ئەم هەڤاڵە ،لەبری وەڵام بە پرسیارەکەم بلۆکی کردم

Saturday, 05.22.2021, 0:55

1840 بینراوە


زۆر خۆشحاڵ بووم بە هاوڕێیەکی نوێم لە فەیسبووک بەوەی کە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا لەتەک بابی کۆچکردویدا پەیوەندیم خۆشبوو ،بەتایبەت کە دوو هاوڕێی ڕێبازێک بووین و ئاشنایەتیمان لە هەندێک شتدا هەبوو وە کەسێکی بەڕێز زەوق خۆش بوو.
هەر بۆیە بە ئومێدی دیتنی چەند وێنەیەکی یادگاری باوکی کۆچکردوی بەخێرایی سەردانی واڵەکەیم کرد .
لەوێ هەندێک وێنەی ڕەش و سپیم بەرچاوکەوت،کە سەرجەمیان تایبەت بوون بە سەردەمی پێشمەرگایەتی باوکی لە کۆتایی شەستەکاندا.
دەمێک کەسێک وێنەیەکی جەماعی پۆست دەکات چەند زانیاریەک هەن گەرەکە لە پەراوێزی وێنەکەدا یاداشت بکرێن،بۆنمونە ناوی کەسەکان،شوێنەکە،مێژووەکەی و پاشانیش بۆنەکە،یانی بەچ بۆنەیەکەوە چرکێنراوە.
ئەوەی تووشی شۆکی کردم لە سەر وێنەکان هیچ لەو زانیاریانە نەنووسرابوون کە ئاماژەم پێدان. وەڵێ یەک دوو وێنەی تێدابوو کە هی سەردەمێکی نزیکتر ،هی پاش گواستنەوەی سەنگەر بوون کە بابی لەژیاندابوو ،ئاماژەی بە ناوەکان دابوو،وێرای ئەمە کۆمەڵێک وێنەی دیکەی دوای ڕاپەرین و ساڵانی کابینە یەک لە دوای یەکەکان لەواڵەکەیدا بوون ،کەخودی خۆی لەگەڵ هەندێک بەرپرسی پارتیدا  گرتوونی ،زۆر بەڕوونی زانیاریەکانی دەربارەیان یاداشت کردوە.
بۆیە گەشتمە ئەو ئەنجامەی ئەم هەڤاڵە بە ئاگاوە ئەم کارەی کردوە و هەڵە نیە،لەمەبەستەکەشی تێگەشتم کە بەم جۆرەیە:
باوکی ئەم هەڤاڵە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا  یەکێک بوو لە پێشمەرگە لێهاتو و جەربەزەکانی [لقی 10 ی حیزبی شیوعی]،بەهۆی لێهاتوویەوە گەشتە پۆستی جێگری سەرلق.پاشان لە شۆڕشی نوێدا پێگەی شیاوی خۆی لە هێزی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی گرتو یەکێک بوو لەو هاوڕێیانەی زوو پەیویست بەو هێزەوە.
پاش چەند ساڵێک لەگەڵ  هاوڕێیەکی سەرکردەدا دەکەوێتە ناکۆکیەوە و بەزویری حیزبی شیوعی جێدەهێڵێت و دەچێتە لای پارتی. هەڵبژاردنی پارتی بەهۆی خزمایەتی و ناسیاویە بوو لەگەڵ [نادر هەورامی]. لەدەمی ڕاپەڕیندا لە دەڤەری زمناکۆ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیان دەسپێرێ و شەهید دەبێت.ئەوەی بۆ ماوەیەکی کەمیش هاوڕێ نەسرەدینی ناسیبێت  خۆشی ویستوەو بە شەهیدبوونی بەداخ بووە.بەشبە حاڵی خۆم بەبیستنی هەواڵی مەرگی تاسام.
لەدوای ڕاپەڕینەوە کوڕەکانی پەیوەست بوون بە پارتیەوە ،چونکە لەوێ پۆست و پارە مسۆگەر بوو.
لەنێو پارتیدا معادەلەیەک هەیە کەدەڵێت ئەندامان بە چ خێراییەک بەرەوژوور بڕۆن لە پۆستی حیزبی و ئیداریدا ،بە هەمان خێرایی لەمەترسی نزیک دەبنەوە،مەترسی لێپرسینەوە ،چاودێریکردن لەلایەن پاراستنەوە،لادانی لەپۆست،لێسەندنەوەی ئیمتیازات.پشتگوێ خستن و تڕۆکردن،تادەگاتە لەنێوبردن.
بەم هۆیانەوە  دۆخێکی ناسرووشتی لە نێو ئەنداماندا درووست بووە کە حسابی ورد بۆ هەموو جوڵەیەکی خۆیان دەکەن.
جا [ماکوانی کوڕی شەهید نەسرەدین]  یەکێکە لەوانەی حسابی بۆ ئەو مەترسیانە کردوە، هەر لەبەر ئەوەشە لە پەراوێزی وێنە ڕەشوسپیەکانی باوکیدا بە هیچ جۆرێک ئاماژەی بەوە نەداوە کەتایبەتن بە سەردەمی پێشمەرگایەتی [لقی 10 ی حیزبی شیوعی].
لەسەرەتادا هەر هێندەم نووسی بۆی کە من هاوڕێیەکی دێرینی باوکتم و دەمەوێ لەبارەی باوکتەوە گفتووگۆ بکەین. مەخابن وەڵامی نەبوو ،پاشان چەندین جار هەوڵمدا قسەی لەگەڵدا بکەم ،بەڵام هەرجارێک بە پاساوێکی بێمانا خۆی دەربازدەکرد.تا جارێک نووسی بۆم کە چیم هەیە بۆی بنووسم ،ئیدی کەزانی شیوعیم هێندەی تر دوورکەوتەوە،تا جارێک  بێشەرمانە بەپەیامی دەنگی دەڵێ [دەتوانیت لەگەڵ هەورامانی برامدا قسە بکەیت] جێگەی پێکەنینە خۆی جورئەتی موخاتەبەی نەبێت کەسێکی کە پێشنیار بکات لەبری خۆی قسەبکات.
منیش وەڵام دایەوە کە نامەوێت لەگەڵ {وتەبێژەکەت }قسەبکەم.
دەمێک دڵنیابووم کە ناوێرێت قسەم لەگەڵ بکات و خۆی دەدزێتەوە ئیدی بڕیارم دا بەنامەیەکی دەنگی ئەوەی دەمەوێت بۆی بنێرم.
تێیدا ئاماژەم بەوەدا کە باوکت بەهۆی قەناعەتی فیکری نەبووە پارتی ،بەڵکو بەهۆی کێشەی شەخسیەوە وازی لەحیزب هێنا،تا لەژیاندابوو دڵ و هەستی لای حیزب بوو ،بەوەی  یەک دووجار لای هاوڕێ دێرینەکانی ئەمەی درکاندبوو. گووتم کارێکی باشت نەکردوە کە ویستووتە سەردەمێکی جوان لە مێژووی تێکۆشانی باوکت بسڕیتەوە ،بەوەی لەسەر هیچ وێنەیەکیدا ئاماژەت بە ڕابردووی حیزبی وپێشمەرگایەتی نەکردوە.گووتم تۆ ناتوانیت ئەو مێژوە بسڕیتەوە.
ئەم هەڤاڵە لەوەڵامدا دەڵێ [بۆچوونەکانت هەڵەن و هەندێکیان بێڕێزیە.پەروەردەی خانەوادەم و حیزبم بێڕێزی قوبوڵ ناکات بۆیە نەلەجیاتی کەس بیربکەرەوەو نە نەبڕیاربدە]
منیش لەوەڵامدا پرسیم ،لەکوێدا  بێڕێزیم کردوە، دەستنیشانی بکە تا داوای لێبووردن بکەم؟من ڕای خۆم دەربڕیوەو پرسیارم کردوە،فەرموو وەڵامم بدەرەوە،خۆگەر وەڵامت نیە مەسەلەکە بەلاڕێدامەبە.
بەبۆچوونی من تەنها شتێک کە ڕێگربوو لە گفتوگۆی من و [هەڤاڵ ماکوان] ترس بوو ،ترس لەوەی نەکا تەلەفۆنەکەی لەژێر چاودێری پاراستندابێت و پاشان دووچاری لێپرسینەوەو هەڕەشە ببێتەوە بەوەی قسەی لەگەڵ کەسێکی شیوعی کردوە و ڕابردووی باوکی هاتوەتە گۆڕێ.{تەلەفۆنی زۆربەیان لە ژێر چاودێری پاراستندایە}.
دەزانم ئەم ڕستەیەی کۆتایم ئازاری دەروونت دەدات،بەڵام پێویستە ئەو ئازارە بچێژیت، دەڵێم [تۆ کەسێکی ترسنۆکیت]چونکە لە بری گفتوگۆو وەڵامدانەوە منت بلۆک کرد.