زانستی ڕاستەقینە و زانستی ساختە کامانەن و چۆن لە یەکدی جیا دەکرێنەوە؟

Monday, 07.06.2020, 2:10

1993 بینراوە


نيل ديگراس تايسۆن: "شتە باشەکەی زانست لەوەدایە کە ڕاستە، بەبێ گوێدان بەوەی باوەڕت پێی هەیە یان نا"

----------------------
ئەمڕۆکە زانست و تەکنەلۆژیا بە گوڕوتینێکی یەکجار زۆر بەرەوپێشەوە دەچێت، بەمەش ڕووبەری سەرچاوەی زانیارییەکان بەبەردەوامی پتر دەبن، بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە بە چاک و خراپ، ڕاست و هەڵە، لەڕێی ئامراز و دەزگەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕادەبەدەر خێرایە. ئەوەشی کە لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانە یەک ناگرێتەوە و ڕاستییەتی و متمانەدارییەتی دەشێوێنێت، ئەو زانیارییە گەندەیەن کە پێیان دەگوترێت، زانستی ساختە، بەداخەوە گەلەک جار لە زانستە ڕاستەقینەکان فرەوانتر بڵاو دەبنەوە و لایەنگرانی زیاترن.
پێویستە بە تێڕوانینێکی قووڵەوە بڕوانینە ئەو زانستانەی پێمان دەدرێت، یان بە دێڕی گەورە لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەنووسرێن، تا بزانین ئایە ڕاستەقینەن، یاخۆ ساختە؟ دەبێ ئامرازێکی کاریگەر بەکار بهێنن بۆ جیاکردنەوەی چاک لە خراپیان، چونکە زۆر جار زانیارییەکان بە جۆرێک ڕووپۆش دەکرێن کە تەواو هاوشێوەی زانستە ڕاستەقینەکان دەربکەون، بۆیە ئاگاداربوونمان گرینگییەکی مەزنی هەیە، تا دووچاری بارودۆخێکمان نەکەن، نەتوانن بەسانایی لێی دەرباز ببین. بۆ ئەمەش باشترین خۆپاراستنمان بەو بنەمایە دەکرێت کە دەبێژێت، شتەکان بە دژەکانیان دەناسرێن، کەواتە ڕێگەچارە تێگەیشتنمانە لە زانستی ڕاستەقینە. جیاکردنەوەی ئەو دوو جۆرە زانستە ئاسان نییە، بۆیەش فەیلەسووفی زانستەکان کاڕل پۆپەر دیارکردنی سنووری نێوان زانستی ڕاستەقینە و زانستی ساختە، بەکارێکی سەخت دادەنێت و یەکەم کەس بوو کە ناوی ناوە بە (کێشەی دیارکردنی سنوورە یەکلاییکەرەوەکان). هۆکاری گرفتەکان و سەختبوونی ئەم بابەتە لە لایەک بەرفرەوانی و هەمەجۆری بوارە زانستییەکانە، لە لایەکی دییەوە هیچ کامەیان پێناسەیەکی ڕوون و تەواوی نییە، تا جیابکرێتەوە لەوەی دیکە. نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین کە کەسانێکی زۆر هەن، ئەگەر ڕایان لە زانیارییەک، یان ڕاڤەیەکی دیارکراو نەبێ، زۆر بەئاسانی زاراوەی "زانستی ساختە"ی پێ دەبەخشن.
ئەوەی جێی سەنجە بەدرێژایی مێژوو، لەپاڵ هەموو زانستێکی ڕاستەقینە زانستێکی ساختە بینراوە، بەڵام کاتێک باسی مێژوو دەکەین، دەبێ ئەوەش بزانین کە زانستی ساختە پێش زانستە ڕاستەقینەکان بوونی هەبووە. بە نموونە ژمارەیەکی زۆری زانستی گریکی و میسرییە کۆنەکان، هەوڵێک بوو بۆ ڕاڤەکردنی جیهان بە بیرۆکەی سەیروسەمەرە و ئەفسانەییەکان، یان دانانی بیردۆزی نازانستی وەک، چوار توخمەکانی هەبوونایەتی، خۆڵ، ئاو، هەوا، ئاگر. زانراویشە کە خوێندنەوەی بەخت و پێشبینیکردن بە ئەستێرەکانەوە (Astrology) زۆر لەپێش زانستی ئەستێرەناسی، چیمیا (Alchemy) بەرلە زانستی کیمیا هەبووە. لەم چەرخەشدا گەلەکی دیکە هەن وەک، زاناکانی ئەودیوسروشت (Metaphysics) و ئەودیودەروونناسی (Parapsychology)، تۆژینەوەکانی دەفرە فڕیوەکان و وزە مرۆییەکان.
بەبەردەوامی زانست لەلایەن دەسەڵاتداران و لایەنگرانی بیروباوەڕی پڕپووچ و ئەفسانەیی دژایەتی دەکرێت، دەسەڵاتداران چی ئاینی بن، یان سیاسی، باش دەزانن کە بەرهەمەکانی زانست جێی ئەوان لەق دەکات و دەبێتە هۆکاری پێشکەوتن و گۆڕینی جیهان بەڕاستەوخۆیی، نەک بە پێدانی بەڵێن و پەیمانی دوایەکی لەڕێی جادووگەری، قاوەگرتنەوە، خوێندنەوەی لەپێ دەست، باوەڕهێنان بە دێوودرنج و ئەژدیهاکان.
بە بەرهەمهێنەرانی زانستە گەندەکان، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن لەڕێی چەواشەکردن و لەخشتەبردنی ئەوانەی ئاستی ئاگایی و ڕۆشنبیرییان نزمە. بەبەردەوامی پارەیەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت بۆ شتگەلەکی بێسوود، کاتێکیش کە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی زانستەکان و گۆڕینیان بە چەند بۆچوونێکی هەڵە و گریمانە نازانستییەکان، پتر زیانەکانی بەدەر دەکەوێت. بەتایبەتی لە بوارە پزیشکییەکاندا، مەترسی زانستی ساختە یەکجار گەورەیە، چونکە لێرەدا لە چوارچێوەی بۆچوونێکی هزری و هۆشەکی دەردەچێت و پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت بەژیانی کەسە نەخۆشەکانەوە، بەوەی کە وایان لێ بکات لەبری چارەسەری بنەڕتی، ڕوو بکەنە پڕوپاگەندەی دەرمانە ساختە و پزیشکییە جێگرەوەکان.
زانست، یاخۆ زانستی هاوچەرخ چییە، پێناسە و تایبەتمەندییەکانی چین، کارنامەیی زانستی چی دەگەینێت، پێناسەی گریمانە و بیردۆز و یاسا و ڕاستییەتی زانستی چین و چۆن جیادەکرێنەوە لەو شتگەلانەی لە بەرگێکی زانستیدان، هاوکات زانستی نین و ساختەن؟
هەوڵ دەدەین بە دوو بەش وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، لەم بەشەدا لە زانستی ڕاستەقینە دەدوێین، بەشی دووەمیش بە هێنانەوەی چەندان نموونە، پێناسەیەکی وردی زانستە ساختەکان دەکەین.

بەشی یەکەم: زانستە ڕاستەقینەکان

زانست لە دوو وشەی لاتینی (Scire) زانست و (Scientia) زانین وەرگیراوە، پاشان لە زمانی ئینگلیزی بووە بە (Science) کە واتای زانست، یان زانستەکان دەبەخشێت.
کاتێک بمانەوێت دەربارەی جیهانی سروشتی بدوێین، گونجاوترین تێگەیشتن لە زاراوەی زانست ئەوەیە کە فەرهەنگی کامبێردجی بەریتانی پێناسەی دەکات: زانست بەدەستهێنانی زانیارییە لەڕێی تۆژینەوەی ورد بۆ پێکهاتە و ڕەفتاری جیهانی سروشتی، بەتایبەتی بە بینین، پێوانەکردن و ئەنجامدانی ئەزموونەکان و پەرەپێدان بە بیردۆزەکان، بۆ داڕشتن و ناساندنی دەرەنجامەکانی ئەو کار و کردەوانە.
زانستی هاوچەرخ گەلەک لکی جیاجیای هەیە، بەڵام دەکارین بەشێوەیەکی گشتی بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەشی بکەین ئەوانیش؛
- زانستە سروشتییەکان وەک: زیندەوەرزانی و کیمیا و فیزیا، ئەوانەی کە لە سروشت دەکۆڵنەوە.
- زانستە کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی: ئابووری و زانستی دەروونی و کۆمەڵناسی، ئەمانە تۆژینەوەن دەربارەی تاکەکان و کۆمەڵگەکان.
- زانستە بنچینەییەکان لە جۆری: لۆژیک و ماتماتیک و زانستی ئامێرە ژمێرەکییەکان، ئەمانەش چەمکە پەتی و ڕووتەکان دەناسێنن.
بە پلەی یەکەم سوودی زانست ئارەزووی مرۆڤە بۆ چاککردنی ژیان، بۆ نموونە زاناکان بەردەوامن لە پەرەپێدانی پیشەسازی و گەیشتن بە چاکسازی کشتوکاڵی و پترکردنی بەروبووم، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گەلەک جۆرە نەخۆشی، پێشبینیکردنی کەشوهەوا و بوومەلەرزە و گڕکانەکان و ڕوودانی کارەساتی دیکە. ئەم ویستانەی مرۆڤیشە وا لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەن، بایەخ بە کاری زاناکان بدەن و لایەنگری هەوڵەکانیان بن، لە داهێنانەکانیان بۆ خۆشکردنی ژیانی هاووڵاتیان. زانست بۆ ژیانی مرۆڤ گرینگییەکی یەکجار مەزنی هەیە، هەر ئەویشە مرۆڤی پێشخست و کردیە خاوەنی شتگەلە بەسوودەکانی وەک، ئۆتۆمبیل، فڕۆکە، مانگی دەستکرد، تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر و تەلەفۆنی ژیر.
زانست زۆر جار بۆ بەرژەوەندی و خراپەکاری لەلایەن چەند تاقم و کەسانێکەوە بەکار دەهێندرێت، بۆیە هەرگیز نابێ ڕێ بەوە بدرێت کە ئەو ئامرازە مەزن و کاریگەرە بکەوێتە چەنگ کەمینەیەکی بەهێز، چونکە چەندەی زانست بەربڵاو و بەردەستی هەمووان بێت، هێندە هەلی بەکارهێنانی بە مەبەستی خراپەی کەمتر دەبێتەوە. بەمەش دەگینە ئامانجە بەرزەکەی زانست، ئەویش وەرگرتنی زانیارییە ڕاستەکانە لە تێگەیشتنمان لە سروشت، بۆ پاراستنی ژینگە و یارمەتیدانی گشت مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکان.
وەک دەڵێن، زانست مەشخەڵ و بڵێسەی ژیانە، تەنیا بە زانست دەتوانین، ڕێیە سەخت و تاریکەکانی دێنە بەردەم پێشکەوتن و شارستانیەت ڕۆشن بکەینەوە. دەبێ هەمیشە جەختیش لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئەو پێشکەوتنانە، تەنیا هی یەک سەردەم و یەک نەتەوە و وڵات و ئاین نین، بگرە ئەنجامی ماندوبوون و هەماهەنگی زاناکان و بەرهەمی کەڵەکەبووی چەندان سەدەی یەک بەدوای یەکە، وەک گوتە ناودارەکەی نیوتن کە دەبێژیت: "هەرگیز نەم دەتوانی لە خەڵکی دیکە دوورتر ببینم، ئەگەر سەرنەکەوتبامە سەرشانی ئەوانەی لەپێش مندا هەبوون."

پێناسەی چەند چەمک و بنەمایەک زانستی

لە زانستدا گەلەک جار گوێبیستی چەند بنەما و چەمکێک دەبینەوە، پێویستیان بە ڕوونکردنەوەیەکی وردە بۆ لابردنی بەهەڵە تێگەیشتن و ئەو تەمومژییانەی دەربارەی پێناسەی زاراوەکان هەن وەک، گریمانە، بیردۆز ، یاسا، ڕاستی زانستی. لێرەدا لەبەر گرینگییان هەوڵ دەدەین بیان ناسێنین و جیاوازی نێوانیان بخەینە ڕوو.
گریمانەی زانستی (Scientific hypothesis):
گریمانەی زانستی (Scientific hypothesis): بەردی بناغەیە لە ڕێبازە زانستییەکاندا، برێتییە لە بیرۆکەیەکی پێشنیارکراو بۆ دیاردەیەک کە پێشتر ڕاڤە نەکراوە، بۆ ئەوەش گریمانە ببێتە گریمانەیەکی زانستی، پێویستە بۆ سەلماندن و بەلاوەنان بشێت لەڕێی لێکۆڵێنەوە و ئەزموونی وردەوە. بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەوانەی دێن و پێناسەیەکی تەواو بۆ گریمانەیەک دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئەزموونێکیان بۆی ئەنجام دابێ. بیرۆکەیەک هەرچەندە لۆژیکیش بێت و هەست بکرێ کە ڕاستە، دیسانەوە هەر بە گریمانە دەمێنێتەوە، ئەگەر بە ئەزموون تاقی نەکرێتەوە. کاتێک ماکس پلانک تێبینی تیشکی دەرچووی لە تەنێکی ڕەش کرد، نووچدان و بەهەڵەبوونی بیرۆکەی کۆنی ڕاڤەی ئەو دیاردەیەی بۆ بەدرکەوت، هەڵسا بەدانانی گریمانەیەکی دیکە بەناوی تەنۆلکە (Quantum)، بەوەی کە وزە بە گورزێک لە تەنۆلکە پچڕپچڕ و جیاجیاکان بڵاو دەبێتەوە، نەک بە ڕووناکییەکی تێکئاڵاوی بەردەوام.
بیردۆزی زانستی (Scientific theory):
 گرینگە واتای بیردۆز لە بواری زانستەکان جیا بکەینەوە وەک ئەوەی لای خەڵکانی دی بەکار دەهێندرێت. ئەمە هەڵەیەکە زۆر کەس تێی دەکەوێت، لەوەی واتاکەی بە بیرۆکە، گریمانە و پێشبینیی لێک دەدەنەوە و پێیان وایە، تیۆری زانستی بە شتگەلێکی باوەڕپێکراو و چەسپاو هەژمار ناکرێن و دەبێژن، ئەوەی هەیە ئەمڕۆکە ڕاستە، بەڵام شیاوی زۆرە سبەی بەهەڵە بخرێتەوە. ئەمەش تەواو دژی ئەو پێناسەیەیە کە زاناکان بە زاراوەی بیردۆزیان داوە، بیردۆز لە زانستدا: ڕێبازێکە بۆ ڕاڤەکردنی ڕاستییەکان و شێوازێکی گەلەک پتەوە لە وردییەتی و هەمەلایەنی بۆ زانیارییە زانستییەکان. هەموو بیردۆزەکان بە گریمانەوە دەستپێ دەکەن، پاش کۆبۆنەوە و کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک زانیاری بە پاڵپشتی چەندان بەڵگە، ئەوا دەچنە ڕیزی بیردۆز و لە بواری زانستی تایبەت بەخۆیان، وەک ڕاڤەیەک وەردەگیرێن بۆ دیاردەکان. بیردۆز گۆڕانی بەسەردا دێت، یان ڕاڤەکردنی بە شێوازێکی دی دەبێت، واتە دەکرێ بیردۆز بەرەوپێشەوە بچێ، یاخۆ هەموار بکرێتەوە، بە دەستکەوتنی زانیاری نوێی و هاتنەدی پێشبینییەکان، بیردۆزەکان بەهێزتر و ئاستی ڕاستبوونیان بەرزتر دەبێتەوە. گریمانەکەی پێشووی ماکس پلانک توانی لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ پێکهاتەی وزە بکات، کاتێکیش زانای دیکە گریمانەکەی ئەویان بەکارهێنا وەک ڕاڤەیەک بۆ چەند بابەتێکی دی کە پێشتر نەیان زانیبوو، دوای گەلەک ئەزموون و تۆژینەوە و بەڵگە، بووین بە خاوەن بیردۆزی تەنۆلکەیی، یاخۆ کوانتەمی (Quantum theory).
کەواتە ئەو دەمەی بیردۆزێکی کۆن کە ڕاستییەتی سەلمێندراوە و باوەڕی پێکراوە، بەڵام ناتوانێت ڕاڤەی زانیارییە نوێیەکان بکات، زاناکان هەوڵ دەدەن لەو بوارەدا بیردۆزێکی نوێ دابنێن. چەندە زانین بۆ دیاردەکان پتر بێت، هێندە ئەنجامدانی ئەم کردارە سەختتر دەبێ، چونکە بیردۆزە نوێیەکە جگە لە ڕاڤەکانی بۆ زانیارییە نوێیەکان، پێویستە توانای هەبێ بۆ ئەوانەی کۆنیش، واتە بیردۆزە نوێیەکە هەم ئەوەی کۆن لەخۆ دەگرێت، هەم بۆ ئەوەی ئێستەش دەست دەدات. ئەمەش مانای ئەوە نییە کۆنەکە هەڵە بێت، بگرە پێمان دەڵێت کە بیردۆزە کۆنەکە، بواری پێڕەویکردنی سنووردارە و پێی ناکرێت بۆ زانیارییە نوێکان ڕاڤەیەکی گونجاومان بداتێ، بیردۆزە نوێیەکەش مەرج نییە، لەدواڕۆژدا بکارێت وەڵامی بۆ گشت پرسێک هەبێت. هەندێ جار بیردۆزی نوێ تەنیا درێژبوونەوەیەک بۆ ئەوەی کۆن نییە و دەشێ تێگەیشتنێکی تەواو جیاوازمان پێ بدات بۆ دیاردەیەکی دیارکراو، بۆ نموونە، تێپەڕبوون لە بیردۆزی بەکێشکردنی نیوتنەوە بۆ بیردۆزی ئەینیشتاین، تێڕونینمانی لەڕیشەوە گۆڕی بۆ سروشتی کات و شوێن (کاشوێن).


یاسای زانستی (Scientific laws): پێناسەیەکی ماتماتیکییە بۆ پێوەندییە نەگۆڕەکانی نێوان دیاردە جیاجیاکان، بەوەی هەر دەمێک تاقیکردنەوە و ئەزموونی نوێی بۆ ئەنجام بدرێت، هەمیشە ڕاست دەبێت. بەڵام یاساکە چییەتی کردارەکە و هۆکاری ڕاستبوونمان بۆ ڕوون ناکاتەوە، تەنیا ئەوەندەیە دەڵێت کە ڕاستە.
بۆ نموونە، یاسای نیوتنی سەدەی حەڤدەیەم، پێوانەی بڕی هێزی بەکێشکردن و دووری نێوان دوو تەنی بارستایی جیاوازمان بۆ دەکات، بەوەی چەندە بارستایی تەنەکان پتر بێت، بڕی هێزی بەکێشکردنیان زیاتر دەبێ، کاتێکیش ماوەی نێوانیان درێژتربێ، ئەو هێزە کەمتر دەبێتەوە. بەڵام چییەتی بەکێشکردن و چۆنەتی کارکردنیمان پێ ناڵێت، ئەمەشیان هەروا مایەوە تا ئەینیشتاینی سەدەی بیستەم چییەتی و چۆنەتی ڕوودانی دەستنیشان کرد.
ئایە یاساکانیش گۆرانیان بەسەردا دێت؟ بۆ ئەوەی بیرۆکەیەک ببێتە یاسا، ئەوە ناگەینێت کە هەرگیز ناشێ لەدواڕۆژدا بەهۆی تۆژینەوەی نوێی زانستییەوە گۆڕانی بەسەردا بێت، چونکە لەمەشدا پێناسەی یاسا لەلای زاناکان و خەڵکی بەگشتی هاوواتا نین. لەلای زۆربەمان کاتێ باسی زانست دەکەین، وا دەزانین شتگەلەکی ڕەهان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە بۆ یاسا زانستییەکان هەڵەیە، یاسا زانستییەکان دەشێ دەستکاری بکرێن و بەرەپێشەوە بچن. ئەگەر جارێکی دیکە بنۆڕینە یاسای بەکێشکردنی نیوتن، بۆمان بەدەر دەکەوێت کە ئەزموونەکان تا ڕادەیەک پێگەی ئەو یاسایەیان هەژاند، لەبەرئەوەی زانیمان کە لەگشت ڕەهەندێکدا پێڕەو ناکرێت. بە نموونە، لە بواری تەنۆلکە هەرە وردەکاندا (کوانتەمی)، ئەو یاسایە کاری پێناکرێت، بێگومان ئەمەش هەڵەبوونی پێناگوترێت.
زۆربەی یاسا زانستییەکان دەکارین بە هاوکێشەی ماتماتیکی دەریان ببڕین، بۆیە بۆ تێگەیشتنمان لە وردەکاریی بابەتە زانستییەکان، گەلەک جار بۆ ئاسانکردن پۆیستیمان بە ماتماتیک دەبێت (بەماتماتیککردن). لێرەدا پێمان باشە زۆر بەکورتی پێناسەیەکی ئەوەش بکەین.
ماتماتیک (Mathematics): وەک گالیلێیۆ دەڵێت زمانی زانستە، یان زمانی سروشتە، بۆیە زانستێکی وەک فیزیا ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی کە هەیەتی بەبێ بوونی ماتماتیک. چۆن ئێمە بەکوردی دەئاخڤین بۆ دەربڕینی ئەوەی کە دەمانەوێت، خەڵکانی دیکەش بە زمانی خۆیان، ئاوش زانستێکی وەک فیزیا بە زمانی لۆژیک وهاوکێشە ماتماتیکییەکان دەدوێت. بە سەرنجدانمان لە مێژووی زانستەکان، دەبینین کە بەدرێژایی مێژوو، چەندەی ماتماتیک زیاتر پێش بکەوێت، هێندە فیزیاش بەرەوپێشەوە دەچێت. هۆکاری هەرە سەرەکی پێش کەوتنی ئەوروپا، بەند بوو بە بەشە سەرەکییەکەی ماتماتیک کە پێی دەگوترێت ژمێرە (Calculus)، ئەوەی جیاکاری و تەواوکاری دەگرێتەوە {جیاکاری بەندە بە ڕێژەی گۆڕانە ڕاستەخۆکان و لاری چەماوەکان، تەواوکاریش بایەخ دەدات بە کەڵەکەبوونی بڕەکان و ڕووبەرەکانی ژێر و نێوان چەماوەکان}. ئێمە سەیری هەر بابەتێکی فیزیکی بکەین بۆ نموونە، لە یاری تۆپی سەبەتەدا کاتێک تۆ تۆپەکە دەگریتە سەبەتەکە، هەرچەندە سادە و ساکاریش بەدەر دەکەوێت، بەڵام ناتوانیت لەم دیاردەیە بکۆڵیتەوە، ئەگەر بۆ دەربڕین نەیکەیت بە شێوازێکی ماتماتیکی (Mathematical model). واتە دەبێت خاڵ بە خاڵ بە جووڵەکەیدا بچیتەوە، لە دەمی هەڵدانی تا دەکەوێتە ناو سەبەتەکە، بەتەوەرەی X و Y نەخشەی هێڵکاری بۆ بکێشیت.
پێویستە ئەوە بزانین کە جیهانی ماتماتیک جیهانێکی نموونەییە لە بڕ و ژمارەکانیدا، بەڵام فیزیا جیهانێکی ڕێژەیی و نێزیکەییە، واتە گشت کاتێک کەموکوڕیمان دەبێت و ئەستەمە بگەین بە پێوانەیەکی تەواو و ڕەها بۆ بڕە فیزیکییەکان. بۆ ڕوونکردنەوە، لە ماتماتیکدا دەکارین بڵێین، درێژی نیوەتیرەی بازنەیەک یەکسانە بە ڕەگی دوو (پاش کۆما لە پلەی دەییدا بێکۆتا درێژ دەبێتەوە)، بەمەش هەموو هەنگاوەکانی ژمێرەکردنەکەمان ئەنجام بدەین بەبێ کێشە، بەڵام لە فیزیادا ئەو دەمەی دەچینە ئەزموونگە، ناچارین هەوڵ بدەین ژمارەکان نێزیک بکەینەوە، تا ئاستی ئەو وردییەی کە پێی گەیشتووین. لە ماتماتیکدا ڕەگی دوو هەرگیز یەکسان نییە بە ١،٤ کەچی لە فیزیادا لەبەر نەبوونی توانا بۆ ئەنجامدانی پێوانەیەکی تەواو، دەتوانین ئەو ژمارەیە بەکار بهێنین.

خاڵی گرینگ لێرەدا ئەوەیە، یەک کۆ یەک لە ماتماتیکدا دەکاتە دوو و هیچ گرفتێک پەیدا نابێت، بەڵام لە فیزیادا بۆت نییە ئەمە بڵێی، چونکە هەر دەبێ یەکەی پێوانەکردنەکەت دیار بکەیت، لەبەرئەوەی تۆ کار لەگەڵ کۆمەڵێک یەکە دەکەیت وەک، درێژی و کات و خێرایی و هی دی، بۆیە تۆ کە دەبێژیت، ئەم ڕاستەیە درێژییەکەی ١٠یە، پێویستە ئەوش دەستنیشان بکەیت مەبەستت لە ١٠ چییە؟ ١٠ سانتیمەتر، یان ١٠ مەتر، یاخۆ چی؟ بەهەمان شێوە، یەک کۆ یەک ئەبێتە دوو، یەک چی لەگەڵ یەکێکی دی لەچی؟ بۆیەش زاناکان بۆ ئاسانکاری هاتوون چەند دانەیەک لەم یەکانەیان بۆمان داناوە و ناویان ناوە بە (یەکە پێوانەییە جیهانییەکان) کە پێکهاتوون لە ٧ یەکە ئەوانیش: مەتر (درێژی)، کیلۆگرام (بارستایی)، کاندێلا (چڕی ڕووناکی)، مۆل (بڕی تەنۆلکەکان)، چرکە (کات)، ئەمپێر (تەزووی کارەبا)، کلڤن (گەرمی). لەوانەیە کەسێک بپرسێت، ئەی ئەو هەموو یەکەیەکانی دیکە چیان لێ هات وەک، یەکەی نیوتن، یان جول؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە هەموو یەکەکانی دی، لەم حەفت دانەیەوە داتاشراون، بۆ نموونە:
نیوتن = کیلۆگرام * مەتر / چرکە دووجا
جول = کیلۆگرام * مەتر دووجا / چرکە دووجا.
ڕاستییەتی زانستی (Scientific facts):  تێبینییەک، یان زانیارییەک کە سەلمێندراوە بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تۆژینەوە و ئەزموونەکان، لەسەر دەستی چەنان زانا لە هەلومەرجی جیاجیا، بۆ نموونە کە دەگوترێ ماددە لە گەردیلە پێکهاتووە، یاخۆ خێرایی تیشک لە بۆشاییدا ٣٠٠ هەزار کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا.
ئەم پێناسە کورتە بۆ ڕاستییەتی زانستی، هەرگیز ئەو تەمومژییەی هەیە دەربارەی ئەم زاراوەیە ڕوون ناکاتەوە. کاتێک لە چەمکی ڕاستییەتی لە باری تاکییەتی دەدوێین، وا دێتە بەرچاومان کە یەک دانە ڕاستییەتی نەگۆڕ بوونی هەبێت، بەڵام ئەو دەمەی بە کۆ و گشتگیریی ئاماژەی بۆ دەکەین، مەبەستمان بەشێک، یان لکێکە لە دیاردەیەک لە بوارێکی دیارکراودا. لە زانستدا ڕاستییەتی واتایەکی ڕێژەیی و بەشبەشکراو هەڵ دەگرێت، ئەگەر لە چوارچێوەی زانیارییە زانستییەکان باسی بکەین لە شێوەی ڕاستییە فیزیکییەکان و بایۆلۆژییەکان.
لەبەرئەوەی ڕاستییەتی زانستی و بیردۆزی زانستی گەلەک جار تێکەڵ بەیەک دەکرێن، بۆیە پێویستە زۆر بەچاکی ڕوونیان بکەینەوە و ئاگاداری پێناسەکانمان بین. چونکە هیچ بیردۆزێک ناگاتە ئاستێک لە ڕاستایەتییەکی ڕەها و جێگیر، تەنیا کاتێک بتوانین بەدوایەکی و شێوازێک یەکلایی بکرێتەوە کە نەشێ بەهەڵە بخرێتەوە، ئەمەش لە زانستدا سەختە و هەرگیز بەدەست نایەت. کەواتە زانستی ئەزموونگەریی هەنگاونانە لە بارێکی تایبەتی بەرەو گشتاندن، بە پشتبەستن بە ژمارەیەکی زۆر بەڵام سنووردار لە تێبینی و تاقیکردنەوە. ئەم شێوازە تێپەڕینە لۆژیکییە بۆ هەڵێنجانی دەرنجامەکان لە کۆمەڵێک هەلومەرجی سنووردار و پێڕەوکردنی لەسەر ژمارەیەکی بێکۆتا لە بارودۆخ، تەنیا لە زانستەکاندا هەیە، ئەوانەی هەڵسوکەوت لەگەڵ بڕە ڕووت و پەتییەکان دەکەن (Formal Science) لە نموونەی ماتماتیک. بەهۆی ئەو هۆکارانە هەموو ئەو بیردۆزانەی پەیوەستن بە جیهانی فیزیک، نەکارین بەیەکجاری و ببڕای ببڕ بیان سەلمێنین. لەبەرئەوەش بیردۆزە زانستییەکان بەردی بناغەی زانستی ئەزموونگەرین، کەواتە هەرگیز ناتوانین زانست بکەینە سەرچاوەی هیچ ڕاستییەکی ڕەها و دوایەکیی.
سەرەڕای ئەوانە بیردۆزەکان گشتیان لەیەک ئاستدا نین، هەندێکیان هێندە بەڵگەیان هەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر متمانەدارن و ئەگەری هەڵەبوونیان یەکجار کەمە، بۆیەش گەلەک جار ناو دەنرێن بە (ڕاستییەتی زانستی). بۆ نموونە، ئەستەمە ڕۆژێک دابێت خوولانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەکەمان بەدەوری خۆر بەهەڵە بخرێتەوە. لە زیندەوەرزانیشدا بیردۆزی خانەمان هەیە کە دەبێژێت، خانە بچووکترین یەکەیە لە پێکهاتەی لەشی هەموو زیندەوەرێک چ ڕوەک بێ، یان ئاژەڵ، ئەمەش بیردۆزێکی چەسپاوە و جێی مشتومڕی تێدا نییە. بەڵام بۆچی بەم دەستەواژەیە دەگوترێت بیردۆز و هەرگیز بە ڕاستیی ڕەها داناندرێت؟ چونکە ئێمە گشت جۆرەکانی زیندەوەرانمان پۆلێن نەکردووە، هەتا ئێستەش هەموو ووشکانیی و دەریاکانی جیهانمان بەتەواوەتی نەپشکنیووە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە (هەرچەندە یەکجار کەمیش بێت) جارێک زیندەوەرێک بدۆزینەوە، لەشی لەبری خانە لە شتێکی دیکە پێک هاتبێت، بۆ نموونە لە شووشە، یان کانزایەک. ئەو کاتەی کە زیندەوەرێکی لەم شێوەیەمان دۆزییەوە ئەوا ئەم بیردۆزە بەهەڵە دەخرێتەوە، بەڵام هەتا ئەو دەمە بیردۆزی خانە هەر بە ڕاستییەکی زانستی (نەک ڕەها) دەمێنێتەوە.


کارنامەیی زانستی (Scientific method) 
لە ڕاستیدا ئەو پێناسەیەی کە پێشتر بۆ زانستمان کرد، تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ڕێباز، یان کارنامەیی زانستیش دەست دەدات. کارنامەیی تۆژینەوە زانستییەکان شێوازەێکە زانستە سروشتی و ئەزموونگەرییەکان پێڕەوی دەکەن کە برێتییە لە: کۆمەڵە تەکنیکێک و ڕێڕەوێکی داڕێژراو بۆ پشکنینی دیاردەکان و تێبینی و گریمانە نوێیەکان، یاخۆ بۆ ڕاستکردنەوە و تەواوکاری زانیاری و بیردۆزە کۆنەکان.
ئەم ڕێبازە لە بنەڕەتەوە پاڵپشتە بە کۆکردنەوە و کەڵەکەبوونی ئەزموون و پێوانەکردنەکان کە بەندن بە دەرەنجامە سەلمێندراوەکان. کارنامەیی زانستی گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ تۆژینەوە زانستییەکان، لەبەر پێویستبوونی تۆژینەوەکان بۆ وردیی و ڕێکوپێکی، چونکە تۆژینەوەی زانستی وەک بابەتگەلەکانی دیکەی هاوشێوەی وتارە ڕۆژنامەوانییەکان و دەقی هەواڵەکان نییە. لەبەرئەوەی زۆر جار مەترسیدارن و ڕاستەخۆ بەندن بە ژیانی مرۆڤەوە، بۆیە زانا و پسپۆڕەکان هەوڵیان داوە بۆ دۆزینەوە و داڕشتنی کارنامەیەک، تا تۆژەر و لێکۆڵەوەکان پێڕەوی بکەن لە تۆژینەوە زانستییەکانیاندا.
ئێستەش بۆ پتر تێگەیشتن لە ڕێباز و کارنامەیی زانستی، هەروەها ڕوونکردنەوەی پێناسەکانی ئەو چەمک و بنەمایە زانستییانەی وەک، گریمانە و بیردۆز کە ئاماژەمان پێیان کرد، لەڕێی نموونەیەکی سادەی زانستی فیزیا، سەرنج دەدینە شێوازی ڕیزبوونیان لە هەنگاوەکانی ڕۆنانی بیردۆزە زانستییەکان.

هەنگاوەکانی کارکردنی ڕێباز و کارنامەییە زانستییەکان

زانستی فیزیا، یان زانستی سروشت، بەشێکی سەرەکییە لە زانستە ئەزموونگەرییەکان کە بایەخ دەدات بە تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە لە چەمکە بنەرەتییەکانی ئەم گەردوونە وەک، کات و وزە و هێز. لە فیزیادا بۆ تۆژینەوەی لە دیاردە سروشتی و هۆکارەکانیان و دانانی بیردۆزەکان، پێویستە چەند ڕێبازێکی زانستی دیارکراو بگرینەبەر، ئەمەش بەم هەنگاوانە دەکرێت؛
- دیارکردنی بابەتی تۆژینەوەکە: پرسیارکردن و دیارکردنی بابەتی تۆژینەوە بەوردیی، ئاسانکاریمان بۆ دەکات لە هەنگاوەکانماندا. بۆ نموونە، تۆ هەموو ڕۆژ خۆر دەبینیت کە بەیانییان هەڵدێت و ئێوارانیش ون دەبێت، لێرەدا لەخۆت دەپرسی هۆکارەکەی چییە؟ کەواتە تۆ بابەتی تۆژینەوەکەت دەستنیشان کرد ئەویش، هۆکاری هەڵاتنی خۆر لە بەیانیان و ئاوابوونی لە ئێواراندا.
- تێبینیکردن و کۆکردنەوەی زانیارییەکان: لە نموونەکەماندا ئەم هەنگاوە لەوەدا بەدەر دەکەوێت، کاتێک ئێمە تێبینیمان کرد کە خۆر بەیانیان لەلای خۆرهەڵات هەڵدێ، ئێوارانیش لەلای خۆرئاواوە ئاوا دەبێت، ئەوەشمان بینی کە ئەو دەمەی خۆڕ لە ناوچەیەکی زەوی هەڵدێت، ئەوا لە ناوچەیەکی بەرانبەری لە دیوەکەی دیکە ئاوا دەبێت. زانیشمان لەنێوان هەر ئاوابوون و ئاوابوونێکی دی، یان هەڵاتن و هەڵاتنێک، نێزیکەی ٢٤ کاژێرمان هەیە (٢٣ کاژێر و ٥٦ خوولەک و ٤ چرکە)، پاش تۆمارکردنی ئەم تێبینییانە دەچینە هەنگاوێکی دی.
- داڕشتنی گریمانەیەک: دانانی گریمانەیەک، یان چەند گریمانەیەک بۆ ڕاڤەی تێبینییەکانت. لە نموونەی پێشوومان گریمانەیەک هەیە دەڵێت، زەوی جێگیرە و خۆر بەدەوری زەوی دەسووڕێتەوە و دەبێتە هۆی بەدوای یەکدا هاتنی شەو و ڕۆژ، ئەوەی دی دەبێژێ، بەپێچەوانەوە خۆر جێگیرە و زەوی بەدەوریدا دەسووڕێتەوە.
- تاقیکردنەوەی گریمانەکە: لەم هەنگاوەی نموونەکەماندا، دەبێ بتوانین بە کردارەکی و ئەزموونە یەکلاییکەرەوەکان ڕاستییەتی گریمانەکەمان بسەلمێنین، یان بچینە ئاسمان و بەچاوی خۆمان سەیر بکەین بۆ دڵنیابوون. کاتێک دەچین و دەبینین، ڕاستە زەوی بەدەوری خۆر دەسووڕێتەوە و بە دەوری تەوەرەی خۆیشی دەخوولێتەوە بەرانبەر بە خۆر، بەڵام تەوەرەی زەوی ستوون نییە و لارە، ئەمەش وا دەکات کە یەک ڕۆژ لە جەوسەری باکوور و باشوور درێژ دەبێتەوە بۆیەک ساڵ، شەش مانگ ڕۆژ و شەش مانگ شەو.
- پێداچوونەی بە گریمانەکە: پێداچوونەوە بە گریمانەکەمان بە پشتبەستن بەو دەرەنجامانەی کە دەستمان کەوت لە تاقیکردنەوەکە، لێرەدا دەتوانین گریمانەکە هەموار بکەینەوە، یاخۆ ئەگەر پێویست بوو بیگۆڕین. لە نموونەکەماندا دەبێ گریمانەکە لەهەندێ ڕووەوە چاک بکەین، بەوەی کە تەوەرەی زەوی لارە، کەواتە دەڵێین، لەبەرئەوەی تەوەرەی زەوی لارە، وا دەکات ڕۆژێک لە دوو جەوسەرەکەدا ببێتە ساڵێکی تەواو.
- داڕشتنی دەرەنجامەکان: دوا هەنگاو، دەبێ دەرنجامەکان بە شێوەیەکی ڕوون (هێندەی پێویستە بە هاوکێشەی ماتماتیکی)، بۆ تێگەیشتن بخرێنە بەردەست، بۆ ئەوەی کەسانی دیکە بتوانن پێیدا بچنەوە. ئەوەی لە هەمووی گرینگترە، ئەو دەرنجامانەی کە تۆ بەدەستت هێنان، دەبێ بۆ چەندجارەکردنەوە دەست بدەن، بۆ هەر کەسێک لەدوای تۆوە بیەوێت تاقی بکاتەوە، چەندەی لای ئەوانەی دی سەلمێندرایەوە، هێندە گریمانەکە بەهێزتر و پتر جێی متمانە دەبێت.

تایبەتمەندییەکانی زانستە ئەزموونگەرییەکان

هەموو زانستە سروشتییەکان زانستی ئەزموونگەرین و کۆمەڵێک تایبەتمەندییان هەیە کە پێیەوە دەناسرێن. لێرەدا چەند دانەیەکی گرینگ و ناسراویان دەخەینە بەردەست؛
- بەرئەزموونی (Testability)
زانست ڕاڤەیەکی ماددەگەراییانەیە بۆ جیهانی ماددەیی و گەردوونی بەرهەست و بەربین، ئەویش لەڕێی ئەو گریمانانەی بۆ ئەزموونەکان دەشێن، واتە جیهانی سروشتی هەموو ئەو شتانەیە کە بەرئەزموونن و دەکرێ ببیندرێن و لێیان بکۆڵدرێنەوە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەی ماددەیی. بەرئەزموونی تایبەتمەندییەکی گەلەک گرنگە لە زانستدا، هیچ بابەتێک توانی ئەنجامدانی ئەزموون و لێکۆڵینەوەی تێدا نەبێت، ناچێتە ناو چوارچێوەیەکی زانستی. کەواتە هەموو ئەزموونێک دەبێ بشێت بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بەبەرهەم بێتەوە، نەوەک تەنیا جارێک بەڕێکەوت ڕووی دابێت، یان هەڵەیەک بووبێ لە پێوانەکردن، یاخۆ تەنیا بانگەشەیەکی ناڕاست بێت. بۆیە لە زانستدا شتگەلە نادیار و میتافیزیکییەکان (ئەودیو سروشت) هەرگیز جێیان نابێتە.
- بەرهەڵەبوون (Falsifiability)
بەرهەڵەبوونیش بنەمایەکی سەرەکییە و لەوەدا بەدەر دەکەوێت، کاتێک بیردۆزێکی زانستی پێشبینییەک دەخاتە بەردەست بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە، ئەو دەمەی پێشبینییەکە دەسەلمێندرێت، ئەوا بیردۆزەکە بەهێزتر دەکات، ئەگەریش نەهاتە جێی و هەڵە بوو، دەبێ هەموار بکرێ، یان بگۆڕدرێت. کەواتە نابێ تەنیا بیرۆکەیەکت هەبێ و بە چەند بەڵگەیەکەوە و ناوی بنێیت بە بیردۆز، بەبێ ئەوەی تاقیکردنەوەیەک دەستنیشان بکەیت بۆ بەهەڵەخستنەوەی. جوانترین نموونە لێرەدا ئەژدیهاکەی زانای ناودار (کاڕڵ سێیگن)ە: یەکێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەماڵەکەیدا ئەژدیهایەک هەیە، بەڵام کەس ناتوانێت خۆی و ئەو ئاگرەی لە دەمی دێتەدەر ببینێت، ناشکرێ بۆیەکی ڕەنگاوڕەنگی پێدا بکرێت بۆ بینین، یان بۆ شوێنەوار بەجێهێشن، واتە بەهیچ ئەزموونێک کە بیری لێ بکەینەوە پێمان ناکرێ بوونی بسەلمێنین. بەکورتی دەڵێین، بۆت هەیە باوەڕت بە بوونی ئەژدیهایەک هەبێ، ئەمەش بۆچوونی خۆتە، بەڵام تکایە مەیکە بە بابەتێکی زانستی.
لەبەر گرینگی توانی بەرهەڵەبوون، بۆ ڕوونکردنەوەی پتر نموونەیەکی دیکە دەهێنینەوە: بیردۆزەکانی ئەنیشتاین کۆمەڵێک پێشبینییان خستە بەردەم زاناکان، گەلەکیان پاش مردنی ئەینیشتاین هاتنەدی، ئێستەش هەلی ئەوە هەیە بە چەند ئەزموونێک بەهەڵە بخرێنەوە، بەڵام لەڕاستیدا تا ئەمڕۆکەش خۆڕاگر بوونە. لە بەرانبەر ئەمەدا بیردۆزی پیاوە کەسکە بچکۆلەکانی جێنشینانی مانگمان هەیە، ئەوانەی کە دەتوانن هۆشمان بخوێننەوە، هەر دەمێکیش کەسێک لە زەوییەوە هەوڵ دەدات بیان دۆزێتەوە، یاخۆ کەشتییەکی ئاسمانی لە یەکێکیان نێزیک دەبێتەوە، ئەوا بەرەو قووڵایی بۆشایی ئاسمان دەچن. ئەم بیردۆزە ناتواندرێت بەهەڵە بخرێتەوە، چونکە ئەم پیاوە کەسکانە بەشێوەک دروست کراون کە کەس پێی نەکرێت بیان بینێت. بەڵام بیردۆزی نەبوونی پیاوە کەسکە بچووکەکانی سەر مانگ، دەکرێ بە بیردۆزێکی زانستی دابنڕێت، لەبەرئەوەی دەکارین بەدرۆی بخەینەوە، ئەگەر دانەیەکیان بگرین. هەمان بنەما پێڕەو دەکرێت لەسەر بوونی پیاوە زلە بەفرینییەکە و ئەژدیها و دەفرە فڕیوەکان.

- دیموکراسییەت و دۆگمایی (وشکەباوەڕی) لە زانستدا نییە

زانست دەوەستێتە سەر بەڵگەی زانستی و گوێ بە ڕای زۆرینە نادات، بەڵام کاتێکیش ژمارەیەکی زۆری زاناکان لە ڕێکخراوەیەکی زانستی، دان بەڕاستبوونی بیرۆکەیەک، یان بیردۆزێک دەهێنن، ئەمەیان شتێکی دیکەیە. واتە نابێت هۆکاری نەخۆشی Xکە بەهۆی ڤایرۆسی Y بڵاو دەبێتەوە، بدەینە دەست ڕاپرسییەکی گشتی، بگرە دەبێ لەلایەن کۆی زانایانەوە پەسند بکرێ بە بەڵگەی سەلمێندراو. لە زانستدا دۆگمایی و لایەنگیریی بۆ ئاین، یاخۆ ئایدۆلۆژیاکان جێیان نابێتەوە، زانست داوای ئەوە ناکات بەبێ گفتوگۆ باوەڕت بە شتێکی دیارکراو هەبێت، تەنیا ئەوەت لێ دەخوازێ، دان بە ڕاڤە و ڕاستییە زانستییەکان بنێیت. دوای ئەمە ئازادیت باوەڕت بە هەر ئایدۆلۆژیا و ئاینێک هەبێ، بەمەرجێک بۆچوونە تایبەتییەکەت وات لێ نەکات دژی ڕاستییە زانستییەکان بیت، یان بەکاری بهێنیت بۆ سەلماندی شتگەلێکی ناڕاست و ئەفسانەیی.

- زانست نازانێت چاکە و خراپە چییە

زانست پێمان ناڵێت چۆن بەکاری بهێنین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، یان کامە ڕەفتار بەرزڕەوشتییە، یاخۆ بەدرەوشتییە، چونکە زانست هەمیشە بایەخ بە بواری ماددەیی دەدات، نەک شتە ناسروشتی و واتاییەکان. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە نابەخشێت، زانستخوازی بمانکاتە مرۆگەلەکی ماددەیی ڕووت و هیچ بایەخێک نەدەین بە ڕەوشت و چاکەکاری. زۆر بەئاسانی زانست بڕیارەکە دەداتە دەست خودی خۆت، لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕ و فەلسەفەت لە ژیاندا. زانست بۆی نییە بڕیاری ڕەوشتەکی بدات، ئەوەی دەیەوێت وانە ڕەوشتەکییەکان لە یاساکانی سروشت بەدەست بخات، هەڵەیەکی مەزن دەکات. ئەمە لە بیردۆزی پەرەسەندندا بەچاکی ڕوون دەبێتەوە، بەوەی زۆر جار بۆ مەبەستی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی لەلایەن خاوەن ئایدیۆلۆژیاکان بەکارهێنراوە وەک نازییەکان و کۆمەنیستەکان، بەڵام ئاشکرایە کە ئەمانە گشتیان بانگەشەی نابەجێن، ناشبێ هیچ بیانووێک بداتە دەست کەس کە بڵێت، پەرەسەندن ترسناک و خراپە، لەبەرئەوەی لایەنگرانی کۆمەنیستی پاڵپشتییان لێی کرد.

- زانست بێلایەن و بێئاین و بێنیشتمانە

زانست لایەنگری و دژایەتی هیچ ئاینێک ناکات، بۆیەش کۆمەڵگە و نێوەندە زانستییەکان گشت بیروبۆچوونێک و باوەڕداری و ئاینێک لەخۆ دەگرن، هەموویان پێکەوە کار دەکەن و تۆژینەوە ئەنجام دەدەن بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامە زانستییەکان، بەبێ گوێدان بە بیروڕای پێشینە و تایبەتی کەسەکان. زانست گەردوونییە و پابەند نییە بە ئاین و نەتەوە و وڵاتی هیچ کەسێک، هیچ زانستێک نییە هی تاکە وڵاتێک، یاخۆ ئاینێک بێت، هەرگیز زانستێک نەبووە بە ئە‌ستێرە‌ناسی ئە‌مەریکی، یان فیزیای ئە‌ڵمانی ناو بنرێ، زانست هەر زانستە هەر یەکێک کاری پێ بکات، ئەگەر کریستیان، یان موسڵمان بێت، چینی، یاخۆ ئەفریکایی بێت. بێلایەنی سەرەکیترین مەرجی کارنامەیی زانستییە، نابێ متمانەمان بە هیچ تۆژەرێک هەبێ، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت ئەزموونەکان دووبارە بکاتەوە بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی، یان چەوتی دەرەنجامەکان، واتە ڕاستییەتی پێوەندی بە باری دەروونی و هزری، یاخۆ تێڕوانینی ئاینی تۆژەر و بابەتی تۆژینەوەکەوە نییە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم تایبەتمەندییە دەتوانین بڵێین، زانست بابەتەکییە نەک خۆیەکی، چونکە لە زانستدا بوار بۆ بوونی خۆیەکییەتی گەلەک تەسکە، زۆر دەگەمەنە کەسایەتی زانا گاریگەری هەبێت لەسەر دەرنجامە زانستییەکان، لەبەرئەوەی دەبێ زاناکان گشتیان پابەند بن بەو یاسا و ڕێسایە جیهانییانەی کە بۆیان داندراون. ئەو دەمەی سەرنج دەدەینە دوو زانای جیاواز لە لێکۆڵینەوەیاندا بۆ یەک بابەتی زانستی دیارکراو، ئەگەر بەتەواوی مەرجەکانی کارنامەیی زانستی پێڕەو بکەن، دەبینین کە دەگەنە هەمان دەرەنجام، بەبێ ڕەچاوکردنی بیروبۆچوون و سەردەمیان، بێگومان ئەمەش لە زۆربەی هەرە زۆری بوارەکانی دیکەدا نابیدرێت.

- ڕەخنەدارییەتی

زانست شوورەیەکی پەیژەدار و هێڵی سووری نییە، تا نەتوانیت دەستکاری بکەیت و لە سنوور و ڕنوێنییەکانی بچیتە دەر، بگرە تەواو پێچەوانەیە، جگە لە هەندێ بەڵگەنەویست، هەموو زانیارییەکان و گریمانە و بیردۆزەکانی دەشێت بەبەردەوامی ڕەخنەیان لێ بگیرێت. بۆیە زاناکان هیچ لارییەکیان لەوەدا نییە، بەهێزترین و ناسراوترین بیردۆزی زانستی بدەنە بەر ڕەخنە، ئەگەر بکارن بەهەڵەبوونی بسەلمێنن، دواجار بەلاوەشی بنێن.

- زانست لەڕێی بڵاوکراوە زانستییەکانەوە کار دەکات

بابەتی زانستی لە نێوەندە زانستییەکاندا، لەڕێی بڵاوکردنەوە لە گۆڤارە زانستییەکان ناسراوەکان (وەک، گۆڤاری زانست و سروشت) بەڕێوە دەچێت. ئەو تۆژینەوانەی کە لەلایەن زانا و شارەزایان ئەنجام دەدرێت، پاش هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیەکی ورد (Peer reviewed)، ئینجا پەسەند دەکرێن. هیچ تۆژینەوەیەک بڕیاری ڕاستبوونی لەسەر دەرناکرێت، ئەگەر بە کۆمەڵێک ئەزموونی یەک لەدوای یەک لە چەندان هەلومەرج و پێوانەکردنی جیاجیا نەسەلمێندرێت. بەهۆی ئەمەوە ڕەخنەگرتن لە بیردۆزەکان، تەنیا لەڕیی بڵاوکراوە زانستییەکانەوە دەبێت، واتە کەس بۆی نییە ڕەخنە لە بیردۆزێک بگرێت و بچێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکاتەوە، واش هەست بکات کە تیۆرەکەی بەهەڵە خستۆتەوە.

- سادەیی و ساکاریی

ئەم بنەمایە فرەگرینگە لە زانستدا پێمان دەڵێت، گریمانە سادەکان دەبێ هەمیشە بخرێنە پێش ئاڵۆزەکان، ئەگەر لە دەرەنجامەکانیاندا یەکسان بن. پێویست ناکات پەنا بۆ کۆمەڵە هۆکارێک ببەین، لە کاتێکدا یەک هۆکار بتوانێت ڕاڤەی دیاردەیەکمان بۆ بکات، واتە پشتبەستن بە کەمترین ژمارە لە گریمانەکان باشترین هەڵبژاردەیە.
ئەم تایبەتمەندییە بایەخێکی مەزنی هەیە لە چەندان بواری زانستی هاوچەرخدا، لە بنچینەوەش لە بنەمایەکی لۆژیکی گەلەک ناسراو وەرگیراوە کە پێی دەگوترێت، گوێزانی ئوکام. لەبەر گرینگییەکەی پێمان باشە بەکورتی لێی بدوێین.

گوێزانی ئۆکام چییە؟

گوێزانی ئۆکام (Ockham's Razor)‏، ئەو تێزە لۆژیکییەیە کە زۆر جار بە بنەمای ساکارییەتی و سادەبوون دەناسرێت، لەلایەن فەیلەسووفی ئینگلیزی ویلیام ئۆکامی (١٢٨٨ - ١٣٤٨) داڕێژرا کە دەبێژێت: بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک پێویستە بەبێ هۆ پەنا نەبەینەبەر بڕێکی زۆر لە شتگەلەکان، بۆ ڕاڤە و چارەسەری کێشەکان. ئەم گوێزانەی ئۆکام لە زۆر بواری جۆراوجۆر بەکار دەهێندرێت وەک لۆژیک و ماتماتیک، گەردوونناسی و فیزیا، زانستی ئابووری چەندانی دیکە.
دەکارین ئەم بنەمایە بەوە پێناسە بکەین کە شێوازێکە لە شیکردنەوە و ئەنجامگریی، کاتێک کەسێک بتوانێت ڕاڤەی دیاردەیەک بکات بەکورتی و بەبێ قووڵبوونەوە و ئاڵۆزی، ئەوا ئەو ڕاڤە سادەیە ڕاستترینیانە. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەمە لە ماتماتیک و زانستی هەژمار، دەبینین کە کامەی ئاسانترینیانە ئەو هەڵدەبژێردرێت، لەو دەمەی سەلماندنە ئاڵۆز و سادەکان یەکسان بن. لە فیزیا و گەردوونناسیشدا، پێویستە ئەو ڕاڤەیەی ئاسنترینە بۆ دیاردەکانی سروشت وەربگیرێت. چونکە وەک گوتراوە: سروشت هیچ کاتێک ناچێت، نێزیکترین ڕێ بەجێ بهێڵێت و بەلای دوورتر و ئاڵۆزترەوە بچێت. پێڕەوکردنی ئەم بنەمایە ئەو دەمە بەچاکی ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر دوو بیردۆزمان هەبێت و خاوەنی یەک جۆرە پێشبینی و زانیاری دیارکراو بن کە نەتوانین لەیەکدییان جیا بکەینەوە، بەمەش بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەمانە، گوێزانی ئۆکام گەلەک سوودار و پڕبایەخە.
گریمان دوو بیردۆزمان هەیە بۆ شیکردنەوەی هەمان بابەت، ئەگەر هەریەکەیان پێشبینی جیاوازیان هەبێ، هەڵبژاردنەکەمان تا ڕادەیەک ئاسان دەبێت، پێویستە ئەوەیان وەربگیرێت کە وردترین ڕاڤە و پێشبینی هەیە بۆ ڕووداو دیاردەکان. بۆ نموونە، بیردۆزی کۆپەرنیکۆس بۆ کۆمەڵەی خۆر دەڵێت، هەسارەکان بە خوولگەیەکی بازنەیی بەدەوری خۆردا دەخوولێنەوە، بەڵام لە بیردۆزی کیپلەر خوولگەکە شێوەکەی هێلکەییە. کاتێک زاناکان و شارەزایان توانییان بەوردیی جووڵەیان دەستنیشان بکەن، بۆیان دەرکەوت کە خوولگەیەکی هێلکەییە، بۆیە بیردۆزی کیپلەر شوێنی بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆسی گرتەوە. ئێستەش با وای دابنێین دیسانەوە دوو بیردۆزمان هەیە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ هۆکار و پێناسەکردنی چۆنەتی ئەو جووڵانەوەیە. لێرەدا بنەمای گوێزانی ئۆکام دێتە پێش: لەلای هەردووکیان هەسارەکان بەدەوری خۆر دەسووڕینەوە بە شێوەیەکی هێلکەیی، لەبەربوونی هێزێک لەنێوان هەریەکەیان و خۆر، ئەو هێزەش دەوەستێتە سەر دووجای دووری نێوانیان. بەڵام هێزەکە لای یەکێکیان جووڵانەوەی هەسارەکە پەیدای دەکات، کەچی لای ئەوەی دی یەکێک لە بوونەوەرە ئاسمانییەکان بەویستی خۆی هێزەکە دروست دەکات. دەبینین کە هەردوو بیردۆزەکە گریمانەی هەمان هێز لەخۆ دەگرن، تەنیا ئەوەی دووەمیان شتانێکی زێدە (ویستی بوونەوەرە ئاسمانییەکان) دەهێنێتە نێو پرسەکە کە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت بۆ ڕاڤەی دیارەکە. کەواتە ئەو کەسەی بیردۆزی دووەم هەڵدەبژێرێت، لەبەرئەوەیەتی کە توانای پێشبینی ڕاستی هەیە بۆ جووڵانەوەی هەسارەکان، بەڵام لێرەدا کەسەکە پێویستە باوەڕ بە بوونی ئەو بوونەوەرە ئاسمانییەش بکات کە گاریگەری هەیە لەسەر ڕوودانی شتەکان، هەرچەندە بوون و نەبوونی ئەو بوونەوەرە پێوەندی بە جووڵانەوەی هەسارەکان نییە، چونکە ئەوەی گرینگە تەنیا جۆری هێزەکەیە. لەمەدا دەبینین کە گوێزانی ئۆکام بەتەواوی دژی بیردۆزی دووەمە. بەلاوەنانی ئەم جۆرە گریمانە زێدە و بێسوودە، بایەخێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت، بەڵگەی بوارێکی زانستی (پێشبینی جووڵەی هەسارەکان) بەکار بهێنێت بۆ بابەتێکی جیاواز (بوونی بوونەوەری ئاسمانی) کە لەوانەیە دەرەنجامێکی خراپی هەبێت. دەشێ پاش ئەمە جگە لە سووڕانەوەی هەسارەکان، کەوتنمان و تووشبوونمان بە نەخۆشی و ڕووداوی دیکەی جۆراوجۆر، هەمووی بخەینە ئەستۆی بوونەوەرە ئاسمانییەکانی خاوەن توانا و هێز، ئەوانەی کۆمەڵەی خۆرەکەمان بەڕێوە دەبەن و لەناومان دەژین، ئاگاشیان لە هەموو هەڵسوکەوتێکمانە، بەمەش دواجار ژمارەیەکی بێکۆتا بابەتگەلی ناوازەی لێ دەکەوێتەوە. بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە لەبەردەستمانە، نازانین ئایە هێزی بوونەوەرە ئاسمانییەکان دزەیان کردۆتە کۆمەڵەی خۆری ئێمە، یان نا؟ بەڵام ئێمە دەتوانین جووڵانەوەی هەسارەکان ڕاڤە بکەین، بە بیرۆکەیەکی ئاسان بۆ ئەو هێزەی نێوان هەسارەکان و خۆر، ئەمەش هیچ بەڵگەیەکمان پێ نادات، بۆ بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان، هاوکات نابێتە بەڵگە بۆ نەبوونیشیان.
.........................................................

سەرچاوەکان؛

https://www.sasapost.com/opinion/what-is-scienc
https://www.aliens-sci.com/scientific-method/
http://real-sciences.com
https://nasainarabic.net/education/articles




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 3/5)