كامه‌یه‌ خه‌ته‌رناكترین چه‌كی ده‌ستی دوژمنانی كورد؟

Wednesday, 03.31.2021, 23:46

747 بینراوە


له‌وانه‌یه‌ ئێستا زۆرێكمان وای دانێین كه‌ كرده‌وه‌ی سه‌ربازی  به‌ هه‌مووو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌وه‌ و  ته‌نانه‌ت كیمیاویه‌كه‌ش، یان ماڵوێرانی و گوند روخان و شار ته‌ختكردن، یان گۆڕێنی شوناس و ته‌عریب و ته‌بعیس و ته‌فریس و ته‌تریك،  ترسناكترین ره‌فتاری دوژمنانی كورد بێت به‌رامبه‌ر نه‌وه‌كانمان له‌ مێژوودا، كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وردتر بین، راسته‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ قێزه‌ونن و زه‌ره‌ر و زیانێكی گه‌وره‌ی بۆ گیانی كورد هه‌بوه‌ و، راستیشه‌ ئه‌و ره‌فتارانه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری قه‌لاری لاشه‌یی و زیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنبڕكردنی زۆر سیفه‌تی تایبه‌تیی بێ وێنه‌ی گه‌له‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردبكریت  له‌گه‌ڵ شێواندنی كه‌لتوره‌ ره‌سه‌نه‌كه‌مان به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك( مادی مه‌عنه‌وی و به‌ سه‌رخان و ژێر خانه‌وه‌)،  ئه‌وا ئه‌و ره‌فتار و كرده‌وه‌ دوژمنایه‌تیانه‌  زۆر سوك دێته‌ به‌رچاو، بۆچی؟
- له‌ناوچونی كه‌لتور و سیفه‌ته‌ ره‌سه‌نه‌كانی كورد ده‌بێته‌ هۆكاری پوچه‌ڵ بونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌كان و جیاوازیه‌كان وته‌نانه‌ت ده‌بێته‌ هۆكاری كه‌موكوڕی یان له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی پێگه‌ پێویستیه‌كانی نه‌ته‌وه‌بوون.
- زمان روو له‌ لاوازی و له‌ناوچون ده‌بات و وه‌كو نه‌ته‌وه‌  ده‌تكاته‌ پاشكۆی رۆشنبیریی ئه‌وی داگیركه‌ر و كاریگه‌ریی له‌ ناخی كه‌سایه‌تی تاكی نه‌ته‌وه‌كه‌ت ده‌بێت و هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ كه‌می و داماوی و نزمی ئاستی خۆت ده‌كه‌یت و ئه‌وانیتر كه‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌بونیان هه‌رچه‌ند پڕ خه‌وش و هه‌رچۆنێك بێت به‌ باڵاتر و ره‌سه‌نتریان ده‌بینیت.
- ده‌بێته‌ هۆكاری بابه‌تی نا یه‌كگرتوویی و ناته‌بایی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌ت و به‌رده‌وام وه‌كو دارده‌ست و ئه‌ڵقه‌ له‌ مستی دوژمنان ده‌مێنیته‌وه‌.
- ناچاری په‌نابردنت  بۆ ئه‌ویترت ده‌كات  بۆ زه‌ره‌وره‌ته‌ بابه‌تی و خودیه‌كانی خۆت، ئه‌گه‌ر دوژمنیشت بیت و به‌ ئاسانی جڵه‌وت له‌ ده‌ستی ئه‌وانی تر  ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ناچار ده‌بیت له‌سه‌ر ئامانج و ئاواته‌ جێگیره‌كان سازش بكه‌یت و ته‌نانه‌ت تا دوا راده‌ ملكه‌چی داواكاری و فه‌رمانه‌كانی دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ت بیت.
- هۆكاری سه‌ره‌كیی په‌رشوبڵاوبون و بێ هێزیی نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی كۆمه‌ڵگاكه‌ت ده‌بێت و له‌ كۆتادا  ده‌بێته‌ هۆكاری ته‌فروتونا بونی خودیت  له‌ سه‌رجه‌م سیفه‌ته‌كانتدا و كه‌لتوری ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌ستكردی دوژمنانت زاڵ ده‌بێت و  زه‌مینه‌ خۆش ده‌بێت بۆ پراكتیزه‌كردنی خه‌ته‌رناكترین پیلانی دوژمنان و سڕینه‌وه‌ی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانت.
 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت،  دوژمنانی كورد جه‌ختیان له‌سه‌ر شێواندن و گۆڕین و تێكدان و دواجار له‌ناوبردنی كولتوری تایبه‌تی كوردیان له‌ مێژوودا كردوه‌( له‌ زۆر رێگه‌وه‌ ( وه‌كو چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بێگانه‌) و تائێستاش به‌رده‌وامن. باش ده‌زانن ئه‌م ره‌فتاره‌یان ده‌رگایه‌كی ئاسانی ئاواڵه‌یه‌ بۆقڕكردنی له‌سه‌رخۆی كوردی بێ ده‌وله‌ت له‌ سایه‌ی نه‌بونی ئامڕازه‌كانی به‌رگری له‌ خۆكردندا.
ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ كارئاسانی بۆ دوژمنان له‌ مێژوو و ئێستاشدا كردووه‌؛
- نه‌بونی پلانی ستراتیجی و خه‌تی سوری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی  لای كورد.
- دروستنه‌بونی سه‌ركردایه‌تی و عه‌قڵێكی ناوازه‌ی بلیمه‌تانه‌ی  میژووكردی خاوه‌ن توانای فكری و فه‌لسه‌فی راستو دروست .
- نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقعی هه‌نوكه‌یی و  بارودۆخی خودی و په‌ند وه‌رنه‌گرتن له‌ مێژوو و به‌سه‌رهاته‌كان.
بۆیه‌، ئه‌گه‌ر مێژووش شایه‌تیمان بۆ ده‌دات كه‌ له‌ رووی سه‌ربازیه‌وه‌ به‌هێزبوین و توانای به‌رگریی جه‌سته‌ییمان هه‌بووه‌ به‌ڵام كه‌لێنه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای تێكدان و سڕینه‌وه‌ی كه‌لتوری ره‌سه‌ن و سه‌پاندنی ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌موو فاكته‌ره‌كانی مانه‌وه‌ و به‌رگریكردن له‌ خۆت سیست و لاواز ده‌كات و توشی له‌ناوچون و كۆتاییهاتنی ته‌نانه‌ت جه‌سته‌ییت ده‌كات.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌شدا نه‌ سه‌ركردایه‌تی و نه‌ش رۆشنبیران و توێژه‌ران وه‌كو پێویست گرنگیه‌كی ئه‌وتۆیان به‌م بابه‌ته‌ نه‌داوه‌ و ته‌نها به‌سه‌رزاره‌كی نه‌بێت دیراسه‌تی زانستیی نه‌كراوه‌ و خه‌ڵكیان لێ ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌ و  پێشبینی هیچ شتێكی دوارۆژ له‌م باره‌وه‌ نه‌كراوه‌. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئێمه‌ چه‌كێكی قورسی سه‌ره‌كی به‌رگریمان دۆڕاندووه‌ و خاڵی لاوازمان لای دوژمنان ئاشكرا و به‌رده‌سته‌.  تا ئه‌مڕۆش  هه‌موو دوژمنانی كورد كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌  ده‌كه‌ن و له‌و باره‌وه‌ هاوڕا و هاوپه‌یمان و هاوكارن و، ئێمه‌ش سه‌رقالی ململانێی كه‌سی و حزبین و فڕمان به‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ لاوازه‌ ترسناكه‌ سه‌ره‌كیه‌وه‌ نیه‌ و رێگه‌مان بۆ ته‌راتێن كردنی دوژمنان له‌وباره‌وه‌ ته‌خت كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌وان به‌ ئاسانی سه‌رده‌كه‌ون و ئێمه‌ش پێشبینی حاڵی خۆمان له‌ دواڕۆژدا ناكه‌ین و به‌رچاومان لیڵه‌..