شكستى حكومه‌ته‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى و مه‌ترسیه‌كانى .

Saturday, 10.31.2020, 20:38

2604 بینراوە


سه‌ره‌تاى باسه‌كه‌م به‌ په‌ندێكى پێشینان ده‌ست پێ ده‌كه‌م كه‌ ده‌ڵێت ( مانگه‌ شه‌وسه‌ر له‌ ئێواره‌وه‌ دیاره‌) .
حكومه‌ته‌كه‌ى مه‌سرو بارزانیشى هه‌ر له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ركه‌وت  كه‌ حكومه‌تێكى شكست خواردوو ده‌بێت ، هه‌ر چه‌نده‌  كه‌سانى زۆر هه‌بون به‌ هۆكارى جیا جیا ڕه‌مڵى ئه‌وه‌یان لێ ده‌دا كه‌ سه‌ركوتو ده‌بێت ،به‌ڵام  واده‌رنه‌چوو .  مه‌سرور بارزانى له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌میدا بڕیارى چاكسازى دا .
  به‌ڵام ئه‌نجامدانى چاكسازى له‌م گه‌نده‌ڵ خانه‌یه‌ى كه‌ هه‌یه‌ كارێكى ئاسان نییه‌و زۆر زه‌حمه‌ته‌ . چاكسازى  به‌ هه‌بونى ئیراوده‌وه‌ ده‌كرێت . به‌ بونى حكومه‌تێكى  یه‌كگرتوى  نیشتمانى ده‌كرێت . به‌ كه‌سێك ده‌كرێت كه‌ شیاوى ده‌وڵه‌ت دارى و حوكمڕانى بێت و به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل و نیشتمان بخاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندى خۆی و حیزب و بنه‌ماڵه‌وه‌ . 
 به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مویان غائیبن . ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانى  بڕیارى دابوو چاكسازى ڕاسته‌قینه‌و ڕیشه‌یی بكات ، ده‌بوو له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات  كه‌ بونه‌ هۆكارى ئیفلاسبون و داڕمانى  ئابورى هه‌رێمى كوردستان . ده‌بوو لێپرسینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات  كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان گه‌یاندۆته‌ ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا . ده‌بوو له‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێ بكات ، ده‌بوو سه‌ره‌تا له‌ خۆیی و بنه‌مه‌ڵه‌و حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات ، كه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانى  ئه‌م هه‌رێمه‌ن ،  به‌ڵام ئه‌و هاتوه‌ له‌ خوارى خواره‌وه‌ ده‌ستى پێكردوه‌ .
 كه‌واته‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى نییه‌ به‌ڵكو بۆ فریودانى خه‌ڵك و به‌رده‌وام بونه‌ له‌سه‌ر تاڵانى سامانى نیشتمانى .  ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانى  به‌ڕاستى ویستویه‌تى پڕۆسه‌ى چاكسازى ده‌ست پێ بكات و گه‌نده‌ڵى بنه‌بڕ بكات ، ده‌بوو له‌م خاڵانه‌وه‌ ده‌ست پی َبكات :
پێداچونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ى نه‌وت و شه‌فاف كردنى و كۆتایی هێنان به‌ قاچاخچیه‌تى نه‌وت . كۆنتڕۆڵ كردنى خاڵه‌ گومرگیه‌كان و قه‌ده‌غه‌ كردنى قاچاخچیه‌تى  نایاسایی . كۆكردنه‌و باج  به‌پێیى یاساو كه‌س له‌پێدانى باج نه‌به‌خشرێت .  بڕینى موچه‌ى بندیوار . بڕێنى موچه‌ى خانه‌نشینانى نا یاسایی . پاك  كردنه‌وه‌ى  لیستى خانه‌ نشیان و كه‌م ئه‌ندامان و زیندانیانى سیاسى  و شه‌هیدان . قه‌ده‌غه‌كردنى مامه‌له‌ كردن و فرۆشتنى زه‌وى و زارى حكومه‌ت به‌ شێوه‌ى نایاساى .  ته‌سلیمكردنى لیستى ناوه‌كانى هێزه‌كانى 70 و 80ى پێشمه‌رگه‌  به‌ وه‌زاره‌تى  پێشمه‌رگه‌و پاك كردنه‌وه‌ى  لیسته‌كان له‌ موچه‌خۆرى بندیوار .  هه‌نگاونان  بۆ بچوك كردنه‌وه‌ى حكومه‌ت . چ مانایه‌كى هه‌یه‌  هه‌رێمێك 5 ملیۆن كه‌س بێت و بریتى بێت له‌ 3 پارێزگاو خاوه‌نى زیاتر له‌ 20 وه‌زاره‌ت بێ . 
ده‌كرێ وه‌زاره‌ته‌كان بۆ 10 وه‌زاره‌تكه‌م بكرێنه‌وه‌و  كاروباریش له‌ ئێستا  باشتر به‌ڕێوه‌ بچێت . زۆرى وه‌زاره‌ته‌كان  زۆرى ژماره‌ى  به‌رپرس و كارمه‌ند خۆى له‌ خۆیدا هۆكارى  زۆر بونى ڕۆتینیات و دواخستنى كار و بارى خه‌ڵكه‌ . 
 له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌ ده‌توانرێت  پاره‌یه‌كى یه‌كجار زۆربۆ خه‌زینه‌ى حكومه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌   . خه‌ڵكانى زۆرى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان و باكورى كوردستان  هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن پارتى و یه‌كێتییه‌وه‌  كراون به‌ موچه‌ خۆر و پێویسته‌ ئه‌و موچانه‌ ببڕدرین ، جگه‌ له‌ هه‌ندێ كه‌س  كه‌ تایبه‌ت مه‌ندى خۆیان هه‌یه‌. 
ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانى به‌ڕاستى بیویستایه‌ چاكسازى بكات و خۆڵ نه‌كاته‌ چاوى خه‌ڵكه‌وه‌و خه‌ڵكى فریو نه‌دایه‌ ، ده‌بوو هه‌موو ئه‌مانه‌ى  بكردایه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمكردن ، ئه‌و كات كه‌ زانى هێشتا  پاره‌ به‌ش ناكات ، ده‌ستى ببردایه‌ بۆ بڕینى موچه‌ى فه‌رمان به‌ران و خانه‌ نشینانى ڕاسته‌قینه‌ .
 نه‌ك ئه‌مه‌ بكات  به‌ ده‌ستپێكى كاره‌كانى و  ده‌ست بكات  به‌ لێبڕین و دواخستنى موچه‌ى خه‌ڵكى موسته‌حه‌ق و به‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستێت  به‌دوو مانگ جارێك موچه‌ بدات و دواى ئه‌وه‌ش بڵێ ئێمه‌ موچه‌ به‌ پێیى ئه‌وپاره‌یه‌  ده‌ده‌ین كه‌ له‌به‌ر ده‌ستمانه‌ . دیاره‌ هه‌رگیز پاره‌ش نابێت، چونكه‌ تاڵانى به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئێوه‌ه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بن  ، چونكه‌ ئێوه‌ خۆتان ئه‌م بارودۆخه‌تان خولقاندوه‌ .  
تێچوى كڕێنى سه‌یاره‌ گرانبه‌هاكانى  سه‌رۆك بارزانى و سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌ت و خه‌رجى ڕۆژانه‌یان به‌  ملیاره‌ها دینار ده‌خه‌مڵێنرێت و  بڕواش ناكه‌م هیچ سه‌رۆكێكى دنیا ئه‌وه‌ى هه‌بێـت .  سه‌رۆكى كوره‌واتیا  كه‌ وڵاته‌كه‌ى توشى كێشه‌ى دارایی  بوو ، بڕیاریدا یه‌ك  دۆلار قه‌رز نه‌كات . هه‌نگاوى یه‌كه‌م  ته‌یاره‌ تایبه‌ته‌یه‌كه‌ى خۆى فرۆشت و موچه‌ى خۆى كه‌م كرده‌وه‌ بۆ ئاستێكى زۆر نزم . دواى ئه‌وه‌ ده‌ستى كرد به‌ چاكسازى ڕاسته‌قینه‌ . چاكسازى به‌ كه‌سانى ئاوا ده‌كرێت ، نه‌ك به‌ ئێوه‌ كه‌ سه‌رۆكى وڵاتێكى گه‌وره‌ى دنیا وه‌كو ئێوه‌ ناژین  له‌سه‌ر حسابى هه‌ژارانى ئه‌م  هه‌رێمه‌ . 
هه‌موو لایه‌ك باش ده‌زانن مه‌سرور بارزانى  كه‌سێكى شیاو نییه‌ بۆ حوكمڕانى و ناتوانێت  حوكمڕانێكى سه‌ركه‌وتوبێـت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى  سه‌رچاوه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌بنه‌ماڵه‌و حیزبه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ ده‌ستى پێكردوه‌ و ئه‌وان هۆكارى ئیفلاسبونى هه‌رێمى كوردستانن . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست به‌رێت  بۆ چاكسازى ڕاسته‌ قینه‌ ، به‌ ماناى نه‌مانى خۆیان دێت . كه‌واته‌ هه‌رگیز چاوه‌ڕوانى چاكسازییان  لێ مه‌كه‌ن . 
 له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ مه‌سرور بارزانى خۆى له‌ ناوه‌ندێكى ئیستیخباراتییه‌وه‌  په‌روه‌رده‌ بوه‌. به‌رپرسى ئاژانسى پاراستنى هه‌رێم بوه‌  به‌ناو ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئاژانسى پاراستنى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و پارتییه‌ . ئه‌م ئاژانسه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌ ملیاره‌ها دینارى بۆ خه‌رج  ده‌كرێت . زۆرترین ژماره‌ى بندیوارى تێدایه‌ . به‌رده‌وام  دامه‌زراندن هه‌یه‌ . نه‌ژماره‌ى ڕاسته‌قبنه‌یان دیاره‌و نه‌ كه‌سیش ئاگادارى چۆنیه‌نه‌تى  خه‌رج كردنى  بودجه‌كه‌یانن ،به‌بیانوى  ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ ده‌زگایه‌كى نیشتمانى نه‌هێنییه‌ .
 به‌ڵام له‌ڕاستێدا ده‌زگایه‌كى تۆقێنه‌ره‌و تۆمه‌تباره‌  به‌ شه‌هید كردن و زیندانى كردن و ڕاوه‌دونانى هاولاِتیان . تۆمه‌ت باره‌ به‌ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى تێكۆشه‌ره‌كانى  به‌شه‌كانى ترى كوردستان  به‌ حكومه‌ته‌كانیان .  ئه‌م ده‌زگایه‌ نه‌ك هاولاِتیان ده‌پارێزێت ، به‌ڵكو خۆى بۆته‌  ده‌زگایه‌كى  مه‌ترسیدار له‌سه‌ر كۆى ژیانى هاوڵاتیانى  هه‌رێمى كوردستان . 
دواى ئه‌وه‌ش كه‌ مه‌سرور بارزانى بوو به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ، هه‌ر ده‌ست به‌ردارى ئه‌و ده‌زگایه‌ نه‌بوه‌ بۆ كه‌سێكى تر و هه‌ر له‌ ژێر كۆنترۆڵى خۆیدایه‌ . وه‌كوده‌ڵێن ئه‌و 6 هه‌زار ئاواره‌ى سوریاش  كه‌ له‌ ژێر ناوى پێشمه‌رگه‌ى ڕۆژددا  موچه‌ وه‌ر ده‌گرن هه‌ر له‌ ژێركۆنترڕۆڵى مه‌سرور بارزانیدان و له‌ ئێستادا وه‌زیرى ناوخۆ ئه‌و دووده‌زگایه‌ بۆ مه‌سه‌رور بارزانى  به‌ڕیوه‌ده‌بات و فه‌رمان له‌وه‌وه‌ وه‌ر ده‌گرێـت .
 كه‌واته‌ مه‌سرور بارزانى خۆى  خاوه‌نى له‌شكرێكى خۆیه‌تى . ئه‌ى چۆن و به‌چ شێوه‌یك بڕیار ده‌دا پاسه‌وانى باره‌گاكانى حیزب و  به‌رپرسانى حیزبى كه‌م بكاته‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا ئێستاش  هه‌رێمى كوردستان هه‌ر دووئیداره‌ییه‌ و به‌ناو حكومه‌ت  یه‌كى گرتۆته‌وه‌ . 
كه‌واته‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان  كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى  كابینه‌یه‌كى شكست خواردو ده‌بێت و هه‌رگیز چاكسازیشى پێناكرێت  چونكه‌ خۆی و بنه‌ماڵه‌و حیزبه‌كه‌ى  هۆكارى مایه‌ پۆچ بونى هه‌رێمىكوردستانن .  كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر چاكسازى ڕاسته‌قینه‌ بكرێت ، ده‌بی َده‌سه‌ڵاتى ئه‌مانه‌ش نه‌مێنێت . 
 له‌ئیستادا هه‌رێمى كوردستان به‌ قۆناغێكى سیاسى وئابورى  زۆر خراپدا  گوزه‌ر ده‌كات   ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژیش بارودۆخه‌كه‌  به‌ره‌و خرابتر ده‌ڕوات . ناڕه‌زایه‌تى جه‌ماوه‌ر ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ  له‌ زیاد بوندایه‌ . ئه‌گه‌ر كار هه‌ر ئاوا بڕوات به‌ دوور نازانرێت  ته‌قینه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى سه‌رانسه‌رى ڕوبدات . دیاره‌ پارتى ترسى زۆرى له‌وه‌ هه‌یه‌و زۆر له‌ مێژه‌  به‌رنامه‌ى بۆ ئه‌م به‌ره‌نگار بونه‌وه‌یه‌ داناوه‌ ئه‌گه‌ر ڕوبدات . 
من له‌ نوسێكى تریشمدا  كه‌ پێشتر نوسیومه‌و پێش بینى ئه‌وه‌م كردوه‌ كه‌پارتى پلانى دانه‌وه‌ بۆ شه‌ڕر كردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ . پلانه‌كه‌ش  به‌م شێوه‌یه‌ به‌رنامه‌ ڕێژى بۆكراوه‌و پلانى پێش وه‌خته‌ى بۆ دانراوه‌ : 
هه‌موتان له‌ بیر تانه‌ كه‌ كاتى خۆى پارتى هێزێكى برده‌ زینوى وه‌رتى بۆ بنده‌ستى پارتى . له‌ ئه‌نجامدا كێشه‌ له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى دروست بوو ، چونكه‌ یه‌كێتى به‌ سنوورى خۆى ده‌زانێت . دوایی ڕێكه‌وتن و هێزێكى هاوبه‌شیان لی َدانا . 
ماوه‌یه‌كیش له‌مه‌و به‌ر   به‌رپرسى ئاسایشى سه‌رى زێرى كوژراو پارتى خستیه‌ ملى په‌كه‌كه‌وه‌ . ئه‌وه‌تا له‌ تازه‌ترین بڵاوكردنه‌وه‌شدا به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ئاسایشى هه‌رێمه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ئاسایشى دوو بنه‌ماڵه‌و دوو حیزبه‌،   بڵاو كرایه‌وه‌ گوایه‌ سێ كرده‌وه‌ى تیرۆرستیان پۆچه‌ڵ كردۆته‌وه‌ و خه‌ڵكیان گرتوه‌ .
 گیراوه‌كان هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندیان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ . هه‌ندێكیان ویستویانه‌ دادوه‌رێك و كه‌سێكى تر بكوژن و هه‌ندێكى تریش ویستویانه‌ پارێزگارێك بكوژن .  ئه‌مانه‌ هه‌مویان قسه‌و باس و سیناریۆى داتاشراوى  به‌ناو ئه‌نجومه‌نى پاراستنى ئاسایشى هه‌رێمن . ئه‌مانه‌پیشه‌كین  بۆ دۆزینه‌وه‌ى به‌ هانه‌ بۆ ده‌ست پێكردنى شه‌ڕ دژى په‌كه‌كه‌ .
 سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌شه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پاراستنى هه‌رێمى سه‌ر به‌ یه‌كێتى به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردوه‌و كورت و كرمانجى ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى له‌ ئارادابێت .  ئه‌وه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ى پارتى ته‌نها سیناریۆیه‌و دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌.
  له‌ هه‌موو وڵاته‌ دیكتاتۆره‌كاندا كاتێك وڵات توشى كێشه‌ى دارایی ده‌بێت و ناڕه‌زایه‌تى جه‌ماوه‌ر ده‌ست پێ ده‌كات ، دیكتاتۆره‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن  به‌ هه‌ر شێوه‌یك بوه‌ شه‌ڕێك دروست بكه‌ن و جه‌ماوه‌ر به‌و شه‌ڕه‌وه‌ سه‌ر قال بكه‌ن و داواكاریه‌ كانیان له‌بیر به‌رنه‌وه‌   .  بۆ نمونه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى سامانى ئه‌م وڵاته‌ى تاڵان كردوه‌ . موچه‌ى پێنادرێت و خه‌ڵك ناڕازیه‌ و داواى موچه‌ده‌كه‌ن . نه‌ك ئاماده‌نین به‌شێك له‌پاره‌دزراوه‌كان بهێننه‌وه‌  بۆ كوردستان ، له‌ ئێستادا پارتى و یه‌كێتى گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ى دزى و تاڵانى  سامانى نیشتمانیان ده‌ست پێكردوه‌ .
هه‌موو تان ئاگادارن  له‌و فه‌زیحه‌یه‌ى مه‌رزى په‌روێز خان كه‌بایی ده‌یان ملیۆن دۆلار وه‌سڵى گومرگ ته‌زویر كراوه‌ . پێش ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان باسى تاڵانى و قاچاخچیه‌تى مه‌رزه‌كانیان كردوه‌و كه‌س گوێی بۆ نه‌گرتون  . ئه‌وه‌ش بزانن ئه‌و تاڵانیه‌ى له‌ مه‌رزه‌كانى  ده‌ڤه‌رى سه‌وز ده‌كرێن  ده‌ یه‌كى ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ له‌ مه‌رزه‌كانى ده‌ڤه‌رى زه‌رد ده‌كرێت . خوێنه‌رانى به‌ڕێزو هاوڵاتیانى خۆشه‌ویست  سه‌رنجتان ڕاده‌كێشم بۆ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌و هێوادارم به‌ دیقه‌ته‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌و لێك دانه‌وه‌ى بۆ بكه‌ن . 
هه‌موتان ده‌زانن   دوو مانگى ته‌واو تێپه‌ڕیوه‌ ئه‌وجار دواموچه‌یان داوه‌ . له‌وماوه‌یدا حكومه‌تى به‌غدا  دوو جار مه‌بله‌غى  320 ملیار دینارى ناردوه‌ . واته‌ به‌ هه‌ردوو جاره‌كه‌ 640 ملیار دینارى ناردوه‌ . موچه‌ به‌ لێبڕینى له‌ سه‌دا 18 دابه‌ش كراوه‌ و ئه‌گه‌ر پاره‌ى به‌غدا به‌شیشى نه‌كردبێـت ، زۆرى كه‌م نه‌بوه‌ .  پرسیارى جه‌وهه‌رى لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: 
 ئه‌ى باشه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى دوو مانگدا هیچ داهاتى نه‌بوه‌ ؟. ئه‌گه‌ر داهاتى نه‌بوه‌ ، هۆكاره‌كه‌ى چیبوه‌ ؟. ئه‌گه‌ر داهاتى هه‌بوه‌ ، چه‌ند بوه‌و چێ لێكراوه‌ ؟.  گومانى تێدا نییه‌ داهاتى هه‌بوه‌ . كه‌واته‌ یان دراوه‌ته‌وه‌ به‌وكۆمپانیانه‌ى كه‌ پاره‌یان لێ قه‌رزكراوه‌و پاره‌كه‌ نه‌هاتۆته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان ، یان یه‌كێتى و پارتى  هه‌ر به‌ ئاره‌زو و كه‌له‌گایی ئه‌یخۆن و نایده‌ن به‌ خه‌ڵك . به‌ پێی ئه‌و تاڵانیه‌ش بێت كه‌ له‌ گومرگه‌كان ڕوده‌دات ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا ده‌یدزن و حسابیش بۆ كه‌س ناكه‌ن  .
 له‌ ئێستادا كاروبارى هه‌رێمى كوردستان  له‌ ده‌ستى كه‌سانێكى هه‌رزه‌ دایه‌و  و هیچ حسابێك بۆ هاوڵاتیان ناكه‌ن  ، ته‌نها بیریان له‌ گیرفانى خۆیانه‌. بۆیه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئێجگار مه‌ترسیداره‌ .   كه‌واته‌ بۆ شاردنه‌وه‌ى ئه‌و تاڵانیه‌ى كه‌ كراوه‌و ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ، باشترین به‌هانه‌ بۆ پارتى و هاو ئاوازه‌كانى ئه‌وه‌یه‌ پلانێك بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ر له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ دروست بكه‌ن و توركیاش په‌لكێشى ناو شه‌ڕه‌كه‌ بكه‌ن . كاتى خۆى خه‌ڵك بۆچونیان وابوو كه‌ پارتى له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕێگاى داوه‌ باره‌گاكانى  سوپاى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان جێگیر بكرێن ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كاتى پێویستدا ئه‌م سوپایه‌ یارمه‌تى پارتى بدات . 
به‌ڵام له‌ ئێستادا هاو كێشه‌كه‌ گۆڕاوه‌و  پارتى ده‌ست پێشخه‌رى ده‌كات و شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ ده‌ست پێ ده‌كات .  له‌ برى توركیا شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ ده‌كات . بنه‌ماڵه‌ى بارزانى به‌جۆرێك  كه‌وتونه‌ ژێر هه‌ژمون و كۆنتڕۆڵى توركیاوه‌  كه‌ ده‌بێ ئه‌مان له‌برى توركیا به‌ناچارى  شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ بكه‌ن   . كه‌واته‌ شه‌ڕى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى  به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ ، ئه‌مرۆِبێت یان سبه‌ى هه‌ر ده‌كرێت .به‌ڵام ئه‌وه‌یان مه‌علوم نییه‌ كێ سه‌رده‌كه‌وێت و كێش ژێر ده‌كه‌وێت . 
 بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى و گۆڕان له‌ ئێستاوه‌  ئاگادارى  ئه‌م  سیناریۆیه‌ى پارتى بن بۆ شه‌ڕفرۆشتن به‌ په‌كه‌كه‌وخۆیان به‌دوور بگرن ، به‌شدارى  هیچ كارێكى له‌وجۆره‌ نه‌كه‌ن . خۆشبه‌ختانه‌ یه‌كێتى بۆچونى خۆى  بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشكرا كردو  یه‌كێتى پێی وایه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌ك  له‌ئارادا نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هیچ كارێكى تیرۆریستى .كه‌ واته‌ ئه‌وه‌ى پارتى ده‌یڵێت  درۆیه‌كى زلى شاخداره‌ . 
  یه‌كێتى  خۆى به‌شێكه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و له‌ هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانێت ئایا  ئه‌مه‌ ڕاسته‌ یان ڕاست نییه‌ . كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى پارتى  باسى ده‌كات دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌و  ده‌یانه‌وێت جه‌ماوه‌ر چه‌واشه‌ بكه‌ن له‌ ڕێگاى ئه‌وه‌ى گوایه‌ كرده‌وه‌ى تیرۆریستى به‌رێوه‌یه‌ .  به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى یه‌كێتى  تا سه‌ر ئاوابێت و كێ ناڵێت به‌یانى  له‌ پێناوى وه‌رگرتنى دوو پۆست له‌ حكومه‌تدا سوڵح ناكه‌ن و بێده‌نگ نابن ؟؟. 
 سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى به‌ریتانیا هه‌موو ڕۆژانى چوار شه‌ممه‌ خۆى ده‌چێته‌ په‌ڕله‌مان . به‌ڵام سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وزیرانى  هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  كه‌ فراكسیۆنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن داوایان كردوه‌ بچێته‌ په‌ڕله‌مان  به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو بچێته‌ په‌ڕله‌مان و نامه‌ى بۆناردون . ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ زۆر خۆى به‌گه‌وره‌تر ده‌زانێت له‌ په‌رله‌مان . كه‌واته‌ ئاماده‌ش نابێت بچێته‌ په‌ڕله‌مان  .  به‌ڕاستى ناحه‌قى نییه‌ زۆر سه‌رى قاڵه‌ به‌ به‌ڕیوه‌بردنى   ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمه‌ و ئه‌وه‌تا ئه‌نجامدانى كارى تیرۆریستى له‌ ئارادایه‌  ،ئاخر كه‌ى وه‌ختى ئه‌وه‌یه‌  بچێته‌ په‌ڕله‌مان . 
 هه‌ه‌ر چه‌نده‌ فراكسۆنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن موتمانه‌یان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌مینه‌ن هیچ كاریگه‌ریه‌كى نه‌بوو .  په‌ڕله‌مان بڕیارى بڕینى موچه‌ى خه‌ڵكى داو فراكسیۆنى گۆڕانه‌ حه‌یاته‌كه‌ش  ده‌نگى  به‌ برَینى موچه‌دا . گومانى تێدا نیه‌   پشتیوانى پارتیش ده‌كه‌ن  بۆئه‌نجامدانى سیناریۆكانیان بۆ ده‌ست پێكردنى شه‌ڕ  دژى په‌كه‌كه‌ . هه‌موو كه‌س ده‌زانێت  كه‌ تا ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌ن و دوژمنێك به‌قه‌ده‌ر پارتى وبنه‌ماڵه‌ى بارزانى كارى تیرۆریستیان به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌داوه‌ .
 ئێستا پارتى و بنه‌ماڵى بارزانى و ئاژانسى به‌ناو پاراستنه‌كه‌ى هه‌رێم  گه‌وره‌ترین مه‌ترسین له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان .  كاتى ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى و گۆڕان هه‌ڵویستى ڕونى خۆیان هه‌بێت و نه‌ینه‌ ته‌ره‌ف له‌و شه‌ڕو ئاژاوه‌یه‌ى  پارتى پلانى بۆداناوه‌ و دروستى بكات و په‌كه‌كه‌ بكاته‌ به‌هانه‌ و پاساو  بۆ ده‌رباز بون له‌م قه‌یرانه‌ى دروستیان كردوه‌