ئەو کارەى کە حزبێکی خەباتگێڕ بە هەموو پارچەکانییەوە نەیکردووە (ئیسماعیل تەنیا ) کردى.

Tuesday, 17/08/2021, 12:37

2736 بینراوە


لە ڕێگاى ئازادیدا .
ئەو کارەى کە حزبێکی خەباتگێڕ بە هەموو پارچەکانییەوە نەیکردووە (ئیسماعیل تەنیا ) کردى.

مەجید ڕەحمان خۆشناو

کتابى (لە رێگاى ئازادیدا) دوا بەرهەمى برای خۆشەویستم ئیسماعیل تەنیایە ، ٣٩٢لاپەڕەیەلە سالی ٢٠٢١چاپکراوە .
لە ساڵی ١٩٨٠ـ ١٩٨١لەخانەى مامۆستایانى هەولێر لە پۆلی سێیەم بووین ، ئیسماعیل تەنیا لە پۆلى یەکەم وەرگیرا، هەرلەو ساڵە یەک دوو چالاکیمان کرد دیار بوو گەنجێکى بزۆزو بە جوولە بوو، لەوچالاکییانە شیعرى دەخوێندەوە ، لە شیعرەکانى هەستى نیشتمان پەروەرى وکوردایەتى بەدى دەکرا بەڵام نەمدەزانى لە ڕێکخستنەکانی سۆشیالیست کاردەکات . کە لە قوتابخانە تەواو بووین من چوومە دەرەوە من لە ناوچەى رەواندوزى سۆشیالیست  کارم دەکرد لە کاک (سمکۆ ئەنوەرو شەهید مامۆستا سەلاح) م زانى کە ئیسماعیل تەنیا لە رێکخستنەکانى سۆشیالیست کاردەکات ، دەستخۆشى لەبراى بەڕێزم کاک تەنیا دەکەم.
دیارە کۆکردنەوەى ئەو ژیاننامەو مێژووى لە دایک بوونەو کاتو شوێنى شەهید بوونى ئەو ٢٠١ پێشمەرگەیە دواى ماندوو بوونێکى زۆرى نووسەر هاتووە ، چ بە سەردان ، چ بە تلفۆن ومەسیج، چ بە گەران لەپەیجەکان دەست کەوتووە ، چونکە تا ئێستاشى لەگەڵ دابى ئەڕشیفێکى وامان نییە کەبۆ کارێکى وا پشتى پێ ببەستین تەنیا زانیارى زارەکییە ، بۆیە تا ئێستاش لەسەر هەر رووداوێکى مێژوویی سەدان دەمە دەم وچەقە چەقى لێ پەیدا دەبى و ئەگەر سەرکەوتن بێ هەموولایەنێک خۆى بە خاوەنى دەزانى ، ئەگەر شکستیش بوو هەموویان خۆى لێدەشارنەوە .
لە بەرگەکەى نووسراوە بەرگى یەکەم دیارە بەرگى دووەمیشى بەدواوەیە ئەگەر نووسەردەرفەتى بۆ بڕەخسێ . کتابەکە دابەشى سێ بەش کراوە :
بەشى یەکەم  :بە پێی پیتى ئەبجەدى ٢٠١ شەهیدى پۆلین کردووە . 
بەشى دووەم : زۆر بە وردى باسى شەڕی بەناوبانگى ( دەشتێو ، سماقولى، شیرەمەڕ ، ئوردوگای پێمالک) دەکات کەتیایاندا زۆرترین سەرکردەى سۆشیالیست شەهید بووینە . 
بەشی سییەم: وێنەى کۆمەڵێک پێشمەرگە ، کە هەندێک لەشەهیدەکانیشى تێدایە لەگەڵ هەندێک دیکۆمێنتى گرنگ .
شەهیدەکان زۆر بە جوانى ودەست رەنگینى پۆلین کراون ، لە رووى تەمەنەوە، ئاستى خوێندەوارییان ، شوێن وسەنگەرو کاتى شەهید بوونیان ،بارى کۆمەلایەتییان. لە سالى ١٩٧٧ تاساڵی ١٩٩١هەر ساڵەى چەند کەسى تێدا شەهید بووە ، نووسەردەڵێ زۆرترین ژمارەیان لە سالی ١٩٨٣ شەهید بووینە کە گەرمەى شەڕی براکوژى بووە. بەداخەوە پەنجا شەهید لە براکوژى شەهید بووە  ، ١٢٥ لە سەنگەرى بەرگرى ، ٢٢ لەکارى رێکخستن گیراون و شەهید کراون ، ٣شەهیدیش بە شێوەى جیاواز شەهید کراون .
حزبى سۆشیالیست زۆرترین سەرکردەى شەهیدکراوە ، ١٤ ئەندامى سەرکردایەتى و کۆمیتەى ناوەندى  لەناو ئەو ٢٠١ شەهیدەیە ، ١٤ فەرماندەى هەرێم و جێگرى فەرمانە لەو پۆلە شەهیدە هەیە ئەوانى تریش بچوکترین پلەیان فەرماندەى کەرت و جێگر بووە.
چەند خێزانێکى دیارى تێدایە کە خاوەنى  زیاد لە پێنج شەهیدو شەش شەهیدە . 
لەلاپەرە ٣٣٧ دەڵێ : جەوهەر مەولود عەبدوڵلا فیرارى سەربازى بووە لە ساڵی ١٩٨٤ لە گوندەکانى دۆلی بللیسان بە بیانووى کۆنە پێشمەرگەى سۆشیالیست شەهید کراوە ، بەڵام جەوهەر لە ساڵی ١٩٨٣ پاش کشانەوەى هێزەکانى یەکیەتى لە شەڕی بالیسان لەگەڵ خۆیان برد لە دەشتى بێراوە شەهید کرا . 
جارێک و دە جارى تر دەست خۆشى وپیرۆزبایی لە برام کاک ئیسماعیل تەنیا دەکەم ، دەستى ماندووبوونى دەگوشم ، ئەو گەوهەرە بە نرخە بە چەند وشەو وردە سەرنجى من هەلناسەنگێت 
تەنیا خوێندنەوەى خۆم بۆکردووە هیوادارم ئیسماعیل تەنیا لێم وەربگرى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە