دادگای سەورەى بەعس، بە هەموو دڕندایەتییەکى رژێمەکەیان زۆر لە بنەماڵەى بارزانى شەریفتر بوون


عیسا و شێرزاد حەسەن

Saturday, 02.06.2021, 20:54

1396 بینراوە


ئێمە بەهەڵە تێگەشتوین لە عیسا، عیسا نەیتوانیوە مرۆڤی خۆشبوێت، لەبەر ئەوەی کە لە توانایدا نەبوە مرۆڤی خۆشبوێت، کەسێک ئەگەر بە بەردەوامی لە ململانێەکی توندوتیژدا بژی ناتوانێت دەروبەرەکەی خۆشبوێت. عیسا لەگەڵ خوادا (باوک) لەململانێیەکی توندوتیژ و بێ وچاندابو. گەیشتن بە ململانێ لەناخی بونەوەری مرۆڤی ئاژەڵدا، سەرەتایەکە بۆ دەربازبون لە دۆخی ئاژەڵی، چەندە ئەو دو جەمسەری ململانێیە دوربکەونەوە لە یەکتری تاکی ململانێگەر زیاتر لە ئەشکەنجەدا دەژی، ئەوەش یەکەم هەنگاوە بەرەو ئاگامەندی بەخۆ، کە تاکی ئەشکەنجەدراو بە دەوروبەرەکەی هۆشمەند دەبێت، بەرەو ڕویان دەچێت وەک لەشێک لەو، لەبەر ئەوەی هۆشمەنەدە بەوەی کە ئەویش لەشێکی ئەشکەنجەدراوە. کاتێک عیسا داکۆکی لە هەژارێک لە پەتیارەیەک دەکرد بەمەبست لە داکۆکی کردن بو لەخۆی وەک لەشێکی ئەشکەنجەدراو هۆشمەند بە ئەشکەنجە، کە ئەوە سەرەتایەک بوە لە هەوڵدانی لە جیابونەوەی لە هەستی خۆشەویستی ئاژەڵی، مەبەستم لە خۆشەویستی ئاژەڵی، وەک چۆن دایکێک بەچکەکانی خۆش دەوێ یان گورگێک گورگەکەی سەرۆکی دەلێسێتەوە بۆ ئەوەی کە پێی بڵێت کە ئەو ژێردەستەیەتیو پەیڕەوی یاساکانی دەکات، مرۆڤیش وەک هەمو ئاژەڵێکی تر خاوەنی یاساو ڕێسایەکی خۆشەویستیە بە ئەنستات، گەیشتن بە قۆناغی ئەشکەنجە و ململانێی دەورونی دەبێتە یەکەم هەنگاو بە گۆڕینی ئەو خۆشەویستیە ئاژەڵیە بۆ خۆشەویستیەک کە پێی دەڵیین خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی، هەربۆیەش کاتێک شێرزاد حەسەن بە کچی پوری دەڵێت خۆشی دەوێت، کچی پوری لەوەڵامدا دەڵێت ؛ گوبخۆ، ئەمە هەڵسوکەوتێکی ئاژەڵیە لە نێوان نێرومێیەکدا، وەک چۆن نێرەکەرێک هەوەسی جوتبونی هەستاوە و ماکەرەکە ئارەزوی نیەو جوتەی لێ ئەدات، بەڵام مرۆڤ ئەگەر جوتە نەدا،  ئەگەر شەپازلەیەک لە بەرامبەرەکەی نەدات ئەوا جنێوێکی پێ ئەدات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەمان هەڵسوکەوتی ئاژەڵی. ( بێگومان مەبەستم ئەوە نیە کاک شێرزادو کچی پوری بە کەر بچوێنم، مەبەستم لە کارەکتەری ئاژەڵیە، بۆ من شێر و کەر هەردوکیان وەک یەک ئاژەڵن، یەک بەهایان هەیە ) .
بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت دەوروبەرەکی خۆشبوێت وەک مرۆڤ، ئەبێت قۆناغی جەنگی دەرونی تێپەڕێنێت، جەنگی دەرونی کە لە شەڕی جیهانی دژوارترە، ئەگەر ئەو ململانێیە بە هۆکارێکی دەرەکی دروست بوبێت یان مرۆڤ وەک بونەوەرێک دروستکەریەتی لە ناخی خۆیدا: خۆی هۆکارە و خۆی دەرئەنجام. هەرچۆنێک بێت مرۆڤ لە ژێر سێ ململانێدایە، لەگەڵ سێ هێزی دژ بەخۆی دایە : هێزی گەردونی، هێزی کۆمەڵایەتی، بهێزی دەرونی ناخی خۆی، توانای هەیە بەرەنگاریان بێتەوە بە ئاگامەندی.
ئەگەر عیسا خۆی کرد بە خاچا وەک چۆن سوقرات ژەهرەکەی خواردەوە لە دوای ئەوەی وتی : خۆت بناسە، لەبەر ئەوەی خۆناسین بەس نەبو بۆ دۆزینەوەی ئاراستەیەک، عیساش نەیتوانی ئێمەی خۆشبوێت، لەبەر ئەوەی کە نەیتوانی ئاراستەیەک بدۆزێتەوە لەو ململانێیەدا. پەیامەکەشی ئەوەیە، ئەگەر وەک من نەتوانن خەڵکیتان خۆشبوێت ئەوا ئەمەیە کۆتاییتان: یان ژەهرەکە دەخۆنەوە یان خۆتان دەکەن بە خاچا لەبەر ئەوەی چارەسەری ترم نیە بۆتانی پێشنیار بکەم .  وەئەگەر ئێمەش بە بینینی عێسایەک لەسەر خاچا هەستو سۆزمان دەهروژێت، لەبەر ئەوە نیە کە ئەو ئێمەی خۆشویستوە، لەبەر ئەوەی کە کەسێکی ئەشکەنجە دراوە و لە نەستی ئێمەدا لە قۆناغێکیدا بەرەو ئامانجێکی پیرۆز شکستی هێناوە، هەمو شکستێکیش هەستی بەرامبەر دەهروژێنێت. عیسا لە ناچاریدا کە نەیتوانی ببێت بەیەک لەگەڵ هێزی ململانێدا، یان ئاراستەیەک بدۆزێتەوە لەو ململانێیەدا، گەڕایەوە بۆ خۆیی وەک چارەسەرێک، خۆی وەک کەسێکی نێرگسی ناساند، وەک سەنتەر، وەک کەسێکی بەهێز بەرامبەر بە باوک، وەک کەسێکی نێرگسی خۆی بەسەرو هەمو شتێکەوە دەبینی وتی : من کوڕی خودام بە بێ ئەوەی بگاتە ڕۆحی پیرۆز . وێنەی عێسا لە سەر خاچا، وەک کەسێکی خەباتکەر هەتا سەرخاچ،  لە سایکۆلۆژی مرۆڤی ڕۆژئاواییدا بە ئیماندار و بێ ئیمانیانەوە، بۆتە دینامیکی بەردەوام بون: ئەگەر لە کۆتایشدا نەگەمە بەختەوەری، گرنگ بەردەوام بونە، ئەمەش هانی خەڵکی ئەدات لە داهێناندا، لە ململانێدا هەتا خۆ بەختکردن، بەڵا تاکی ڕۆژهەلاتی هەرکاتێک خۆی بەرامبەر بە ململانێ دەبینێتەوە، پاشگەز دەبێتەوە و خۆی ناکاتە خەبات، بۆیە دیاردەی ئاپۆ، دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرە و پێ دەچیت ئاپۆ وەک خۆی دانی پێدا دەنێت لەژێر کاریگەری ئەلەڤیسمدا بێت.
ئەم دیاردەیەش ؛ نەگەیشتن بەو ڕۆحە ( ڕۆحی پیرۆز )، هەر زو هەستی پێکرا لەلایەن پیاوانی مەسیحیەوە بۆیە دۆگمی ترینیتێ دوای سەدەیەک داهێنراو کرا بە مەشخەڵ لە مەسیحیەتا، کە بریتیە لە کوڕو باوکو ڕۆحی پیرۆز، ڕۆحی پیرۆز بەمانای بەیەک بونی باوکو کوڕە کە هەردوکیان، خودایەک ( ڕۆحی پیرزۆ ) ی بەتوانا پێک دەهێنن، واتە دوای تێپەڕاندنی ململانێی کوڕ لەگەڵ باوک کە عیسا هێندە پێوەی ئەتلایەوە.  بەڵام هەوادارەکانی، شوێن کەوتوانی عیسا، وەک فرانسوا داسیس توانی بگاتە رۆحی پیرۆز و هەمو ئەو ململانێیانەی ناو خۆی تێپەڕێنێت، هەتاوەکو بتوانێت ببێت بەیەکو ئەوی تری خۆشبوێت. وەک چۆن عیسا خۆی کرد بە خاچا، یان سوقرات ژەهرەکەی خواردەوە، هەروەها ( بێغەنژێ ) کارەکتەری سەرەکی شانۆی کەرکەدەنی نوسەری فەرەنسی : یۆنسکۆ، لە کۆتایی شانۆکەدا خۆی دەکوژێت، لەبەر ئەوەی دەبینێت کە ئەو ناتوانێت وەک مرۆڤێک لە کۆمەڵگەیەکدا بژی کە هەمویان لە دەرئەنجامی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی وەک ئاژەڵ شاخێکیان لەسەر ڕواوە، یان دەبێت وەک ئەوان شاخی لێبێتو ببێتە ئاژەڵ، یان خۆی دەکوژێت. چۆن ئەو بتوانێت لە کۆمەڵگەیەکدا بژی کە هەمویان وەک ئاژەڵ هەڵسوکەوت دەکەن، چۆن بتوانێت ئەو جیاواز لەوان بیربکاتەوە؟
عیساو سوقرات و بێغەنژێ  لەهەمان بێ هیوایدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا : ئەمیان لەسەر خاچ، ئەویان بە ژەهر، بێغەنژێ بە خۆ کوشتن.
با ئێمەی مرۆڤ وەها خۆمان نەبینین کەخاوەنی شارستانین کەواتە ئێمە جیاوازاین لەئاژەڵان، بێ شك ئێمە ئاژەڵێکی جیاوازین، توانای لێکدانەوەمان  بۆ روداوەکان هەیەو توانای داهێنانمان هەیە و بیر دەکەینەوە، بەلام هەر جۆرێکین لە ئاژەڵ بە توانایەکی جیاوازەوە، ئەوەی پاڵ بە ئێمەوە دەنێت لە دۆخی ئاژەڵی دەربازبین، هەستی سۆزو بەزەییە، کە لەسەرەتای ئاگامەندیەوە پەرەدەسێنێت، جێگایەکی گرنگ لای تاکی ئاگامەند داگیردەکات.  بۆ دەربازبونیش لە دۆخی ئاژەڵی، ململانێ یەکەم هەنگاوە ، ململانێی مرۆڤ بریتیە لە هەستی سۆزو بەزەیی دژ بە هەڵسوکەوتی ئاژەڵی مرۆڤ خۆی، بەڵام هەستی سۆزو خۆشەویستی توانای دۆزینەوەی ئاراستەی نیە لە ژیاندا، یان ناهروژێ ئەگەر تاک بە ململانێدا تێنەپەڕێت، بە ئەشکەنجەدا، شکستیش دەهێنێت وەک عیسا ئەگەر ئاراستەیەک نەدۆزێتەوە لەو ئاگامەندیەدا،  نەگات بە ئاگامەندیەکی ڕەها ( ڕۆحی پیرۆز ).
مرۆڤ خۆی هۆکارەو خۆی دەرئەنجامە، خۆی ئەو ململانێیە دروست دەکاتو خۆی ئەشکەنجەی پێوە دەچەژێت، لەبەر ئەوەی کە دەیەوێت لە دۆخی ئاژەڵی خۆی ڕزگار بکات، وەک قۆناغێک لە ژیانیدا بە تایبەتی کاتێک ماوسولکەکانی فشۆڵە دەبنەوە.
ئاگامەندی، هۆش، دۆخێکی جێگیر نیە بە نیسبەت دۆخی ئاژەڵیەوە، لەهەر ئانو ساتێکدا تاکی ئاگامەند دەتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاژەڵی بە بێ ئەوەی تاکی بڕیاری دابێت، بۆیە نور ئەلی ئیلاهی ( گەورەی ئەهلی هەق ) کە پەیڕەوی دۆگمێکی دەکرد لە باو و باپیرانیەوە بۆی مابوەوە، دەیوت دەبێت بە سەرەتای ئەو دوعایەوە کەخەوت لێدەکەوێت، بخەویتو بەیانی بە دواهەمین وشەی ئەو دوعایەوە خەبەرت بێتەوە، بێ شک نور ئەلی مەبەستی لەوەبو تەنانەت لە خەویشدا بتوانێت کۆنترۆڵی هەستی ئاژەڵی خۆی بکات نەوەکا هۆش ونبکاتو بگەڕییتەوە بۆ دۆخی ئاژەڵی. لە سۆفی گەریدا هەست بەم دیاردەیە کراوە، هەروەها سۆفیەکان هەستیان بەو دیاردەیە کردوە، کە مرۆڤ خۆی هۆکارە و خۆی دەرئەنجام.  کاتێکیش هەمویان پێکەوە لە خانەگادا بە بازنەیی دەست دەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا کەهەر هەمویان گەشتونەتە ئاستێکی بەرزی ئاگایی، ئەگەر یەکێک لەوان بە ڕێکەوت ئامادەنەبێت ( لە ململانێدا بێت یان بەهەر هۆکارێکی ترەوە لەگەڵ ئەوان نەبێت بەیەک) بازنەکە دەپچڕیتو ناتاوانن بگەنە مەبەستی سەرەمۆنیەکە کە گەیشتنە بە ئێکستاز.

هەمو ئەم روداوانەی ئەمڕۆ لە جیهاناد روئەدەن شەڕی گەلەگورگنو هیچ ئاگامەندیەکیان تێدا نیە و لەلایەن ئاگامەندی مرۆڤەوە کۆنترۆلی ناکرێت، مرۆڤی ئاگامەند بەشداری تێدا ناکات، لەژێر هێزی ئاژەڵیدا تەنەکان بەیەکدا دەکێشن، هەربۆیەش دەستەو ئەژنۆ دادەنیشینو باسی مردنی خۆمان دەکەین، باسی مردنی مرۆڤ دەکەین لەسەدەی بیستویەکدا وەک ئەوەی توانامان بەساریدا نەبێت. ئەمەی دەیبینین، ئەمەی روئەدات، ململانێی ناخی مرۆڤە گوێزارونەتەوە بۆ کۆمەڵگە، وەک چۆن عیسا لە ململانێی ناخی خۆیدا ئاراستەی نەدۆزیەوە، ئێمەش لەم ملاملانێەدا ناتوانین ئاراستەیەک بدۆزینەوە بۆیە وەک عیسا خۆمان دەکەین بە خاچاو باسی مردنی مرۆڤ دەکەین پاش مردنی خودا. 
 هەمو دینە یەکتاپەرستیەکانیش لە ئاستی ڕۆحی عیسادان بەبێ ئەوەی دان بە شکستی خۆیاندا بنێن، بۆیە ئێمەی بێ دینیش عیسامان لەوانی تر خۆشتر گەرەکە لەبەر ئەوەی کە عێسا دانی ناوە بە شکستی خۆیدا، کاتێک قورئان دەخوێنێتەوە وەک کتێبێکی پیرۆز، بەلام پڕە لە ململانێ و ناکۆکی بەهێز و ئاراستەیەکی تێدا بەدی ناکرێت، جگە لە ترساندنی مرۆڤ بە بونی خودایەکو ترساندی بە ئاگری جەهەنم، لە کاتێکدا ڕێنمایەکانی هەموی پڕن لە ناکۆکی. بۆ خوادیەکی بەتوانا کە نەتوانێت ئاراستەیک بدات بە مرۆڤ جێگای سەرسوڕمانە ! لەبەر ئەوەی کە نوسەری تێکستەکان هەر لە ناکۆکیدا بونو نەیان توانیوە ئەو قۆناغە تێپەڕێنن، بەڵام وەک عیسا دانیان بە شکستیاندا نەهێناوە، بۆیە بەدیعدین ( ئەگەر ناوەکەم بە هەڵە نەنوسیبێت )، گەورە سۆفیگەری کوردی تورکیا، لە ناچاریدا دەیوت: قورئان ئەدەینە دەستی موسڵمانان، هەر کەسە ئازادە چۆن بەکاری دەهێنێت، مەبەستی ئەوەبوە با تاک خۆی ئاراستەیەک لە قورئاندا بدۆزێتەوە، ئاراستەیەک لە ململانێدا.
بودیسمو ستۆیزم توانیویانە باسی ئەو ملامانێیە بکەن وەک چەمکێکی بنەڕەتی  بۆ دەربازبون لە حاڵەتی ئاژەڵی. خۆ گەیشتن بە ڕۆحی پیرۆز وەک تاکێک لە کۆمەڵگەدا کارێکی هەروا ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەناو یاسایەکی کۆمەلایتیدا دەژین کە وەک یاساو ڕێسای گەلەگورگنو لە ژێر ئەو هێزەداین، لەهەر ئانو ساتێکدا دەتوانین ئاگامەندیمان لەکیس بدەین، ئەو یاسایەش بەرهەمی ئاستی کۆمەڵگەی ئاژەڵە کە هەمیشە سەرهەڵئەداتەوە کاتێک مرۆڤ بە کۆمەڵ پێکەوە دەژین، کارەکتەری ئاژەڵی خۆی دەسەپێنێت. بۆیە کەسانێک لە ناچاریدا کۆمەڵگە جێ دەهێڵنو پەنا دەبەنە بەر مۆناستێرو دەبن بە موان و بودیست، لە مۆناستێرەکانیشدا هەمیشە هەوڵدەدرێت بە دۆگمو بە سەرەمۆنی بە بەردەوامی تاکی ئاگامەند بەخەبەر بکەنەوە هەتاوەکە وەنەوز نەیانباتەوە و نەگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاژەڵی.
کاتێك عیسا بە هاوەلەکانی وت : ( ئەمە بخۆنەوە، خوێنمە، ئمەش بخۆن، لەشمە )، بانگهێشتی خەڵکی بو بۆ گەیشتن بەو ئاستەی کە خۆی تێیدا دەژیا، واتە گەیشتن بە جۆرێک لە ئاگامەندی، بەڵام کاتێک زانی کە ناتوانێت لەو ئاگامەندیەدا ئاراستەیەک بدۆزێتەوە، روبەڕوی واقایع بوەوە و وتی :  ( من بۆ ئاشتی نەهاتوم، بەڵکو شمشێڕ. من هاتوم هەتاوەکو ناکۆکی بخەمە نێوان کوڕو باوک، نێوان کچو دایک، نێوان بوکو خەسو ). بەمەش دەڵێن سیستەمی حوکمڕانی، کە دۆخێک دەگونجێنێت، تاکەکانی تیایدا بتوانن ئەو ململانێەیەی ناخی خۆیان بگوێزنەوە بۆ نێوان خۆیان، واتە کۆمەڵگە، مرۆڤی ئاژەڵ ناخی خۆی بگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی خۆی، لەبەر ئەوەی عیسا دەروازەی نەدۆزیەوە بۆ دەرچون لەو دۆخەی کە تێیدا دەژیاو تێیدا دەتلایەوە، ئەمەیە پرۆسەی گۆڕانکاری لەکۆمەڵگەدا کە بریتیە لە بە متریال کردنی ئەو ململانێیەی ناخی مرۆڤ بۆ نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە. جیاوازایش لە نێوان سیستەمێکو سیستەمێکی تردا ئەوەیە چەندە ئەو سیستەمە ڕێگا بەتاکەکانی ئەدات لەو ململانێەدا بژین. لە سیستەمی دیموکراسیدا هەتا ئاستێک ئێسپاسێک دراوە بەتاک کە بتوانێت لەو ململانێیەدا بژی و هۆشمەند بێت بە باری ئاژەڵی خۆی، هەنگاوێك تێپەڕێنێت، بە پێچەوانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی ئەو ئێسپاسە داخراوە، تاکەکانی ئەو هەلەیان پێنەدراوە،  بۆیە شێڕزاد حەسەن بە ئاژەڵیانە بە کچی پورەکەی دەڵێت : خۆشم دەوێیت، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت : گوبخۆ.  لەکاتێکدا ئەگەر هەمان روداو لەئەورپادا دوبارە بێتەوە، وەک چۆن ڕۆژێک بینیم کوڕێک بەسەر مێزی قاوەخانەکاندا دەگەرآو داوای لە کچان دەکرد کە دەمێکە سێکسی نەکردوە و دەیەوێت سێسکس بکات، لە وەلامدا کچان پێدەکەنینو رەتیان دەکردەوە، خۆ ئەگەر بەو کچانەی بوتایە کە ئەو خۆشی دەوێن، ئەوا کچان بێ شک نەیان دەوت: گوبخۆ، بەڵام سەریان سوڕدەما.  بۆچی ئەو کوڕە درۆیان لەگەڵدا دەکات ؟ لەبەر ئەوەی ئەوان وەک تاکی ئەروپی هۆشمەندن بە باری ئاژەڵی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی دەزانن داواکردنی سێکس پێوسیتیەکە و مرۆڤی ئاژەڵ کاتی بۆ نیە ئەمەش راستیەکە،  بەڵام خۆشەویستی !!!!! خۆشەویستی لە ئاستی ئاژەڵیدا بۆ مرۆڤ تەنها ئارەزوی سێکس نیە ؟ کەواتە بۆچی پێی دەڵێت : خۆشم دەوێیت ؟ 
خۆلاسە : مرۆڤ لە باری ئاژەڵیدا بە سروشتی ئاراستەیەکی هەیە لە ژیاندا، ململانێکانی بەرەو خاڵیک دەڕۆن وەک هەمو تەنێک لە سروشتا، بەڵام ئەو وەک مرۆڤ خاوەنی هەستو سۆزە، ناتوانێت چەوساندنەوە و ئازار قبوڵ بکات، هەستو سۆزیش لە گەڵ پرۆسەی ئاگامەندیدا تۆختر دەبنەوە و دەچن بەگژ پرۆسەی ئاژەڵیدا، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئاراستەیەک نادۆزێتەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئاژەڵی بەلایەکی تردا، ناچار دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاژەڵی.  بێگومان ناڵێم کە دەوری تاکی ئاگامەند بونی نیە لە کۆمەڵگەدا، گۆڕانکاری ناکات لە کۆمەڵگەدا، بە پێچەوانەوە، تاکی ئاگامەند بەشدار دەبێت بە گواستنەوەی ئاگامندیەکەی، لەخۆوە بۆ ناو ململانێی کۆمەڵگە، بەڵام لە گەڵ زەمەندا هۆشمەندی گواستراوی تاک دەبێتە مۆدێلێک بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و دەبێتە رەوتێکی رۆتینی و تاکەکانی لەسەری بەردەوام دەبن بە بێ ئەوەی هۆشمەند بن پێی، واتە ئەوان لەسەر ڕێنمایی کەسانی هۆشەمند ژیانیان دەبەن بەڕیوە کە توانیویانە یاساکانی کۆمەڵگە بگۆڕن، بە بێ ئەوەی تاکەکانی بەم ئاگامەندیە  هۆشمەند بن.
لە کۆتاییدا دەزانم و ئاگامەندم، کە باسەکە ئاڵۆزە و بەم چەند دێڕە رون ناکرێتەوە، ئەمە تەنها هەوڵدانێکە.