بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردن و کاندید!

Sunday, 03/10/2021, 1:55

6426 بینراوە


بزوتنەوەی گۆڕان لەوەتەی بەشدارە لە حکومەتی بنکە فرەواندا، ساڵ لە دوای ساڵدا لە پاشەکشەیە. ئەم ڕاستییە لە گۆڕەپانی سیاسیی بەغداد، هەرێم و لەسەر ئاستی شەقامدا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە. ئەزموونی بەشداریی کردنی گۆڕان لە دەسەڵات، ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو بوو، بزوتنەوەی گۆڕانی گۆڕی بە بزوتنەوەی دۆڕان، بۆیە ئەو جارە دەبوایە سەرانی ئەو بزوتنەوەیە لە بەرژەوەندیی خۆیان ببوریایە، لێپرسراوانە ددانیان بە هەڵەی خۆیان هێنابا و بە خەڵکیان ڕابگەیەندبا، کە ئەوان دوای خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ ئەزموونی سەرنەکەوتووی پر لە شەرمەزاری ڕابردوویان، ئیتر بڕیاری ئەوە دەدەن ببن بە ئۆپۆزسیۆن، یەکەم هەناگاویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ئەو جارە کاندیدیان نابێت بۆ پەرلەمانی عیراق. 
ڕەنگە بیانووی سەرانی گۆڕان بۆ لایەنگران و هەوادارانی نەوشێروان مستەفا ئەوە بێت بڵێن، بەشداریی کردنیان لە دەسەڵات و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی لە زەمانی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بووە، ئیتر ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر هەمان ڕێباز، کە نەوشێروان مستەفا بڕیاری لەسەر داوە. بێگومان ئەوە خۆدزینەوەیە لە واقیعی ئەمڕۆدا کە وەک دوێنی نەماوە، خۆدزینەوەیە لە وەرگرتنی هەڵوێستی بوێرانە و نایەنەوێت ژیانی شاهانەیان لە گردی زەرگەتە لێ تێکچێت، ئەوانەی پۆستی وەزیر و ئەو بابەتانەیان وەرگرتووە، نایانەوێت پۆست و مووچەکانیان لە دەست بچێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، کۆمەڵێک ئینتیهازی دی، لەنێو ئەو بزوتنەوەیەدا ئێستا مرغیان لە وەرگرتنی پۆستی باڵا خۆش کردوە، لەگەڵ ڕۆژگاریشدا وەک ئەوانی دی دەچنە ژێر باڵی ماڵی بارزانی یان مووچەی خانەنیشینی بە پلەی باڵا مسۆگەر دەکەن و ئینجا کونجی قەناعت دەگرن.
 کاتێک کە ئۆجەلان ڕفێنرا و خرا زیندانی تەنیای تورکیا، ئیتر سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بڕیاریاندا دەست لە چەک هەڵنەگرن، قەندیل چۆڵ نەکەن، نەهێڵن ڕۆژێک بە ئارامی لە پەرلەمانی تورکییادا ڕەت بێت، خۆ ئەوانیش ئەگەر خۆیان بۆ پارە بفڕۆشتبا، دەیانتوانی ئێوە ئاسا ژیانی شاهانە لە شارەکانی تورکیا یان ئەوروپا ببەنە سەر و دەنگی ناڕەزایی شەقامی باکوور خامۆش بکەن، بەڵام نەیانکرد، لەبەرئەوەی بوێر بوون، بۆ پارە و پۆست لاواز نەبوون، نەیانویست لە مێژوودا نەفرەت بکرێن، خەڵکیان لەسەر ڕۆحی شۆڕشگیری و بەرەنگاری بوونەوە سارد نەکردەوە، دوو نەوە دوای زیندانی کردنی ئۆجەلان، ئەوان هەر لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێری خۆیان بێ ئۆمێد نەبوون. لەو کاتەوە بە هەزاران جار ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین سوپای دنیا بوونەوە کە سوپای تورکیا و میلیشیاکانین، بەڵام ئێوە ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوەی خەڵکی ناڕەزای باشوورتان تیڕۆر کرد، خەڵکاتان سارد کردەوە، لەژێر دروشمی خەباتی مەدەنییدا لە وڵاتی میلیشیاکاندا، قات و ڕێشمەتان بەست و بوونە یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی ڕاگرتنی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان و نەتانوێرا دەست بۆ بەرچێغێکیش ببەن.  
لەسەر ئاستی خوارەوەی ئەو بزوتنەوەیەدا، ڕەنگە هەندێک مابن کە سۆز بەسەریاندا زاڵ بێت، سادە و دڵسۆزن بن، هێشتا هیوایەک لە سەرانی ئەو بزوتنەوەیە بەدی بکەن، بە درۆودەلەساکانیان بڕوا بکەن،  بەڵام لەسەر ئاستی سەرەوە و کادیری ناوەندی ئەو حزبەدا، کەسێک نەماوە دەرک بەو ڕاستییە نەکات، کە ئەم بزوتنەوەیە ئەرکی خۆی بە دڵسۆزییەوە بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی جێبەجێ کرد، گەورەترین لێدان کە دەنگی ناڕەزایی شەقامی باشووری کوردستان بەخۆیەوە دیتی بە دەستی سەرانی ئەو بزوتنەوەیە بوو، هەروها هەمووشیان دەزانن کە ئەوان لەنێو حکومەتی هەرێمدا دەسەڵاتدارێکی بێ دەسەڵاتن، ناتوانن نەگۆرانکاری لە سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم بکەن نە قسەشیان دەخوات،  وێرای ئەوەش ئەم توێژەی نێو ئەو حزبە، ئەوەندە هەلپەرستن، بۆ پۆست و پارە کێچ کەوتۆتە کەوڵیان، بۆیە ئەوانەی ئەمڕۆ کە لەو بزوتنەوە ئیفلیج بووە، خۆیان کاندید کردوە بۆ پارە و پۆست نەبێت بۆ هیچی دیکە نییە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە