کورتەنامەی شیعریی (بەشی چوارەم)

Sunday, 23/08/2020, 22:05

4116 بینراوە


ئەی فریشتە
نە مۆنالیزا
نە کچە کافرۆش
نەیان توانیوە وەکی ئەتۆ
دلی ئەمن .. بهێننە جۆش.

بەماچی ناودەم، سوکناییم نایە
دەلێگەڕێ
وەك باوکێکی تاقانە مردە
تەوێڵ و دەم و دەستت ماچکەم.

ئەمڕۆ
ساڵرۆژی لە دایکبونتە ئازیزم
بۆینباخێکت پیشکەشکەم ..
یا کراسیکی ئاوریشم ؟
نا.. نا، هیچم ناوێت
دەبێت هەر شتێکت بوێ ..
خۆشەویستی .. هەتا هەتایی تۆ.

هەروەك چۆن
کڵاوێك ناکرێتە دوو سەر ..
دڵێك ئاشق نابێت بە دووان.

دیسانەوە هاتیتەوە ..
ئەی وەبان دیەم
دەبێ بەرد بێ
گەر، لەتۆ زیزبێ .. دڵەکەم.

لەبەر ئەوە خۆشمدەوێی
وا هەست دەکەم خۆشت دەوێم
ئەمە قسەی چاوەکانتە
باش بزانە
چاو راستگۆترە لە دەم.

زۆرم رق لە خاوەندارێتی تایبەتە
تەنها لەوەدا نەبێت
کە تۆ تایبەت بیت بە من.

هێندەم خۆشدەوێی
گەر خۆشەویستیم ببێت بەئاو
خەڵکی هەموو دنیای
تیادەخنکێ.

لە خەونیشدا بەتۆ بگەم
یەکێك دەبێت ..
رامچڵەکێنی.

جێهێشتن، سەخت و گرانە
وەلێ ئەگەر، خۆت بخوازی
کارێکی گەلێك ئاسانە.

خەوتن
دەرمانی لەبیرچونەوەیە
لەبەختی رەشم
کە دەشخەوم
خەون، هەر بەتۆوە دەبینم.

جەنگی جیهانیی سێیەم
بەرپا نابێ
ئەگەر وتم : خۆشمدەوێی
تۆ، بڵێی منیش.

مادام مانای ئیشق نازانی
ئەتۆش جێگەی بەزەییت
هەروەك .. کەسێکی تر.


فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە