هەڵبژاردن بۆ ئێوە نامۆ نییە، مەگەر خۆتانی لێ گێل بکەن!

Wednesday, 10.06.2021, 7:41

2455 بینراوە


لە باشووری کوردستاندا نەوەی تازە نامۆیە بە ئەزموونی شاخ و پێشمەرگایەتی. نەوەی شاخیش نامۆ بوون بە بەشێک لە ڕاستییەکانی ئەزموونی شاخ و پێشمەرگایەتی، بەڵام ئێستا هەردووک نەوە نامۆ نین بە ئەزموونی دوای شاخ و پێشمەرگایەتی. چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتی سەرانی ینک و پدک، دەرەتانی ئەوەی دا، کە هەموو شتێک وەک ڕۆژی ڕووناک بۆ هەردوو نەوە دەربکەوێت.
لە قۆناغی شاخدا، سەرانی پارتی و یەکێتی هەر ئەو کەس و ئەقڵیەتانە بوون کە ئەمڕۆ هەن و خەڵک دەیاناسێت، بەڵام لەبەر دۆخی دژواری پێشمەرگایەتی و سەرقاڵی هێزی پێشمەرگە بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕژێمەکانی بەغداد، دووری ناوچەکان و ڕێگەی قاچاغ و نەبوونی ئامرازی گواستنەوە لەلایەک، لەلایەکی دی نەبوونی میدیای سەربەخۆ لە شاخ، دابڕان لە میدیای دنیا، لەو سەروبەندەدا هێزی پێشمەرگە ئەو کات لەنزیکەوە ئاگاداری جموجۆڵ، هەڵسوکەوت، جۆری کارکردن، ئەجێندا و مەرامی سەرانی پارتەکان، باری ئابوورییان و جاشایەتییان بۆ دەزگە هەواڵگریەکانی ئیران و سوریا و عیراق نەبوو. 
لە هەمان قۆناغدا، کۆمەڵگەی باشووریش جگە لە نەخوێندەواری، نزمی ئاستی ڕۆشەنبیری، بەهۆی فشاری دەسەڵاتدارانی بەغداد، زوڵم و زۆر و داگیرکاری و قڕکردن لە جوڵانەوەی شاخ دابڕابوون،  لە نزیکەوە سەرانی پارتی و یەکێتییان نەدەناسی، نەیاندەزانی لە شاخەکاندا  جگە لە بوونی فایلدارەکان، چۆن ئەمان ببوون بە مەقاشی دەستی دەزگەی هەواڵگریی سوری و ئیرانی و عیراقی، چۆن بۆ پلان و ئەجێندای ئەو دەزگەیانە پرسی نەتەوەیەکی ژێر دەستیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنا، کە هەرگیز ئاکامی لەباری نەبوو بۆ پرسی ڕەوای میللەتێکی چەوساوە.
لە قۆناغی شاخدا توێژێکی کەم لە هێزی پێشمەرگە ئاگاداری ڕاستییەکان بوون، کە ئەوانیش ئەندامانی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی، لێپرسراوی مەڵبەندەکان، هەندێک لە سەرتیپ و ئامر هێزەکان و ڕادیۆ و میدیای هەردووکیان بوون.  بێگومان لەنێو ئەو توێژەدا دەنگی ناڕەزا هەبوو، بەڵام وەک ئێستا ئەو کاتیش زۆربەیان بە پارە کڕابوون، چاویان لە ڕاستییەکان دەپۆشی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانییان و گیرفان پڕکردن، نەیاندەویست لە دەمی ئەوانەوە ئەو ڕاستییانە بەرگوێی هێزی پێشمەرگە بکەوێت و دڵی جەلال تاڵەبانی و ماڵی بارزانیان لێ بڕەنجێت.
لە هەمان قۆناغدا، جگە لە هەندێک لە ڕۆشەنبیران و  لێپرسراوانی ڕێکخستنە نهێنیەکانی نێو شارەکان نەبێت، کە دەرکییان بە ڕاستییەکان کرد بوو، لەوە بترازێت گشت ئەندامان و لایەنگرانی هەردوولا لەنێو شارەکاندا متمانەی کوێرانەیان بە سەرانی ئەو پارتانە بەخشی بوو، هیوا و ئاواتی سیاسیان لە سەرکەوتنی ئەواندا دەدیت. 
ئەو کات بە پێچەوانەوە، سەرانی پارتی و یەکێتی، زۆر چاک لە ناخی تاکی پێشمەرگە،  باری ئابوورییان، جۆری بیرکردنەوە و بڕواکانیان تێگەیشتبوون، لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەکرد و یارییان بە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتییان دەکرد. ئەوان هەر کاتێک پێویستیان بوایە، هێزی پێشمەرگە بدەن بەگژ لایەکدا یان لە شەڕیان بئاڵێنن، کۆیان دەکردنەوە، وتاریان بە وشەی قەبە و دروشمی بریقەداری نیشتمانیی و نەتەوەیی و چینایەتی دەڕازاندەوە بۆ ئەوەی ڕۆحی بەرەنگاریی لای هێزی پێشمەرگە پتەوتر بکەن بۆ هێڕش بردن. ئەو کات هێزی پێشمەرگە بێ ئاگا بوون لەوەی کە، ئایا سەرانی پارتی و یەکێتی فەرمانیان لە دەزگەی هەواڵگری کام وڵات پێ دراوە، بۆ ئەجێندای کام لەو وڵاتانە ئەوان هاندەدەن و لە شەڕ و گێجەڵیان دەئاڵێنن. 
سەرانی ینک و پدک، ئەو کات خەیانەتیان هەتا لە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەکان دەکرد، بابەتی وتارەکانیان بێنیوەڕۆک بوو، بەڵام پڕ بوون لە بەڵینی سیاسی بریقەدار،  پێداگرتن لە دڵسۆزی بۆ خوێنی شەهیدان، تەکاندان بە جوڵانەوەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان و ڕزگار کردنی کوردستان و دەیان دروشمی قەبەی دی کە دەبووە جێگە سەرنجی هێزی پێشمەرگە و میللەت.
 ئەگەر ئەمڕۆ هەرکەسێک ئەو ئەرشیفەی دەستبکەوێت، گوێ لەو وتارانە بگرێت، کە لە قۆناغی شاخدا پێشکەشی هێزی پێشمەرگەیان کردووە، بۆی دەردەکەوێت کە ئەمانە چەندێک چروک بوون، لە وتارەکانیاندا هەژماریان بۆ وشە، گفت و بەڵێنەکانیشیان نەکردوە کە دەچێتە نێو مێژوو، لەدواڕۆژدا ئەگەر هەر کەسێک گوێ لەو وتارانەیان بگرێت لە تفونەعلەت بترازێت هیچی دییان بۆ نانێرێت. ئەوان هیچ کاتێک لەوە نەگەیشتبوون کە وتاری کەسانێک کە سەرکردایەتی شۆڕشی میللەتێک بکەن، لە مێژوودا چەندێک گرنگە و وەک بەڵگە چۆن دەمێنێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو و چەندێک کاردانەوەی بنەڕەتی دەبێت لەسەر ڕووداوە مێژوویەکان و ڕۆحیەتی هێزی پێشمەرگە، بۆیە دەبینین ئەو کات لە وتارەکانیان بە ئارەزووی خۆیان وشەیان ڕیز کردوە، بەبێ ئەوەی هەست بەوە بکەن کە دەربڕینی هەر وشەیەک لێپرسراوەتی تایبەتی مێژووی دەخاتە ئەستۆیان و لە ئایندەدا دەبێت بە ماڵ بەسەریاندا، خەڵک بەراورد دەکات لەنێوان گوتەکانی دوێنێ و هەڵسوکەوتی ئەمڕۆیان، ئینجا بۆیان دەردەکەوێت کە ئەمانە چەندێک ناپاک و درۆزن بوونە. 
نووسەری ناوداری میسری"عەبدولرەحمان ئەلشەرقاوی" کە لەسەرەتایی ژیانیدا بە مارکسی ناسراو بوو، دواتر لە نووسینی مێژووی ئیسلامیی و  بواری شانۆی شیعری سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێنا. ئەو تەنیا نووسەرێک بوو، نەک ڕێبەری شۆڕشی میللەتێک، ئەوجاش تەختەی شانۆی میسری تەرخان کردبوو بۆ پەروەردە کردنی زۆرینەی سادە و شەقامی میسری.
 شەرقاوی لە " شانۆگەری سائرو ئەڵا"دا، کە دەربارەی "ئیمام حوسێنە"، لە گفتوگۆیەکی نێوان "حوسێن و وەلید" ی نوێنەری زەیدی کوڕی معاویەدا کە ئەو کات لەسەر دەسەڵات و خەلافەت گرفتیان دەبێت، باسی گرنگی وشە دەکات و گفتوگۆی نێوان ئەو دوانە بەم جۆرە داڕشتنە ئەدەبیە بە زیندووی پێشکەش بە بینەرانی شانۆ دەکات. 
وەلیدی نوێنەری معاویە زۆرزان دەبێت، دەیەوێت بە قسەی خۆش ئیمام حوسێن هەڵخەڵەتێنێ و دەڵێت: "بەیعە" تەنیا وشەیەکە، ئەگەر تۆ بۆ یەزیدی کوڕی معاویە دەریببڕیت، هیچت لێ کەم نابێت، کوڕی چاکبە و ناوی خوای لێبێنە و وشەی  "بەیعە" بۆ یەزید بەکاربهێنە، با تۆش و ئێمەش لەو گرفتە ڕزگارمان بێت. حوسێن لە وەڵامدا دەڵێت:
"أتعرف ما معنى الكلمة؟ مفتاح الجنة في كلمة، دخول النار على كلمه، وقضاء الله هو كلمه، الكلمة لو تعرف حرمه زاد مزخور ... الكلمة نور .. وبعض الكلمات قبور و بعض الكلمات قلاع شامخة يعتصم بها النبل البشري، الكلمة فرقان بين نبي وبغي، بالكلمة تنكشف الغمة الكلمة نور و دليل، تتبعه الأمة . عيسى ما كان سوى كلمة، أضاء الدنيا بالكلمات، وعلمها للصيادين فساروا يهدون العالم . الكلمة زلزلت الظالم، الكلمة حصن الحرية، إن الكلمة مسؤولية، إن الرجل هو كلمة، شرف الله هو الكلمة". 
  ئایا لە مانای وشە تێگەیشتویت؟ کلیلی بەهەشت بە وشەیەکە، چوونە نێو ئاگر لەبەر وشەیەکە، دادگایی خودا بە وشەیەکە، پیاو کە لە وشە گەیشت جێگەی شانازیی ژنەکەی دەبێت، وشە ڕووناکیە، هێندێک وشە گۆڕستانە، هەندێکی دی لوتکەی بەرزی بەهای مرۆڤایەتیە، پێغەمبەر و فاسق بە وشەیک لێک جیادەکرێنەوە، بە وشەیەک ئاسۆی ڕوون ئاشکرا دەبێت، وشەیە دەبێت بە دەلیلی ئومەتێک، عیسا تەنیا وشەیەک بوو، بە وشە جیهانی ڕووناک کرد، ڕاوکەڕەکانی فێرە ڕێبەرایەتی دنیا کرد، وشە بۆ زاڵمان بومەلەرزەیە، وشە قەڵای ئازادیە، وشە لێپرسراوەتییە، پیاو وشەیەکە، شەرەفی خواش هەر وشەیەکە".  (عبدولرەحمان ئەلشەرقاوی)
ئەگەر جاران بیانو ئەوە بووبێت کە شتەکان ژێربەژێر، لەو دیوی سنوور، لە کونە ئەشکەوتەکاندا، دوور لە چاوی کۆمەڵگە و هێزی پێشمەرگە پلانی بۆ دادەنرا، بەڵام ئێستا ئەو بیانووە نەماوە. چارەکە سەدەیەکە کە هێزی پێشمەرگەی ئەمڕۆ وەک ڕۆژی ڕووناک لای عەیانە کە ئەوان بۆ ئەجێندای کام وڵات بەکاردەهێنرێن، خێروبەرەکەتی ئەو وڵاتە بەناڕەوا دەچێتە بەرکی کێ! 
چارەکە سەدەیەکە هەموو ئەوانەی لە قۆناغی شاخدا شۆڕشگێر بوون، هەنووکە سەریان کزکردووە و بەبەرچاویانەوە حزبەکەیان بە بنەماڵە دەکرێت، کراوە بە میرات، میراتگر کوڕ و ماڵەخەزورانی سەرانی پارتی و یەکێتین، حزبەکەیان کردوە بە کەلاکێکی بۆگەن، کە بە هەزاران کەسی نەشیاو، بەرژەوەندیپەرست، سەڕۆک جاش، سیخور، ئەنفالچی، فایلدار، مشەخۆر، ڕاڕا و بەدڕەوشت وەک مێشومەگەز لێی ئاڵاون و کردویانە بە ئامرازێک بۆ پارە پەیداکردن و بەرهەمی خوێنی کوڕی هەژاری ئەو میللەتە ئەوان دەیخۆن.
 چارەکە سەدەیەکە کۆمەڵگەی باشوور بە هەموو چین و توێژێکیەوە، لەگەڵ دڕۆیەکانی سەرانی پارتی و یەکێتی ژیان بەسەر دەبەن، چارەکە سەدەیەکە هەموو شتێک بە ئاشکرا بەبەر چاوی ئەو کۆمەڵگەیە ڕوودەدات، بگرە لە گەندەڵی و دزی و بێڕەوشتی  تا دەگات بە بەڵێن و درۆیەکانی پێش هەڵبژاردن، ساختەکاری لە سندوقی دەنگدان و ئامانجی هەڵبژاردنە نەزۆکەکان.  چارەکە سەدەیەکە ئەو کۆمەڵگەیە لە نزیکەوە سەرانی پارتی و یەکێتی و کوڕ و برازاکانی تاڵەبانی و بارزانی دەناسێت و دەزانێت ئەوانەی بەشدارن لە حکومەتی بنەکە فرەواندا بە تاک و بە کۆمەڵ بوونەتە کۆڵەکەی هەڵگرتنی ئەو جۆرە سیستەمە حوکمڕانیەی باشوور.  چارەکە سەدەیەکە ئەو کۆمەڵگەیە بەرامبەر کامیرای میدیا درۆزنەکان فرمێسک دەبارێنێت. بۆیە ئەو کۆمەڵگەیە ئەگەر خۆی لێ گێل نەکات، ئیتر پێویستی بە ڕێنمای توژێکی خاوەن هەڵوێست یان ڕۆشەنبیر نەماوە، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ببینێت،  بۆیان پەردە لەسەر نهێنیەکان لابدات و پێیان ڕابگەیەنێت کە، ئەو هەڵبژاردنەش وەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نەزۆکە و هیچ گۆرانکاریەک لە دۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی باشوور ناکات!

تێبینی:

پارچە نووسینەکەی عەبدولرەحمان ئەلشەرقاوی، بە زمانی عەرەبی زۆر بەهێز هۆنراوەتەوە و شکۆیەکی تایبەتی هەیە، بۆیە لە کاتی وەرگێرانی بۆ کوردی وەک عەرەبیەکە نامێنێت، بەڵام بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی زمانی عەرەبیان لاوازە ئەو پارچە نووسینەم وەرگێراوەتە زمانی کوردی تەنیا بۆ ئەو وتارە.