قون بادان ئازادیە، ئازادی قون بادان نییە

Saturday, 24/04/2021, 18:46

5497 بینراوە


قون بادان ئازادیە، ئازادی قون بادان نییە، بێ گومان من دژی نیم بەڵام ئەمە ئازادی خۆی نییە، بەڵکو  شانۆی ئازادیە، شانۆی مۆدێلێکی بەسەرچوو، مۆدێلێکی کۆپی کراوی ئەوروپیە. من تێ ناگەم ! ئەم ڕۆژهەڵاتە بۆچی مۆدێلێکیان بۆ خۆیان نییە !
ئەگەر ئەم روداوە ڕێکخراو بێت، بە مەبەست، لەلایەن کەسیکەوە بۆ پیشاندانی مۆدێلێك بۆ گەنجان کرابێت، ئەوا بەڕاستی کارێکی ژیرانە نییە، چونکێ تۆ مۆدێلێکیان پیشان ئەدەیت کە لەتوایاندا نییە، لەساڵۆنێکدا لەبەردەم نەوەد و نۆ کوڕدا تەنها کچێک ! ؟ مانای نییە. 
ئەگەریش ئەم دانسە بەسەرچوە، وەک ڕووداوێکیش کرابێت، ئەوا  ڕووداوێکی ژیرانە نەیە. ئەگەر دژی ڕەمەزان کرابێت ئەوا گوێ درێژیە. خۆ ئەگەر بۆ بەلادابردنی سەرنجی خەڵكان کرابێت، لەسەر مووچە، یان بۆ هەر مەبەستێکی تری ئەو حکومەتەی کە خۆی لێ بووە بە تەوق، کارێکی ژیرانە و هونەرمەندانەیە، بێ بەرهەمیش نییە.
لە ئەوروپا، لە ساڵانی هەشتادا، ئەم  ڕووداوانە لەلایەن هونەرمەندانەوە دەکران لەسەر جادە، بە مەبەستی خەریک کردنی ئەو خەڵکەی کە دەخولانەوە لە بازنەیەکدا، ئەو سەردەمەبوو کە ڕووداو نەبوو، ئەو سەردەمە بوو کە هونەرمەندا ن دەیان وویست دووای دوو شەڕی گەورەی کاولکارانە، ئارەزووی  شەڕانگێڕی لەلای تاکەکانی کۆمەڵگەوە وەریگێڕنە سەر رووداوی بێ بەها. هەرچەندە ئەم ڕووداوە بەو مەبەستە نەکراوە بەڵا، سوودی نییە. 
ئێمە لەم دوریەوە، لە ئەوروپا، نازانین چی ڕوو ئەدات لەو هەرێمە. بەڵام دڵخۆش دەبووم لەو باڕەدا سەدەها کچم ببینیایە بەتەنیشت هاوڕێکانیانەوە لەسەر هەمان مێز، ئەگەر لەچکیشیان بەسەرەوە بوایە.
 ئەوە بەلای منەوە ئازادیە. 
ئەم جۆرە سەمایانە، هەڵگیرساندنی مۆمێکە بۆ گۆڕانکاری، بەڵام، مانای نییە. باڵی حۆریەکە بۆ خەونی کچانی ئازادی، یان هونەری کۆپیکردنی کارە هونەریەکانی مۆزەخانەکانی ئەوروپایە بە ناوی مۆدێرینیتێ و هونەری مۆدێرن، بۆ من گێلیە و مانای نییە.
ئەگەر دەتانەوێت بەڕاستی ئەو کۆمەڵگەیە ئازاد بکە، بڕۆن شەوێک سەدەها کەپڵ پێکەوە لەو باڕەدا بەتەنیشت یەکەو، بە بێ سوراو و سپیا و قون بادان، بە بێ هەڵەشە و خۆ هەڵکێشان، بەدەوری یەکتریدا دانیشن، بە بێ شانۆگەری تەنها بۆ ئازادی و بۆ ژیان .
ئەوە بەلای منەوە ئازادیە .
بەڵام وەک ووتم ؛ هەرگیز دژی نیم،
 قون بادان ئازادیە. ئازادی قون بادان نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە