ئیمبراتۆر و مامە کوردەی هەنجیر روێن

Saturday, 12.19.2020, 19:49

1525 بینراوە


ئەو دەوڵەتەی ئێستا بە تورکیا ناودەبرێ، وڵاتی تورکان نییە، وڵاتی رەسەنی نەتـەوەی کورد و یۆنانی و ئەرمەنییەکانە. عوسمانییە تورکەکان داگیریان کرد و لە دواییدا ناویان لێنا تورکیا. شاری ( قـوستەنتینیە) کە هـاوسنورە لەگەڵ باکـوری کوردستانـدا، لە لایەن گریکەکـان (یۆنـانییە کۆنەکـان) ەوە، لە ساڵی (٦٦٠)ی پێش زاینی دروستکـرا، دوایش بو بە پایتەخـتێک لە پایتەختەکـانی ئیمبراتـۆریەتی رۆمـانی. تورکەکان کە داگـیریان کرد ناویان گـۆڕی و ناویان لـێنا "ئەستەمبوڵ".
رۆژێک ئیمراتـۆری رۆمـانی "هـادریـان" لەگەڵ چەنـد سەربازێکـیدا، رێیـان دەکەوێتە گونـدێکی جـوان و قەشـەنگی باکـوری کوردسـتان، کە لە شـاری قـوستەنتینیەوە زۆر نـزیکە. پیاوێـکی پیری کوردی خەڵکی ئەو گونـدەی بیـنی، کە لە باخەکەیـدا خەریکی روانـدنی نەمـامی هـەنجـیر بـو. سەرنـجی ئیمبراتـۆری راکـێشا. داوای لە یەکـێک لە سەربازەکـانی کرد، کە بانـگی ئەو مـامە پیـرە کـوردەی بۆ بکەن. کە بێت بـۆ لای.
مامە کوردە (بەڕێـزەوە رۆژباشی لێکردن و بە گەرمیش بەخـێرهـاتنیانی کردن): بەڕێـز ئیمبراتـۆر، داوات ـکردوە کە بمبـینی، فەرمـایش بکەن.
ئیمبراتۆر (لە دوای وڵامدانەوەی رۆژباش و بەخێرهاتنەکەی): مامە کوردە، ئەم نەمامە هەنجیرانە بۆ دەڕوێنی؟ گەر لە تافی لاوێتیدا نەمامت بڕوێنایە، پێدەگەیشتن و لە ئێستای پیریتدا لە بەرەکانیانت دەخوارد. تازە بە تازە بەو هـیوایەی کە بـژیت و لە بەرەکانی ئەم نەمامە هەنجـیرانەت بخۆیت؟
مامە کوردە: لە لاوێتـیـمدا کارمکـرد، هـێشتا پەکـم نەکـەوتوە و کـاردەکەم. گەشبـین و دڵخۆشم. بەو هـیوایەشم کە لە بەرەکانی ئەم نەمامە هەنجـیرانەش کە دەیانڕوێنم بخۆم.
ئیمبراتۆر: پێـم بڵێ تەمەنـت چەنـد ساڵە؟
مامە کوردە: تەمەنـم سـەد ساڵە.
ئیمبراتۆر: تەمەنت سـەد ساڵە، هـێشتا هەر بە هـیوای ئەوەیت، لە بەرەکانی ئەم نەمامە هەنجـیرانەت بخـۆیـت؟!
مامە کوردە: بەڵـێ بە هـيوام.. گەر بژیـم لە بەرەکـانیان دەخـۆم.. گەر نەشمـێـنم بۆ کوڕەکەم بەجێیان دەهـێڵم تا لە بەرەکانیان بخوات.. ئەو سێ ریزە دار هەنار و قـۆخ و گوێزانە دەبینی، کە چ بەرێکی زۆریان گرتـون، ئەوانە باوکی کۆچکـردوم رواندونی و بۆ منی بەجـێهـێشتون.
ئیمبراتۆر: باشـە مـامە کـوردە، گەر ژیـایت و لە بەرەکـانی ئەم نەمـامە هەنجـیرانەت خـوارد، داوات لێـدەکەم کە ئاگـادارم بکەیتـەوە.
مامە کوردە: بەڵـێن بێت کە ئاگـادارت دەکەمەوە.
دوای دە ساڵ نەمامە هەنجیرەکان، گەورەبون و بون بە دار. هەنجـیرێکی زۆر نایاب و ناسک و شیرینیان گرت. مـامە کوردە تێـروپـڕی لە هـەنجـیرەکانی خوارد.
زانی کە ئیمبراتۆر لە قوستەنتینیەیە. چـو بـڕێک هەنجـیری گەیـو و جـوانی لە دارەکان کـردەوە و قەرتـاڵـەیەکی پـڕکـرد لە هـەنجـیر. بـەرەو کۆشکی ئیمبراتـۆری رۆیشـت. کە گەیشتە لای پاسەوانەکان، مەبەستی سەردانـەکەی بۆ سـەرۆکی پاسەوانەکـانی کۆشـک باسکـرد. بـردیـان بۆ بـەردەمی ئیمـبراتـۆر. دیـسان زۆر بەڕێـزەوە و روخـۆشیـیەوە رۆژبـاشی لە ئیمبراتـۆر کرد.
مامە کوردە: ئیمبراتۆری بەڕێـز، دە ساڵ پێش ئێستا، لە گوندێکی کوردستاندا، پیاوێکی کوردی پیرت بیني. کە سەرقـاڵی روانـدنی نەمامی هەنجیر بو. داوات لێکرد، گەر ژیایت و لە بەری هەنجیرەکانت خوارد، ئاگادارت بکاتەوە. من ئەو پیـاوە کوردە پیرەم. نەمامە هەنجیرەکانم بونە بە دار و بەرێکی زۆر و نایابیان گرتون. من تێر هەنجیرم لـێخواردن. ئەم قـەرتـاڵە هەنجـیرەشـم لەو هەنجـیرانـە بە دیـاری بۆ بەڕێزتـان هـێناوە. حەزدەکـەم ئێـوەش لـێـیـبخۆن.
ئیمبراتـۆر، چـوار پێـنج دەنـکی له هـەنجـیرەکە خـوارد.
ئیمبراتـۆر: هەنجـیرێکی زۆر خـۆش و شـیرین و بەتـامە. دەستەکانت خۆشبن و هـیوای تەنـدروستی و تەمەنـدرێـژیتـرت بـۆ دەخـوازم.
ئیمبراتۆر بە سەرۆکی پاسەوانەکانی وت:" بڕۆ ئەم هەنجـیرە بەتـاڵ بکە. قەرتەڵەکەش پـڕ لە پـارەی زێـڕ بکە و بیهـێنە و بیـدە بـەم مـامە کـوردە.
مامە کوردە: من ئەم هەنجـیرەم بۆ ئەوە نەهـێناوە تا پارەی پێـوەربگرم. ئەمە دیـارییە.
ئیمبراتـۆر: دەزانـم. بەڵام منیـش پێـمخۆشـە کە دیارییەکـت پێشکـەش بکـەم.
مامە کوردە، قەرتـاڵە پڕ لە دراوە زێڕەکەی وەرگرت. زۆر سوپاسی ئیمبراتـۆری کرد، بۆ ئەو رێـزلێنان و ئەو دیارییە بەنرخەی کە پێشکەشی کـرد. بە رێـزەوە ماڵئاوایی لە ئیمبراتـۆر کرد. بە خـۆشی و شـادیشەوە. گەڕایـەوە بۆ ماڵی خۆیـان لە گونـدەکەیـان.
ژنێکی مەکـربـازی هـاوسێی ماڵی مامە کـوردە، کە ئەم هـەواڵەی بیست، ئیـرەیی بە بەخـت باشی مامە کوردەدا بـرد. ویستی مێردەکەشی بەخـتی خـۆی تاقـیبکاتەوە. چـو سەبەتەیەکی گەورەی پـڕ هەنجـیری هـێنا و خستیـیە سەرشانی مێـردەکەی و پێیـوت:
بـڕۆ ئەم هەنجـیرە ببـە بۆ ئیمبراتـۆر، حـەزی زۆر لە هەنجـیرە. سەبەتـەکەمـان پـڕ لە دراوی زێـڕ دەکـات.
پیاوەکەی سەبەتە هەنجـیرەکەی برد و رۆیشت بۆ قـوستەتینیە. گەیشتە بەردەم کۆشکی ئیمبراتۆری. بە سەرۆکی پاسەوانەکـانی کۆشکی وت:"من ئـەم هـەنجیرەم بۆ ئیمبراتـۆر هێناوە" سەرۆکی پاسەوانەکان وتی: لیرەبە بابچم ئیمبراتۆر لە هاتنت ئاگادار بکەمەوە.

سەرۆکی پاسەوانەکان: گەورەم، پیاوێک سەبەتەیەکی گەورەی پـڕ لە هەنجیری هێناوە، دەڵی بۆ ئیمبراتـۆرم هـێناوە. بانـگی بکەم بێ بـۆ لای بەڕێـزتـان؟"
ئیمبراتـۆر: سەرۆکی پاسەوانەکان، بیبەنە ناو هـۆڵە گەورەکە و سەبـەتە هەنجـیرەکەی هەڵـبڕێـژن، بانگی دە پاسەوانیش بکە، کە هەنجـیرەکان بکـیشن بەسـەر و دەموچـاوی ئەو پیـاوەی کە ئـەو هەنجـیرانەی هـێناوە"
دە پاسەوان هاتن و هەمو هەنجیرەکانیان کێشا بەسەر و بە دەموچاوی پیاوەکەدا. ئینجا سەبەتە بەتاڵەکەیان خسـتە سەر شـانی و لە کـۆشکی ئیمـبراتـۆری دەریـان کـرد.
مێـردی ژنـەکە، بە ئـازار و تـوڕەییەوە، گەیشـتەوە مـاڵ. بەسەرهاتـەکەی بـۆ ژنـەکەی باس کـرد. ژنەکەی سەیـری ناوچەوان و بەر چاوەکانی کرد، کە شین و مۆر بونەتەوە، دەسـتی کـرد بە پێـکـەنین.
مێردەکەی (بە تـوڕەییەوە): ئـەو پەنـەت پێـدام و پێـشـم پێـدەکـەنی؟!
ژنەکەی: پیاوەکە، سوپاسگوزاربە کە سەبەتەیەک گوێـزم پیانەناردی، ئەگینا بە سەری شکا و دەمـوچـاوی بـرینـدارەوە دەگەڕایتەوە بـۆ مـاڵەوە.

(*) ئەم چـیرۆکە بە دەستکارییەوە، لە زمـانی ئینگـلیـزییەوە وەرمگـێڕاوە بـۆ کـوردی.
(*) قەرتاڵە: سەبەتەیەکی بچوکی قوڵی بن تەسکی سەر واڵایە لە گوندەکانی کوردستان لە شولکە دار بیی تەڕ دروستی دەکەن. لە وەرزی گەیینی میوەهات، هەنجیر یا ترێ یا قـۆخ یا قـەیسی یا تەماتـەی تێدەکەن. بە تایبەتیـش بە دیـاری دەیبەن بـۆ خـزمان و بـۆ دۆستانی خۆشـەویستیان.
(*) کۆتـایی چیرۆکەکە، کۆتاییەکی گاڵـتەئامـێزە. بۆ ئەوەی خەنـدە بخاتە سەر لێوەکانی منـداڵانی گوێگـر یا خوێنـەر.
(*) مەبەستەکانی چـیرۆکەکە، بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوەی خودی منداڵان بەجێدەهـێڵم.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٠