نەوەی چوارەمی جەنگ

Thursday, 01/10/2020, 15:38

4359 بینراوە


زۆرجار لێرە و لەوێ گوێمان لە زارەوەی " نەوەی چوارەمی جەنگ " دەبێت. ڕەنگە کەم دیاردە هەبێت هێندەی ئەم جۆرە جەنگە، ئالۆزبێت. بەڵام بۆ ئەوەی لەم جۆرە جەنگە تێبگەین ، سەرەتا دەبێت ،خودی جەنگ و جۆرەکانی تری بناسین.
لین پیاو، یەکێك لە ناسراوترین سەرکردە سەربازیەکانی شۆڕشی چین. لە پێناسەی جەنگدا دەبێژێت:
جەنگ سیاسەتێکی خوێناویە ، بەڵام سیاسەت جەنگێکی سپییە. لای هتلەر ئامانجی کۆتایی هەر سیاسەتێك ، جەنگە!
جەنگ لە سادەترین پێناسەیدا، بەرهەمی ناکۆکی چینایەتییە . هەوڵدانە بۆ پاراستنی دەسەڵات و موڵکایەتی. هەموو جەنگەکانی مێژوو دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەدا :
- جەنگی ڕەوا " خۆپاراستن"
- جەنگی ناڕەوا " داگیرکردن".
جەنگ لە مێژووی نوێدا بەسەر چوار نەوەدا دابەش دەکرێت:
نەوەی یەکەمی جەنگ ( )* بریتیە لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی دوو دەوڵەت ، بە پێشەنگایەتی دوو سوپا لە جوگرافیایەکی دیاری کراودا.
نەوەی دووەمی جەنگ ( )** بریتیە لە جەنگی نێوان دەوڵەت و نا دەوڵەتدا . جەنگی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵێك هێزی نا ڕێکخراو، پارتیزان ، تیرۆریست، یاخی و یاسا شکێن . یان هێزگەلێکی نەتەوەیی، ئاینی و ڕەگەزی کە خاوەن داواکاری و ئامانجی دیاری کراون . ئەم جۆرە جنگە جەنگی پارتیزانیشی پێ دەوترێت. لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ، بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئەمەریکای لاتین، ئەفەریکا ، ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەرپا کران. لەم جۆرە جەنگەدا پشت بە سوپای خاوەن دسپلین و پرچەک نابەسترێت. هاوکات مەیدانی جەنگەکەش بەرەیەکی دیاریکراو نیە.
نەوەی سێیەمی جەنگ ( )*** یان جەنگی پێش وەخت. ستراتیژی ئەم جۆرە جەنگە بریتیە لەوەی ، دوژمنەکەت پێش ئەوەی لە دایك بێت ، دەی کوژیت! جەنگی عێراق " جەنگی کەنداوی سێیەم" نمونەیەکی ئەو جۆرە جەنگەیە. یەکەمجار هیتلەر تاکتیکەکانی ئەم جۆرە جەنگەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا ، بەکارهێنا.
نەوەی چوارەمی جەنگ ( )****جەنگی نا هاوسەنگ ، جەنگی تایبەت یان جەنگی نەرمیشی پێ دەوترێت .
ئەم جۆرە جەنگە بەوە دەناسرێتەوە ، کە ماوەی نێوان جەنگ و سیاسەت ، جەنگاوەر و هاوڵاتی ، نامێنێت. ئەم جەنگە نوێیە ئاماژەشە بۆ لەدەستدانی هەژمووی دەولەت نەتەوە بەسەر هێزە شەڕکەرەکانیدا و گەڕانەوەیە بۆ شێوازی ململانێکانی پێش مۆدێرنە. هاوکات یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی ئەم جەنگە ئەوەیە کە، دەوڵەت یەکێك نیە لە بەشداربووە سەرەکیەکانی، بەڵکە هێزگەلێکی توندڕەوی دەرەوەی حکومەت بەم ڕۆڵە هەڵدەستن. لە یەك ڕستەدا ، ئەم جەنگە یانی داگیرکردنی کۆمەڵگەیەك بە بێ بەکارهێنانی هێزی کلاسیك و بەرپاکردنی جەنگی سەربازی.
گرنگترین تایبەتمەندیەکانی ئەم جۆرە جەنگە بریتیە لەوەی :
- ئالۆز و درێژخایەنە.
- پشت بە تیرۆر دەبەستێ . " تیرۆری کەسایەتی پێش جەستە"
- مەیدانی جەنگەکە و هێزەکانی دیاری کراو نین و ناوەندیەتی تێدا پەیڕەو ناکرێت.
- هێرشی ڕاستەو خۆ بۆ سەر ڕۆشنبیری دوژمن ، تا ئاستی پاکتاوی کلتوری هاوڵاتیان.
- جەنگی دەروونی و پروپاگەندەیی پێشکەوتوو، لە ڕێگەی یاری کردن بە هەوڵ و دروستکردنی ڕووداو ، گەورەکردنی دیاردەی لاوەکی و شاردنەوەی کێشە بنەڕەتیەکان و هۆکاری ڕاستەقینەی دیاردە دزێوەکان . بۆ ئەم کارە ئەنتەرنێت ، تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ، ڕاگەیاندن و...هتد ڕۆڵی کاریگەر دەبینن.
- بۆ گەیشتن بە ئامانج ، هەموو جۆرە چەکێکی سیاسی ، ئابوری ، سەربازی، کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنرێت. بە واتایەکی تر ئەم جۆرەی جەنگ هیچ یاسا و ڕێسایەکی جەنگی، بە ڕەسمی ناناسێت.
- ململانێی هێواش ، بە مەرجێك هەموو ئەو توخمانەی لەسەرەوە باسمان کرد لەو جەنگەدا بە کار بهێنرین وەك تیمی شاراوە و جەنگاوەری سەر لێتێکدەر.
- وەلانانی دەسەڵاتی قوچەکی لە بەڕێوەبردنی جەنگەکەدا.
- دروستکردنی یەکەی بچوك ، فەراهەمکردنی پارەی پێویست و دابینکردنی تۆڕی پەیوەندی بەردەوام.
- بەکارهێنانی تاکتیکی یاخیبوون، تێکدان و ئاژاوە، تیرۆر و جەنگی پارتیزانی، نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی .
- ئیفلیجکردنی سیستەمی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە ، لە ڕێگەی بێ متمانەکردنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.
- بڵاوکردنەوەی بێ متمانەیی لە نێوان بەربژاردە سیاسیەکانی کۆمەڵگە و خەڵکەکەیدا.
- دنەدان و گەورەکردنی کێشە و ناکۆکیە سیاسی ،کۆمەڵایەتی ، ئاینی ، ناوچەیی ، خێڵەکی و نەتەوەییەکانی نێو پێکهاتکانی کۆمەڵگەی دوژمن. ئەمە دەبێت تا ئاستی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ، بەردەوام بێت.
- ........................
لە ڕاستیدا نەوەی چوارەمی جەنگ ، وەك شێوازی سەرەکی ڕووبەڕوو بوونەوەی هێز و وڵاتە ناکۆکەکان ، تەمەنێکی کۆنی نیە . بۆ یەکەم جار ژمارەیەك ژەنەڕال و فەرماندەی سوپای پیادەی سەربە هێزە دەریاوانیەکانی ئەمەریکا ، دایان هێنا. ویلیەم ئاس ، عەقید کیس نایتنگڵ ، کاپتن جۆن ئایف شمیت، ملازمی یەکەم گاری ئای ویلسون ساڵی ١٩٨٩ بۆ یەکەمجار لە ڕۆژنامەی هێزە دەریاوانیەکاندا وتارێکیان لە ژێر ناوی " شێوازی گۆڕاوی جەنگ: نەوەی چوارەمی" بڵاوکردەوە. دواتر ساڵی ٢٠٠٦ تۆماس ئێکس هامز ، عقیدی خانەنشینی هێزە دەریاوانیەکانی ئەمەریکا لە کتێبی "بۆمبی هاوێژراو و بەرد"دا کۆنکرێتی تر بنەماکانی باسکرد.
لە کۆڕێکیدا پرۆفیسۆر ماکس مانوارینگ لێکۆلێرەوەری ستراتیژی و سەربازی ئەمریکی ، کە لە پەیمانگای خوێندنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بۆی ڕێکخرابوو ، لەسەر ئەم پرسە گووتی:
"هەروەك لە ڕابردودا لەسەری ڕاهاتووین ، جەنگ چ کوشندەبێت یان نا ، کردەوەیەکی ناچاریە. لەم نەوە نوێیەی جەنگدا ، هەموو ئەو چەکانەی لە بەردەستماندان بە کاریان دەهێنین تا هەلومەرجێك بخوڵقێنین : تێیدا دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی لاواز و ماندوو ، کە بۆ هەموو شتێك پەنابەرێتە بەر دەرەوە و گوێلەمستی بێت. گەر ئەمەمان بەشێوەیەکی باش و لەسەرخۆ لە ڕێگەی هاوڵاتیانی دەوڵەتی دوژمنەوە ئەنجامدا، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە بە مردوویی خەبەری دەبێتەوە! " لە درێژەی باسەکەیدا گووتی : ئامانجی کۆتایی ئەم جۆرە جەنگە خۆبەدەستەوەدانی دوژمنە ، بەبێ ئەوەی سەربازێك بجوڵێنی . بەجۆرێك هەژمونی تۆ هێندە کاریگەربێت ، دوژمنەکەت ئارەزوومەندانە ئیرادەی تۆ جێبەجێ بکات."
کاریگەریەکان و مەترسیەکانی ئەم جۆرە جەنگە زۆر لە جەنگەکانی پێش خۆی گەورەترە. هاوکات شێواز ، جۆری چەک ، تاکتیک ، مەیدانی جەنگ ، هێز و ئەنجامدەرانیشی ، زۆر جیاوازن. بۆ نمونە:
هەمیشە لە جەنگە کلاسیکیەکاندا پەلاماری سەرەکی بۆسەر هێزە چەکدار و سەربازیەکانی دوژمن هەنگاوی یەکەمە. بە پێچەوانەی ئەوەی لە نەوەی چوارەمی جەنگدا ڕوو دەدات. لە هەنگاوی یەکەمدا خەڵکی سیڤڵ و هاوڵاتی ئاسیایی دەکرێنە ئامانج. لەم جەنگەدا پشت بە توانا و هێزی خۆت نابەستی ، بەڵکە پشت بە نەزانی و گەمژەیی دوژمنەکەت دەبەستی. بێگومان ئەمەش پێویستی بە ناسینی قوڵی دوژمنەکەت هەیە.
کەرەستەکانی ئەم جۆرە جەنگە:
- بەکارهێنانی تیرۆر و توندڕەوی، ڕێکخرا و کۆڕوکۆمەڵی تیرۆریست و ئاراستەکردنیان لەڕێگەی تاکتیکی شەڕی چەتەگەری ، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی دیاریکراو.
- بەرپاکردنی جەنگی دەروونی و داگیرکردنی هۆش و ئاوەزی تاکەکانی کۆمەڵ، لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و یاریکردن بە سایکۆلۆژی کۆمەڵگە و دنەدانی ڕای گشتی.
-گوشاردانانی قورسی سیاسی و ئابوری و سەربازی.
- پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای زانیاری، ناتو، ئەندازیاری جینی ، کۆمپیوتەری پێشکەوتوو، شەپۆلی ڕاداری و سوپای سیبرانی" ئەلکترۆنی" کەرەستەکانی بەرەوپێش بردنی ئەم جەنگەن، کە لە ڕابردودا مەحاڵ بوو.
سەرنجڕاکێشترین تاکتیکەکانی ئەم جەنگە ، بەکارهێنانی هێزی مرۆیی دوژمنە ، وەك سەربازی خۆبەخش و گوێلەمستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی تۆ!
لە جەنگی کلاسیکی کۆندا ، دوای هێزی سەربازی ، هێزی ئابوری ڕۆڵی گەورەی لە سەرکەوتن یان شکستی جەنگدا دەبینی. لە نەوەی چوارەمی جەنگدا ، هێزی هۆش و پڕوپاگەندە " هێزی زیرەك" دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. بۆ نمونە لە جەنگی کلاسیکدا پێش هێرش بۆ ناوچەیەکی دیاری کراو ، دەبوو جگە لە ناسینی جوگرافی شوێنەکە ، تۆببارانت بکردایە. ئەم کارەش جگە لە تێکۆشانێکی درێژ ، پارەیەکی زۆری تێدەچوو. لەم جەنگە نوێیەدا تۆ پێویستت بە ئاگربارانی تۆپخانە و هێرشی سەربازی نیە. چونکە ئامانجت داگیرکردنی خاك و جەستەی دوژمنەکەت نیە، بەڵکە ئامانجت داگیرکردنی بیرکردنەوە و ئیرادەیەتی تا خزمەتی ئامانجە درێژماوەکانتی پێ بکەیت . ئەوەش ئەو کاتە مەیسەر دەبێت ، کە توانیبێتت لەڕێگەی مێژووی ساختە ، زانیاری ساختە ، ئامانجی ساختە و ئومێدی فریودەرانەوە لەشکرێکت لە ئەندامانی کۆمەڵگەی بە ئامانج گیراو ، دروست کردبێت.
ئێستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باسەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێت کوردستان وەك کۆمەڵگەیەك لە ژێر چ هێرشێکی گەورەی ئەم جۆرە جەنگەدایە . بە سەرنجدانێکی کورتی میدیای چاپکراو ، بینراو، بیستراو ، ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، تاک بە تاکی لایەنە سیاسی ، کۆمەلایەتی ، مێژووی ، ژیاری و کلتوریەکانی کۆمەڵگەی ئێمە لە شەڕێکی دەستەو یەخەدان.
دوا وتەم بۆ تۆی خوێنەری کوردی ئازیز ئەوەیە ، جارێکی تر ئەم بابەتە بخوێنیتەوە ، تا نەبیتە سەربازێکی بێ ئاگا و خۆبەخشی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دوژمن و نەبیتە تاکێکی وێرانکەری کۆمەڵگەکەت.
..............
Conventional War*
Guerilla War**
Preventive War***
Asymmetric Warfare****

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە