حیكمه‌ت له‌ فرۆشتنى قوتابخانه‌و موڵكى گشتى له‌ كوێدایه‌؟

Tuesday, 05.18.2021, 23:28

1413 بینراوە


یه‌كێتى و پارتى له‌ ژێر ناوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ماوه‌ى 29 ساڵه‌ حوكمڕانى ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌كه‌ن ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا دوو حكومه‌تن له‌ناو یه‌ك حكومه‌تدا . دوو زونى جیاواز  دوو حوكمڕانى جیاواز ، دوو سیسته‌مى جیاواز  ، دوو دادگاى جیاواز .  دوو هێزى پیشمه‌رگه‌ى جیاواز ، هه‌موو شتێكى جیاواز .  ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان  له‌ سنوورى ده‌سه‌ڵاتى خۆیدا ده‌ستى گرتوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو كه‌رتى گشتى و بۆخۆیانیان قۆرخ كردوه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌كارى ده‌هێنن . 
هه‌رچى زه‌وى و زارى به‌نرخ هه‌یه‌ داگیریان كردوه‌و به‌ ئاره‌زوى خۆیان مامه‌له‌ى پێوه‌ ده‌كه‌ن . نه‌وتى كوردستانیان ده‌رهێناو هه‌ڕاجیان كرد . ده‌ستیان گرتوه‌ به‌ سه‌رداهاتى گومرگه‌كانداو پاره‌كه‌ى بۆخۆیان ده‌به‌ن .  گرنگترین  دوو كه‌رتى گشتى هه‌ر وڵاتێك له‌ هه‌موو جیهاندا كه‌رتى په‌روه‌رده‌و كه‌رتى ته‌ندروستییه‌ . 
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا زوربه‌ى كه‌رته‌كان له‌ ده‌ستى كه‌رتى تایبه‌تیدان ، به‌ڵام تا ئیستا  كه‌رتى په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستى له‌ به‌ر گرنگییان هه‌ر له‌ ژێر ده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ندان و ڕێگایان نه‌داوه‌ ئه‌م دوو كه‌رته‌ش بكرێنه‌ كه‌رتى بازرگانى  . ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو كه‌رته‌ بكرێنه‌ كه‌رتى تایبه‌ت  جیاوازى چینایه‌تى دروست ده‌بێت و ته‌نها كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ند كوڕو كچه‌كانیان ده‌توانن باشترین چاره‌سه‌رى پزیشكى وه‌رگرن و خوێندنى باڵا ته‌واو بكه‌ن و زوربه‌ى كه‌سه‌ به‌هره‌مه‌ندو  داهێنه‌ره‌كان   له‌ چینى خواره‌وه‌ هه‌لیان بۆ ناڕه‌خسیت خوێندن ته‌واو بكه‌ن .  بۆیه‌ ئه‌و حكومه‌تانه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناوه‌ندى خوێندنى تازه‌و مۆدێرن دروست بكه‌ن و  گرنگى به‌ خه‌سته‌خانه‌كان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى  ته‌ندروستى هه‌موان بی َجیاوازى بپارێزن .  حكومه‌تى به‌ناو هه‌رێم دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستى برد  بۆ هه‌موو پیرۆزیه‌كانى ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه‌ ، دواجار ده‌ستیان كردوه‌ به‌ ڕاده‌ستكردنى  كه‌رتى په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیش به‌ كه‌رتى تایبه‌ت و ده‌توانین بڵێین شتێك نه‌ماوه‌ ناوى حكومه‌ت بێت .
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن  به‌ ده‌یان خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌هلى كراونه‌وه‌و  خه‌سته‌خانه‌ حكومیه‌كان گرنگییان نه‌ماوه‌ و ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى له‌ خه‌سته‌خانه‌ حكومیه‌كانیش  به‌ پاره‌یه‌كى زۆر چاره‌سه‌رى نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ن . ته‌نانه‌ت ئه‌و ئافره‌تانه‌ى  مناڵیشیان له‌ خه‌سته‌خانه‌ حكومیه‌كان ده‌بێت ، پێویسته‌ پاره‌ بده‌ن .   ژماره‌یه‌كى زۆر قوتابخانه‌ى ئه‌هلى كراونه‌ه‌و خه‌ریكه‌ واى لێدێت  ژماره‌ى  قوتابخانه‌ ئه‌هلیه‌كان  زۆرتربن له‌ حكومیه‌كان . هه‌رچى تواناى هه‌بێت مناڵه‌كانى ده‌نێرێته‌ قوتابخانه‌ى ئه‌هڵى .
له‌ ئه‌نجامدا  مه‌ترسییه‌كى زۆر گه‌وره‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌بێت و جیاوازى چینایه‌تى به‌رهه‌م دێنێت . مناڵى به‌هره‌مه‌ندو داهێنه‌ر له‌ چینى فه‌قیر و هه‌ژاردا هه‌لى بۆ ناڕه‌خسێت  له‌ قوتابخانه‌ى باشدا بخوێنێت و خوێندنى باڵاته‌واو بكات . دواجار هه‌ر مناڵى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان  هه‌لیان بۆ ده‌ڕه‌خسێت  خوێندنى باڵا ته‌واو بكه‌ن و  هه‌ر ئه‌وانیش ده‌بنه‌ كار به‌ده‌ست و ئه‌وه‌نده‌ى تر قوڕ ده‌كرێت به‌ سه‌رى فه‌قیر و هه‌ژاردا . 
ئه‌وه‌تا له‌ ئێستادا ده‌نگۆى فرۆشتنى  بڵاو بونه‌وه‌ى قوتابخانه‌و حه‌سته‌خانه‌و مومته‌له‌كاتى گشتى واته‌ حكومه‌ت بڵاو بۆته‌وه‌ . بۆ نمونه‌ گوایه‌ له‌ هه‌ولێر بیناى پارێزگاى شاره‌كه‌و سایلۆى هه‌ولێر و خانوه‌كانى كارگه‌ى نه‌سیج ده‌فرۆشن . له‌ سلێمانیش ده‌نگۆى فرۆشتنى   بیناى 6 قوتابخانه‌و كه‌مپى  كۆنى زانكۆى سلێمانى و خه‌سته‌خانه‌ى فێر كارى سلێمانى  بڵاو بۆته‌وه‌ . دادگاى سلێمانى  به‌شێك له‌ بیناكۆنه‌كه‌ واته‌ به‌شى عه‌ریزه‌ نوسه‌كان  كه‌ بڕى 360 مه‌تره‌و هه‌ر مه‌ترى به‌ 2000 دۆلار فرۆشتوه‌  كه‌ كۆى نرخه‌كه‌ى ده‌كاته‌ 720هه‌زار دۆلار . 
به‌ڵام وه‌كو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ هه‌ر دادكا خۆى ئه‌و به‌شه‌ى فرۆشتویه‌تى  له‌ خاوه‌نه‌ تازه‌كه‌ى به‌كرێ گرتۆته‌وه‌ . سه‌یرى ئه‌م ساخته‌كارى و ڕه‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵ و  دزیو فزیه‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌  بكه‌ن . باشه‌ كه‌ تۆ ئه‌وبینایه‌ت پێویسته‌ بۆچى فرۆشتوته‌ . خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌  پاره‌تان پێویسته‌ ، هه‌موو نرخى ئه‌و به‌شه‌ى فرۆشراوه‌ ناكاته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى ته‌نها به‌ یه‌ك شه‌و له‌ گومرگى باشماخ و په‌روێز خان ده‌دزرێت . 
وه‌كو ده‌زانین  تا ئێساش زوربه‌ى قوتابخانه‌كان له‌به‌ر كه‌مى بینا 3 ده‌وامیان تێدایه‌ . كه‌واته‌ به‌دیل چییه‌ بۆ ئه‌وقوتابخانانه‌ى بریارتان داوه‌ بیانفرۆشن ، له‌ كاتێدا ده‌بوایه‌ بڕیار بده‌ن قوتابخانه‌ى نوێ دروست بكه‌ن .  له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ كێن ئه‌وانه‌ى بڕیارى فرۆشتنى قوتابخانه‌كان ده‌ده‌ن ؟ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ چ ڕۆلێكى هه‌یه‌و به‌رنامه‌ى داهاتوى چیێه‌ ؟ زۆر  سه‌یره‌ له‌م وڵاته‌ى ئێمه‌دا  هه‌ر وه‌زێرێكى په‌روه‌رده‌ ده‌ست به‌كار ده‌بێت  به‌ ئاره‌زوى خۆى سیسته‌مێكى نوێ  پیاده‌ ده‌كات .
 وه‌زیرێك  دێت و سیسته‌مى خوێندنى سویدى پیاده‌ ده‌كات . ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌  له‌ سوید له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ ده‌وامى قوتابخانه‌ هه‌یه‌ ، به‌ڵام زوربه‌ى قوتابخانه‌كانى  كوردستان  3 ده‌وامى تێدایه‌ . له‌سه‌ر ده‌مى وه‌زیرێكى تردا ، بیناى قوتابخانه‌كان ده‌فرۆشرێت . به‌ڕاستى حكومه‌تێكى گاڵته‌جارَمان هه‌یه‌ .  به‌ پێیى یاسا كاتێك موڵكو ماڵى حكومه‌ت ده‌فرۆشرێت ده‌بێ  لیژنه‌ى خه‌مڵاندنى بۆ پێك بهێنرێت ، له‌ ڕۆژنامه‌كاندا ئیعلان بكرێت و بخرێته‌ كێبڕكێى ئاشكراوه‌و كه‌ فرۆشرا پاره‌كه‌ى بخرێته‌ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ . 
به‌ڵام ئه‌مه‌ى ئێستا ده‌كرێت و فه‌رهودو تاڵانییه‌و جوت حیزب  ژێر به‌ ژێر ده‌یده‌نه‌ كۆمپانیاو كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆیان و هیچى  بۆ میلله‌ت نییه‌ .  ده‌ست بردن بۆ فیرۆزیه‌كانى  گه‌لێك  . ئه‌وه‌ نیشانه‌ى ئیفلاسى حكومه‌ته‌ .
 ئه‌وه‌ نیشانه‌ى كۆتایی هێنانه‌ به‌ ئه‌زمونى حوكمڕانى چه‌ند ساڵه‌ى  ئه‌م هه‌رێمه‌ ، له‌ لایه‌ن دوو حیزبو دوو بنه‌ماڵه‌ى تاڵانچى نیشتمان فرۆشه‌وه‌ .  ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌كى ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هیچ ئومێدێكیان به‌ مانه‌وه‌ى  سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌ماوه‌ ، بۆیه‌ بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌  په‌له‌ بكه‌ن  له‌وه‌ى زۆرترین پاره‌ به‌ده‌ست بهێنن  پێش ئه‌وه‌ى ئاشبه‌تاَڵێكى تریش بكه‌ن .
  ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ى من باسى ده‌كه‌م ڕاست نه‌بێتو بوختان بێت ، ئه‌ى چۆن ئه‌مانه‌ ده‌ستیان برد بۆ هه‌ڕاج كردنى نه‌وتى كوردستان و دزینى پاره‌كه‌یی و  هه‌ژار كردنى خه‌ڵك . ئه‌ى ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن بڕى 5 ملیار دۆلارى شیرینى نه‌وتیان وه‌رگرت و دزییان . ئه‌ى چۆن داهاتى گومرگه‌كان ده‌دزن و نایده‌ن به‌ خه‌ڵك . ئه‌ى چۆن موچه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن ، له‌ كاتێكدا ته‌نها پاره‌ى داهاتى نه‌وت له‌ پاره‌ى موچه‌ زیاتره‌ .
ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچى هه‌رچى زه‌وى وزارى ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ تاڵانفرۆشى ده‌كه‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوه‌ . ئه‌گه‌ر  وانییه‌ چۆن حكومه‌ت قاچاخچییه‌تى ده‌كات . ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچى كۆمپانیاكانى جوت بنه‌ماڵه‌ ده‌ستیان گرتوه‌ به‌سه‌ر كۆى بازرگانى گه‌وره‌ى ئه‌م وڵاته‌ ، وه‌ك ده‌رمان و جگه‌ره‌و زۆر شتى تر بۆخۆیان .ئه‌ى چۆن سامانى وڵات تاڵان ده‌كه‌ن و یه‌ك دۆلار باجیش ناده‌ن . 
ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن جورئه‌تى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌ست به‌رن بۆ هه‌ردوو كه‌رتى په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستى و بیانفرۆشن و بیان كه‌ن به‌ كۆمپانیاى بازرگانى .  ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن كۆنتڕۆڵى دادگاكان ده‌كه‌ن و دادوه‌رى كۆیله‌ى خۆیان داده‌نین و به‌ ئاره‌زوى خۆیان نه‌یاره‌كانى خۆیانیان پی َحوكم ده‌ده‌ن و تۆمه‌ت ده‌ده‌نه‌ پاڵ دۆسته‌كانى كورد و ئه‌وه‌تا خه‌ریكه‌ هه‌رێمى كوردستان بخرێته‌ لیستى ڕه‌شه‌وه‌ .  ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن ده‌بێ حكومه‌تێك  دوو هێزى پێشمه‌رگه‌و دوو ده‌زگاى هه‌واڵ  گرى هه‌بێت  .  ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن ژماره‌ى پاسه‌وانه‌كانى به‌رپرسه‌كان زیاتر ده‌بێت له‌ ژماره‌ى ئه‌وپێشمه‌رگانه‌ى پاراستن و به‌رگریكردنى  نیشتمانیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌.به‌ بۆچونى خۆم هۆكارى هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ :
1-هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن یه‌ك حكومه‌تى یه‌كگرتوى نیشتمانیه‌وه‌ ئیداره‌ ناكرێت . كراوه‌ته‌ دوو زون و هه‌ر زونه‌ى حیزبێك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌ ویست و ئاره‌زوى خۆى به‌ڕێوه‌ى ده‌بات .
2-ئه‌وانه‌ى ئێستا حوكمى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن  به‌ هه‌ردوو زونه‌كه‌وه‌   سیاسه‌تمه‌دارى شاره‌زاو به‌توانا نین وكه‌سانى بێ ئه‌زمزن و نه‌شاره‌زان . ئه‌وانه‌ عه‌ره‌قیان نه‌ڕشتوه‌ بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ خۆڕایی هاتونه‌ته‌ سه‌ر حازرى  و بازرگانى به‌ نیشتمانه‌وه‌ ده‌كه‌ن . لاى ئه‌وان شتێك نییه‌ به‌ناوى نیشتمان و میلله‌ت و موقه‌ده‌ساتیه‌وه‌  .وه‌كو خۆیان وتویانه‌و به‌رده‌وام به‌ كۆیله‌كانیان ده‌ڵێن : گوێ مه‌ده‌نه‌ قسه‌و قسه‌ڵۆكى خه‌ڵك گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند پاره‌ په‌یدا ده‌كه‌ن . به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م تیوریه‌ى ئه‌وانه‌ ڕاست نه‌بێت ، هه‌رگیز ئه‌و هه‌موو كاره‌ ناڕه‌واو بێوێژدانیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ت ناكه‌ن  .
3- ناكۆكیه‌ به‌رده‌وامه‌كانى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌ . سه‌یركه‌ن چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌مه‌ریكاو ئێران دژایه‌تى یه‌كترى ده‌كه‌ن و له‌ یه‌كترى له‌ بۆسه‌دان . ئه‌مه‌ریكا دواى چه‌ندین ساڵ  هه‌وڵدان به‌و هه‌موو تواناى ته‌كنه‌لۆجیه‌وه‌  كه‌ هه‌یه‌تى  توانى قاسمى سڵێمانى له‌نه‌او برێت . سه‌یركه‌ن دژایه‌تى ئه‌م دو بمه‌ماڵه‌ وێرانكه‌ره‌ى كورد گه‌یشتۆته‌ ئاستێك  كه‌ كوشتنى قاسمى سڵێمانى ده‌درێته‌ پاڵ یه‌كێتى . ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ ئێرانیه‌كان خۆشیان ئه‌وه‌ به‌ڕاست نازانن .به‌ڵام ئێرانیه‌كان ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ده‌توانن ئه‌مه‌ بكه‌نه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر یه‌كێتى ئه‌گه‌ر باش گوێرایه‌ڵىئێرا نه‌كه‌ن 
3-كاتى خۆى سه‌دام حوسه‌ین  كوێتى داگیر كرد به‌ ئینكارى به‌ قسه‌ى خۆیه‌وه‌ بو ، گوێی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ى هاوپه‌یمانان نه‌داو  له‌ كوه‌یت نه‌كشایه‌وه‌و دواجار به‌ نه‌مانى خۆیی و ڕوخانى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ته‌واو بوو . مه‌سعود بارزانى  به‌ قسه‌ى مه‌كگورگ نوێنه‌رى  ئه‌مه‌ریكاى  نه‌كرد كه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌داو  دواجار  هه‌ر ڕیفراندۆمى كرد . له‌ ئه‌نجامدا كورد نیوه‌ى زیاترى خاكى كوردستانى له‌ده‌ستداو  له‌ ژێر فشارى ئه‌مه‌ریكاشدا ده‌ستى له‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم كشانده‌وه‌ . 
ئێستا مه‌سرورى كوڕى هه‌مان  هه‌ڵه‌ى باوكى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و له‌ نه‌زانیینه‌وه‌ وه‌كو مناڵ یارى به‌ ئاگر ده‌كات . دواجار خۆشى و میلله‌تیش به‌ سوتاندن ده‌دات . ئه‌وه‌تا  له‌ ڕێگاى دادوه‌ره‌ كۆیله‌كانى خۆیانه‌وه‌ كه‌ خانه‌شین بون و به‌ نایاسایی هه‌ر له‌ شوێنه‌كانى خۆیان ماونه‌وه‌ ، هاتون 5 چالاكه‌وانى بادینانیان  به‌هه‌ر یه‌كه‌ى به‌ 6 ساڵ حوكم داون  كه‌ هه‌موو دنیا ده‌زانێت و هه‌رچى ڕێخراوى مه‌ده‌نى جیهانى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش هاتونه‌ سه‌رخه‌ت و داواى ئازاد كردنیان ده‌ده‌ن 
به‌ڵام نه‌ك ئازادیان نه‌كردون به‌ڵكو هاتون  هه‌ردوو قۆنسلیه‌تى ئه‌مه‌ریكاو ئه‌ڵمانیا  كه‌ زۆر ترین هاوكارى كوردیان كردوه‌ ، تۆمه‌تبارن كردون گوایه‌ ئه‌م حوكمدراوانه‌ جاسوسییان بۆ ئه‌وان كردوه‌ .ئه‌وه‌ش ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و دوو قونسلیه‌ته‌ وه‌كرى جاسوسین له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌رێمى كوردستان ده‌خه‌نه‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌ . 
زوو یان دره‌نگ ئه‌مه‌ریكا وه‌كو مار پێوه‌ى ده‌ده‌ن و میلله‌تى كوردیش باجه‌كه‌ى ده‌دات . ئه‌وه‌تا له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا ئه‌مه‌ریكا دۆسییه‌ى فرۆشتنى 2000پیكابى ده‌بڵ كابینه‌ى  به‌ داعش جوڵاندوه‌ كه‌ كاتى خۆى به‌شێك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كانى هه‌رێم و به‌رپرسانى تر كه‌ زوربه‌یان سه‌ر به‌ پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بون و له‌ ناو ئه‌وانیشدا به‌ تایبه‌ت ناوى مه‌سرور به‌رزانى هاتوه‌ .به‌ عه‌مدى دۆسیه‌كه‌یان داوه‌ته‌ كازمى و  له‌ ئێستاوه‌ ئیشى له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن . 
4-سه‌رانى هه‌رێم باش ده‌زانن كه‌ هاوپه‌یمانان هیچ ئومێدێكیان به‌ كوردى باشور نه‌ماوه‌ چونكه‌ تێگه‌یشتون كه‌ هیچ نین و  ئه‌هلى حوكمڕانى و دۆستایه‌تى و هاوپه‌یمانێتى نین . به‌ڵام بارودۆخى ئه‌مه‌ریكا له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ جۆرێكه‌  تا ئێستاش پێویستى به‌ كورد هه‌یه‌ و جارى زوه‌ ده‌ستبه‌ردارى كوردببێت له‌به‌ر خاترى خۆى نه‌ك ئێمه‌ . به‌ دوور نازانرێت به‌یانى شه‌ر ِله‌م ناوه‌ ده‌ست پی َبكاته‌وه‌و پێویستیان به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بێت . ئه‌وكات وه‌كو له‌ كاتى گرتنى موسڵدا ، هێزى پێشمه‌رگه‌یان به‌ بڕى 400 ملیۆن دۆلار به‌كرى َگرت ، جارێكى تریش ئه‌وه‌ دو باره‌ ببێته‌وه‌ . 
سه‌رانى جوت بنه‌ماڵه‌ش باش له‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتون . بۆیه‌ به‌ فرسه‌تى ده‌زانن ئێستا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خه‌رێكى تاڵانكردنى سامانى هاوڵاتیان بن و هه‌رچى ئه‌رزو مومته‌له‌كاتى  گشتى هه‌یه‌ بیفرۆشن و پێش ده‌ست پێكردنى ئاشبه‌تاڵى چاوه‌ڕوانكراو ، هه‌نارده‌ى هه‌نده‌رانى بكه‌ن . دڵنیان كه‌ ئه‌مه‌رێكا  له‌و تۆمه‌ت و سوكایه‌تییه‌ى مه‌سرور بارزانى خۆش نابێت . 
بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌مه‌یه‌ :
یه‌كه‌م : هه‌رچى زووه‌  به‌ندكراوه‌كانى بادینان ئازاد بكه‌ن و داواى لێبوردن له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ ناڕه‌زایه‌تیان تیشان داوه‌ و ئه‌و دادوه‌رانه‌ش به‌ زویی خانه‌ نشین بكه‌ن كه‌ بڕیارى حوكمه‌كه‌یان داوه‌ . 
دووه‌م : هه‌رچى زووه‌ مه‌سرور بارزانى ده‌ست له‌ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت بكشێنێته‌وه‌و له‌ ئَیستادا باشترین بژارده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جارێكى تر نێچیر بارزانى بكرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت چونكه‌ كه‌سێكى زۆر میان ڕه‌وتره‌ له‌ مه‌سرورى ئامۆزایی . پێشم وایه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌وه‌ ڕازیده‌بن ، جگه‌ له‌ مه‌سرور خۆیی و باوكى و به‌شێك له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كه‌ى نه‌بێت . به‌م هه‌نگاوه‌  هه‌رێى مكوردستان له‌ مه‌ترسى گه‌وره‌  ڕزگارى ده‌بێت .
سێیه‌م: هه‌رچى زووه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان یه‌ك بخه‌ن و سامانى وڵات  بۆ هاوڵاتیان بگیڕنه‌وه‌و  ڕێگرى له‌ هه‌موو كاره‌ نایاسایی و تاڵانچیه‌تى و  قاچاخچیه‌تى بكرێت  . 
ئاخر حكومه‌تێك بودجه‌و داهاتى خه‌ڵك بدزێت ، مومته‌له‌كاتى گشتى بفرۆشێت بۆخۆى . بتوانێت ده‌ست به‌رێت بۆ فرۆشتنى خه‌سته‌خانه‌و بیناى قوتابخانه‌كان و  خاوه‌نى ئێداره‌یه‌كى باش نه‌بێت . موچه‌ى هاوڵاتیان نه‌دات . داهاتى نه‌وت له‌ خه‌ڵك بشارێته‌وه‌ ، به‌ ده‌یان هه‌زار بندیوارى حیزبی هه‌بێت ، چۆن ده‌توانێت وڵات به‌ڕیوه‌به‌رێت وپێی بڵێن حكومه‌ت .
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم :
وه‌كوده‌ڵێن : ئه‌گه‌ر جارێك خه‌ڵه‌تاندیانم ، خوا بیانگرێـت . ئه‌گه‌ر بۆ جارى دووه‌م خه‌ڵه‌تاندیانم  خۆا خۆم بگرێت .  بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تا ئێستا به‌ هه‌ر هۆكارێك بێـت بێده‌نگ بوبین  تاوانه‌ لێره‌به‌ دواوه‌ بێده‌نگ بین  چونكه‌ ئه‌وانه‌ى ئێستا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن خاوه‌نى هیچ قیه‌مێكى  ئه‌خلاقى و مرۆڤایه‌تى و ویژدانى و سیاسى نین . ده‌م ڕوتى سیاسین لاى ئه‌وان  شتێك نییه‌  ناوه‌ نیشتمان بێت . ئه‌وان هه‌موو تاكێكى ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ كۆیله‌و خزمه‌تكارى خۆیان ده‌زانن . ئه‌وه‌ى  لاى ئه‌وان  گرنگه‌  پاره‌ ، پاره‌  ، پاره‌ ،  دواجاریش هه‌ر پاره‌یه‌ و تێریش ناخۆن . 
ئه‌ركى هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵكانى ڕۆشنبیر و مامۆستایان و خه‌مخۆرانى ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ بێنه‌ سه‌رخه‌ت و ده‌نگى ناِره‌زایی به‌رزبكه‌نه‌وه‌و چیتر به‌ لێبڕینى موچه‌ ڕازى نه‌بن ، ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ موچه‌یاندا ، موچه‌كه‌ وه‌ر مه‌گرن و ڕاپه‌ڕن .   ئه‌گه‌ر قوتابخانه‌ یان خه‌سته‌خانه‌یان فرۆشت بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام و ڕیسوایان بكه‌ن و هه‌موو به‌ یه‌ك ده‌نگ هاوار بكه‌ن  ، نا بۆ ڕوخاندن و  فۆشتنى قوتابخانه‌كان ، به‌ڵكو بۆنیاتنانى قوتابخانه‌ى تر و خه‌سته‌خانه‌ى تر .  دڵنیابن  كۆتایی ته‌مه‌نیان نزیك بۆته‌وه‌. ده‌ڵێن : كه‌ بزن ئه‌جه‌لى هات ، نانى شوان ده‌خوات  . ئه‌مانیش عه‌قَڵیان له‌ ده‌ستداو ده‌ستیان بۆ بڤه‌كان برد .  هیچ دیكتاتۆرێك به‌ دیكتاتۆرى له‌ دایك نابێت ، ئه‌وه‌ بێده‌نگى من و تۆ و خه‌ڵكه‌  به‌ ده‌ستى خۆمان دیكتاتۆر دروستده‌كه‌ین . كوڕى خۆما ن به‌ كوشت ده‌ده‌ین و كه‌سانێك ده‌هێنین له‌سه‌ر  خوێنى نه‌وه‌كانمان خۆشترین  ژیا
 نیان بۆ دابین ده‌كه‌ین . ئه‌وه‌ عاقڵى و ئازایه‌تى ئه‌وان نییه‌ ، ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یی و نه‌زانین و بێعه‌قڵى خۆمانه‌  ئه‌وانمان كردۆته‌ دیكتاتۆر . بێده‌نگى هاوڵاتیان گه‌وره‌ترین  هۆكارى مانه‌وه‌ى ئه‌ تاڵانچیانه‌یه‌ . 
كۆتا قسه‌شم به‌ لێدوانێكى چارڵى چاپڵن كۆتایی پێ دێنم كه‌ له‌ فیلمى دیكتاتۆه‌ مه‌زنه‌كه‌دا ده‌ڵێـت: دیكتاتۆره‌كانى ئه‌مڕۆ هه‌مان شۆرشگێڕه‌كانى دوێنێن كه‌ جه‌نگیان بۆ ئازادى ده‌كرد ، به‌ڵام ئازادیان بۆ خۆیان ده‌ویست و كۆیلایه‌تیش  بۆ خه‌ڵك .  ئه‌و قسه‌یه‌  ڕێك  وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بۆ میلله‌تى كورد و  سه‌ركرده‌ شۆرشگێڕه‌كانى وترابێت  و پڕ به‌ پێستى خۆیه‌تى .  دواى یه‌ك سه‌دا خه‌بات و خوێن ڕشتن  سه‌ركرده‌و نه‌وه‌كانیان ، بونه‌ته‌ دیكتاتۆر و خه‌ڵكیش  به‌ كۆیله‌ى خۆیان ده‌زانن