وەھمی سەرکردەی حیزب و قەوارەی ھەرێم و دەسەڵاتی بێگانە

Wednesday, 07/07/2021, 7:05

7544 بینراوە


ھیچ کەس لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمدا نییە، قەوارەی ھەرێم و ستمەی سەرکردەی حیزب دوومەسەلەی جوودان.
نموونە :
1. نەتەوەکە شۆڕشی کرد، سەرکردەی حیزب شۆڕشی نەتەوەی ڕمان و ئاشبەتاڵی پێکرد!!.
2. نەتەوەکە ڕاپەڕینی کرد، سەرکردەی حیزب، ڕاپەڕینی نەتەوەی گومڕاکرد و شەڕی کورد بە کوردی کرد.
3. لاوازترین ئەڵقەی نەتەوەکە،  کە مەترسی گەورە و تاکە مەترسیشن، بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان،سەرکردەیەتی حیزبەکانێتی بە ھەموو ڕەنگەکانییەوە، بە تایبەت باشووریی و ڕۆژھەڵاتیی.
4. بە چ دەلیلێک، چارەنووسی ھەرێمی کوردستان دەبەسترێتەوە بە بوون و نە بوونی دوو حیزبی چەکدار  وکۆمەڵێک وردە حیزبی دوکان ئاساوە؟!
بەستنەوەی ئەم ھاوکێشانە پێکەوە، گومڕاکردنی ڕوون بوونەوەی چاوی خەڵک و وشیار بوونەوەی نەتەوەییە وبزوتنەوەی کورد ( نەتەوەکە)، سست دەکەن، ئەگەر لە پەل و پۆشی نەخەن!!. چوونکە ئێستا ئەگەر بۆ گێلترین مرۆڤی کورد بگەڕێیت، کە زمانی دایکی خۆی نازانێ و دوو ڕستەی ماقوڵناتوانێ بۆ نەتەوەکەی، بڵێیتەوە، لە ناو سەرکردەیی حیزب و حوکومەتدا، دەیان نموونە دەدۆزیتەوە. ئەوە ئەرکی خۆمە وەک کوردێک، لەسەر : دڵۆپە خوێنێکی ڕژاو ژنێکی کوژراو ھەناسەساردیی منداڵێکی کوردی بێ بەرگ و ئاو بوونی پۆستاڵی جەندەرمەیەک لەسەر خاکەکەم و... توندترین لێپرسینەوە لە سەرکردەیی حیزبەکان بکەم. بۆ نەتەوەکەمان نەزۆکە :
بە شۆڕشی وێرانکراوییەوە و ڕاپەڕینی لەبار براویەوە، ٨٠ ساڵ چاوەڕوانی، دەستی بنەماڵەگەلێک بکات، تا لەم ھەڵدێرەوە بۆ ئەو ھەڵدێرە و لەم قۆرتەوە بۆ ئەو چاڵەو لەم مەرگەوە بۆ ئەو مەرگەساتەی تری بەرن؟! ئەوەی زیاتر سەرکردەی حیزبەکانی شێت کردووە، ئەو ڕوانین و تێگەیشتنە نوێیەیە، لە بزوتنەوەی سیاسی وھوشیاریی کۆمەڵایەتی و مانای کورد بوون لە وڵاتێکی دابەشکراودا. ئەو خاوەن کارگانەی حیزب، کە ئاغای دەبەنگی بنەماڵەیەک بوون و سنووری  ڕوانینیان، لە دەواری خێڵەکەی خۆیان، تێپەڕی نەکردووە، نایانەوێت، کەسێ پەیدا ببێت، پێیان بڵێ: 
• پاشام بینی ڕووت و قوت بوو!!.
ئایا ھەموو بەھانەکانی ئەم ٨٠ ساڵ مەرگە ھەر ئەو بەھانانەی ئێستا نەبوون؟!  لەبیرتان چوو مامۆستای ڕێبەریی فکریمان (مەسعوود محەمەد) لەو سەرەتا  زووانەی پێکھێنانی دەسەڵاتیکوردیدا وتی:
« ئەگەر کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگایە ھەڵبژێرم، پرسێ بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان پیشان دام،  من ملی ڕێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام ڕاستم ھەڵبژاردووە».
ئێستا بە بەھانە سەرەتاییەکانی ٨٠ ساڵ تێکشکانەوە، ئەم لێکدانەوە گەوھەرینە، لە تەپوتۆزی سەرلێشێواوینەتەوەکەدا، دەگۆڕنەوە بە سیاسەتە ژەنگرتووەکەی، حیزب گەلێکەوە، کە بوونە ھۆی ئەنفال و ھەڵەبجە و کۆبانێ وعەفرین و سنە و سابڵاغ؟!.
مامۆستا باس لە پووچی بنەما دامەزراوەکەی حیزبە گەلێکی فەرمانڕان لە بەشێکی نیشتماندا دەکات، لە بواری:
• سیاسەتی کوردی 
• ڕێوڕەسمی دیبلۆماسی نەتەوەیەکی دابەشکراو 
• ئابوورییەکی لەسەر دەسکەوتی سەرکردەی حیزب بنیاتنراو 
• شێواندنی فەرھەنگی نەتەوەیەکی داگیرکراو. چوونکە ئەو وەک خۆی دەڵێت: 
« من دەفتەری ھەزار ساڵەی كوردم خوێندۆتەوە، نەک ڕوودا و کەسێکی دیاری کراو».
- ئێمە وەک قوتابیانی ئەو فکرە زەریا ئاسایە، دەبوایە، لەوە دووربینتر باینایە، کە خوێندنەوەمان، لە بازنەی حیزبگەلی شێت و وێت، تێپەڕیی کردبایە.
لەو پوختەکراوانەی ئەو بۆی جێ ھێشتووین، دبوو بزووتنی یاسا کۆمەڵایتی و  چالاکییە فکرییەکان و چالاکییە ئابوورییەکانمان دابڕشتایە، ھیچ گرووپ و کەسایەتییەک، نە دەبوایە ببێتە ڕۆگەیەک کە دەرفەتەکانمان لەدەست بدات،  بە بەھانەی پێشینەی سیاسی و کوڕی کێ بوون و ساڵانی تێکۆشانی باوکی و ...ھتد. لە زەمانی دەسەڵاتی کوردیدا، منداڵێك لەدایک بوو، ھەموو قۆناغەکانی ئینسان بوونی بڕی و ئێستا بە تەمەنێکی٣٠ ساڵییەوە، نازانێ کام دەرگایەی ژیان بکوتێ، لە حاڵێکدا ھەموو دەرگاکانی لێ داخراون!!. لە گێژاوی پەیدا کردی قوتی ڕۆژانەیدا، کاسی بیستنی ھەواڵەکانی زامی نوێی نەتەوەکەیی و وەرینی ساڵەکانی تەمەنی و ناکام بوونە بەردەوامەکانێتی و سەرکردەی حیزب و ڕەفتاری ھەشتا ساڵەی حیزبی کوردی، مرۆڤبوون و  ئازادیی مرۆڤبوون و قوتی ڕۆژانەشی، لێ زەوت کردووە .
بەھەمان بەھانەی سەرەتای ٨٠ ساڵ لەمەو بەرەوە، ھەزاران درزی خستۆتە ڕۆح و مێشکییەوە و فڕێی داوەتە ناووەھمی:
• ئەگەر ئێمە نە مێنین، تۆش نامێنی و بێگانە فەرمانت بەسەردا دەکات!!.
چما فەرمانی بێگانە چلۆنە، قوربان؟! 
• بۆ تەماتەیەک دەگەڕێ لەگەڵ خواردنیدا بۆنی خاکی کوردستانی پێ بدات، بەڵام کوا؟!
• لەسەر زەریای نەوتە و لەسەرمان ھەڵدەلەرزێ؟!.
• ھەر ساتەی، بینەری شەھید بوونی کچ و کوڕێکێتی؟!.
• سەری خۆیی و خێزانی ھەڵدەگرێ و لە زەریای غوربەتدا، گۆڕغەریب دەبێ!!.
• ئەو فیشەکەی ھەشتاساڵ لەمەوبەر، بە وەھمی کوردایەتیی کردنەکەی (باپیرە و باوکی تۆوە)، باپیرە و باوکی ئەم دەیاننا بە سنگی دوژمنەوە، ئێستا لە زەمانی 
کوڕەکەتدا، کوڕەکەی ئەوان دەینێ بەسەری خۆیەوە!!.
• چما فەرمانی بێگانە چلۆنە قوربان؟!.
- بوون و نە بوون، مانەوە و نەمانەوەی ھەرێم گرێدراوی بوون و نەبوونی، ھیچ  سەرکردەی حزب و کەس و تیرە وھۆزێک، نییە.
خاکێکە ناوی کوردستانە، ھی نەتەوەیەکە ناوی کوردە، نە دیاریی و پێشکەشیی کەس و بنەماڵەو تیرە و ھۆزێکە بۆکورد، نەیش دەکرێتە دیاری و پێشکەشیی بۆ ھیچ کەس و ھۆزێکی کورد: 
• موڵکی تۆیە و ڕۆحی منە و نیشتمانی ئەو منداڵە کوردەیە وا لە پزدانی دایکیدا.
ئێستا جگە لە سەرکردەی حیزبەکان:
• ھەموو کورد خۆشحاڵ و ھاوبەشەن، كە ھێدی ھێدی دابەشکراویی خاکەکەیان کۆیان دەکاتەوە و لە پێناوی کۆکردنەوەی خاکەکەشیاندا، خەریکی 
خۆ کۆکردنەوەن؟!
• لە ئێستای ئێمەدا، نەتەوە و نیشتمان حەقیقەتە و حیزب و سەرکردەیی  حیزب، وەھمێکی ھەشتا ساڵەیی بەسەر چوون، کە دەبێت چی تر دەست بە داوێنیان نەبین، تا لە ھەڵدێرێکەوە، بۆ ھەڵدێرێکی ترمان نەبنەوە.
• ئێمە شایان بە ژیانێکی ئازاد لە نیشتمانێکی ئازاد داین، کە بەڕێوەبەرایەتییەکی یاسایی، ڕێنمای ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاکەمان بێت.
• ئەوەش بە سەرۆکی خێڵان قووت ناچن، بۆیە ھەر بزووتێکی فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی،  بە خیانەت لەھەرێم ناودەبەن.
• لە حاڵێکدا بۆ ھەشتا ساڵ دەچێت،  خۆیان بوونەتە، چاوساغی پۆستاڵی دوژمن بۆسەر دڵی نەتەوەکەمان!
ڕاستییەک ھەیە دەبێت بیزانین: دیکتاتۆرییەت، لەو کاتەوە دەست پێدەکات، کە خەڵک گوێ بۆ دیکتاتۆردەگرن و پاشان چەپڵە بۆ دیکتاتۆر لێ دەدەن!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە