نەبونی هەواڵ هەواڵێكی خۆشە

Wednesday, 29/09/2021, 22:17

6117 بینراوە


ئینگلیز ڕستەی جوان دەبێژن كەدەڵێن، ( no news good news)نەبوونی هەواڵ، هەواڵێكی خۆشە.
‎ لەنەبیستنی هەواڵی ئەو هەموو ڕادیۆو تەلەفیزیۆنە حیزبی و سێبەرەكانیان ، بۆ ئێمە دەبێتە هەواڵێكی خۆش.
‎مایەی لەنگی و شەرمەندەییە لەو سەردەمەدا حیزب خۆی پێ سۆشیال دیموكرات بێت ، یاخود خۆی ناو نابێت پارتی دیموكرات، كەچی هەریەكەو دەیان ڕاگەیاندنی حیزبی و بەرسێبەری هەبێت. كەهەریەكەو سەر بەباڵێكی نێو حیزبەكەو بەرپرسێكی دەست ڕۆیشت و سەرمایەدارە.
‎بزوێنەری ڕاگەیاندنی حیزبی، كەبەقوتی خەڵك و پارەی بیرە نەوتەكان دوكەڵەی بێزاركەر دەردەهاوێ، هیچ بەهانەو مانەیەكی نیە كەبۆلەمەو دوا بەردەوام بن لەنیشاندانی ڕووی دزێوی دەسەڵات بەمێكاج كراوی.  ئەمڕۆ لەوسەردەمی پێشەكەوتنی تەكنەلۆجیادا بەهۆی تۆڕی ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەكەكەی ناو لەپی دەستت دەزانی لەوپەڕی گۆی زەوی چی دەگوزەرێ و چی ڕوو دەدات، نەخوازە لەگەڕەك و شارو شارۆچكەكەت.
‎هیچ بەهانەیەك نیە كەحیزبی كوردی بەردەوام بێت لەبەهەدەردانی سەروەت و سامانی میللەت، لەبەڕێوەبردنی ئەو هەموو دەزگا بێ كەڵكانەی ڕاگەیاندن، لەشارو شارۆچكەكان هەرێم. 
‎لەووڵاتانی پێگەیشتوو تێگەیشتوو، جگە لەدەزگایەكی راگەیاندنی  نیشتیمانی، هیچ حیزب و دەسەڵاتدارێك، خاوەنی ڕاگەیاندن  و دەزاگای مێدیای نیە.
‎جگە لەكەناڵە بێ لایەن و سەبەخۆكان، كەدەبێ خۆیان سەرچاوەی دەهات بەدەست بخەن، لەپرۆگرام و پڕوپاگەندە بازرگانیەكان، یاخود وەرگرتنی كرێی مۆڵەتی سەیركردن، لەلایەن ئەو كەناڵانەی خەڵك ئارەزوویان دەكات.
‎ئەوانەی ڕۆژێك سەیری ڕاگەیاندنە پڕۆفیشناڵەكانی دەرەوەی ووڵاتیان كربێ، هەرگیز نایبینی هەواڵی  قیڕكردنی شەقامێك و چاككردنەوەی بۆڕیەكی شكاو، سەردانی بەرپرسێكی حیزبی بۆ گەڕەك و شارێك، ببێتە هەواڵ و مانشێتی ڕاگەیاندن.
‎لەو هەرێمۆچكەی باشور كەهێشتا سنوری نەزاندراوە، حیزب نەك بە یەك ڕاگەیاندنی نوسراو بیندراو ی تێر ناخوا، بەڵكو خاوەنی دەیان ڕاگەیاندنی  بێ كەڵكە، كۆبۆتە شوێنی  كەسانی مشەخۆرو بێ ئیش.
‎حیزب ڕاگەیاندنی فەرمی و سێبەری كردۆتە ڕێگایەك، كەهەرچی خۆی بەباش و خراپی بزانێ تێیدا بەگەڕی دەخات.
‎ڕاگەیاندنی سێبەرو حیزبی هەیە، كەنزیكەی هێندەی وەزارەتێك  پارەی تێدا خەرج دەكرێ،  لەكاتێكدا نەبونی سودی زیاترە وەك لەبەهەدەردانی پارەو قوتی خەڵكی تێیدا. 
‎ئەگەر تەنها لەپێنج ووڵاتی ئەوروپی یاخود دەرەوە دە كارمەند  كاری بۆبكەن، جگەلەوانەی ناوخۆ، دەبێ ئەو دەكارمەندە  لانی كەم هەریەكەی ڕۆژی سەد دۆلارێك  موچەو دەهاتی دەست بكەوێت لەكەناڵ و دەزگایە، جگە لەتێچوی  كارەكانیان، خۆئەوەی لەدەرەوە ژیابێ دەزانێ  تێچوی ژیان و كاروبارەكان چۆنە.
‎ئەوا ئەو دە كارمەندە مانگانە  لانی كەم سێ چوار دەفتەر دۆلاریان خەرجیە،
‎ئەگەر سەردەمانێك گرینگی و ڕۆڵیان هەبووبێت، ئەوا
‎ لەدوای  ساڵی وەو٢٠٠٣ نەمانی ڕژێمی بەعس، هیچ بەهانەیەك نەماوە بۆ بەفیڕۆدانی سامانی میللەت لەڕاگەیاندنی حیزبی.
‎ ڕاگەیاندنی  سێبەرو حیزب، چونكە بەپارەی دزراو  دەنەڕێنێ، لەناوجەرگەی پایتەخت خەڵك و ئاو و كارەباو پێداویستی سەرەتای دەست ناكەوێت نایكاتە هەواڵ و، ڕاپۆرتێكی مەیدانی لەسەر بكات، بەڵكو  پەیامنێرە گیرفان پڕەكانیان لە گوانتانامۆ و دارستانەكانی ئەمەزۆنەوە ڕاپۆرت دەكەن، كەهیچ سەرداوێكی ئەو شوێنانە بەمیللەتی كوردەوە گرێ نەدراوە. 
‎یان لەوەش كارەستبارتر دێن، كەسانی هەژارو كەم دەرامەت دەخەنە گۆشەیەكەوە، تا بپاڕێتەوە لەسەر شاشەكانیان، گوایە خەڵك هاوكاریان بكەن، لەكاتێكدا هەر ئەو ڕاگەیاندنەو ئەو حیزبەی لەپشتیەوەیەتی، قوتی ئەو كەسە كەم دەرامەت و بێ دەرەتانانەی  دزیوەو خۆڵی پێدەكەنە چاوی بینەرەوە.
‎ ئیدی كاتی ئەوە هاتوە تەواوی ڕاگەیاندنە حیزبی و سێبەرەكان، دابخرێن. ئەو سەروەت و سامانەی لەوانە بەفیڕۆ دەدرێ، بخرێتە خزمەتی بواری تەندروستی و خوێندنەوە.
‎بائیدی دەست هەڵبگرن لەدابەشكردنی كۆمەڵگاو، لێ گەڕێن با ڕاگەیاندنی نیشتیمانی و  ئازادو سەربەخۆ دروست بێت و، ببێتە  گۆڕەپانی نوسین و داهێنان، تێیدا دەنگ و ڕەنگی هەموو چینەكانی كۆمەڵگا لەخۆ بگرێ
‎ بۆیە نەبونی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبیی و سێبەر، بۆ خەڵك هەواڵێكی خۆشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە