سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


ماکیاجی كچانى ئیزیدى

Thursday, 05.06.2021, 14:00

7333 بینراوە


(پرۆژەی ڕێبین چالاک بۆ ئێزیدیەکان.) ناونیشانە بۆ ئەو وێنەیەی سەرەوە، کە بە هەڵە کوردستانپۆست ئەم ناونیشانەی بۆ وتارەکە دانابوو.

لە ساڵى 2019 لە ڤینسیا پرۆژەى ؛ دەمامکى كچانى ئیزیدى، لە لایەن ئۆرگانیزاسیۆنی.
(Canadian Museum for Human Rights) بەڕێوە چوو. کاک ڕێبین چالاک؛ هونەرمەندی کورد، بەشداری کردووە لەم پرۆژەیەدا.
لە سەر پەیجی ‌؛ Human Right نوسراوە: لە کاتی ژینۆسایدی ئێزیدیەکان لە لایەن داعشەوە، ژنانی ئێزیدی گیراون و ئازار دراون، بە زۆر بە شوو دراون بە پیاوانی ئیسلامی. بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەوان، هونەرمەندی کورد، ڕێبین چالاک، ماسکی خستە سەر دەم وچاوی ڕزگارکراوەکانیان. 
لەبەر ئەوەی پێشانگاکەم نە بینیوە و کارەکانی تری کاک ڕێبینم نەبینیوە، بۆیە تەنها لەسەر ئەو کارە ئەدوێم کە لە سەرەوە دانراوە .
ڕێکخستنی پیشانگایەک بۆ ئێزیدیەکان، لە لایەن هەر کەسێکەوە بڕیاری لەسەر درابێت، گرنگ و پیرۆزە، ئەم پرۆژەیە ئەتوانێت نەک تەنها ئازار و تاوانی ئێزیدیەکان بە جیهان بناسێنێت، هەروەها بە کورد خۆشی، لە هەمان کاتا توانای هونەرمەندانی کوردستانیشمان لەو ڕوەوە پێشان بدەن، ئەمەیە کە پێێ دەڵێن ؛ هونەری کۆمۆنیکاسیۆن.
وەک کاک ڕێبین دەڵێت ؛ چووە بۆلای ئێزیدیەکان و خۆی ماسکی بۆ تاوان لێکراوان کردووە، واتە؛ یەک بە یەک ماسکی ڕاستە و خۆی بۆ دەموچاویانی کردوە، کەواتە ئەو ماسکانە شوناسیان هەیە و ماسکیش نین بەمانای ماسک، بەڵکو شکڵێ ڕاستەقینەی کەسایەتیەکانن کە لە تراژیدی دەوڵەتی ئیسلامیدا ژیاون، بۆیە دەبێت چەمکی ماسک لەبیر بەرینەوە لەم کارەدا. چەمکی ماسک، وەک کەسێکی نەناسرا و بە بێ شوناس، یان شاردنەوەی کەسایەتیەک لەژێر ئەو ماسکەوە، یان کاتێک، ماسک دەیەوێت گوزارشت لە هەموو مرۆڤێک باکات بە بێ جیاوازی، بە بێ دەستنیشان کردنی ڕەگەز و شکڵ.
ئەوەی گرنگە لەم کارەدا ئەوەیە کە کاک ڕێبین خۆی چووە بۆ لای ئێزیدیەکان و ماسکی بۆ کەسایەتیەکان کردووە، ئەمە پیرۆزترین کارە و دەوری ساڕێژکردنی تاوان لێکراو دەبینێت، لەهەمان کاتا ئەم کارە، دەوری خۆ ئامادەکردنێكی گرنگ دەبینێت بۆ کارە هونەریەکەی.

خۆ ئامادەکردن چیە؟

خۆ ئامادەکردن بۆ کارێکی هونەری، خۆی دەبینێتەوە لە چەندەها شکڵ و جۆردا؛ کاتێک موسڵمانێک پێش ئەوەی نوێژ بکات، دەست نوێژ دەگرێت. دەست نوێژگرتن، خۆ ئامادەکردنە بۆ نوێژکردن و خۆ بینینەوە لە بەردەم ئێزداندا، لەو کاتەدا ئەو کەسە دەست نوێژ دەگرێت، خۆی دەخاتە حالەتی کەسێک کە دەیەوێت سوجدە بۆ ئێزدان ببات. مەسیحیەکان بە برسیەتی ئەچن بۆ کەنیسە و پیش ئەوەی بچنە ژورەوە، بەهەمان شێوە دەستیان بە ئاوی پیرۆز دەشۆن. کابرایەکی سۆفییش پێش ئەوەی گۆرانی بڵێت چاوی دادەخات و بە خۆیدا دەچێتەوە و هەناسەی قوڵ هەڵدەمژێت و بە گوێرەی رێبازی سۆفی گەری خۆیان، چەند سورەتێک یان ریتوێڵێک دووبارە دەکاتەوە بە سەرەمۆنی، هەتا خۆی بخاتە ئەو حاڵەتەی کە گۆرانی و ئاوازەکە گەرەکیەتی. کابرایەکی گۆرانی بێژی ڕۆک، یان مۆسیقارێکی ڕۆک، بۆ ئەوەی خۆی بخاتە ئەو توند و تیژیەی کە ئاوازەکە پێویستیەتی، پێش کۆنسێرتەکەی درەگ یان کحول دەخوات و خۆی ڕادەوەشێنێت و دەرونی دەهروژێنێت، هەندێک جار شەڕیش دەگێڕێت، هەتا خۆی بخاتە ئەو حالەتەوە کە ئاوازەکە دەیەوێت. کابرای ژاپۆنییش پیش ئەوەی کالی گرافی بکات، دوو بەرد دەخشێنێت لە یەکتری بۆ ماوەیەکی زۆر، بە مەبستی دروست کردنی مەرەکەبی چینی، خۆ مەرەکەبی چینی ئامادەکراو هەن، بەلام کاری کالیگرافی پێوسیتی بە حاڵەتێکی تایبەتی کۆنسۆتراسیۆن هەیە؛ لەو کاتەدا، ئەو بەردە دەخشێنێت و دەیبات بە ئەسپایی بە بەردێکی تردا، یارمەتی دەدەتا خۆی بخاتە ئەو حەڵەتەوە؛ بیر دەکاتەوە و دەچێتەوە بە خۆیدا،خۆی ئارام دەکاتەوە. 
هونەرمەندێکی شیوەکاریش کاتێک خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم تابلۆیەکی سپیدا، پیش ئەوەی دەست بکات بە نەخشکردن، هەر هونەرمەندە و بەجۆرێک خۆی ئامادە دەکات، بۆ خۆ خستە حالەتێکەوە کە بیرۆکەکەی پێویستیەتی، هەندێك هونەرمەند وای بە باش دەزانن، خۆیان چوارچێوەکە دروست بکەن، وەک کاری خۆ ئامادەکردن پێش نەخش کردن. خۆ دۆزینەوە لە بەردەم تابلۆیەکی سپی دا دەرون دەلەرزێنێت. 
 کاک ڕێبینیش بۆ خۆ ئامادەکردن، چووە بۆ لای ئێزیدیەکان و ڕاستە و خۆ کاتێکی بە سەر بردووە لە گەڵ تاوانبار لێ کراوندا، بێ شک و بە بێ گومان کاریگەریەکی گرنگی هەبووە لە سەر هونەرمەند، لە هەمان کاتا ئەو کارە کاریگەریشی هەبووە لە سەر تاوان لێ کراوە ئێزیدیەکانیش. کاتێک ئەوان کەسانێکیان بینیوە گرنگی دەدەن پێیان، کاتێکیان بردۆتە سەر لەگەڵیانا، کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەرێنی لەسەر ئەوان هەبووە، هونەر لێرەدا دەوری شامانیست، دەوری جادوگەری دەبینێت، بە مانا ئەرێنیەکەی، دەوری ساڕێژ کردنی بینیوە، کە پێی دەڵێن هونەری تێراپوتیک (Thérapeutique). 
مەگەر هونەرمەند بەرد بووبێت، دەنا کاریگەریەکی راستەو خۆی هەبووە لەسەر هونەرمەند و کارەکەی، لەبەر ئەوەی هونەر بە هەموو جۆرێکیەوە کارێکی سپیریتوێڵە و هونەرمەند لە حاڵەتێکی ڕۆحی پیرۆزدا دەژی، لە کاتی بەرهەم هێنانی هەر کارێکی هونەریدا. بۆیە، ئەو کاتەی کە ئەو ماسکی بۆ کردوون، بێ شک بە مەبەستی ماسکێکی ماکیاج نەبووە، هەر بەو پێ یەش دەبووا کارەکەش دوور بێت لە ماکیاج کردن. ماکیاج کردن بەمەبستی شاردنەوەی ڕاستیەکانە بێ گوومان.
کارە هەنەریەکی ڕێبین چالاک
کاتێک سەیری کارە هونەریەکە دەکەین، دەبینین؛ کەسایەتیەکان چوێندراون بە ماسک لە بۆشایدا، بە ئاراستەیەکدا دەڕۆن؛ لە نزمایەوە بەرە و بەرزایی، لەو ئاراستەیەدا بە ئێسپاسێکی تردا تێ دەپەرن، ئەو ئێسپاسەش بریتیە لە قەفەزێکی ئاسن، ئەم قەفەزە ئاسنە هیچ ڕێگری نەکردووە لە بەردەم ماسکەکاندا، ماسکەکان پێی دا تێ دەپڕن بە بێ تەنگژی، وەک ئەوەی ئەو قەفەزە بوونی نەبێت، بە پێچەوانەشەوە بە ئاراستەی بەرزیەوە دەیان بات .
بە بینینی ئەو قەفەزە، بە بێ گوومان کردن لە خۆمان، ئەگەریش ئاگاداری کارەساتی ئێزیدیەکان نەبین، ئەوا ئەو چوارچێوە ئاسنە ( قەفەزی دەور دراو بە شیش) ، دەوری لەویادا ئێسپاسێکی ئەشکەنجەیە. جەگە لەوەی کە ئەو وێنەیە لە ناخی هەموماندا چگرێ دراوە بە ڕوداوێكی تراژیدیەوە؛ هەمومان بینیومانە لە کارە دژوارەکانی داعشدا و بیرەوەریەکی تاڵی هەیە، دەی ناسینەوە و بینومانە، ئەزانین چۆن تاوانبارانیان تێدا ئەشکەنجە ئەدان و دەیان سوتاندن بە بێ بەزەیی.
قەفەزی ئاسنی داعش
چۆن ڕێی تێ دەچیت، ئەم ماسکانە بەو ئێسپاسەدا تێ پەڕن وەک ئەوەی ئەو چوارچێوەیە بوونی نەبێت و کاریگەری نەبوبێت لەسەر ئەو کەسایەتیانە ؟ 
هەر تەنێک هەر فکرەیەک، هەمووو ئەو شتانەی لە دەوری خۆمانا دەیان بینین، لە هەموو ئەم گەردووندا، بە بێ ئەوەی باسی تراژیدیش بکەین، کاتێک تەنێک روروبەروی دژ بە خۆی دەبێتەوە، بە ئێسپاسیکی تردا تێ پەڕ دەبێت، بە دژدا تێ دەپەڕێت، گۆڕانکاری بە سەردا دێت، ئەمە یاسای سروشتە و کەس ناتوانێت لێی دەرچێت، خۆ ئەگەر بە ئیلهامی شیعری درۆ، یان بە هەستی حەماسی پیاوانی سیاسی ئەو هەستە بشارینەوە، ئەوا هونەر زمانی حەماس و درۆ و ڕق ناناسێت، جەگە لە زمانی فەلسەفە نەبێت.
سێ ئێسپاس دەبینرێت لەو کارەی کاک ڕێبیندا ؛ پێش، ناو، پاش. بە مانای؛ ئێزیدیەکان پیش ڕوداوی داعش، ئێزیدیەکان لە ناو دەولەتی ئیسلامیدا، ئێزیدیەکان دوای گەڕانەوەیان. یان ؛ تێ پەڕبوونی کۆەڵە کەسێک بە تەنگژیەکدا، تەنگژیەکە لێرەدا قەفەزە ئاسنەکەیە. گوایە ئەو ئێسپاسە بوونی نیە، ئەو قەفەزە ئاسنە کاری نەکردۆتە سەر ئەو ماسکانە، ماسکەکان بە ناویا تێ پەڕ دەبن، بە پیچەوانەشەوە یارمەتی ماسکەکان ئەدات بچنە بەرزاییەوە.
دەبینین لە هەر سێ بارەکەدا ماسکەکان هیچ گۆڕانکاریان بەسەردا نەهاتوە، وەک کۆتر دەفڕن بە بێ دەنگی و بە خامۆشی. نە لە جۆری ئۆرگانیزاسیۆنیان، کاتێک بە قەفەزەکەدا تێ دەپەڕن، نە بە هیچ جۆرێکی تری هونەری، گۆڕانکاریان بەسەردا نەهاتووە، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، وەک ئەوەی ئەو بەندیخانە ئاسنە لەویادا بوونی نەبێت. ئەی کەواتە چی دەکات لەویادا ؟ ئەی کەواتە بۆچی هونەرمەند چووە بۆ لای ئێزیدیەکان و ماسکی بۆ دروستکردوون ؟ بۆیە دەڵێم ؛ پێ دەچێت چووبێت ماکیاجی کردبێتن. 
خۆ ئەگەر باسی میتۆلۆژی بکردایە یان باسی ئەفسانەی بکردایە بە شکڵی مار و تاوس و هەر شكلێکی تری میتۆلۆژی ئێزیدیەکان، بەو قەفەزەدا تێ پەڕیبایە، بە بێ تەنگژی، ئەوا ڕیی تێ دەچوو، لەبەر ئەوەی باسی هەقیقەت ناکەین لەویادا، باسی بەردەوامی ئێزیدیەکان دەکەین لە مێژوودا، نەک ناخی مرۆڤێک کە هونەرمەند بە ماسک شوناسی پێێ داوون و هەر یەکێک لەو ماسکانە لە ئەشکەنجەیەکی دەروونی بی ئەندازەدا ژیاوە، هەندێکیان لەبەر گرانی باری دەروونیان خۆیان کوشتوە، یان لە خەمۆکێدا دەژین و هەرگیزا و هەرگیز نەیان توانیوە و ناتوانن جارێکی تر وەک ئەوەی هەبوون لە راوبوردودا ژیانێکی ئاسودە بدۆزنەوە، بۆ هەتا هەتایە لە ئەشکەنجەیەکی دەروونی قوڵدا دەژین. ئەو قەفەزەش بۆ ئەوان و بۆ ئێمە لە بیرەوەریەکانماند بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر هونەرمەند دەیەوێت بەسەریا باز بدات، ئەوا فکرەیەکی تەواو ڕۆمانتیکی و شعیرانەیە و دورە لە هەقیقەتەوە.
پرۆژەی تێ پەڕبوونی تاوسی ئێزیدیەکان بە قەفەزی داعشدا (سەردار حەمەڕەش)
ئەگەر ئەم کەسایەتیانە بەو ئێسپاسی قەفەزەدا تێ پەڕیون بە بێ تەنگژی ، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، وەک هونەرمەند خۆشی پێمان دەڵێت :
 - ئێوە تێ ناگەن من چیم کردووە.
وەک ئەوەی ئێمە کوێربین و ئەوانیش باسی فیزیای کونتۆممان بۆبکەن، بۆیە ئێمە سەرمان تەقەی دێت، وەک ئەوەی هونەرمەند فکرەیەکی گرنگی شاردبێتەوە لە هونەرەکەیدا و ئێمە لە ئاستیدا نەبین لێی تێ بگەین. بەڵام بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەمانە ماسکن بە مانای ماکیاج، شاردنەوەی تراژیدیایەکە کە نامانەوێت بیبینین، لە بەر ئەوەی کە تێیدا نەژیاوین، وەک ئەکتەرێکی درۆزن ڕۆڵێک دەبینین لە ئاستیدا نین و نازانین خۆمان بخەینە ئاستی. تەنها مەبەستی کاکی هونەرمەند ئەوەیە کە پێمان بلێ ئەو تراژیدیایە بە بی تەنگژی تێ پەڕی و ئێزیدیەکانی ناودارکرد و ناساندنی بە جیهان، لەوە زیاتر هیچ مانایەکی تر نادات بە بینەر، مەگەر لە مێشکی هونەرمەندا فکرەیەک خۆی حەشار دابێت و نەیتوانی بێت گوزارشتی لێ بکات . 
ئەم کارانە زیاتر لە کاری دیکۆر و ڕازاندنەوە دەچن، هەتاوەکو کارێکی هونەری کە بتوانێت گوزارشت لە ئازار و تراژیدایایەک بکەن. ئەم کارانە بۆشن، دانی کرمێن، بێ ڕۆحن، لامپێکی جوانی ساڵۆنەکانن و بۆ ساڵۆنەکان کراوون.
 هونەرمەندێکی تر ؛ ڕێبوار سەعید، بە هەمان شێوە، بۆ کارەساتی ئەنفال، چەند ماسکێکی کردووە وەک گڵۆپی سوپەرار مارکێتەکان، ڕازاوە، بەلام کاری کاک ڕێبین لامپێکی مۆدێرن ترە.
پرۆژەی ڕێبوار سەعید بۆ ئەنفال

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو خۆ ئامادەکردنە، واتە چونی بۆ لای ئێزیدیەکان دەوری نەبووە لەسەر کاکی هونەرمەند، یان پێ دەچێت کە سێکی بێ گیان بوبێت و ئەو کەسایەتیانە کاریگەری نەبوبێت لەسەری، بۆیە ئاوا بە بێ خەم بەو قەفەزە ئاسنەدا، بە بێ تەنگژی تێ دەپەڕن و بەرز دەبنەوە.
 ئێمە باسی میتۆلۆژی و ئەفسانە ناکەین، ئێمە باسی دەروونی ئەو کەسانە دەکەین کە هونەرمەند ڕاستە و خۆ چووە ماسکی بۆ کردوون. چاوەڕوانیش ناکەم ئاگر و خوێنمان پیشان بدەیت. نەخێر .