ئەو داڕمانەی سیستەمی دادوەریی هەرێم سەری دەسەڵات دەخوات

Tuesday, 11/05/2021, 14:00

10509 بینراوە


سیستەمی دادوەری گرنگترین کۆلەگەیە بۆ بەجێهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی وئاسایشی کۆمەڵگا.
لەگەرمەی شەری دووەمی جیهان کە بەریتانیا تەواو وێران ببوو بە هۆی بۆردومانی ئەڵمانەکان ، وینستون چەرچلی سەرۆک وەزیرانی ئەوێ دەمێ ، لە وەزیری داد دەپرسێ: رەوشی سیستەمی دادوەری لە چ حاڵێکدایە؟ ، لەوەڵامدا وەزیر گوتی: زۆرباشە. لەسەر ئەم وەلامە چەرچڵ گوتی: دەنا هیچ مەترسن و دوودڵ مەبن بەرامبەر  حازر و ئایندەی بەریتانیا ، زۆر باشە و زۆرباش دەبێت.
کاتێک دیگۆل  دوای ئازادبوونی فەرەنسا لە دەست نازییەکان ،گەڕایەوە لە هاوڕێکەی ئەندرێ مارلۆی پرسی:رەوشی دادوەریی چۆنە؟ لەوەڵامدا گوتی: هێشتا باشە ..هەر بۆیە دیگۆل گوتی: کەواتە دەتوانیین سەرلەنوێ فەرەنسا بینا بکەینەوە.
پاش ئەو پێشەکییە گرنگە دەمەوێت بڵێم ، لە هەرێمۆکەکە باشور ،دەسەلاتی بنەماڵەیی بۆ ٣٠ ساڵە، وەک هەموو سێکتەرەکانی دیکە، نەیتوانیوە سیستەمێکی بێلایەنی دادوەری بینا بکات ، بەڵکو ئەو سیستەمەی کە هەیە تەواوی سیستەمێکی گەندەڵ و نا دادپەروەر و بەرتیلخۆرە.
زۆربەی ئەوانەی جێدەگرن لەو سیستەمە ، کەسانی وابەستە و گوێڕایەڵ و گەندەڵ و مورتەزەقەن ، خراپترین نمونەی دادوەرییان لە ناوچەکە دورستکردووە.
هیچ متمانەیەک بە سیستەمی دادوەری نییە ، سیستەمی دادوەریی تەواو بۆتە ئەداتی سزادانی خەڵکی وپاراستنی بنەماڵەی چەتە و تاڵانچیی.
بەناو دادوەرەکان ، دیارە زۆرینەی هەرە زۆرییان، گۆتەی سەرچەتەکان لایان یاساییە . تەواوی یاسا ورێساکان بنپێخراوە ، چۆنیان بوێت ئاوا بۆ سەرچەتەکان خواری دەکەنەوە.
ئەو سزایەی کە دادگاکانی هەولێر و پێداچوونەوە سەبارەت بەو ٥ چاڵاکوان ورۆژنامەوانە سەپاندییان ، تەواو پێناسەی ئەو سیستەمە فاشیلە و  ستەممکار وگەندەڵو وابەستەیەی کرد، بە هەموو دنیایێ نیشاندا ئەو بەناو سیستەمە دادوەرییەی هەرێمۆکەکەی باشور ، گەلێ خراپترە لە سیستەمی بەعسیەکان، تەنانەت گەلێ خراپترە لە سیستەمی دادوەریی کۆریای باکور.
ئیمڕۆ نییە ئەوا ئەو سیستەمە  پەیوەندی بەدادوەریی کۆمەڵگاوە نەماوە ، لێ  سەپاندنی  سزایی ئەمجارە لە دەرەوە یاسا وبەڵگەکان ، بەتەواوی ئەم سیستەمەی رووتکردەوە و ،ماهیەتی بە دنیا نیشاندا.
سەیری هەموو بەیاننامەکانی کۆنسوڵخانەکان ، یەکێتی ئەروروپا ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و، رێکخراوەکانی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ ، تەواو ئەو سیستەمە بە سیستەمێکی نادادپەروەر و حزبی و وابەستە دادەنێت کە هیچ پەیوەندی بە دەستبەرکردنی مافەکان و دادپەروەریەوە نییە.
سەرۆکی پارتی دوو رێگای لە پێشە، چونکە ئەوە بڕیار دەدات کێ سزا بدرێت وکێ تیرۆر بکرێت ، یا ئەوەتا وەک ئەردۆگانی دیکتاتۆر ، ملهوڕیی دەکات و گوێ ناداتە هیچ لەو رەخنە و نرخاندنانەی جیهان و ناوەوە و، بەردەوام دەبێت ، یا ئەوەتا دەرچەیەک دەبینێتەوە بۆ هێشتنەوەی ئاوی رووی و، پاشگەزدەبێتەوە!.
بۆ خۆم شیمانەی یەکەم بە واقعیتر  دەبینم ، چونکە سەرۆکی پارتیش ناتوانێت لە فەرمانەکانی ئەردۆگان دەربچێت ، پەیوەستیەکی ئۆرگانیان هەیە ، ئەو تەنها فەرمان جێبەجێ دەکات. وەک چۆن دیمان لە گاڵتەجاڕیی ریفراندۆم  گوێی بەهیچ راوبۆچوونێکی ناوەوە و دەرەوە نەدا ،چونکە فەرمانی ئەردۆگان بوو،تێێدا گەل زەرەرمەند و، دەستی تورکانی بەهێز کرد ، ئاواش لەم ملنەدانە بۆ خواستی جیهان و ناوخۆ سەبارەت بە پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری قەرەقوشی بەناو دادگاکانی پارتی ، دیسان تۆقاندن و تیرۆر لەناو خەڵکی بلاودەکاتەوە کە بەمەش دەستی تورکان بەهێز دەکات و ،زەمینەی بێدەنگی لە بەرامبەر داگیرکاریی خۆش دەکات.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ، ئەو بەناو دادوەرانەی کە رازی بوونە ببن بە کەرەستەیەکی سوک و ریسوا بەدەست پارتی ، دەبێت چاوەڕیی هیچی پۆزەتیڤیان لێنەکرێت و، وەک دوژمن سەیربکرێن.
کاریکاتێرەکە هی عەلی فەرزاتە ، دەسەڵات چۆن سیستەمی دادوەریی لێدەخوڕێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە