سەلاحەدین و ژەنەراڵ هێنری جیڕاوود

Sunday, 28/03/2021, 21:45

3754 بینراوە


ژەنەراڵ هێنری جیڕاوود لە ساڵی 1920 کاتێک لە جەنگی (مەیسەلوون)دا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت دژی عەرەبەکان، دوایی دەچێتە سەر گۆڕی سەلاحەدینی ئەیوبی و شەقێك لە گۆڕەکەی هەڵدەدا و ئەڵێ؛ هەستە لە خەو هەستە، ئەوە منم هاتمەوە و جارێکی تر نیشانت ئەدەم کە خاچ بەسەر نیوە مانگدا سەرکەوت. 
هەرچەندە بۆ من ئەم کارەی ژەنەرال هینری کاری مەردانە و جەوامێرانە انە نەبووە، کارەکە پەیوەندیی بە دوو سەردەمی جیاوازەوە هەبووە، بەڵام پیامێکی تێدا بووە ویستی ئەوە بڵێت،کەوا مەسیحیەکان جارێکی تر گەڕانەوە قودس و داگیریان کردەوە.
کورد ئەمەی لە سەلاحەدین بۆ ماوەتەوە و لە زۆر کاتدا باجی هەڵەی ئەو سەرکردە نەزانەی داوە کە هەندێ شانازی پێوە ئەکەن، دیارە ئەمەش لە نەزانین و گەمژەییانەوە سەرچاوەی گرتوە. دەنا زۆربەی زۆری ئەو بەناو ڕۆشنبیر و کەسایەتیە ئایینیانەی ڕۆڵی سەلاحەدینیان  بەرز ڕاگرتوە، باشترە بێن و داوای لێبوردن لە پاپا و دەوڵەوتی ڤاتیکان بکەن.
نازییەکان ئەو تاوانەی دەرهەق بە جولەکە کردیان لە کاتی کارەساتی هۆڵۆکۆست، دەوڵەتی ئەڵمان نەك هەر تەنیا داوای لێبوردنی کرد، لەهەمان کاتدا قەرەبووی ئەو زیانانەیان کردەوە و تا ئێستاش هەندێ لە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بەردەوام پارە ئەدەن بە دەوڵەوتی ئیسرائیل. بۆیە باشترە لەم کاتەدا ئیسلام دان بەو هەڵە و تاوانەی سەلاحەدیندا بنێت، بە ئیسلامی کوردیشەوە قەرەبووی ئەو زیانە بدەنەوە،  بەم شێوەیەش وانە لەو هەڵە مێژوویانە وەربگرن، تا هەتا هەتایە ناکەوێتە نێو هەڵە و تاوانێك کە هیچ پێوست ناکات و لەبەرژەوەندی خۆیدا نییە. جا هەروەك چۆن ناوی – هتلەر- لە ئەڵمانیا قەدەغەیە ، ئاوهاش پێوستە ناوی سەلاحەدین لە کوردستان قەدەغە بکرێ، وەك چۆن لە ئیسرائیل ئەوەی پەرتووکی _کفاحی_ پێبێت سزاکەی زیندانە، ئەبێ بەهەمان شێوەش هەر پەرتووکێك لە بەرژەوەندی سەلاحەدین نووسرابێ، قەدەغە بکرێن و لە پەرتووکخانەکان کۆبکرێنەوە و سزای زیندانی بۆ هەر کەسێ دەربچێ کە پەرتووك لەسەر سەڵاحەدین بخوێنێتەوە و یان لەماڵەکەیدا هەیبێ.
کاتی ئەوە هاتوە میللەتی کورد فێربێ کە بەشداری هیچ تاوانێك نەکات لەژێر هیچ پاساوێکدا و لەهیچ سەردەمێکدا، کاتێ جاشی کورد کە بە کەوا سوورەکان بەناو بانگ بوون، ئەوانە بۆ خزمەتی دەوڵەتی عوسمانی بەشداری کوشتنی ئەرمەنەکانیان کرد، چ جۆرە پاساوێك هەیە بۆ ئەو تاوانە؟! کاتێک کورد لە ژێر ئاڵا ڕەشەکەی ئیسلامدا چەندین کۆمەڵکوژی و تاوان و جینوسایدی بۆ ئیسلام و بۆ تورکەکان کردوە دژ بە فاتیمیەکان و ڕۆم و عەجەم و ئاشوری و کلدانی و چەندانی تر، ناکرێ هەروا گوێی خۆمانی لێ کەڕبکەین وخۆمان نەکەینە خاوەنی.. ڕاستە تورکیا جینوسایدی ئەرمەنی کردوە، لێ کوردی بێگانەپەرست بەشداری تیا کردوە، هەمان شت بۆ تاوانەکانی سەلاحەدین و ئەوانی تر.
کاتێك ئەوترێ (کورد لەچیاکان زیاتر دۆستیان نییە) ئەوە بەشێکی زۆری هی ئەو هەموو هەڵە و تاوانانەی ڕابردوە کە کورد کردوونی دژ بە خەڵکانی تر، لەکاتێدا ئەو تاوانانە لە بەرژەوەندنی کورددا نەبووە. ئێ باشە بۆ ئەبێ کورد شانی خۆی لە باراشێکدا ئارداوی بکا، کە هی خۆی نەبووە؟!
مەسیح و جولەکە و ئایینەکانی تر مافی خۆیانە دودڵی سڵ بکەنەوە لە پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ کورددا،. لەبەرئەوەی تا ئێستا کورد دانی نەناوە بە هەڵەکانی خۆی لەڕابردوودا. کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی کارەساتە. ئەوەتا تا ئێستاش کورد لەو بەشەی باشووردا ئەوەندەی لەژێر هەژموونی ئێران و تورکیادان، بە هیچ جۆری گوێ نادەنە بەرژەوەندی کورد کە هەرگیز لەگەڵ ئەم دوو داگیرکەرەدا خۆی نابینێتەوە.. لەزۆربەی کاتەکاندا ، ئەمریکا و فەرەنسا و ئینگلیز لەهەوڵی ئەوەدان کورد بپارێزن و لە UN بەفەرمی دوای ساڵی 1991 هێڵی پارێزگاریان بۆ دانان، کەچی ئەو دەرفەتەیان لەکیس خۆیان داو ڕۆژ دوای ڕۆژ متمانەیان کەمتر ئەبێتەوە و چیتر کەس ناتوانێ پشتیان پێ ببەستێ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە