نیشتمانێکی وێران و خەڵکێکی شپرزە

Thursday, 11.26.2020, 2:31

1588 بینراوە


خه‌سره‌و گوڵسورخی دەڵێت: داواكه‌ین له‌ سه‌ر كێلی گۆڕەکانمان ساڵی مردنمان نه‌نووسن، تا نه‌وه‌کانی داهاتوو نه‌زانن،، کە ئێمە بێتواناکانی ئه‌م قۆناغه‌ی ئەمڕۆی مێژوو بووین.
--------------------

- گەنجێک برایەکی خۆی دەکوژێت، برایەکەی تریشی بریندار دەکات، پاشان خۆیشی بریندار دەکات.
- دووگەنج بەچەقۆ دەکوژرێت.
- ژنێک لەناو ئوتۆمۆبیلەکەیدا بە دووگوللە ڕۆحی دەکێشن.
- گەنجێک لە ئاوی دوکان خۆکوژی دەکات.
- سواڵکەرێک سامانێکی زۆر دوای خۆی بەجێدەهێڵێت.
- کچێک بەهەڵواسراوی لەماڵێکدا دۆزرایەوە برانازدارەکانی یارمەتی هەڵواسینیان داوە.
- وەزیرەکان بە ئۆنلاین کۆبونەوە و گاڵتە بەخەڵک دەکەن.
- شاندێک لەپیاوانی هزر بەتاڵ لەگەڵ بەغداد کۆبونەوە.
- نەوت و گازی سروشتی ملیان شکاند بۆ تورکیا.
- فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورک بۆردمانیان کرد و چەند مرۆڤی کوردیان هەلاهەلاکرد.
- ئێرانییەکان چەند کۆڵبەرێکیان شەهیدکرد چونکە گوێزانی ڕیشتاشینیان بەکۆڵەوەبوو.
- چەندین چالاکوانی مەدەنی دەستگیرکران هەر لۆ خۆشی.
- کچێک دەیانویست دەستدرێژی سێکسی بکەنە سەر دەڵێت:ئەو ڕۆژە، كە دەڕۆم بۆ زیندان، چەند پەرتوكێكی مێژوویی كوردی لەگەڵ خۆم دەبەم، بەدەستی خۆم لە لاپەرەكانی دەنووسم: "كچێكی كورد لەسەر پاراستنی شەرەفی خۆی زیندانی كراوە".
- ئۆتۆمۆبێلێک گڕی گرت و سێ کەس لەناویدا گیانیان لەدەست دا.
- منداڵێک لەشەقامێکدا بە ئۆتۆمۆبێک شێلرا.
- کۆرۆنا خەڵکی دروێنە دەکات.
- موچەی بندیوار دەدرێت، مامۆستا و فەرمانبەرانیش باچاوەڕوان بن تا خوا دەرویەک دەکاتەوە.
- پەرلەمانتاران وازیان لە چای دیژلەمە هێناوە.
- هەندێک چەکلی چەکدار هێرشیان کردە سەر چێشتخانەیەک.
- مەلاکان لە نەسیحەتکردنی خەڵکی ناوەستن و سوکایەتی بەژنان دەکەن و نزا بۆ ئەردۆگان دەکەن.
- مەولود خوێنەکان هەموو ئاوازی گۆرانییەکانیان ماشیوەتەوە.بانگیان بردە سەر گۆڕی مردوە کانیش.
- دکتۆرە سایکۆلۆژیەکەی ناو کەناڵەکان شێت بووە.
- نێرگەلە شارەکانی قانداوە.
- زۆربەی خەڵک دەکڕوزێنەوە، کەچی لەبەر چەوری ورگیان ناتوانن هەناسە بدەن.هەژارە راستەقینەکانیش روویان نایەت لەبرساندا دەنگ بەرز بکەنەوە.
- تۆپەڵێک لومپ لە ئەوروپاوە هێنرانەوە و لەسەر مێژووی قوربانییەکان هەڵنیشتوون و مردۆکانیش کە ژیانیان سەدان فایلی شارەوەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە ناوچە و گردو دۆڵی دنیایان داگیرکردوە و دوای مردنیشیان سەربازگایەکیان لە خەڵکی گوندی و مرۆڤی بچوک بنیاد ناوە و گۆڕی مەڕمەڕو کەپریگرانبەها دەورەیان گرتوە.
- پیاوێک ١٣ساڵ سکرتێری ڕێخراوێکی مارکسی بوو، لە جێگەی کتێبی سەرمایەکەی مارکس، ئێستا قورئانێک لە ژوور سەری دانراوە


------------------
ڕۆژانە لەم جۆرە هەواڵە پوچانە لە هەموو کەناڵەکانەوە دەگەنە ناو ماڵ و ژیانمانەوە، گەر بمانەوێت مێژوو بنوسینەوە دەبێت:" ئەم پاشا گەردانیە ڕاگرین " هەموو ئەوانەی کە ووڵات بەڕێوە دەبەن ئاژەڵێکی دڕندە لەناخیاندایە، خەڵکانی خۆپەرست ترسنۆک و هیچ لەباردا نەبوون، مێژوویان تژیە لەگومان و فایل و ترسنۆکی.ئەوانە هاتونەتە سەر میراتیەک کە ڕووبارێک خوێن و هیلاکیی و قوربانی بۆدراوە.
دەڵێن :شۆڕش زادەی کاتێکی دیاری کراو نییە، بەڵکو مرۆڤ تا لە ژیاندایە دەبێت شۆڕشگێڕ دەبێت.بەو مانایەی کە لەهەوڵی ئەوەدا دەبێت لایەنی کەم کەرامەتی خۆی بپارێزێت، گەر وا نەکات ئەوە وەک ئەو هەرێمە داماوەی لێدێت، کە ئێمە خاوەنی نین، بەڵام ناسنامەمان لەسەرێتی.
لەو هەرێمەدا هەموو شتێک بێمانابووە، کۆمەڵێک خەڵکی نامۆ لەسەر مێژوو ووڵات، بەمیرات هەڵنیشتوون دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، هەموو سێکتەرەکانی ژیانیان پیس کردوە و بەنیازیش نین بەم زوانە بەرۆکمان بەردەن، چونکە ئەوەتانێ لەئامادەکردنی نەوەی سێهەمی خۆیاندان، کە لێرەو لەوێ ئەم بەچکە بەرازانەمان ۆ نمایش دەکەن.بۆ ئەوەی بە نەوەی دوای ئێمە بلێن ئەوە حاکمەکانی دوارۆژتانن لە ئێستاوە بیان ناسن.
ئێستا دەپرسم داخۆ دایکی ئەو خەڵکە وەک دایکی من کە هەمیشە پێی دەوتم:" کوڕم لەهەر شوێنێک بوویت، هەوڵمەدە بەشەرمەزاری ژیان بکەیت " تۆ بڵێی دایکانی تریش وایان بەمنداڵەکانی ووتبێت؟ ئەگەر وایە، ئەی خەڵکی بۆ ئەو هەموو تاوان، کوشتن، دزی، شەوکوتی، بێکەرامەتی، بێنەوتی، بێئامانەتی، دەرمانی خراپ، چاوبزکردنەوە، داڕمانی پەروەردە، سوک کردنی مامۆستا، ڕیسواکردنی قوتابخانەکان، سوکایەتی مەلاکان بە ژن و کچ و کۆمەڵگا، خۆراکی خراپ، درامای تورکی، قەرەباڵغی شارەکان، گوندی گەرەکەکانی شار، ڕەوەی ئۆتۆمۆبێلی جام ڕەش، منداڵی بەرپرسەکان، نێرگەلە و دەرمان، ئەتک کردنی هونەر و گۆرانی، بەرەڵایی کەناڵە تەلەفیزۆنەکان، سەدان کارەسات و داماویی تر، چۆن ئەو خەڵکە دەتوانن بەدامێنیان ئەو هەموو سوکایەتییە هەڵبگرن و دەنگ ناکەن؟!
لە نیشتمانی ئێمە بەگەمژەکان دەڵێن زیرەک، بەخائینەکان دەڵێن نیشتمانپەروەر، بەترسنۆکەکان دەڵێن قارەمان، لەنیشتمانی ئێمەدا دەستدرێژی و تاوان زیاترە لە قەرەباڵغی شەقامەکان.ئەمانە یاسا و ڕەوشت دەشکێنن دوایی دێن بە نیشتمانپەروەری پێمان دەفرۆشنەوە.خەڵکی بەبڵاو کردنەوەی ئەم هەموو هەواڵە پڕ ئازار و ڤیدۆیانە، کات بەفێڕۆ دەدەن، کە کەرامەتی تاک بەتاکی خەڵکی ئەو نیشتیمانە لەکەدار کراوە، نیشتمان کرداری دەوێت نەک کات بەفێڕۆدان.هیندییەکان دەڵێن : "مرۆڤ نابێت ڕاهێنان بەمشک بکات کە نەتوانێت کۆنترۆڵی بکات "
ئێمە وامان دەزانی ڕزگار بووین، کەچی جەنگە بۆ لەناوبردنی کورد تازە دەستی پێکردوە.