ئه‌وانه‌ى ڕابوردو له‌ یاد ده‌كه‌ن، ئاینده‌ش ویِران ده‌كه‌ن.

Friday, 08.07.2020, 16:04

1588 بینراوە


له‌و كاته‌وه‌ كه‌ گه‌لى كورد وێڵه‌ به‌ دوای سه‌ربه‌خۆییدا ، هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه‌ كوردخۆى ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانى سه‌ربه‌خۆییدا. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى بابانه‌كان و شێخ مه‌حمودى نه‌مر و كۆمارى مهاباد، ئه‌و ڕاستیانه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕابوردوه‌ تاڵانه‌ له‌ یاده‌وه‌رى ئێمه‌دا نه‌بوبن ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕوداوه‌كانى شۆڕشى ئایلولى 1961 تا ئێستا له‌ یاده‌وه‌رى زوربه‌ماندا هه‌ر زیندوه‌و وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ دوێنێ ڕویان دابێت.
ده‌ست پێكردنى شۆڕشى ئایلول له‌ ساڵى 1961 ودروستبونى دوو به‌ره‌كى له‌ناو شۆڕشدا له‌ساڵى 1964 و له‌دایكبونى به‌ره‌ى جه‌لالى و مه‌لایی. ئاشبه‌تاڵى ساڵى 1975 له‌سه‌رده‌ستى مه‌لا مسته‌فا. ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى نوێ له‌ ساڵى 1976 به‌ ڕأیه‌رایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان. جیابونه‌ى به‌شیك له‌ سه‌ركرده‌و ئه‌ندامانى یه‌كێتى نیشتمانى و دروست كردنى حیزبى سۆسیالیست و ئه‌نجامدانى كاره‌ساتى هه‌كارى له‌ لایه‌ن قیاده‌ى موه‌قه‌ته‌.
ئاشتبونه‌وه‌ى حیزبه‌كان و پێك هێنانى به‌ره‌ى كوردستانى دواى ئه‌نفاله‌كان. ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى گه‌لى كورد له‌سه‌اڵى 1991 و ڕاماڵێنى ده‌سه‌ڵاتى حیزبى به‌عس. هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كوردستان وپێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌اڵى 1992 دا. ڕوداوه‌كانى 31 ئابى ساڵى 1996 و دروستبونى دوو ئیداره‌یی له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتێدا. دوو باره‌ ئاشتبونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى و پێك هێنانى حكومه‌تى یه‌كگرتوو. ئه‌مانه‌ چه‌ندین ویسگه‌ى خه‌باتى گه‌له‌كه‌مانن.
دواى ڕوخانى ده‌سه‌ڵاتى حیزبى به‌عس و پێكهێنانى حكومه‌تى عێراقى نوێ و به‌شدارى گه‌لى كورد له‌ حكومه‌تى به‌غداو وه‌رگرتنى چه‌ندین پۆستى باڵا له‌ دام و ده‌زگاكانى حكومه‌تى ناوه‌ندا ، ویسگه‌یه‌كى ترى خه‌باتى گه‌له‌كه‌مانه‌. گێڕانه‌وه‌ى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورد خۆی و دواجار له‌ ده‌ستدانى كه‌ركوكو ئه‌و ناوچانه‌ جارێكى تر به‌ هۆى ڕیفراندۆمه‌ شكست خواردوه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانییه‌وه‌. بڕیار دان له‌ ده‌رهێنانى نه‌وت و فرۆشتنى و سه‌ربه‌خۆیی كردنى ئابورى هه‌رێمى كوردستان و دواجار ئیفلاسبونى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى داراییداو گه‌رانه‌وه‌ بۆ ماڵى باوان بۆ به‌غدا ، ویسگه‌یه‌كى ترى خه‌باتى گه‌له‌كه‌مانه‌.
ئه‌نفال كردنى كوردانى ئێزدى له‌ 3 ئابى 2014 و كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ى شارى كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ لایه‌ن حكومه‌تى نه‌وه‌نده‌وه‌ ، ویسگه‌یه‌كى ترى ئه‌وڕوداوانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر كورد هاتوه‌. ئه‌گه‌ر به‌چاوى ڕه‌خنه‌گرێكى بێلایه‌نه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى ورد بۆ هه‌موو ئه‌و ڕوداوانه‌ بكه‌ین ، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى هۆكاری سه‌ره‌كى زوربه‌ى ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى له‌و ماوه‌یدا به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان هاتون ، به‌رپرسه‌باڵاكانى كورد به‌ تایبه‌تى سه‌رانى بنه‌ماڵه‌ى بازانى و تاڵه‌بانى لێیان به‌رپرسیارن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى هۆكارى كێشه‌كان له‌ ناكۆكى و ململانێى ئه‌ودوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ئه‌وكێشه‌و ململانێیه‌ى له‌ نێوان مه‌لا مسته‌فاو مامجه‌لال دروست بوو دواى مردنى مه‌لا مسته‌فاش ناكۆكیه‌كان به‌ هه‌مان شێوه‌ى پێشو له‌ نێوان نه‌وه‌كاندا درێژه‌ى هه‌یه‌و وه‌كو میرات بۆیان ماوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وامن له‌ سه‌ریان.
بۆ چه‌واشه‌ كردن و خه‌ڵه‌تاندنى هاوڵاتیان ناكۆكیه‌كانى نێوانیان به‌ جۆرێك وێنا ده‌كرد كه‌ له‌سه‌ر شێوازى سیاسه‌تكردن و ئیداره‌كردنى شۆڕه‌شه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رده‌میانه‌ و یه‌كتریان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌ كۆنه‌په‌رست و خائین وپیاوى بێگانه‌.
به‌ڵام دواجار ده‌ركه‌وت هه‌موو ناكۆكیه‌كان و ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ى به‌سه‌ر گه‌لى كوردیان هێنا له‌ پێناوى ده‌سه‌ڵات و تاڵانكردنى سامانى نیشتمانى بوو ، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كورد. چونكه‌ ئه‌و كاته‌ى ئه‌وپاساوانه‌ نا به‌جێیانه‌یانده‌هێنایه‌وه‌ ، هیچیان له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوو بیدزن و تاڵانى بكه‌ن. به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ ى ده‌ستیان گه‌یشته‌ پاره‌ ، هه‌موو ڕاستیه‌كان بۆ هاولاِتیان ئاشكرا بوو.
پێش ئه‌وه‌ى بچمه‌ ورده‌كارى باسه‌كه‌وه‌ ده‌مه‌وێت قسه‌یه‌كى ( ئارلۆند ویڵسن ) تان وه‌بییر دێنمه‌وه‌ كه‌1919 وتویه‌تى : كورده‌كان هه‌رگیز ناتوانن له‌ ژێر سایه‌ى یه‌ك سه‌ركرده‌دا كۆببنه‌وه‌و یه‌ك بگرن. سه‌یركه‌ن چۆن ئه‌وپیاوه‌ پێش 100ساڵ گه‌لى كوردى ناسیوه‌. په‌ندێكى پێشینان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت : تا خوا كێو نه‌بینێت به‌فرى تێناكات. دیاره‌ شانمان ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت.
به‌ڕاستى مایه‌ى نیگه‌رانییه‌ له‌ جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه‌ كورد خه‌بات ده‌كات بۆ سه‌ربه‌خۆیی. ده‌وڵه‌تى عوسمانى ڕوخاو ئه‌و ئه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ تازانه‌ دروستبون ، به‌ڵام كورد تا ئێستا خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌ ژماره‌ زۆر له‌ومیلله‌تانه‌ زیاتر بوه‌ كه‌ بونه‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت.
له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانى پارتى و یه‌كێتى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام شه‌ڕى ناوخۆو ئاژاوه‌و یه‌كتر كوشتن به‌رده‌وام بوه‌و تۆوى دوو به‌ره‌كى و یه‌كتر بوخزاندن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی دا گه‌شه‌ى كردوه‌و به‌ گیانى تۆڵه‌كردنه‌وه‌وه‌ مامه‌له‌ى یه‌كتریان كردوه‌. هاولاِتیان هه‌میشه‌ له‌دڵه‌ ڕاوكێدا ژیاون و دوعایان كردوه‌ ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ شه‌ڕنه‌كه‌ن و خوێنى نه‌وه‌كانیان به‌ فێرۆ نه‌ڕوات.
سه‌ركرده‌كانى كورد سه‌مانى ئه‌م وڵاته‌ به‌تاڵان ده‌به‌ن و به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى خه‌باتیان كردوه‌. واته‌ خه‌باته‌كه‌یان به‌ میلله‌ت ده‌فرۆشنه‌وه‌. بۆیه‌ تاڵانكردنى سامانى نیشتمانى لاى ئه‌وان نه‌ك عه‌یبه‌یه‌ به‌ڵكو قه‌رزه‌و له‌ میلله‌تى وه‌رده‌گرنه‌وه‌. وه‌كو ئه‌وه‌ى میلله‌ت خه‌وتبێ و هه‌ر ئه‌وان شه‌ڕیان كردبێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌ نیلسۆن مه‌ندێلا ده‌ڵێت ( بێ ڕه‌وشترین سه‌ركرده‌كانى دنیا ئه‌وانه‌نه‌ن ، كه‌ خه‌بات و ماندوبونیان به‌ گه‌له‌كه‌یان ده‌فرۆشنه‌وه‌. سه‌ركرده‌كانى كورد له‌پێناوى مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا ئاماده‌ن نیشتمان هه‌ڕاج بكه‌ن. سه‌یركه‌ن هیتله‌ر له‌و باره‌وه‌ چى ده‌ڵێت ( خوێرێترین مرۆڤ گه‌لێك كه‌ له‌ ژیانمدا ناسیومن ئه‌وانه‌ بون كه‌ له‌ داگیركردنى وڵاته‌كه‌یاندا یارمه‌تییان داوم ، له‌ كاتێكدا من دوژمنیان بون.
با بزانبن هێنانى سوپاى سه‌دام بۆ سه‌ر هه‌ولێر له‌ 31 ئابى 1996 و هێنانى سوپاى توركیا بۆ ناوخاكى كوردستان و هێنانى پاسدارى ئێرانى بۆ سه‌ر حیزبى دیموكرات له‌ شارۆچكه‌ى كۆیه‌ و ڕێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ داعش و ئه‌نفال كردنى كوردانى ئێزدى ، له‌ كوێی قسه‌كه‌ى هیتله‌ردا جێگه‌ى ده‌بێته‌وه‌؟؟؟.
ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌ركردانه‌ى كورد به‌ڕاستى له‌پێناوى میلله‌ته‌كه‌یاندا تێ بكۆشن و خه‌بات بكه‌ن ، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك خۆیان له‌ناو خۆیاندا ته‌بابن و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن و ڕێزه‌كانى ناو میلله‌ت یه‌ك بخه‌ن ، ئه‌وه‌ باشترین ڕێگایه‌ بۆ ڕزگار بون. به‌ڵام ئه‌وه‌ته‌ى ئێمه‌ چاومان كردۆته‌وه‌ له‌ ده‌ڵه‌ ڕاوكێیى شه‌ڕى ئه‌م سه‌ركرده‌ خۆپه‌رستانه‌دا ده‌ژێن. باشه‌ تاكه‌ى بێرێك له‌ له‌ خۆیان ناكه‌نه‌و په‌ندێك له‌ هه‌موو ئه‌و ڕوداوانه‌ وه‌رناگرن كه‌ سه‌ركرده‌كانى پێش خۆیان ئه‌نجامیان داوه‌و ماڵى كوردیان وێران كردوه‌.
چه‌ندین ساڵه‌ سه‌ركرده‌كانى كورد به‌ناوى نیشتمان په‌روه‌رى ، خۆیان كردۆته‌ فریشته‌و فریاد ڕه‌س و له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و بنه‌ماڵه‌و نزیكه‌كانى خۆیاندا ، خوێنى هاوڵاتیانى كورد به‌ ناحه‌ق ده‌ڕێژن و شه‌ڕى براكوژی له‌ نێو هاولاِتیاندا دروست ده‌كه‌ن و ده‌یانكه‌نه‌ دوژمنى یه‌كترى.
خۆشیان كه‌ى ویستیان و به‌رژه‌وه‌ندییان وا پێویستى كرد ته‌بابن ، بێ سێو دوو ده‌ست ده‌خه‌نه‌ ناو ده‌ستى یه‌ك و ده‌ڵێی نه‌بایان دیوه‌و نه‌بۆران. بیر بكه‌نه‌وه‌ له‌سایه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانیدا چه‌ند كورد كوژراون ؟؟. به‌ڵام دواجار مامجه‌لال ده‌ڵێت : من هه‌ڵه‌م كرد له‌ مه‌لا مسته‌فا هه‌ڵگه‌ڕامه‌وه‌. ئه‌ى كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ خوێنى شه‌هیده‌كان ؟
ئێستاش كوڕانى مامجه‌ل ده‌چنه‌ خزمه‌ت مه‌سعود بارزانى و ده‌ڵێن : كاك مه‌سعود پیاویكى زۆر گه‌وره‌یه‌. ئه‌و بۆ كورد زۆر پێویسته‌. ده‌بێ ڕێزى بگیرێت. جه‌ناب ئه‌وه‌ باوكتان بوو كه‌ به‌ درێژایی چه‌ندین ساڵ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى وه‌كو خائین وێنا ده‌كرد ، نه‌ك ئێمه‌.
ئه‌وه‌ باوكتان بو واى له‌ ئێمه‌ كرد ڕقمان له‌ ئه‌وان بێت. سه‌یره‌ ئێستا ئێوه‌ دۆستن و ئێمه‌ش دوژمن ؟؟. به‌ هه‌مان شێوه‌ش نه‌وشیروان مسته‌فا به‌قه‌ده‌ر قورسایی خۆیی و كوڕه‌كانى مه‌قالاتى ئاگرینى له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى بارزانى نوسیوه‌و وه‌كو دیو و درنج وێناى ده‌كردن. دواى نه‌مانى خۆى ئێستا كوڕه‌كانى له‌خزمه‌تى به‌نه‌ماڵه‌ى بارزانێدان.
كه‌واته‌ سه‌ركرده‌كانى كورد بازرگانى شه‌ڕبون و میلله‌تیش گه‌مژه‌. له‌دواى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ، شانسێكى بۆ هاته‌ پیشه‌وه‌و جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ فه‌راهه‌م بوو ، له‌ برى ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌ناو سه‌ركرده‌ بازرگانانه‌ ئه‌م هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌و پلانێك وپڕۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌رێمى كوردستان داڕێژن و ئاواتى چه‌ندین ساڵه‌ى ئه‌م گه‌له‌ بهێننه‌ دى، ئه‌وه‌تا به‌ چاوى خۆتان ده‌بینن ئاینده‌ى ئه‌م میلله‌ته‌یان وێران كرد.
له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان گه‌شه‌یه‌كى زۆرباشى كرد و بوو به‌ جێگه‌ى گرینگى وڵاتان و له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ وه‌كو ده‌وڵه‌ت مامه‌له‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرا ، به‌ڵام سه‌رانى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى بنه‌ماڵه‌یی و حیزبیدا هه‌موو شتێكیان وێران كردوو له‌ناویان برد. ئه‌وه‌تا به‌جارێك ئیفلاسیان به‌ هه‌رێم كردوو خه‌ڵكیان توشى هه‌ژارى كرد. قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر ده‌م مه‌ترسى نه‌ماندایه‌. هه‌رچى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانه‌و كاتى خۆى له‌ ژێر ده‌ستى كورد خۆیدابوه‌ ، به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌ شكست خواردوه‌كه‌ى مسعود بارزانییه‌وه‌ له‌ ده‌ستماندا.
ئاخر چۆن ئه‌مانه‌ له‌ ڕویان دێت و شه‌رم ناكه‌ن خۆیان وه‌كو سه‌ركرده‌ى ئه‌م میلله‌ته‌ ناوزه‌د بكه‌ن. له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانییدا نه‌توانن سوپایه‌كى یه‌كگرتوى نیشتمانى پێك بهێنن. ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگاى زانیارى و پاراستن یه‌ك بخه‌ن وبیانكه‌نه‌ هێزى نیشتمانى. تا ئێستا ئه‌م هێزه‌ چه‌كدارانه‌ مێلیشیاى حیزبین و زۆر جاریش وه‌كو نه‌یار مامه‌له‌ى یه‌كترى ده‌كه‌ن.
تا ئیستا چه‌ندین پێشمه‌رگه‌وكادیرى یه‌كێتى له‌ ده‌ڤه‌رى هه‌ولێر به‌ به‌هانه‌ى جۆراو جۆر گێراون و ئه‌شكه‌نجه‌ دراون ، یان شه‌هید كراون. له‌ ماوه‌ى 29ساڵى حوكمڕانێدا پارتى ڕێگاى نه‌داوه‌ ده‌ستورێكى هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ دانرێت ، له‌ كاتێكدا هه‌مومان ده‌زانین ده‌ستوور دایكى هه‌موو یاساكانه‌.
كه‌ ده‌ستوور نه‌بوو یاسایه‌كى باشیش نابێت. كه‌ یاساش نه‌بوو ، وڵات وێران ده‌بێت. هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌بێ ئه‌م ده‌ستوره‌ به‌ ویستى پارتى بێت ، چونكه‌ پارتى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ میراتى هه‌تا هه‌تایه‌ى خۆى ده‌زانێت. له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌ڵێن له‌ ترسى توركیایه‌ چونكه‌ توركیا پێی ناخۆشه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستورى خۆى هه‌بێت.
ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕوده‌دات له‌ نێوان یه‌كێتى وپارتیدا ڕێك وه‌كو سه‌رده‌مى بابانه‌كان وایه‌ و ئه‌میان ڕوى له‌ شامه‌و ئه‌وى تریان له‌ شیراز. هه‌ڕاج كردنى نیشتمان به‌لاى ئه‌مانه‌وه‌ له‌ ئاو خواردنه‌وه‌ ئاسانتره‌. سه‌یرى ئه‌م چه‌ند مونه‌یه‌ بكه‌ن و ڕاستییه‌كانتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
له‌ كاتى پڕۆسه‌ى ئازداد كردنى عێراقدا ، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى مال َو موڵكى كوردانى جله‌ولایان داگیر كردبوو له‌ ترسان ڕایان ده‌كرد ، مامجه‌لال پارێزگارى لێكردن و له‌ شوێنى خۆیان مانه‌وه‌. دوایی هه‌مویان بونه‌ داعش و كوردیان ده‌كوشت. مامجه‌لال 8 ساڵ سه‌رۆكى كۆمار بوو ته‌نها ئه‌وه‌ى بۆ كورد كرد ،كاتێك سه‌ردانى كه‌ركۆى كرد ، بڕیاریدا پۆسته‌ ئیداریه‌كان وه‌كو یه‌ك سی و دوو به‌ سی و دوو له‌ نێوان كورد و توركمان و عه‌ره‌بدا به‌ش بكه‌ن. باشه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كورد له‌سه‌رچى شه‌ڕده‌كات ؟؟. مامجه‌لال به‌ چ حه‌قیك نیشتمان هه‌ڕاج ده‌كات؟.
تاریق ڕه‌مه‌زان كه‌ به‌ ته‌یاره‌كه‌ى كێمیایی به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌كرد ، له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد كردوو ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى كرد. هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌نها له‌ پێناوى ئه‌وه‌ى پێی بڵێن پیاوى چاك و پێی ڕازیبن كه‌ سه‌رۆكى كۆمار بێـت. مه‌سعود بازانیش تا نه‌وتى كه‌ركوكى به‌ تاڵان ده‌برد ئه‌وه‌ دڵى كوردستان بوو. دوایی ئیمزاى كرد بۆ عه‌بادى كه‌ دواى شه‌ڕى داعش له‌ كه‌ركوك بكشێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى 400 ملیۆن دۆلار.
دوایی بۆ شاردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ ریفراندۆمى كرد و هه‌موو كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تریشى له‌ده‌ستدا. كاتێك داعش هێرشى كرده‌ سه‌ر شه‌نگال ، شه‌ڕیان نه‌كردو هێزه‌كانیان كشانده‌وه‌و ئه‌و كاره‌ساته‌ى لێكه‌وته‌وه‌. پارتى پێشتر ڕێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ داعش كردبوو. ئێستاش توركیا نیوه‌ى بادینانى داگیر كردوه‌و به‌ وشه‌یه‌كیش باسى ناكه‌ن. هه‌موو سامانى ژێر زه‌وى ئه‌م نیشتمانه‌یان هه‌ڕاج كردوه‌. ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ ناچنه‌ بابى هه‌ڕاچ كردن و هه‌رزان فرۆش نیشتمانه‌وه‌ ؟.
له‌ نوسێنێكى تریشمدا باسى ئه‌مانه‌م كردبوو : كاتى خۆى مامجه‌لال و مه‌سعود بارزانى له‌ برى ئه‌وه‌ى داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌رك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان بكه‌ن بۆ سه‌ر خاكى كوردستان داواى پاره‌یان له‌پۆڵ بریمه‌ر كردبوو. ئه‌ویش بڕى یه‌ك ملیار و نیو دۆلار كه‌ له‌ پاره‌ى فرۆشتنى نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراك مابوو ، ته‌سلیى بارزانى و تاڵه‌بانى كردبوو.
له‌و كاته‌وه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان فرۆشراون و ئه‌وه‌ى ده‌گوترى ته‌نها بۆ موزایه‌ده‌و فریودان و خۆڵ كردنه‌ چاوى خه‌ڵكه‌و هیچى تر. مامجه‌لا و مه‌سعود بارزانى بڕى 4 ملیار دۆلارى شیرینى گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كانیان بۆخۆیان برد. ئه‌گه‌ر ئه‌م پارانه‌ له‌ به‌ هێزكردنى ژێرخانى ئابورى هه‌رێمدا خه‌رج بكرانایه‌ ، له‌ سێكته‌رى كاره‌با ، ڕێگاوبان وشتوكاڵ و پیشه‌سازى بچوكدا ، ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌ زۆر بواردا له‌سه‌ر قاچى خۆى ده‌وه‌ستا و هاوڵاتیان توشى ئه‌م نه‌هامه‌تى و فه‌قیرى و هه‌ژاریه‌ نه‌ده‌بون و ناچاریش نه‌ده‌بوین ته‌سلێم به‌ یه‌غدا ببینه‌وه‌.
له‌ئێستادا نه‌وه‌كانیشیان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ى باوانیان خه‌رێكى تاڵانى داهاتى نه‌وت و پاره‌ى گومرگ و باجه‌كانى ناوخۆن وهه‌رچى بازرگانى و كاسبیش هه‌یه‌ قۆرخیان كردوه‌ بۆخۆیان. ئه‌گه‌ر مامجه‌لال و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌ نێوخۆیاندا كۆك بونایه‌و كێشه‌یان دروست نه‌كردبایه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان ، كاره‌ساتى جیابونه‌وه‌ى 1964 ڕوى نه‌ده‌دا ، كاره‌ساتى هه‌كارى ڕوى نه‌ده‌دا ، شه‌ڕى ناوخۆى 1996 ڕوى نه‌ده‌دا ، كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانمان ده‌گه‌ڕانده‌وه‌ بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان.
حوكمڕانییه‌كى ته‌ندروستمان ده‌كرد. سامانى وڵات به‌ تاڵان نه‌ده‌برا , له‌ ڕقى یه‌كترى ناچار نه‌ده‌بون په‌لكێشى دوژمن بكه‌ن بۆ ناوهه‌رێمى كوردستان. له‌ساڵى 1964 تا ئێستا ده‌كاته‌ 56 ساڵ به‌رده‌وام شه‌ڕو ئاژاوه‌و ماڵ وێرانى به‌رۆكى كوردانى گرتوه‌ له‌ سایه‌ى سه‌رى دوژمنایه‌تى دوو بنه‌ماڵه‌وه‌ له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا. به‌ڕاستى ئه‌وه‌ بێویژدانى و غه‌درێكى گه‌وره‌یه‌ له‌م گه‌له‌ ده‌كرێ. نه‌ ویژدان ونه‌دین و نه‌یاساو نه‌ عورفى كۆمه‌ڵایه‌تى ڕێگا به‌وه‌ نادات گه‌لێك ببێته‌ قوربانى به‌رژه‌وه‌ندى دوو بنه‌ماڵه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى بڵێم : زۆر جار لێره‌و له‌وێ گوێبیستى شوێن كه‌وتانى بارزانى و تاڵه‌بانى ده‌بین كه‌ ده‌ڵێن تا ماوین له‌سه‌ر ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ى ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بین. ئه‌میان ده‌ڵێت : خوێنم سه‌وزه‌. ئه‌ویان ده‌ڵێت : خوێنم زه‌رده‌. ده‌ى یاخوا هه‌ردوك به‌ره‌تان ئه‌م شانازیه‌تان پیرۆزبێت و هێوادارم ئه‌م خوێنه‌ سه‌وز و زه‌رده‌ له‌ برى پلازما ببێته‌ شیفاى ئه‌وانه‌ى توشى كۆڕۆنا ده‌بن. به‌ڵام توخا یه‌ك پرسیار ئه‌گه‌ر وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌ : ئه‌وه‌ى كه‌ تاڵه‌بانى و بارزانى كردویانه‌و به‌سه‌ر كوردیان هێناوه‌و ئه‌وه‌تا نه‌وه‌كانیشیان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێبازن ، شایانى شانازى پێوه‌ كردنه‌ ، یان نه‌فره‌ت لێكردن؟.
پێم ناَڵێن جیاوازى ئه‌وه‌ى بابانه‌كان له‌ ناو خۆیاندا كردیان و ئیماره‌ته‌كه‌یان به‌ده‌ستى خۆیان له‌ناو برد، جیاوازى چییه‌ له‌وه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى له‌ناو خۆیاندا كردیان و ئه‌وه‌شى به‌سه‌ر كوردیان هێنا؟؟. باشه‌ ئه‌م ڕێبازه‌ى ئه‌وان له‌سه‌رى ڕویشتون چى بۆ گه‌له‌كه‌مان و وڵاته‌كه‌مان به‌ده‌ست هێناوه‌ تا شانازى پێوه‌بكه‌ن و له‌سه‌رى به‌رده‌وام بن ؟؟. به‌ڕاستى ئه‌مه‌ نیشانه‌ى پرسیارى ده‌وێت و ئه‌وه‌ش خه‌مێكى گه‌وره‌یه‌و ئه‌گه‌ر میلله‌تى ئێمه‌ هوشیاربونایه‌ ، سه‌ركرده‌ى ئاواشمان نه‌ده‌بون.
جان جاك ڕۆسۆ ده‌ڵێت : هه‌ر میلله‌تێك به‌ بێ مه‌رج وه‌كو مییلله‌تى كورد به‌ نمونه‌ خۆى بخاته‌ ده‌ستى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك ، له‌ به‌رامبه‌ردا هیچ وه‌رناگرێت. كه‌واته‌ كه‌س چاوه‌ڕوانى موچه‌ نه‌كات چۆنكه‌ پێشوه‌خت بڕیارتان داوه‌ كۆیله‌بن.



(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 4.5/5)