هاوکێشەکەی ئەینشتاین و بۆمبی ناوکەیی

Thursday, 07.30.2020, 22:16

2067 بینراوە


«من نازانم لە جەنگی سێیەمی جیهانیدا چی جۆرە چەکێک بەکار دەهێندرێت، بەڵام  گومانم لەوەدا نییە کە جەنگی چوارەمی جیهانی بە بەرد و دار دەکرێت»  ئەینشتاین
--------------------------

بەشی دووەم: هاوکێشەی پێوەندی ماددە و وزە و دەرەنجامەکانی

گۆڕینی ماددە بۆ وزە

لە یەکێک لەو پەڕاوە زانستییانەی ئەینشتاین لە ساڵی ١٩٠٥بڵاوی کردەوە هاوکێشەکەی لەخۆ دەگرت، دەربارەی پێوەندی هاویەکی نێوان بارستایی و وزە. بەوەی وزە یەکسانە بە دەرەنجامی لێکدانی بارستایی بە دووجای خێرایی تیشک (و = ب.خت٢)، لەو دەمەوەش ئەم هاوکێشەیە بووەتە یەکێک لە بەناوبانگترین هاوکێشە لە جیهاندا. ئەگەرچی ئەوانەی شارەزایشیان لە فیزیادا نییە، گوێیان لێی بووە و لەوانەیە بیرۆکەیەکیان لەسەر دەرنجامەکانی هەبێت، بەڵام دیسانەوە ئەو واتایە بەدەستەوە نادات کە ئەوانەی گوێبیستی بوونە، بزانن چی دەگەینێت. بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە، دەبێ هەر لەسەرەتاوە بزانین کە ئەمەیان دەربڕینێکە و پێمان دەڵێت، هەمیشە بارستایی و وزە بەندن بەیەکدییەوە، کاتێکیش بمانەوێت بە شێوازێکی ئاسان ڕوونی بکەینەوە ئەوا دەبێژین، وزە و ماددە هەردووکیان دوو وێنەی جیاوازن بۆ یەک شت.
لەڕاستیدا ئەم هاوکێشەیە شتێکی سەیر و ناوازەی فیزیامان بۆ دەردەخات، ئەویش کە بارستایی ناوکەی گەردیلە کەمترە لە کۆی بارستایی تەنۆلکەکانی کە لێی پێک هاتووە، واتە کاتێک بارستایی گەردیلەی هیلیۆم دەپێوین، دەبینین کە کەمترە لە بارستایی دوو نیۆترۆن و دوو پرۆتۆنەکەی کە تێیدایە. ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوکە بەشێک لە بارستاییەکەی ون دەکات و دەیگۆڕێ بۆ وزەیەک، تا بکارێت پێکهاتە و لێکگیری خۆی بپارێزێت، ئەوەش بە هێزی ناوکەیی مەزن دەناسرێت و زاڵە بەسەر هێزی لێکبوونەوەی پرۆتۆن و نیۆترۆنەکان.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە دەبێژین، ئەو دوو بڕەی بارستایی و وزە دەکرێ بۆ یەکدی بگۆڕدرێن، مەبەستمان ئەوە نییە کە بوونی وزە هەمیشە بەندە بە بوونی بارستایی، باشترین نموونەشمان لێرەدا فۆتۆنە کە بێ بارستاییە. با وای دابنێین بارستایی فۆتۆن یەکسانە بە سفر، ئەوەی دەمەی سفری بڕی بارستایی لە هاوکێشەکە دادەنرێت، ئەوا وزەکەشی دەبێتە سفر، بەڵام ئایە وزەی فۆتۆن یەکسانە بە سفر؟ بێگومان نەخێر! ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئەم هاوکێشەیە تەنیا لەسەر تەنە وەستاوەکان پێڕەو دەکرێت (هاوکێشەیەکی دی هەیە بۆ تەنە جووڵاوەکان). فۆتۆن بە وزە جووڵاوەکەی بووەتە خاوەن بارستایی، بەڵام بارستایی نییە لە دۆخی وەستاویدا، بۆیە کە خۆی بکێشێت بە ئەلیکترۆنێک، یان هەر تەنۆلکەیەکی دیکە، هەموو وزەکەی هەڵدمژرێت و بڕی جووڵانەکەی دەبێتە سفر و هیچی لێ نامێنێتەوە، چونکە فۆتۆن خۆی لە بنەڕەتەوە تەنیا وزەیە، ئەویش هەڵمژرا.
ئەینشتاین سەرەتا وای بۆ دەچوو کە ناوکەی گەردیلە بارگەی ئەرێنی لەخۆ دەگرێ و دەبێتە هۆی ئەوەی هەمیشە پارێزراو بێت، بەرانبەر بە هەر پێکدادانێکی هەڕەمەکی بۆ دەرهاوێشتنی وزە، واتە هەرگیز ناتواندرێ گەردیلە لەت بکرێت. بەڵام لە ساڵی ١٩٣٢ زانا جیمس چادویک تەنۆلکەی نیۆترۆنی دۆزییەوە کە لە ناوکەدایە و پرۆتۆنەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بێبارگەیە، بەمە زاناکان بۆیان دەرکەوت کە نیترۆن دەتوانێ گەردیلە لێک هەڵوەشێنێت. ئەوە بوو پاش نێزیکەی شەش ساڵ لەم دۆزەوەیە (١٩٣٨)، دوو لێکۆڵەوە سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، لە لەتکردنی گەردیلەی یۆڕانیۆم لەڕێی هاوێشتنی نیۆترۆنەکان، ئەودەمەشی لە پاشماوەی کردارەکە توخمی باریۆمیان بینی، زانییان کە گەردیلە لەت بووە. دەرەنجامی لەتبوونەکە وزەیەکی یەکجار زۆر هاتە کایەوە کە خۆی دەدا لە ٢٠٠ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵت، وەک ئەوە بوو ئەم وزەیە لە نەبوونایەتییەوە سەری هەڵدابێ، بەڵام کاتێک سەیریان کرد، دەبینن بارستایی بەجێماو ڕێژەکەی کەمترە لە یۆڕانیۆمی ئاسایی، کەواتە دەبێ ئەو بارستاییە لەو کارلێکە وون بوو بێت. سەرچاوەی ئەو وزە بەهێز و مەزنە چییە؟ خانمە زانا لیز مەیتنەر توانی ئەم مەتەڵە هەڵبهێنێت و وەڵامەکەی لە هاوکێشەکەی ئەینشتاین دەست بکەوێت. لەبەرئەوەی ئەو دەمەی بارستایی ونبووی لە دووجای خێرایی تیشک دا، ئەوا ڕێک یەکسان بوو بەو ٢٠٠ ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتە کە بەبەرهەم هاتبوو.
پاش ساڵێک دوای ئەمە دوو زانا، ئێنریکۆ فێرمی و فرێدریک جۆلیۆ سەلماندیان کە گەردیلەی یۆڕانیۆم لە کاتی لەتبوونیدا دوو نیۆترۆن دەردەهاوێژێت. ئەگەر ئەو دوو نیۆترۆنە توانییان دوو گەردیلەی دیکەی یۆرانیۆم لەت بکەن، ئەوا چوار نیۆترۆن دێتە بەرهەم و پاشان دەبنە هەشت و شازدە و .... و هەتا ژمارەیەکی بێپایان، لە زنجیرە یەک بەدوای یەکی کارلێکردنە ناوکەییەکان، بۆ پەیداکردنی وزەیەکی لەڕادەبەدەر مەزن. هەر دوو ساڵی نەبرد پڕۆژەی مانهاتنی نهێنی دەستی پێکرد ١٩٤١، ئەوەی سەدان زانا بەشدارییان تێدا کرد و گەیشتنە دروستکردنی بۆمبی ناوکەیی، بەمەش جیهانێک هاتە ئاراوە کە بە چاخی یۆڕانیۆم و وزەی ناوکەیی ناو دەنرێت.

و = ب . خت٢ چی دەگەینێت؟

واتە بۆ بەدەستهێنانی وزە (و)، ئەگەر بمانەوێت گرامێک ماددە (ب) لە هاوکێشەکە دابنێین، دەبێ لە دووجای خێرایی تیشکی (خت) بدەین، زانراوە کە ئەو خێراییە نێزیکەی ٣٠٠ هەزار کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا، بە مەتریش دەبێتە نێزیکەی ٣٠٠ ملیۆن مەتر، پاشان دەبێ دووجای بکەینەوە. واتە هۆکاری مەزنی و بێئەندازەیی ئەو وزەیەی دەستمان دەکەوێت، دووجاکردنەوەی تیشکە. دەشێ لێرەدا بپرسین، بۆ دەبێت ماددە لە خێرایی تیشک و دووجاکەی بدرێت تا وزە پەیدا ببێت؟ لەبەرئەوەیە کە وزە ئەگەر شەپۆلی تیشک بێت، یان تیشکاوەری، ئەوا بەخێرایی تیشک بەرەڵا دەبێت، بۆیە کاتێک لە بۆمبی ئەتۆمیدا گەردیلە لەت دەکرێت، وزەیەک بە خێرایی تیشک لێیەوە دەردەچێت. دووجاکردنەکەش بە هۆی ئەوەیە، جووڵەوزە هاوڕێژەیە لەگەڵ بارستایی، بەوەی ئەو دەمەی تەنێک تاو دەدرێت (خێرایی زیاتر دەبێ) جووڵەکەی پتر دەبێ بە گونجانی ڕێژەکەی لەگەڵ دووجای خێراییەکەی. وەک نموونەی دووری وەستانی ئۆتۆمبیل وایە کە هەمیشە دووجایە، واتە کە خێراییت دوو هێندە بکەیت، دووری وەستانت چوار هێندە دەبێتەوە، لێرەشدا دەتوانین بڵیین، دووری وەستان هاوشێوەی دووجای خێراییە لە هاوکێشەکەدا.
جێی ئاماژە پێکردنە کە هاوکێشەکەی ئەینشتاین دەرەنجامی چەند یاسایەکی ناسراوی پێش خۆیەتی، هەر یەکێک دەیەوێت لە وردەکاری داتاشینی ئەو هاوکێشەیە تێبگات، ئەوا لەدوا دێڕەکانی ئەم بابەتە یەکە بەیەکەی هەنگاوەکان ڕوون دەکەینەوە.
ئێستەش با بزانین، ئەگەر ١ کیلۆگرام لە جۆرە ماددەیەک بەکار بهێنین، چەندە وزەمان پێ دەدات؟
و = ب * خت٢
و = ١ * (٣٠٠٠٠٠٠٠٠)^٢ = ٩ * ١٠^١٦ جول/کیلۆگرام
ئەمەش دەکاتە نێزیکەی:
٩٠ پێتاجول (٩٠ ملیار ترلیۆن جول)
٢٥ ملیار کیلۆوات/کاژێر
٢١ ترلیۆن کیلۆکالۆری (گەرمی)
٢١٥٠٠ کیلۆتۆن لە ماددەی تی ئێن تی (TNT)
٢ ملیار و ٦٣٠ ملیۆن لتر سووتەمەنی گازۆلین
هەر ئەوەشە وا دەکات خۆری ئێمە بۆ ملیاران ساڵی دیکە بەردەوام بێت لە بەخشینی وزە، لەبەرئەوەی وزەکەی کە لە گۆڕانی بارستاییەکەیەوە پەیدا دەبێت، یەکجار گەورە و مەزنە.

تیشکاوەری ناوکەیی لە چییە سەرچاوە دەگرێت؟

تیشکە ناوکەییەکان دەکرێ بۆ چەندان بابەتی ئابووری و ئاشتیخوازانە سوودی لێ وەربگیرێت، هاوکات دەشێ گەلەک دەرەنجامی مەترسیداری لێ بکەوێتەوە، بێگومان ئەمەش دەوەستێتە سەر چۆنەتی بەکارهێنان و گونجاندنی بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ.
ئێمە دەزانین کە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەرماندا هەن، لە گەردیلەکان (atoms) پێک دێن، هەر توخمێک ژمارەیەکی گەردیلەیی (ژمارەی پرۆتۆنەکانی ناو ناوکەی گەردیلە) تایبەتی هەیە، ژمارەیان ١١٨ توخمە، ٩٤ دانەیان سروشتین و ئەوانەی دیکە دەستکردن. گەردیلەکان گشتیان سێ جۆرە تەنۆلکە لەخۆ دەگرن ئەوانیش، پرۆتۆن و نیۆترۆن و ئەلیکترۆنن، پرۆتۆن و نیۆترۆنەکان پێکەوە بەندن بە هێزێک پێی دەگوترێت، هێزی ناوکەیی مەزن، ئەلیکترۆنیش لە چەند خولگەیەکی دیارکراودا بە دەوری ناوکە دەجووڵێت و ناو دەنرێت بە ئاستەکانی وزەی ئەلیکترۆن. ئەلیکترۆن و پرۆتۆنەکان خاوەنی بارگەیەکی کارەبای یەکسانن لە بڕەکەیان و پێچەوانەن لە بارگەگری (ئەلیکترۆن نەرێییە و پرۆتۆن ئەرێییە)، ئەمە ئەو هێزە پەیدا دەکات لە نێوان ناوک و ئەلیکترۆنەکان. ژمارەی پرۆتۆنەکان تایبەتمەندی و جۆری گەردیلەکان و توخمەکان دیار دەکەن، واتە ئەگەر ناوکە ١٣ پرۆتۆنی تێدا بێت، ئەوا ١٣ ئەلیکترۆنیش لە دەوری ناوکەدا بوونی هەیە. کاتێک ژمارەی پرۆتۆنەکان یەکسان دەبێ بە ژمارەی ئەلیکترۆنەکان، گەردیلەکە لە ڕووی کارەباییەوە هاویەک دەبێ، لەو دەمەش ژمارەیان جیاواز بێت، دەبنە ئایۆنی ئەرێیی، یان ئایۆنی نەرێی. لە نموونەکەمەندا ئەو گەردیلەیەی خاوەنی ١٣ پرۆتۆنە گەردیلەی ئەلۆمنیۆمە، یان ئەلۆمنیۆم ٢٧ کە ناوکەکەی پێک دێت لە ١٣ پرۆتۆن و ١٤ نیۆترۆن، ئەمەشە ژمارەی بارستایەکی گەردیلەکان (atomic mass number) کە پێیەوە دەناسرێن.
ئەوەی لێرەدا گرینگە، گەردیلەی ئەلۆمنیۆم گەردیلەیەکی جێگیرە (stable atom)، واتە ئەگەر یەک گەردیلەی ئەلۆمنیۆم بخەینە ناو شووشەیەکی داخراو، بۆ ماوەی ملیۆنان ساڵ، هیچ گۆرانێکی بەسەردا نایەت و هەر گەردیلە ئەلۆمنیۆمەکەی ١٣ ئەلیکترۆنی و ١٣ پرۆتۆنی و ١٤ نیترۆنی دەمێنێتەوە. بەڵام هەندێ توخم هەن هاوتای تیشکدەریان هەیە، وەک گەردیلەی هایدرۆجن١ کە بە سادەترین توخم دەژمێردرێت، لەبەرئەوەی گەردیلەکەی یەک پرۆتۆنی تێدایە بەبێ بوونی نیۆترۆن. هایدرۆجن هاوتایەکی هەیە کە ناوکەکەی یەک پرۆتۆن و یەک نیۆترۆنی تێدایە پێ دەگوترێ دیتیریۆم، یان هایدرۆجن٢، ڕێژەکەشی لە سروشتدا زۆر کەمە کە خۆی لە ١،٥٪ دەدات، ئەمەشیان کاتێک لەگەڵ ئۆکسیجن یەک بگرێ ئاو پێک دەهێنێت، بەڵام ئاوێکی یەکجار ژاراویی. دیتیریۆم هاوتایەکی جێگیری هایدرۆجنە، کەچی هاوتای دیکەی هایدرۆجن کە بە تریتیۆم ناو دەبرێت، پرۆتۆنێک و دوو نیۆترۆن لە ناوکەکەیدا هەیە و هاوتایەکی ناجێگیرە. ناجێگیریش ئەوەیە، ئەگەر ئەمەیان لەناو شووشەیەکی داخراو دابنرێ، پاش چەند ساڵێک (هەزاران ساڵ)، دەبینین بووە بە توخمی هیلیۆم٣ کە ناوکەکەی دوو پرۆتۆن و یەک نیۆترۆنی لەناوە و توخمێکی جێگیرە.
هاوتاکانی زۆربەی توخمەکانی سروشت چالاکی تیشکاوەرییان هەیە، توخمی یۆڕانیۆم باشترین نموونەیە بۆ ئەم بابەتە، چونکە قورسترین توخمە و چالاکترییشیانە لەڕووی تیشکاوەرییەوە بە بەراورد لەگەڵ توخمەکانی دیکە، هەموو ئەو توخمانەشی دەستکردی مرۆڤن و لە یۆڕانیۆم قورسترن، ناجێگیرن و خاوەنی چالاکییەکی تیشکاوەری گەلەک زۆرن. هۆکاری دەرکردنی تیشک لە ناوکەی توخمەکان ئەوەیە، تا لە دۆخی ناجێگیرییانەوە بگەنە باری ئاسایی، یان دۆخێکی جێگیر، ئەو کردارەی گۆڕانی توخمە ناجێگیرەکان بە شیبوونەوەی تیشکاوەری (radioactive decay) دەناسرێت.

لەتبوون و بەیەکداچوونی ناوکەیی

دوو شێوازی سەرەکی هەیە بۆ دەرچوونی وزەی ناوکەیی لە گەردیلەوە، لە دەرەنجامی هەردوو شێوازەکەش بڕێکی لەڕادەبەدەر وزە بەرەڵا دەبێت ناو دەنرێن بە، لەتبوونی ناوکەیی و بەیەکداچوونی ناوکەیی.
لەتبوونی ناوکەیی (Nuclear fission): شێوازکە ناوکەی گەردیلە لەت دەبێت بۆ دوو گەردیلەی وەک یەک و دەرهاویشتنی وزەیەکی مەزن لە نیۆترۆنەکان و فۆتۆنەکان (بەتایبەتیش تیشکی گاما)، هەروەها تەنۆلکەی ئەلفا و تەنۆلکەی بێتا. یۆڕانیۆم تایبەتمەندییەکی ناوازەی هەیە لەم ڕووەوە، بەوی هەر کاتێک نیۆترۆنی بۆ بهاوێژرێت، زۆر بەگورجی دیمژێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەشبوونی ناوکەکەی، وەک لە هاوتاکانی (یۆرانیۆم٢٣٥، پلۆتۆنیۆم٢٣٩) ڕوو دەدات. لەتبوونی ئەو دووانە بەئاسایی و هەلومەرجی سروشتی زۆر هێواشە و بە لەتبوونی خۆبەخۆ دەناسرێ کە خۆی پتر لە ٥٥٠ ملیۆن ساڵ دەدات، بەڵام دەکرێ بۆ مەبەستی دیکە بەدەستی مرۆڤ خێرا بکرێن. واتە ئەگەر بتواندرێت توخمێکی وەک یۆڕانیۆم زنجیرەیەک لەتبوونی پێ بدرێت، ئەوا ئەوەی بە سووتەمەنی ناوکەیی ناو دەبرێت دێتە بەرهەم، پاشان دەشێ ئەم لەتبوونە یەک بەدوای یەکە پتر هان بدرێت. مەبەست ئەوەیە هەر نیۆترۆنێکی بەرەڵا لە کرداری لەتکردن، دەبێتە هۆکار بۆ لەتبوونی دیکە و پێکهاتنی نیۆترۆنی زیاتر، بەبەردەوامبوون دەرنجام وزەیەک بەدەست دێت کە ملیۆنان جار لە وزەی سووتاندنی سووتەمەنییەکی لەشێوەی بەنزین پتر بێت.
بەیەکداچوونی ناوکەیی (Nuclear fusion): لەوەتەی بیرۆکەی ئەوە هەیە کە دەکارین لە دەرەنجامی لەتکردنی ناوکەیی بڕێکی زۆر لە وزە بێتە بەرهەم، زاناکان بۆیان ڕوون بووەوە کە بەگوێرەی شیکاری بیردۆزە زانستییەکان لەم بوارانەدا، دەشێ بە کردارێکی تەواو پێچەوانەی لەتبوونی ناوکەیی، بڕێکی مەزن لە وزە بەدەست بهێندرێت. ئەمەیان شێوازێکە تێیدا دوو گەردیلە یەک دەگرن لە نموونەی هایدرۆجن و هاوتاکانی (دیتیریۆم، تریتیۆم، پرۆتیۆم)، بۆ هاتنەکایەی گەردیلەیەکی گەورەتر وەک، هیلیۆم و هاوتاکانی هیلیۆم، بەمەش وزەیەکی گەرمیی لە ئەندازە بەدەر بێتەکایەوە، هاوشێوەی ئەو وزە گەرمییەی کە لە خۆرەوە بۆمان دێت.
هەرچەندە گەلەک شێوازی جیاجیا هەیە بۆ دروستکردنی چەندان جۆر چەکی ئەتۆمی، بەڵام لێرەدا بەکورتی ئاماژە تەنیا بەو دوو شێوازە هەرە ناسراوەکەیان دەدەین.

چەکی ناوکەیی لەتبوونەکی

بۆمبی لەتبوونەکی (fission bomb)، برێتییە لە چەکێکی خاوەن هێزێکی وێرانکەری یەکجار گەورە کە لە کرداری لەتبوونی ناوکەییەوە بەدەست دێت، ئەوەی دەتوانێت لە بارستاییەکی بچووکەوە هێزی کاولکردنی شارێکی هەبێ. یەکەمین بۆمب لە ساڵی ١٩٤٥ لە بیابانی ئەلامۆگۆردۆی نیومەکسیکۆی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاقی کرایەوە و ناونرا بە (A-bomb). ئەم تەقینەوەیە بووە سەرەتای شۆڕشێک لەم بوارەدا، چونکە پێش داهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هێزی تەقینەوەکان بەند بوو بە خێرایی سووتانی ماددە کیمیاییەکان، ئەوانەی دەبوونە هۆکاری بەبەرهەمهاتنی وزەیەک کە تەنیا پشت ببەستێت بە ئەلیکترۆنەکانی لە خوولگەی دەرەکی گەردیلەدا هەن. پێچەوانەی ئەمانە، بۆمبی ناوکەیی وزەکەی دەوەستێتە سەر ناوکەی گەردیلە، بەمەش بەگوێرەی هاوکێشەکەی ئەینشتاین دەکرێ لە چەنگێک ماددەوە، تەقینەوەیەک ڕوو بدات بەرانبەر بێت بە هێزی ٢٠ هەزار تۆن لە (TNT).
لەسەرەتادا بۆمبە ناوکەییەکان لە ئەمریکا دروست کرا، لەلایەن پڕۆژەیەی مانهاتن کە پێشتر ناومان برد، ئەمەیان دامەزراوەیەکی مەزنی ئەمریکایی بوو، لە ساڵی ١٩٤٢ لە بەرەبەری جەنگی دووەمی جیهانی پێکهێنرا، کۆمەڵێک زانای بەناوبانگی لەخۆ گرت وەک، ئینریکۆ فێرمی و ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر و کیمیازان هاڕۆڵد ئوری. پاش جەنگ دەستەی وزەی ناوکەیی لە وڵاتە یەکگرتووەکان بەردەوام بوون لەسەر کارەکانیان، وای لێهات گەلەک بۆمبی بچووکتر، بەڵام بەهێزتر لەوانەی لە دەستپێکی پڕۆژەکە دروست کران، پاشان توانییان سەرکە بۆمبی ئەتۆمی لە مووشەکی ئاسایی ببەستن کە بشێ لە بنکە گەڕۆکەکان، یان لە دەریاوە، یاخۆ لە ژێڕ دەریاوەش بهاوێژرێت.
چەکی ناوکەیی (شێوازی لەتبوونی ناوکەیی) دوو جاران بەکار هێنرا لە مێژووی جەنگەکاندا، هەردوو جارەکەش لە کاتی شەڕی جیهانی دووەم بوو، ئەو دەمەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوو شاری ژاپۆنی، هیرۆشیما بە بۆمبی ناونراو بە کوڕە بچووکەکە (Little Boy) و ناگاساکی بە پیاوە قەڵەوەکە (Fat Man). ئەم دوو بۆمبە بووە هۆی کوژرانی نێزیکەی ١٣٠ هەزار کەس ڕاستەوخۆ، دوو هێندەش دوای چەند ساڵێک لە کارەساتەکە بە کاریگەری تیشکاوەری. کوژرانی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە، ڕەخنە و ناڕەزاییەکی بەربڵاوی جیهانی لێکەوتەوە، بەڵام ئەمریکا هەمیشە بیانووی ئەوە بووە، ئەگەر ئەو جەنگە پتر درێژەی کێشابووایە، ئەوا خەڵکانێکی گەلەک زیاتر دەکوژران.

چەکی ناوکەیی بەیەکداچوونەکی

بۆمبی بەیەکداچوونەکی (Fusion Bombs)، لەسەر بنچینەی کرداری یەکگرتن و بەیەکداچوونی گەردیلەکان دەکرێ بۆمبی ئەتۆمی دروست بکرێت، گەلەک کاریگەرتر و بەهێزتر لە بۆمبی ناوکەیی لەتبوونەکی. چونکە ئەو ماددە یۆڕانیۆمەی بۆ لەتبوون بەکار دەهێندرێت، هەمووی ناچێتە باری تەقینەوە، بۆ نموونە بۆمبی کوڕە بچووکەکە تواناکەی ١،٥٪ دەبوو بە هێزی نێزیکەی ١٥ هەزار تۆن TNT، بۆمبی پیاوە قەڵەوەکەش بە بڕی یۆرانیۆمی کەمتر بەڵام خۆی لە ٤،٥٪ دەدا بە هێزی پتر لە ٢٠ هەزار تۆن TNT، کەچی بۆمبی بەیەکداچوونەکی کە بۆمبی ناوکەیی گەرمیی (Thermonuclear bomb)، یان هایدرۆجنیشی (H-bombs) پێی دەگوترێت، دووری و بازنەی کاولکردنی لەئەندازەبەدەر گەورەیە، بەگوێرەی ڕای پسپۆڕانی ناوکەیی ١٠٠٠ هێندەی بۆمبی لەتبوونەکییە!
دەبێ ئەوەش بزانین کە بۆمبەکانی لەسەرەتادا دروست دەکران، گشتیان لەوانەی لەتبوونەکی بوون، لەبەرئەوەی بۆمبی جۆری بەیەکداچوونەکی پێویستی بە تەقینەوەی ناوکەیی هەیە، بۆ پێدانی ئەو گەرمییەی کە نێزیکەی ١٠٠ ملیۆن پلە دەبێت تا بگاتە ئاستی کارلێککردن. یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٥٢ لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە لە دوورگەی ئێلوگیلاب (Elugelab) لە زەریای هێمن بەکار هێنرا.

دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بۆمبە ناوکەییەکان

تەقاندنەوەی بۆمبێکی ناوکەیی بەسەر شارێکی دیارکراودا، دەبێتە هۆی وێرانبوون و کاولکارییەکی گەلەک گەورە، پلەی ئەو وێرانکارییە دەوەستێتە سەر دووری شوێنەکان لە چەقی بازنەی تەقینەوەکە، ڕێژەی زیان و کاولکارییەکەش بەم شێوەیەیە:
- فشارێکی یەکجار مەزن لە دەرەنجامی شەپۆلی پەستانی تەقینەوەکە (٥٠٪) دروست دەبێت، وا دەکات گازەکانی لە هەوادا هەن بەخێراییەکی زۆرەوە بەرەو دەرەوەی ناوچەی تەقینەوەکە بجووڵین، بەمەش هەموو باڵەخانەکان دابماڵدرێن و ورد و خاش ببن، هەر بەو هێزەش لەشی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە لێک هەڵ دەوەشێنەوە و پارچە پارچە دەبن.
- شەپۆلێکی گەرمیی زۆر بەتین (٣٥٪) خۆی دەدات لە سەدان ملیۆن پلەی سەدی کە دەبێتە هۆی ئەوەی گشت شتەکان بەتەواوی بتوێنەوە و ببنە هەڵم.
- تیشکاوەرییەکی ترسناک (١٥٪) لە تیشکی گاما و گورزی بەتینی نیۆترۆنەکان کە کارێکی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر زیندەوەران.
- شتگەلە تیشکدەرەکان کە دوای تەقینەوەکە دەکەونەوە سەر زەوی، ژینگە دەڕمێنن و تا دەگاتە پیسکردنی ئاوی ژێر زەویش، بەمەش گەلەک نەخۆشی کوشندە بڵاو ببێتەوە.
لە ڕۆژی هیرۆشیما و ناگاساکییەوە تا ئەمڕۆکە پتر لە ٢ هەزار بۆمبی ناوکەیی تاقی کراوەتەوە، بە وزەیەکی کاولکەری بەهێزتر نەک سەدان، بگرە هەزاران هێندەی ئەو دوو بۆمبە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦١ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆمبێکی تەقاندەوە (بۆمبی قەیسەر)، بە هێزێک کە دەگیشتە ٣ هەزار جاران هێزی بۆمبی هیرۆشیما، بەگوێرەی گۆڤارێکی ئەمریکی، ڕووناکییەکەی لە دووری ١٠٠٠ کیلۆمەتر لە چەقی تەقینەوەکەوە بینراوە، ڕووبەری تۆپەڵە ئاگرینەکەشی ١٠ کیلۆمەتری دووجا بووە!
شارەزایان لەو بوارەدا زانیاری ئەوەمان پێ دەدەن کە لە گەرمەی کێبڕکێی چەکی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٦، ژمارەی بۆمبەکان لە ٧٠ هەزاریش تێپەڕی. بەڵام پاش ئەوەی واشنتۆن و مۆسکۆ ڕێک کەوتن لەسەر لەناوبردن و کەمکردنەوەی چەکی ناوکەیی، ئەوا ڕێژەی بۆمبەکان گەلەک کەمتر بووەوە. بە پشتبەستن بە هەژمارکردنێکی ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی بۆمبەکان لە جیهاندا ١٥ هەزارێک دەبێ، لە ٩٣٪ی ئەو بۆمبانە لە دوو وڵاتی ئەمریکا و ڕوسیادا هەن. هەرچەندە ئەو کەمکردنەوەیە یەکجار مەزنیش بێت، بەڵام دیسانەوە ژمارەکە زۆرە و مەترسییە تۆقێنەرەکەی هەر دەمێنێت. ئەمڕۆکە ڕوسیا لە پێشەوەی وڵاتانی جیهانە و خاوەنی ٧ هەزار بۆمبە، دووەمیشیان ئەمریکایە بە ٦٨٠٠ بۆمب، پاشان فەڕەنسا و چین و بەریتانیا دێن کە هەریەکەیان نێزیکەی ٣٠٠ دانەیان هەیە.
دواجار پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، لە ئەگەری تەقینەوەی کۆمەڵێک لەو بۆمبانە، زاناکان پێشبینی دەکەن، زەوی دووچاری ئەو وەرزە ببێتەوە کە بە زستانی ناوکەیی (nuclear winter) ناویان ناوە. ئەوەی دەڵێت، پاش ئەو تەقینەوانە هەور و دوکەڵێکی یەکجار زل و گەورەی ماددە تیشکاوەرییەکان بە ئاسمانی زەویدا بڵاو دەبێتەوە، بەری خۆر دەگیرێت و تەواوی چینگەلەکانی زەوی تێک دەچن، کاتێکیش ئەو هەورە بەشێوەی باران دێتە خوارەوە، ئەوا ژیان لەسەر زەویدا ناهێڵێت، خراپتر لەوەی لە سەردەمی دیناسۆرەکان ڕووی دا. لەڕاستیدا دەبێ لەلای هەموومان ئەو پێشبینییانە بەهەند هەڵبگیرێن و زۆر بەوردی چاودێری ئەو بۆمبانە بکرێن، هەمیشە هەوڵ بدرێت ڕێ لە دروستکردنیان بگیرێت و کەم بکرێنەوە، یانیش لەناو ببردرێن.
هەرچەندە لەم سەردەمەدا چەکی ناوکەیی و وێرانکەرە گشتییەکان، بە مەبەستی دەرخستنی هێز و فشاری سیاسی و بەرگری ستراتیژی بەکار دەهێندرێن، بەڵام خۆشبەختانەش توانای ناوکەیی زۆر سوودی دیکەی ناسەربازی هەیە لە بەرهەمهێنانی وزەدا.

داتاشینی هاوکێشەکەی ئەینشتاین

بۆ ئەوانەی پێیان خۆشە لە وردەکاریی داتاشینی ئەم یاسایەی ئەینشتاین تێبگەن، ئەوا لێرەدا هەنگاو بەهەنگاو شیکاری یاسایەکە دەخەینە بەردەست، لەڕێی فاکتەری لۆرێنتز و یاساکانی نیوتن و پێوەندییەکانی نێوان، بارستایی، خێرایی، هێز، دووری، ماتەوزە و جووڵەوزە و ژمێرەکی ماتماتیکی (تەواوکاری و جیاکاری).
سەرەتا داتاشینەکە بەتەواوی ڕیز دەکەین، پاشان هەنگاو بەهەناو شیکارەکەمان ڕوون دەکەینەوە؛

ڕوونکردنەوەی داتاشینەکە؛

یاساکەی ئەینشتاین دەڵێت، وزە (و) یەکسانە بە لێکدانی بارستایی (ب) بە دووجای خێرایی تیشک (خت) واتە: و = ب . خت٢
سەرەتا پەنا دەبەینەبەر پێوەندی بارستایی تەنێکی جووڵاو (ب) بە بارستاییەکەی لە دۆخی وەستاو، یان جێگیر (بج)، لەگەڵ هۆکار، یاخۆ فاکتەری لۆرێنتز (Lorenz Factor) کە بە هێمای گاما (ɣ) دەردەبڕێت، دەربارەی خێرایی (خ) تەنە جوڵاوەکان بۆ خێرایی تیشک (خت).
١- هاوکێشەی یەکەم: ب = ɣ . بج
٢- هاوکێشەی دووەم: ɣ = ١/(١-خ٢/خت٢)١/٢
٣- بە لەجیاتیدانان ئەم هاوکێشەیەمان دەست دەکەوێت: ب = بج/(١-خ٢/خت٢)١/٢
٤- بە دووجاکردن دەبێتە: ب٢ = بج٢/(١-خ٢/خت٢)
٥- بە لێکدانی سەر و ژێری هەردوو لاکانی هاوکێشەکە: بج٢ = ب٢. (١-خ٢/خت٢)
٦- بە کورتکردنەوە: بج٢ = ب٢ – ب٢خ٢/خت٢
٧- بە لێکدانی خت٢ بە دوو لای هاوکێشەکە دەبێتە: بج٢خت٢ = ب٢خت٢ – ب٢خ٢
٨- ئێستە ژمێرەی جیاکاری (Differential calculus) بۆ بڕە گۆڕاوەکان بە هێمای (دەلتا:Δ) ئەنجام دەدەین، بڕە نەگۆڕەکانیش (بج٢خت٢: بڕی بارستایی جێگیر و خێرایی تیشک نەگۆڕن) بە جیاکاری یەکسان دەبن بە سفر: ٢ب خت٢Δب – ٢ب خ٢Δب – ٢خ ب٢Δخ = سفر
٩- ئینجا هاوکێشەکە دابەشی ٢ب دەکەین بۆ کورتکردنەوە: خت٢Δب – خ٢Δب – خ بΔخ = سفر
١٠- بە شێوازێکی دیکە دەبێتە هاوکێشەی سێیەم: خت٢Δب = خ٢Δب + خ بΔخ
١١- ئێمە دەزانین کە وزەی (جوولەوزە، یان وزەی جووڵاو(وج): kinetic energy) پێویست بۆ جووڵانی تەنێک بە هێزێک بەرەو دووری بۆ ئاراستەیەکی دیارکراو پێی دەگوترێت کار (کر)، یاخۆ ئیش : وج = کر
١٢- کاری میکانیکی یەکسانە بە لێکدانی هێز (هێ) بە دووری (د): کر = هێ . د
١٣- بە شێوازی بڕە گۆڕاوەکان (بۆ دووری دەیکەینە Δد) دەینووسین، لێرەش هێز نەگۆڕە، هاوکێشەی چوارەم: Δوج = هێ . Δد
١٤- یاسای دووەمی نیوتن دەڵێت، هێز یەکسانە بە ڕێژەی گۆڕان لە بڕی جووڵان (گوڕ: Δگ) بۆ گۆڕانی کات (Δکت) واتە: هێ = Δگ/Δکت
١٥- گوڕیش (گ) دەرەنجامی لێکدانی بارستایی و خێراییە، کەواتە: هێ = Δ(ب.خ)/ Δکت
١٦- بە گوێرەی یاساکانی جیاکاری دەتوانین ئاواش بینووسین: هێ = ب. Δخ/Δکت + خ. Δب/Δکت
١٧- بە دانانی ئەم هێزە لە هاوکێشەی چوارەم دەبێتە: Δوج = ب(Δخ/Δکت). Δد + خ(Δب/Δکت). Δد
١٨- دەکارین بەو شێوەیەش دەربڕێت: Δوج = ب(Δد/Δکت). Δخ + خ(Δد/Δکت). Δب
١٩- بەگوێرەی یاسای گالیلێیۆ خێرایی (خ) یەکسانە بە دووری (د) دابەش کات (کت): خ = د/کت
٢٠- بەلەجیاتی دانان هاوکێشەکەمان دەبێتە: Δوج = ب(خ). Δخ + خ(خ). Δب
٢١- بەمەش بووینە خاوەن هاوکێشەی پێنجەم: Δوج = ب. خ. Δخ + خ٢. Δب
٢٢- لایەکی ئەم هاوکێشەیە یەکسانە لایەکی هاوکێشەی سێیەم کەواتە: Δوج = خت٢.Δب
٢٣- ئەمجارەیان ئەگەر ژمێرەی تەواوکاریی (Integral calculus) پێڕەو بکەین کە هێمای پیتی ئێسی ئەڵمانی (∫) بۆبەکار دێت: 0∫ج Δوج = 0ب∫ب خت٢Δب
٢٤- پاشان دەبێتە: وج = خت٢(ب - بج)
٢٥- وزەی گشتیش (وگ) یەکسانە بە کۆی ماتەوزە (وزەی جێگیر: وج) و جووڵەوزە: وگ = وج + بج.خت٢
٢٦- واتە: وگ =خت٢(ب – بج) + بج.خ٢
٢٧- بە دەربڕێنێکی دیکە دەبێتە: وگ = ب خت٢ – بج خت٢ + بج خت٢
٢٨- بەلابردنی دوو بڕە یەکسان و نیشانە جیاکان، دواجار هاوكێشەکەمان دێتە دەست:
و = ب . خت٢
.........................................................
* میچیۆ کاکو: زانا و نووسەری ناودار دەربارەی ئەینشتاین لە کتێبەکەیدا بەناوی (گەردوونی ئەینشتاین)

سەرچاوەکان؛





(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)