات، نابێت تەماتەش هاوردە بکات، بەکوردی ناتوانیت خواشت هەبێتو خورماش. کاتێکیش ترەمپ بە ماکرۆنی وت کە ئەمەریکا پشتگیری لە فەرەنساو ئەوروپا ناکات وەک لە رابوردودا لە شەڕی دوەمی جیهانیدا، مەبەستی ئەوەیە کە بلێت : ئێوەی ئەوروپی کە ئێستاکە مشتەری ئەمەریکا نینو کەلوپەلی لێ ناکڕن لەبەر ئەوەی کە ساتەلایتی خۆتان هەیەو لە زۆر بورای فڕۆکە و کەلوپەلی جەیشو تەکنەلۆژی تردا پیشکەوتون، کەواتە ئەبێتت خۆتان بەرگری لەخۆتان بکەن، بە باڵی خۆتان بفڕن، چونکە شەڕ گران دەکەوێتو ئێمە بە قۆنتەرات شەڕ دەکەین . لەبەر ئەوەی کە ترامپ دەزانێتو زانیاری هەیە کە تورکیایەک هەیە کە خەونی دامەزراندنی دەولەتی عوسمانی هەس جگە لە مەترسی روسیا و چین. کاتێکیش تورکیا ستاتوی کەنیسەی سانت سۆفی دەگۆڕێت بۆ مزگەوت جۆرێکە لە بانگەزاوی شەڕو گۆڕینی ناکۆکیەکانە بۆ شەڕی دینی کە خەونی داعش بو .
ئێستاکە هەمو تەنگژیەکان کە تورکیا دەینێتەوە ڕوبەروی ئەورپا بۆتەوە بە تایبەتی فەرەنسا و ئەوانی تر وەک بینەری شانۆیەک چاوەروان دەکەن کێ یەکەم جار ئەو هەڵەیە دەکاتو لەگەڵ تورکیادا دەیتەقێنێتەوە هەتاوەکو ئەوان ببنە بینەر، چونکە دەزانن هەمو شەرێک بەتایبەتی دوای ئەوەی کە کۆرۆناش باری ئابوری ڕوخاندون، هێندەی تر باری ئابوریان دەروخێنێت، بۆیە هەمویان سیسەتەمی کشەشە دەکەنو نایانەوێت ئەو شەڕە لەگەڵ تورکیادا دروست ببێت، بەتایبەتی نایانەوێت ئەو کارە بگرنە ئەستۆی خۆیان، تورکیاش ئەمە باش دەزانێت بۆیە ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ خۆیی و هەمو ڕۆژێک بزمایەرێکی تر دا ئەکوتێت.
ئەوروپایەک کە وەک نمونەی مۆدێلێکی دروست بۆ مرۆڤایەتی دەبینرێت، بەتایبەتی لە شاریكی وەک پاریسو لەندەندا کە پڕن لە ئێتنی جیاوز او دینی جیاواز، هەمویان لە سیستەمێکی سیکۆلار و دیموکراتیدا هەتاوەکو ئەم ساتە بە جۆرێک لە بەختیاری و هاوسەنگی دەژینو هەمو وڵاتانی جیهان سەیری ئەو ئەزمونە دەکەن کە ئایا هەتا سەر دەتوانێت بەردەوام بێت ؟ بەتایبەتی لە کریزی ئیسلامیەکانی داعشدا کە لەناوخۆی ئەوروپادا ژمارەیەکی گرنگی ئیسلامی هەنەو ئەمەش بوە جۆرێک لە تەنگژی، ئایا ئەمڕۆ چۆن فەرەنسا بەرامبەر بە تورکیا دەتوانێت نەکەوێتە جەنگێکی ڕساتەوخۆ و لەهەمان کاتا مۆدێلەکەی نەکەوێتە بەر مەترسی بەهۆی تورکیایەک کەدەیەوێت ئیسلامێکی سیاسی زیندوبکاتەوە و پێگەی خۆی فراوانتر بکات لەسەر پشتی ئەوروپیەکان ؟
ساڵی 2018 خێزانی دو دیپلۆماتکارانی تورکیا لە لە ستراسبورگ بۆ کاروباری ئەوروپا و فەرەنسا دەبێت فۆتۆگرافی دەموچاویان بگرن بۆ کارتی فەرەنسی، بەلام دو ژنەکە رەتی دەکەنەوە کە سەروچاوی خۆیان پیشان بدەنو بورقەکانیان لابەرن بەناوی ئیسلامەوە، فەرەنساش بە قانون دۆسیەکەیان بلۆک دەکات، ئیتر لەو کاتەوە مەزهەلەیەکی دادگایی دەستی پێکردوە لە نێوان تورکیاو فەرەنسادا، لەبەرامبەر ئەوەدا تورکیاش کارتی فەرمانبەرانی دیپلۆماتکارەکانی فەرەنسای لە تورکیا رەتکردەوە و بەو هۆیەوە ناتوانن هاتوچۆ بکەن. فەرەنساش بەهەمان شیوە کارتی دیپلۆماتکارەکانی تورکیای لەفەرەسا نوێ نەکردەوە. ئەم ئاڵۆزیەی نێوانیان دەگاتە ئاستێکی باڵاو بەهۆی چەند گرژیەکی ترەوە لە دەریای سپی ناوەڕواستو لە لیبیا نزیک دەبێتەوە لە تەقینەوە، دواجار وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە سەفەرێکیدا بۆ تورکیا ئەو تەنگژیە چارەسەر دەکات بە لێدانی مۆرێک لەسەر کارتی ژنەکانیان. هەرچەندە فەرەنسا زۆر دژایەتی تورکیا دەکاتو ئیمانوێل ماکرۆن ڕاستەوخۆ دژی ئۆردوگانو سیاسەتەکەی ئەدوێت بەڵام نەیتوانیوە وڵاتانی تری ئەوروپی بەلای خۆیدا راکێشێت لەو روەوە بە تایبەتی ئەڵمانایا، ئەمەش لاوازی سیاسەتی ئەوروپا پیشان ئەدات.
بە گۆڕینی ستاتوی کەنیسەی سانت سۆفی هەمو ئەوروپای هێنایە سەرخەتو ناڕەزایی، هەرچەندە زۆر لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا داوای ئەمبارگۆی ئابوریان کرد بۆ سەر تورکیا بەلام سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپی وای پێ باشترە کە ئەو تەنگژیانە بە دیالۆگ چارەسەر بکات ئەمەش هەر هەمان سیاسەتی کشە کشەیە هەتاوەکو بارەکە نەگات بە تەقینەوە، چونکە لە حالەتی تەقینەوەدا نازانین چۆن یاریەکە کۆتایی دێتو کێ قازانجو زەرەرمەند دەبێت، وەک چۆن نەیان هێشت خەونی داعش بێتە دی بە گۆڕینی ئەو ناکۆکیانە بۆ ناکۆکی نێوان مەسیحیەتو ئیسلام بەهەمان شیوەش بۆ تورکیا، بۆیە هەمویان چاوەڕوانی مردنی ئۆردوگان دەکەن بەڵکو لەدوای مردنی ئەو ئەم تەنگژیانە کۆتاییان پێ بێت، بەلام ئۆردوگان چاوەڕوان ناکات لەدوای مردنی بیتەقێنێتەوە، بۆیە پێ دەچێت لە نیوان فەرەنسا و تورکیادا بتەقێتەوە، بەتایبەتی کە بەرپرسانی ئەرکانی جەیشی فەرەنسی باسی ئەوە دەکەن کە پێدەچیت لەهەمو ئانو ساتێکدا حالەتەکە بتەقێتەوە، هەرچەندە هەتا ئەم ساتە ڕاستەوخۆ بەرامبەر بەیەک نەبونەتەوە بەڵام بە پێی سیاسەتی ئۆردوگان کەهەمیشە هێرشبەرە و چارەسەری تری نیەو ناتوانێت بچیتە دواوە، بۆیە پێدەچیت کە بارەکە بکەوێتە جپرێک لە تەقینەوە.
لە حالەتی تەقینەوەدا لەگەل تورکیادا هەلێک بۆ کوردان دێتە کایەوە .
خوایە ئۆردوگان تەمەن درێژ کەیت بۆ کوردان .
***
بەچەند ڕۆژێک دوای ئەم وتارە لە گۆڤاری فەرەنسیle Point دا کە لەسەر بەرگەکەی نوسراوە : شەڕ لەبەر دەرگاکانماندا . ئەم وتارەشم تەرجومەکرد بە تەرجومەیەکی خێرایی بۆ زیادکردنی زانیاریەکان.


لە نێوان فەرەنساو تورکیادا جەوێکی کارەبایی دروستبوە، بەگوێرەی شیکاری حەمیت بوزرسەلان مێژوناسی ڕۆژهەلاتی ناوەڕواست و بەڕیوەبرەی ئێکۆلی خوێندنی بالای زانسی سۆشیال ( کوردی باکور ) دەلێت : ئێمانوێل ماکرۆن دەنگێکی کاریگەرە دژی ئۆردوگان. تەنگژیەکان لە لیبیا ناکۆکیەکانیانی گەیاندە ئاستی کڵپەو ئەو تەنگژیانەشی کە کەڵەکەبوبون دەمێکبو دەستیان پێکردبو لە نێوان فەرەنسا و تورکیادا. هەروەها کاتێک مانگی شەشی 2019 ئیمانوێل ماکرۆن لەبەردەم ئەنگێلا مەرکێلدا لە کۆنفرانسێکی پرێسدا وتی : بەرپرسیاریەتێکی مێژویی و کریمینێلە بۆ ئەو کەسەی کە خۆی بە ئەندامی ناتۆ دەزانێت. بەکار هێنانی زاراوەی کریمینێل دورە لە زمانی دیپلۆماسیەوە.
هەرچەندە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی هەڵسوکەوتی ئۆردوگانی بەدڵ نیە بەلام هیچیان وەک فەرەنسا بە راستەو خۆ هێرش ناکەنە سەر ئۆردوگان. ماکرۆن هەوەها وتی کە ئەو باوەڕی بەوە نیە کە سورانەوە بەدەوری تەنگژیەکی ئاڵۆزی ئاوادا ببێتە چارەسەر .
کاتێک مانگی شەش پاپۆڕێکی بازرگانی تورک لەدەریای سپی ناوەڕاستا دەبینرێت کە چوار پاپۆڕی جەنگی تورکی بەڕێی دەکەن لە خواروی ڕۆژەهەلاتی جەزیرەی کریت، کە ژمارەی شوناسی خۆی داپۆشیوە، سەرپەرشتیارانی هێزی دەریای فەرەنسی شکی لێدەکەن کە کەلوپەلی شەڕ بگوێزێتەوە بۆ لیبیا کە جۆرێکە لە شکاندنی ئەمبارگۆی UN دژی لیبیا، هەرچەندە تورکیا وتویەتی کە ئەو پاپۆڕە کەلوپەلی خەستەخانەی هەڵگرتوە. هێزی فەرەنسی سەر بە ناتۆ کە کاری سەرپەرشتی کردنی ئەو ناوچەیە بوە، لە کاتێکدا کە ویستویەتی ئەو پاپۆڕە بپشکنێت، پاپۆڕە جەنگیەکانی تورکیا رێگەیان پێناداتو سێ جار لایت لە پاپۆرەکانی فەرەنسا ئەدەنو لەهەمان کاتا ڕادارەکانیان دەکەونە خولاندنەوەوە، کە ئەمەش نیشانەی پێش هێرشە بە قومبەلە لەلایەن ئەوانەوە ئەگەر پاپۆڕەکانی فەرەنسا نەکشێنەوە، بەگوێرەی رونکردنەوەی وەزیری جەیشی فەرەنسی کارێکی زۆر دژوارەوە ناکرێت لەلایەن هاوپەیمانێکەوە بکرێت بەرامبەر بە هێزی ناتۆ. بەو جۆڕەش پاپۆڕەکە بە بێ پشکنین ڕیگا دەگرێتە بەرو کەلەپەلەکانی دەگەیەنێنە لیبیا.
هەروەها تورکیا چەند جارێک قسەی دور لە زمانی دیبلۆماسی کردوە بەرامبەر بە فەرەنسا : فەرەنسا کە ماکرۆن حوکمی دەکات، یان باشتر بڵیین کە ناتوانێت حوکمی بکات، ئێستاکە لە لیبیان تەنها بۆ قازانجی خۆیو مەبەسی تایبەتی خۆی، کاری تەنها تێکدەریە لە لیبیا. هەروەها دیبلۆماسی تورک وتی : ناتۆ روسیا وەک دژی هاوپەیمانی دەبینێت بەلام فەرەنسا دەیەوێت جێگای روسیا پتەو بکات لە لیبیا. ئیتر تۆن لەنێوانیانا هێندە بەرز بویەوە کە فەرەنسا ناچار بو بە هێزی ئەسکەری بەشدار بێت لە لیبیاو ڕێگری بکات لە هێزی مارێشاڵ خەلیفە حەفتار و بەرەو پایتەخت هەنگاو بنێت، ئەم هەنگاوەش بەلای تورکانەوە وادیارە کە سەرکەوتنی بەدەست هێنابێت بۆیە کۆنە دیپلۆماتی تورک دەلێت ئەمڕۆ لە لیبیا دەستێوەردانی ناقانونی هەیە لەهەمو رویەکەوە پاشان دەلێت جێگای داخە کە فەرەنسا و تورکیا کە زۆر بواری ئابوری پێکەوە دەیان بەستێتەوە بگاتە ئەوەی کە وتاری گرژی بەرامبەر بەیەک بدەن کە هیچ ئاماجێکی باشی لێ نابێتەوە.
لەبەر ئەوەی کە لیستی ناکۆکیەکان لە نێوان تورکیا و فەرەنسادا لە زیادبوندان : دەستێوەردانی تورکیا دژی هێزی کوردی لە سوریا، هەرەشەکردنی کردنەوەی سنور بەسەر ئەوروپاد بۆ پەناهێندەکان، دەرهێنانی نەوت لە قوبرس ،هەروەها بەدەست هێنانی سیستەمی s 400 ی روسی و ئێستاکە ش لە لیبیا، بۆیە فەرەنسا وتی : کاتێک تورکیا پیاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بەکار دەهێنێت لە لیبیا ئەمە کارێکە دژی هەمومانە. هەروەها تورکیا لە ناو خاکی فەرەنسادا لە ژێر ناوی ڕیکخراوی جۆراو جۆر و مزگەت، کۆمەڵگەی تورکی رێکخستوە وەک کۆمەڵگەیەکی سیاسی بۆیە دیپلۆماتێک فەرەنسی وتی : تەناقوزەکان کەڵەکە دەبن بە جۆرێکی زۆر دژوارو تورکیا لەهەمو رویەکەوە کارایە لەو ڕوەوە.
هەرچەندە فەرەنسا ئارگومەنتی زۆرە بەڵام ناتوانێت وڵاتانی تری ئەوروپی بەلای خۆیدا راکێشێت، بۆ نمونە کاتێک لەگەڵ سکرتێری ناتۆ باسی ئەو تەنگژیە کرا لەگەڵ پاپۆڕە جەنگیە تورکەکاندا لەدەریای سپی ناوەراست، لەسەرەتاوە بە تەنگژیەکی بچوکی ناساندو پاشان بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو روداوەبکرێت، بەڵام راپۆرتەکە وەک نهێنی جەیشی ماوەتەوە و وادەردەکەوێت کە هەقی بە فەرەنسا نەدا لەو ڕوەوە، راپۆرتەکە بەرونی دەلێت بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتوە، ناتوانێت هیچ بەرپرسیاریەتێک لەو ڕوەوە وەربگرێت. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بڕیارەی ناتۆش، فەرەنساش بڕیاری دا بۆ ماوەیەک بکشێتەوە لە سەرپەرشتی کردنی ئەو ناوچەیە لەدەریای سپی ناوەراستا کە وەک ئەرکێکی ناتۆ پێی سپێردرابو، بە نارازیبونی لەو بڕیارە. وەزیری ئەرکانی جەیشی فەرەنسی دەڵێت : ئەمە شکستێکە لە پرۆژەی سەرپەرشتی کردن دژی هاتوچۆی قاچاخ کە هەندێک لەئەندامەکان خۆیان قاچاخی دەکەن.
بۆ فەرەنسا گرانە تورکیا بخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ناتۆ لەکاتێکدا ناتۆ ناتوانێت لەم هاوپەیمانیەتەدا ئەندامێک دەربکات. لە 30 ئەندامی ناتۆ تەنها هەشت ئەندام پشتگیری لە فەرەنسا دەکەن، ئەمەش دەوری فەرەنسای بێ هێز کردوە لە ناو هاوپەیمانی ناتۆدا و دیپلۆماتێکی تورک لەئەستەمبول دەڵیت : سەرەک کۆماری فەرەنسا ناکۆکی نێوان تورکیا و فەرەنسا بەکار دەهێنێت بۆ بەرەو پێشبردنی ستراتیژیەکانی .
ئەمەریکا کە دەورێکی سەرەکی هەیە لە ناتۆدا، نایەویت هاوپەیمانی تورک لەکیسبدات، تورکیا دوهەمین هێزی ئەسکەریە و لە سەرخاکەکەیدا بنکەکەیەکی سەربازی تێدایە کە پێویستیەکی سەرەکیە بۆ دەستێوەردان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاساتا، بۆیە دیپلۆماتێکی تورک : Selim Kuneralp دەڵێت : پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریاک لەسەر ئاستێکی بەرزنو لەسەر دیالۆگ بەندن لەنێوان ئۆردوگانو ترەمپدا. لە کتێبەکەیدا : the room where it happened دەڵێت : سەرۆک ئۆردوگان کە ترەمپ زیاتر تەلەفۆنی بۆ دەکرد ئێستاکە دەرئەنجامەکەی دەبینین، ئەمەریکا زۆر دژی دەستێوەردانی ئۆردوگان نیە لە لیبیا. هەروەها لە سوریاش، ئەمریکا قبوڵی بونی تورکیا دەکات لە باکوری سوریا .

تەنگژی کۆچبەرەکان، بەلوعەی ئۆردوگان .

ڕوداوەکەی لەدەریای سپی ناوەڕاساتا لەنیوان هێزی دەریای فەرەنسی و تورکیادا لەدەرئەنجامی ئەو وتەیەبو کە ماکرۆن ساڵی 2019 دا ڕستەیەکی وەک تیرێک گرتە ئۆردوگانو وتی : ناتۆ لە حالەتی مردنی دەماغیدایە. لەو سەدەمەشدا ئۆردوگان وەلامێکی زۆر توندی دایەوە و وتی : با ماکرۆن سەرپەرشتی دەماغی خۆی بکات. سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت بەهەمو جۆرێک ئەو ڕستەیەی خۆی بسەلمێنێت کە ئەو روداوە جارێکی تر بیرۆکەی مردنی ناتۆ دەسەلمێنێت . لەسەر ئەم دەستێوەردانەبو کە هێزی فەرەنسی ناچار کرد بچنە شوێنی مەبەستو بەرامبەر هێزی دەریای بوەستنەوە . یەکێک لە یارمەرتیدەرەکانی ماکرۆن دەڵێت : بۆ ماکرۆن سەروەری فەرەنسا بە بەهێزکردنو سەربەستی ئەوروپاوە بەستراوەتەوە : سەرۆک ماکرۆن کار لەسەر بنیاتنانی کۆڵەکەی ئەوروپا دەکات ئەوەش بەوە دەست پێدەکات کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لەو تەنگژیانەی کە لەنزیەکیەوە روبەروی ئەوروپا دەبنەوە .
بە پێی شیکاری Mark Pierini کۆنە ئەمباسادی ئەورپی لە ئەنقەرە، تورکیا، ئەوروپا وەک زەخرەفەیەکی پەرشوبڵاو دەبینێت کە لە روی دیپلۆماسیەوە هیچ بەرهەمێکی نەبوە لەم دە ساڵەی دوایدا، هەروەها دەلێت : جگە لە وتارە ئەوروپیەکانی ماکرۆنو مەرکێل نەبێت، هیچ پێشنیارێکی تریان نیە جگە لە فەرەنسا نەبێت کە خۆی وەک هێزێک لەناو یەکێتی ئەوروپادا پیشان ئەدات. توانای دەستیوەردانی ئەوروپی بەرامبەر بە تورکیا کەمە لەبەر بونی پەیوەندیەکی ئابوری گرنگ لە نێوان ئەڵمانیا و ئیتالیا و ئیسپانیا کە قازانجو گرنگی ئابوریان هەیە لەگەڵ تورکیادا.
دیپلۆماتێکی فەرەنسی دەلێت : لە هەمو دیالۆگێکدا لەگەڵ تورکیادا هەوڵ ئەدەین ئەو باسانەی پەیوەندی بە سوریا، میدیتێرانێی ڕۆژهەلات، لیبیادا باسبکرێن، کارێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی کە ڕای ئەوروپیەکان لەیەکتری نزیکبکەینەوە بەو بۆنەیەوە ببنە ئەکسیۆنێکی پتەو دژی تورکیا، هەتاوەکو ئێمە لە سنورەکانماندا روبەروی ئەو جۆرە هێرشانە نەبینەوە.
کەم ولاتی ئەوروپی هەیە کە بیەوێت پشت بکاتە ئەوروپا. شەپۆلی پەناهێندەکانی هاوینی 2015 لە بیرەوەی هەمیوندایە، هیرشی پەناهێندەکان یەکێتی ئەوروپای ناچار کرد ساڵی دوایی پەیمانێک لەگەل تورکیادا ببەستن، بەرامبەر بە شەش ملیار ئۆرۆ، تورکیا سنورەکانی بنبەست دەکاتو پەناهێندەکان لەسەر خاکەکەی دەهێڵێتەوەە بەڵام ئەوروپا تەنها نیوەی ئەو پارەیەی داوە بە تورکیا، بۆیە تورکیا بەلوعەیەکی تری بەدەستەوەیە کە بەم نزیکانە دێتە دی ئەویش واڵا کردنی سنوری لیبیایە بەروی پەناهێندەکان، بۆیە دیپلۆماتێکی ئەوروپی دەڵێت نازانم چۆن ئەوروپا ناچار نابێت چەکێکی تر بۆ تورکیا بنوسێت .
ستراتیژی پێکدادان جۆرێکە لە یاری بۆ ئۆردوگان، نزیکەی سالێکە بێ هێزبوە بەبۆنەی کریزێکی ئابوری گرنگەوە، سەرباری ئەمەش شکستێکی سیاسیش کە پارتەکەی زۆرینەی لەدەستداوە لەشارەوانیەکانی تورکیادا . سەرۆکی ئیسلامیەکان کە پارتی عە دالەتە ( AKP ) لەگەڵ پارتی ( MHP ) لە ناوەوەی تورکیادا میلەت دادەپلۆسنو بەیارمەتی ئەو تەنگژیانەی لەگەڵ ئەورپادا خەریکیان دەکەن، بە پێێ شیکاری حەمیت بوزور سەلام، دەڵێت : سیستەمی ئۆردوگان ناتوانێت بەکار بێت بەبێ دروستکردنی کریز ئەگەر لەناوەوە بێت یان لەدەرەوە .
هەمیشە هەمان مێتۆدە : رەئیش لە ناوەڕاستی مەیدانی شاردا باسی ڕوداوێک دەکات کە زۆر گرنگی پێ ئەدا لە میدیاکاندا کە خۆی خاوەنیەتی، وەک بە وتنی ئەوەی کە گوایە فەرەنسا هەمیشە ولاتێکی دژ بە تورکیایە و دوژمنی تورکیا بوە، ئیتر تەنگژیە سەرەکیەکانی وەک ئازادی و ژمارەی بەتالە و ئەنفلاسیۆن لەبیر خەڵکی دەباتەوە، بەلام شاردنەوەی ئەم دیاردانە وادیارە هەروا ئاسان نین لەلایەن رای گشتیەوە. بە پێی دواهەمین راپرسی پارتی ئاکەپە لە سەدا 30 دەنگەکانی ون دەکات و MHP لەسەدا 46، ئەمەش بۆ ئۆردوگان هەواڵاێکی خراپە کە پیویستی بە لەسەدا پەنجای دەنگەکانە بۆ ئەوەی دوای سێ ساڵی تر بتوانێت جارێکیت تر هەڵبژێرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە