یەزدانی مەزن

Sunday, 14/02/2021, 2:07

6104 بینراوە


یەزدانی مەزن لەهەر حەوت تەبەقەکەی ئاسمان و حەوتەکەی بن زەویشدا جیگای نابێتەوە،وەلێ لەو دڵە گچکەیەی مرۆڤدا  جێگەی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە مرۆڤیش دڵی فراوان و جێگەی گشت توخم و رەنگ  ونەتەوەو بیروڕاو ئاین و ئاینزاکانی تێداببێتەوە،ئەگەرنا، یەزدان دەڕەنجێنیت.

هەندێک (فەتواچی) دەبێژن نەک هەر ئەوروپاییەکان کافرن بەڵکو ئەوانەش کە چونەتە ئەوروپاو لەوێ نیشتەجێن ئەوانیش هەرکافرن! هەندێک زانای ئاینیش بەتایبەتی لە وڵاتی میصر فەتوایان داوە کە مەی خواردنەوە حەرام نییە! قەرزی بانک بۆ کاری خێر وەک هاوسەرگیریی و خانودروستکردن حەرام نییە. بەڵام کۆلکە مەلاکان پێداگرن کە حەرامە و خۆیان لەوە گێلدەکەن کە خودی خۆیان موچەخۆری دەوڵەتن و بەشێک لەقازانجی ئەوبانکانە دەکەوێتە موچەکانیانەوە کەهەمو مانگێک وەریدەگرن، حەڵاڵە و هەروەک گەزۆ و مازو دەیخۆن،بەڵام  بۆکەسێک خۆی و ماڵ و منداڵەکانی لە کرێگرتەیی رزگاربکات و نەوایەکیان بۆ دروست بکات بە پارەیەکی رەنجی شانی خۆی و قەرزێکی بانک، ئەوە حەرامەو ناشێت! ئاخر ئەوە زۆر جیاوازە لەوپارەیەی بازرگانێکی مشەخۆر بە قەرزی بانک برەو بە بازرگانی یەکەی دەدات و پتر خوێنی هەژاران دەمژێت ،ئەمەیان پارە وەرگرتنە بەسو بۆ ئامانجێکی نامرۆڤانە.

جیهاد(غەزا) لە پێناو یەزداندا،درۆیەکی شاخدارە و لەپێناو یەزداندا نییە. هەمو ئاینەکان(هەرنەبێت ئاینە ئاسمانی یەکان کە خاوەن پەیام و پەیامبەرن) ئاینی یەزدانن و کتێبەکانیان پەیامی یەزدانن هەرچەند دەستکاریش کرابن.. وەزارەتی پەروەردەی مەغریب سورەتی فەتح  ی لەبەرنامەکانی خوێندن دەرهێنا چونکە دژایەتی گەلانی دیکەی تێدایە: (قل للمخلفین من الاعراب ستدعون الی قوم اولی باَس شدید تقاتلونهم  او یٌسلمون) سورەتی فەتح،ئایەتی16. زانای گەورەی عەرەب (ئالوسی)دەڵێت یەزدانی مەزن لەو ئایەتەدا مەبەستی لەنەتەوەی کوردە، کە هەمومان دەزانین بۆ ئازایەتی و شەڕڤانی ناوبانگێکی بەربڵاویان هەیە.

ئایا ئاینە خاوەن کتێبەکان هەمویان ئاینی یەزدان نین و کتێبەکان فەرمایشتەکانی یەزدان  ویاساورێساکانی رون نەکردۆتەوە،ئەی ئیتر بۆ(ان الدین عند الله الاسلام - ئاین لای یەزدان تەنها ئاینی ئیسلامە ؟ ) وبەهەشت تەنها بۆ موسوڵمانانەو پەیڕەوکارانی ئاینەکانی دیکە دەکرێنە نێو ئاگرەسورەکەی دۆزەخ؟ کەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی،خوالێخۆشبوکەریمی عەلەکە موسوڵمان نەبو، جولەکە بو، لەگرانی یە گەورەکەدا دەیان خێزانی موسوڵمانی لە برسێتی رزگارکرد،بە چ یاساو رێسایەک ئەو دەچێتە دۆزەخ وموسوڵمانێکی تاوانکاریش کە رۆژانە جۆرەها تاوان دەکات دەچیتە بەهەشت؟  

لەکۆتاییدا بەکورتی و بەکوردی دەڵیم پەیامەکەم لێرەدا بریتی یە لە: دوابەدوای کۆچیدوایی پەیامبەر(د،خ)لە رۆژی 8/6/632 دا رۆڵی ئاینەکە هاتە کۆتایی و جێگەی پێچۆڵکرا بۆ ئایدیای رامیاری و دەسەڵاتی هۆز و سەرۆک هۆز وخۆسەپاندن .. ئەوەتا دەبینین عەرەب و موسوڵمانان نزیکەی 1400 هەزارو چوارصەدصاڵە بەو ئەقلێیەتەوە دەژین، بۆیە لەهیچ وڵاتێکیاندا کۆمەڵگەیەکی مەدەنی نابینرێت،بەڵکو ئەوەی دەبینرێت هەرهەموی کۆمەڵگەی ئاین و ئاینگەرایی، خێڵەکی وتایەفەگەری یە و چاوەڕوانیش ناکرێت لە داهاتویەکی نزیکدا تەپوتۆزی چواردە صەدە لە ژیانی رۆژانەیان بتەکێنن و هەنگاوبنێن بۆسەردەمێکی نوێ .

 ئەوانەی موسوڵمانن وئەوانەی نوێژکارو ئەهلی مزگەوتن، هەرهەمویان باوەڕدار و خۆشەویستی یەزدان نین،ئەوانەی ناموسوڵمان و ئەوانەش کە نوێژناکەن و ئەهلی مزگەوت نین، کافر و خوانەناس  ودوژمنانی یەزدان نین. بەتەنها ئاینیش تاکە ئامڕازی پەیوەندی نێوان یەزدان و مرؤڤ نییە،(بیری چاک،وتەی چاک و کرداری چاک)کە خزمەت بە مرۆڤ دەکات پەیوەندی نێوان یەزدان و بەندەکانێتی.

لێرەدا دو دێر لەهونراوەیەک دێتەوە یادم کە لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی دا، یەکەمین مامۆستای وانەکانی کوردایەتیمان،مامۆستا عومەر عەبدولڕەحیم کۆڵەبی  پێمانی رەواندەکرد:

(مامە صۆفی وای تەمایە هەر بەڕیشی پانەوە  ****  قەسری بۆ حازرکرابێ پڕ لە حۆری جوانەوە).


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە