خوشکەکەم سەرگورشتەیەکی جیاوازیی هەبوو

Saturday, 16/01/2021, 21:52

7439 بینراوە


وانەیەکی ژیان هەیە پێمان دەڵێت: تا نەمرین چێژ لە خەو ناکەین، ئەوە ڕێک "چیا"ی خوشکمە کە ئیتر دەتوانێت بەدڵی خۆی ئارام و ئازاد بخەوێت و گەشت بەناو ژیانی دوای مردندا بکات، کە پڕێتی لەئارامی و بێدەنگی، چونکە حەقیقەت گوێ بە ئاواتەکانمان نادات. مرۆڤ هەیە لە ناو ئازارەکانیدا لەدایک دەبێت ، گوزارشت لە بێ ئومێدی ژیان دەکات. خوشکەکەم لە تاریکی بیرەوەرییەکانمدا هەڵدەگرم، چونکە فێری ئەوەی کردم، ژیان گۆڕەپانی ململانێیەکە دوور لە ویستی خۆت.
فروغ فەروغزادە دەڵێت:

"شەهامەتی دەوێت تۆ سارد بیت و بەگەرمیش پێبکەنیت "

خوشکەکەم دنیای جێهێشت، بەبێ ئەوەی شوێنەوارێک دوای خۆی جێبهێڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێم خوشکەکەم، کە جێی هێشتین ئێمەی لە دەستدا بە هەموو کەمایەسێتیەکەوە کە هەمان بوو بەرامبەری.
مردن وانەیەکە هەر ڕۆژەی دیوێکی تری نهێنی ژیانمان بۆ دەر دەخات و پێمان دەڵێت: کە وانەکانی من بەقەدەر چیاکان کۆنن، کەچی ئێوەی مرۆڤ هیچی لێ فێرنەبوون، چونکە ئێوە دوورن لە ئەوانەی خۆشیان دەوێن، نزیکن لە ئەوانەی فەرامۆشتان دەکەن، بۆیە مردن هەرگیز نابێتە وانە بۆتان. ئێمە هەرگیز ناتوانین بەدەستی داخراوەوە دەستی یەکێکی تر بەگەرمی بگوشین.
سادەیی "چیا "ی خوشم لە ئاوی کانی دەچوو، ئەو پڕتر بوو لەبێدەنگی، دەتگوت گۆڕستانە لەشەوی پایزدا، دەمەوێت بەناو یادگارییەکانی منداڵیمدا گەشت بکەم تا توڕەبونێک و دڵشکانێک بدۆزمەوە لەڕێگەی خوشکەکەمەوە چێشتبێتم ، نەک شک نابەم بەڵکو دەکەوم بەسەر کۆمەڵێ وانەی سادەو ساکاردا کە پڕن لەبێفیزی و ڕاسگۆیی کە تەمەن بە تۆزدایپۆشیوون ، لەناخی خوشکەکەمدا منداڵێکی دڵپاک خۆی حەشاردابوو ، گەورەبوون ئازارەکانی گەورەترکرد تا لوتکەی داماوی و ئازار، ئەو لەنێوان خەم و هیچدا ، هەمیشە هیچی هەڵدەبژارد ، وەک ئەوەی پێمان بڵێت شەڕی چی دەکەن سبەینێ درەنگ یان زوو هەمووی جێدەهێڵین ، ئەوسا دەزانن کە شەرەکانتان مایەی پوچی بووە نەک شتگەلی تر ، چیای خوشکم هیچ ڕۆژێک بەدیار خەیاڵەوە ئازاری نەچەشتوە ، چونکە پێی وابووە کە ژیان زۆر لەوە بێماناترە کە شەڕی ڕقی بۆبکەین ، ئەو لەسەفەرێکدا بوو بەناو خۆیدا ، تا دواجار شەکەت بوو لە ڕاکەڕاکەو جیهانی جێهێشت ،چونکە لەپوچی زیاتر هیچی تری نەچنێوە ، ئەو لەو خەڵکانەبوو لەهەڵەکانی ژیان لەو هەموو گەشتە سەختەی ژیان هیچی نەچنێوە ، تەنها زەردەخەنە نەبێت ، هەندێک مردن هەیە لەژیاندا لەگەڵ کات شتگەلی ترمان فێردەکات کە چاوەڕێمان نەکردووە ، مرۆڤ ناتوانێت ژیان بدۆزێتەوە ، ژیان مرۆڤەکە دەدۆزێتەوە ،دوایش بەدڵی خۆی یاری پێدەکات . فێردەبین کە ببینین مردن وەک زەنگی کەنیسەوایە ، باوەڕدارو بێباوەڕ بەئاگادەهێنێتەوە ، مردن جگە لەچەندڕۆژێک ماتەمینی تەماوی و درۆ هیچمان فێرناکات، من هەرگیز نەم بینیوە مردن بوبێتە ڕێگە نیشاندانی مرۆڤەکان لەدوای خۆیان بگەڕێن بەدوایی وەڵامدا، ئەوەی پێویستە مرۆڤ لێی بترسێت مردن نییە ، بەڵکو بەڕێکردنی ژیانێکە وەکو کۆیلەیەک لەسەر ئەژنۆکانی .
بنو"چیا" گیان دواجار بەس نەبوو نەبویتە ڕووبارێکی ووشک هەڵهاتوو، کۆچتتکرد لەمردنتا بێخەم بە چونکە شکۆی عێزەتی خۆت لەگەڵدایە . پێت دەوتین گەر دەتانەوێت هەمووشت بزانن ئەوە هیچ مەزانن، چونکە چاکە لەکردارتا نییە ، بەڵکو لەنێتدایە، هەندێک وانەهەیە دوایی کۆچ مرۆڤەکان تێێ دەگەن . دواجار کەس پێم نەڵێت ،بەهەشت جێگەی بێت ، چونکە ئەو لەسەرزەمین لەجەهەندەمدا ژیانی کرد کەسیستەمێک خوڵقانوێتی بۆ تاک بەتاکمان.

ماڵئاوا لێمان ببوورە ، خوشکەم چیاکەم


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە