ژیانی هەتا هەتایی

Monday, 21/09/2020, 16:11

5737 بینراوە


تەواوی دیکتاتۆرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتییدا حەزیان بە ژیانی هەمیشەیی واتا هەتا هەتایی کردووە، تا بتوانن دەسەڵاتی فەرمانڕەوی خۆیان درێژە پێبدەن، بەڵام ئایا ژیانی هەتا هەتایی هیچ خۆشیەکی بۆ مرۆڤ تێدایە؟ لە ڕاستیدا ژیان بە چواردەورمانەوە خۆش و پڕ مانایە، واتە کەسێک کە دەناسرێت و ناودار دەبێت،  چی بەبۆنەی کارو پیشەوە، یان بە بۆنەی سامان و دەسەڵاتەوە، ئەوە لای کۆمەلێک خەڵک یان چەند نەوەیەک دەمێنێتەوە و دەناسرێت.. ئەگەر ژیانی هەتا هەتایی هەبێت دوای سەدەیەک بۆی هەیە هیچ کەس نەیناسێت، وەک خزم و براو کەس و کار کە هیچیان لە دەوری نامێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا وا دەکات ژیانی کورت بەهای خۆی هەبێت.
نمونەیەک هەیە کە دەڵێن ئەلێکساندەری مەکەدۆنی کە دەست بە داگیرکاری دەکات، یەکەم جار پاشای فارسەکان دەڕوخێنێت و پاشان دەچێتە بابل پاشای بابل بێ شەڕ تەسلیم دەبێت.
پاش ئەم دوو سەرکەوتنە ئەلێکساندەر بڕیار دەدات بەرەو ئەفگانسان بڕوات..ئەفگانستانیش بێ شەڕ دەگرێت، ئەوەی جێگای سەرنجە لە ئەفگانستان بە ئەلێکساندەر دەڵێن، ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی ژیانی هەتا هەتاییت هەبێت ئایا دەتەوێت؟
ئەلێکساندەر دەڵێت: بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەمەوێت..چۆنە؟
دەڵێن بڕۆ هیندستان داگیر بکە لەوێ خەڵکانێک هەن کە پێیان دەڵێن گورو ئەمانە سەربە دینی هیندوسین ئەوان دەتوانن نهێنیەکەت پێ بڵێن.
بۆیە ئەلێکساندەر بڕیای داگیرکردنی هیندستانیش دەدات و چەند ناوچەیەک دەگرێت..دەڵێت دەمەوێت گورویەکم بۆ بهێنن، کە نهێنی ژیانی هەتاهەتایی لابێت.. پیاوەکانی پاش گەڕانی زۆر گوروەکە دەدۆزنەوە.. داوای لێدەکەن لەگەڵیان بچێتە دیداری ئەلێکساندەر.. بەڵام گوروکە بەمە ڕازی نابێت.. پێی دەڵێن ئەگەر لەگەڵمان نەیەیت ئێمە سەرت لە لاشەت جودا دەکەینەوە!
گورووەکە دەڵێت: من هەموو سوڕەکانی ژیانم دیوە ئەگەر بشمرم کێشەم نییە، ئەوە سەری من و شمشێری ئێوە.. بەڵام سەری بێ جەستە بێ سودە و بۆی هەیە سەرم ببەیت بەڵام ناتوانیت زانییاریەکانی ناو سەرم بەدەست بهێنن!
سەربازەکان وا دەزانن ئەم گوروە ژیانی هەتاهەتایی هەیە بۆیە ناترسێت.. دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەلێکساندەر و پێی دەڵێن گوروەکەمان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئامادە نییە بێتە خزمەتت و دەڵێت " قوتابخانە بۆ لای قوتابی ناچێت بەڵکو دەبێت قوتای بچێتە قوتابخانە". ئەلێکساندەر بڕیار دەدات لەگەڵ پێنج سەرباز بەرەو لای گوروەکە بچێت.
کاتێک دەگاتە لای گوروەکە پرسیار دەکات و دەڵێت تۆ نهێنی ژیانی هەتا هەتایت لایە؟
گورەوەکە دەڵێت بەڵێ.
ئەلێکساندەر دەڵێت فەرمو پێم بڵێ من ئەلێکساندەری مەکەدۆنیم و پاشای یۆنانم تا هیندوستان.
گوروەکە دەڵێت لە چیایەک ٤ ڕۆژە ڕێ دورە و ناونیشانی ئەشکەوتێکی دەداتێ ،کە حەوزێکی تێدایە، دەڵێت کاتێک دەچیتە ژوورەوە چنگێک لە ئاوی حەوزەکە بخۆرەوە ئەوا هەتا هەتایە نامریت.
کاتێک ئەلێکساندەر نزیکی ئەشکەوتەکە دەبێتەوە، توشی دوودڵی دەبێت و دەڵێت: ئایا من دەبێت ڕێگا بە سەربازەکانم بدەم تا لەم ئاوە بخۆنەوە؟ ئەگەر بیخۆنەوە ئەوانیش ژیانی هەتاهەتییان دەبێت.. ئەمەش وا دەکات من گرنگیم نەمێنێت و وەکو سەرباز فەرمانەکانم بە جێ نەهێنن.
کاتێک ئەشکەوتەکە دەدۆزێتەوەو دەچێتە ناو ئەشکەوتەکە وەک کابرای گورو پێناسەی کردووە،  حەوزێکی تێدا دەبینێت، کە پڕە لە ئاوی سازگار..چنگی پڕ دەکات و دەیەوێت ئاوەکە بخواتەوە.. کابرایەک بەرامبەری دانیشتوە و دەڵێت نەیخۆیتەوە!
ئەلێکساندەر دەڵێت بۆ نەیخۆمەوە؟
کابرا دەڵێت من ٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەو ئاوەم خواردۆتەوە وا سێ ملیۆن ساڵە من ژیان دەکەم، هەموو کەس و برادەرو دۆست و خزمانم لەدەست داوە و نەماون..ئێستا دەمەوێت بمرم و خۆم بکوژم بەڵام ناتوانم بمرم..
کاتێک ئەلێکساندەر گوێی لەم قسانە دەبێت و بیر دەکاتەوە، ئاوەکە ناخواتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ لای هاوڕێکانی..

ئەم چیرۆکە ئەوەمان بۆ دەردەخات خۆشی ژیان لەوەدایە، کە ڕۆژێک دێت دەمریت.. ئەگەر نا ژیان زۆر ناخۆشترە بە بێ مردن..
مردن ئازاد کردنی ڕۆحە و شتێکە ئێمە هەموو دەبێت بە خۆشیەوە بەرەو پیری بچین، نەک لێی بترسین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە