لە نێوان دۆزەخی بارزانی و بەعسدا

Friday, 02.26.2021, 23:50

1978 بینراوە


دڕندانەترین شێوەکانی ستەم، دادگەری ساختەیە ئەفلاتوون.


لە کۆنبنهاگنی پایتەختی دانیمارک لە "پەیمانگای گەشت و گوزار" دەم خوێند، هەموو بەیانیەک دەچووم بۆ کۆبنهاگن ئێوارە دەگەڕامەوە بۆ سوید، ئێوارەیەک پاش خوێندنەکەم سەردانی ڕەوانشاد" مستەفای حەسنە گەورە" کرد، پاشانیش گەیاندمیە ناوەندی شەمەنەفەرەکانی نێوان کۆنبهاگن بۆ مالمۆ، هێشتا کاتژمێر و نیوێکی مابوو کە شەمەنەفەرەکە بەڕێبکەوێت، مامەیەکی بەساڵاجوو لێم هاتە پێشەوە و یەکسەر لێی پرسیم ئەتوو کوردیت؟ ووتم بەڵێ مامە گیان فەرموو، پرسیاری شەمەنەفەرەکەی بۆ شاری مالمۆ کرد، ووتم منیش ماڵم لەو بەرەوەیە، خەمت نەبێت تا جێگای مەبەست ڕێنمایت دەکەم.
مامە بەسالاچووەکە ووتی پیاوی نەخوێندەوار وەک کوێر وایە لەم ووڵاتانە، دەستمان بەگفتوگۆ کرد، لە ڕوخساری مامەدا دیار بوو کە ماندووە و دەروونی پڕە لە گرێکوێرە، لەبەر ئەوەی کە کێشەی کورد کێشيیەکی گەورە و قوڵە، بەبێ بیرکردنەوە دوو کورد یەکتری ببین یەکسەر دەکەونە باسی کێشەکەیان، چوونکە بۆتە گرێ کوێرەی زۆربەمان، مامەکە ووتی کوڕەزایەکم لەوبەرەوەیە لە مێردەکەی یاخی بووە دەچم بەشکم بتوانم چارەسەرێکی بکەم، منداڵەکانیان گووناهن،
 لە ٢٠ ساڵی پێش کۆتای ساڵەکانی ٢٠٠٠ کێشەی جیابوونەوەی خێزانە کوردەکان و خۆرهەڵاتیەکان بەگشتی و بە ئێستاشەوە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر کێشەیان دروستکردبوو، هەندێکیان بازرگانیەکی باشیان دروستکردوە، بۆ دادگا  و پارێزەر و وەرگێرەکان، تەنانەت پۆلیس و زیندان و پۆست و جلشۆرەکانیش.
لالۆ لێی پرسیم ئەگەر کات ماوە با بچینە چێشتخانیەکەوە ، برسی بوو، وتم خاڵۆ هاوڕێکەم چێشتخانەی هەیە، بەشی دوو سێ کەس خواردنی بۆ پێچاومەتەوە، هاوڕیکەم ناوی مستەفای حەسەنە گەورەیە، وەرە دەچین لەسەر ئەو کورسیانە کە لە داردروستکراوە پێکەوە نانێک دەخۆین، خواردنەکەم زۆرە خەمت نەبێت، بەدەم خواردنەکەوە لێی پرسیم مستەفای حەسەنە گەورە خۆی ناناسم، بەڵام حەسەنە گەورەم بیستووە، خەڵکی دەڤەرەکەی خۆمانە، پێشمەرگەی سوسیالیست نەبوو؟
ووتم نا خاڵۆ یەکێتی بوو، لێرەوە ئاراستەی شەپۆلی هەواڵەکەنمان گۆڕی بۆ باسی شاخ و پێشمەرگایەتی بەدەم نان خواردنەوە، لالۆ پاش نانخواردنەکەمان، جگەرەیەکی داگیرساند بە ئاهێکی ساردەوە ووتی کوڕە گەورەکەم لە کەرکوک دادەنیشیت، شۆفێری تاکسی نێوان کەرکووک سامەڕابوو، پارتیەکان لە خووت وخۆڕایی گرتیان و بردیان بۆ زیندانی "ڕایات"، ئیتر لەو ڕۆژەوە نامەرد نەما کەدەست بە پشتێنەکەیەوە نەگرین، هەمو نینۆکەکانیان دەرهێنا، دووسی پەراسوویان شکاند، کە ئازادیان کرد و هێمانەوە بۆ ماڵەوە، پێی گووین دەیان جار خۆزگەی مەرگی خواردووە، هێندەیان ئەشکەنجەکردبوو، دەیان وادە و بەڵنیان دامێ، کەچی هەر هەمووی تەفرەدان و ساختەکاری بوو، تا لە کۆتایی، داکیان مدیری زیندانەکەی ڕایاتی دۆزیەوە، بەداکی کوڕەکەمیان ووت کە ژنەکەی مدیری زیندانە نەک مێردەکەی، پێشیان ووتین کە ژنی بەڕیوەبەری زیندان، ژنێکی زاڵم و پارەپەرستە، بە زێڕ و زیوو بەسانیی گوێی مێردەکەی دەگرێت و ئاواتان بەجێدەگەیەنێت، لالە ووتی داکی منداڵەکانم خۆی گەیاندە لای ژنی بەڕیوەبەری زیندانی ڕایات، چووە ماڵیان، ئیتر گریان باوکەڕۆ و پاڕانەوە، یەکسەر پاوانەکەی لەپێی خۆی داکەند کە پاوانەیەکی ئەستوور بوو، پاوانەکەی دایکی منداڵەکانم، پاوانەیەكی زۆر کۆن بوو، لە باپیریەوە بەدیاری وەریگرتبوو، زۆر قورسیش بوو، ئەستووری پاوەنەکە هێندەی قامەکە گەورەی پیاو دەبوو، لالۆ لە درێژەی قسەکانی ووتی بە مەرقەدی غەوسی گەیلانی دایکی کوڕەکەم ملوانەکەیەکی کۆنی "ڕەشادی" کە پانزە یان بیست لیرەی پێوەبوو ئەویشی بۆ داکەند دایە دەستی هاوژینی ئەو مدیرە سەگە، خێزانم ووتی هەرکە پاوەنەکەم داکەند، لەدەستی ڕاپسکانم ووتی ئەمە زەردە یان زێڕە، مامە ووتی خێزانم ووتی بە غەوسی گەیلانی زێڕی ڕووتە، ژنی بەڕیوەبەر هەڵسەنگاند زانی قورسە و زۆری پێدراوە، بەپەلە زێرەکەی پێچایەو ووتی چاوەڕ بکە با مێردەکەم بێتەوە، مێردەکەی هاتەوە دەستبەجێ پێی ووت دەستەبجێ کوڕی ئەم دادەم بۆ ئازاد بکە، مێردەکەی ووتی بابزانین چۆن دەبێت، ژنی بەڕیوەبەر ووتی چۆن ئەبێت چۆن نابێت دەبێت ئەم هەر ئێستا بچیت لەگەڵ خۆت بیهێنیتەوە بۆ ماڵەوە، لالۆ ووتی کوڕەکەمان هێنایەوە منیش خۆم لەکەرکووک بووم، هێندەیان کوڕەکەنیان ئەشکەنجەدابوو خۆی بە پێوە نەدەگرت، کەچی هەر دووکاتژێرێک نەبرد، پیاوەکانی بەعس هاتن و کوڕەکەمانیان برد، ئیتر کاتی ئەوەبوو دەست وپێی عەرەبەکان ماچ بکەین، ئیتر کاتی ئەبوو کە بەدوای موختار و پیاوەکانی بەعسدا بگەڕێین.
لالۆ ووتی: کوڕە جوانەکەم ئەگەر کوڕەکەمان خەتابار بوایە، چۆن دەبێت بە پاوانەو ملوانەکە ئازاد بکرێت، بۆ دەبێت لە خووتووخۆڕای منداڵی خەڵکی ئەشکەنجە بکەن، باوەڕ بکە کوڕەکەم کە تەماشای نینۆکەکانی دەست پێیم کرد، قرچەی جەرگم دەهات، وام دەزانی کە نینۆکەکانی منیان دەرهێناوە، کورەکەم پاش ئەو هەموو دەست ماچ کردن و پاڕانەوە لەکەسانی ناکەس و نانەجیب، کوڕەکەمنیان ئازاد کرد بە پاوانە و ملوانەکە زێڕ.
لەدوایدا لەگەڵ خزمانی کەرکووک چوینە ماڵی موختاری گەڕەکەکەی کوڕەکەم "شۆڕیجەی کەرکووک" هەرچەند موختارەکە خۆی ئاگاداربوو کە کوڕەکەم لە سجنی "ڕایاتە"، خوا هەڵناگرێت، موختار منی لەگەڵ خۆیدا برد و گەیشتنیە کابرای گەورە، کە خەریکی گۆشت برژاندن بوو، لە باخچەکەیاندا، پێشتر بە موختارم گووت کە مەڕێکم بۆ جەناب کڕیووە، بەڵام موختار گووتی پێیخۆش نیە کارێک باشیش نیە، عەرەبیەکەی من باش نیە، بەلام بەشی ئەوە دەکات کە تێبگەم، خوا هەڵناگرێت بەرەو پیرمان هات بەدشداشەیەکی سپیەوە، بەخێرهاتنی گەرمی کردین وفەرمووی کردین، پاش کەمێک دانیشتن، موختار دەستی بە قسەکانی کرد و داواکەمان ودادبێدایمانی تێگیاند.
لەوە تێگەیشتم کە ووتی کوڕەکەمان سیاسی نەبووەو حەزیشی لەکاری سیاسی نەکردووە و کاسب بووە، شۆفێری زیاتر هیچی نەکردووە، لەوەش بەباشی تێگەیشم کە موختارکە ووتی هێشتا نینۆکەکانی خوێنیان لێدەچۆڕێت، دووسێ پەراسووشی شکاوە، کابرای ئامرفەجەکە هەستایە سەرپێ بەتووڕیەوە، من وازانی کە ئیتر کوڕەکەمان تیایا چوو، کەچی یەکسەر قورئانەکەی سەر مێزەکەی ماچکرد و ووتی ئای خودای گەورە ئەم زوڵمە تاکەی؟!
کابرای ئامرفەج یەکسەر خزمەت کارەکەی بانگکرد و داوای تەلەفۆنەکەی کرد، کابرای خزمەتکار تەلەفۆنێکی ڕەشی بە وایەرەکانەوە هێناو دایە دەستی، بەتوڕییەوە تەلەفۆنێکی کرد، پاش یەک دوو خوولەکە هەرهەموومان بێدەنگ بووین، پاشان هەر خۆی هاتە قسە و ووتی هەر نیوکاتژمێری دەیکە بە ترومبێلی خۆمان کوڕەکەت دەگەیننە ماڵەکەی خۆت، خەریک بوو دەستی ماچ بکەم، بەڵام ڕیگەی نەداو ئەملاولامی ماچ کرد و ووتی دوعای خێری بۆ دەکەم، ئیشااللە خوا پاداشتی دەداتەوە.
هەرکە شەڕی ئێران عێراق دەستی پێکرد، کوڕەکەمانیانبردیان بۆ عەسکەری، لە شەڕدا بە برینداری کەوتە دەست ئێرانیەکان، بەڵام کە عێراق پەلاماری ئێرانیەکانیان، ئیرانیەکانیەکان، جێگاکانی خۆیان چۆڵکرد، دووبارە کوڕەکەم کەوتەوە دەست عەسکەرە عێراقیەکان، بە بریداری هێنایەوە بۆ بەغداد، گەیشتینە بەغا، بە چاوی فرمێسکاویەوە وتی بابە گیان بمبوورە ئێوە تەمەنێکە بەهۆی منەوە دەستی هەزاران ناماردو گەوادتان ماچ کرد، بەڵام بابە گیان هیچیان تاوانی خۆمی تیدا نەبوو، جارەنووسی گەنجانی سەرجەم نیشتیمانم خراپر نەبێت باشتر نیە، بابە باوەڕ بکە ئێرانی و عێراقیش وەک بارانی لێزمە تۆپبارانیان کردین، هەموو شتێکیان سووتاند ئاسن و بەردیشیان تواندەوە، بەداخەوە منیشان هێشتەوە بۆ ئازاردانی دەروونە بریندارەکەی ئێوە، ئەگەر بیان کوشتمایە یەک جاربوو کۆتاییدەهات، زوونامکوژن و کۆتایی بەم تراژیدیا بێت.
میری بڕیاریاندا کە کوڕەکەم بنێرنە ماڵەوە، چوونکە ئیتر هیچ کارێکی سەربازی پێنەدەکرا، کوڕەکەمان دوکانێکی فیتەری بۆخۆی داناو کاسبی دەکرد، کەچی هەر ئەوەدەمان زانی لەکاتی لەحیمکردندا، تانکی بەنزینی پیاداتەقی دووبارە ئازای جەستەی وێران بوو، دەمووچاوی بە تەواوی وێرانبوو، دوای دوو ڕۆژ مال ئاوای لێکردین، کوڕەکەم لەوەتەی لەبیرم مابێت ئێمە هەر خەریکی ڕزگارکردنی کوڕەکەمان بووین، ئێستا بۆ ماڵی کچی ئەو کوڕەم دەچم کەلەم شارە دەژی، کاغەزێکی دەرهێنا شارەکە شاری"هاڵمستاد" بوو، ووتیشی کوڕەکەمی من دایکی و منداڵەکانم لە ئەڵمانیا دەژین زۆر نزیکین لە سنووری دانیمارکەوە، ڕێنمایم بکە خێرت دەگات، بەبێ ڕینمایی ناتوانم هەنگاوێک بنێم،ئەڵێن کچەزاکەم بە قسەی خەڵکی کردوەو و هەڵیان خەڵتەندووە، مێردەکەشی بەگرتنداوە، بەلام دواتر ئازادیان کردووە، بەڵێن و وادەشی بەمنداوە کە گوێملێبگرێت و ڕیزم بگرێت، کوڕەکەم تەنیا قەتارەکەم پیشان بدە، کوڕەزاکەم لەوێ چاوەڕێم دەکات.