کاتێ موسڵمان لە دەست ئیسلام ڕادەکات

Thursday, 14/10/2021, 18:26

2734 بینراوە


کاتێ موسڵمان لە دەست ئیسلام ڕادەکات
لە چەرخێکی زۆر سەیروسەمەرە دەژێێن کاتێ هەموو شتەکان، ڕووداوەکان، دیاردەکان و بانگەشەکان بوونەتە پێکهاتەیەکی پڕ لە دژگەری و گێژاوە و نابەجێیی. دەگوترێ ئێستاکانە دنیا بووەتە دێیەکی بچووک، بەڵام ئەم بۆچوونە یاخود ئەم دەستەواژەیە لە ئەفسانەیەکی شڕمبڕم بەولاوە شتێکی تر نییە. کاتێ کە ئینتەرنێت کۆمەڵگاکان دەبەستێتەوە بە یەکەوە، ئەمە واتای ئەوە نییە کە دنیا بچووکبووەتەوە و بووەتە یەک یەکە. جیاوازییەکان لە نێوان نەتەوکان و گەلەکان و دەوڵەتەکان و کۆمەڵگاکان ئەوندە گەورە و مەزنن، ناشێ و نابێ و ناگونجێ باسی دنیا بکەین وەک دێیەکی بچووک. تەنها تەماشای جیهانی ئیسلام و جیانی دەروەی بکەی، ئەوسا ئەم ڕاستییەت بۆ دەردەکەوێ وەکوو هەتاوی هاوینی خاوەن ئاسمانی بێهەور!
ئەگەر دنیا دێیەکی بچووک بووایە خەڵکەکە ڕاینەدکرد و کۆچی نەدەکرد و هەزارەها کیلۆمەتری نەدەبڕی بۆ ئەوەی بگاتە وڵاتێکی خاوەن سەقامگیری و ئاسوودەیی و پێشکەوتن. 
نووسینی ئەم بابەتە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیمەنانەی کە لەسەر شاشەی تێڤێکانەوە بینیمان لە کابووڵی پایتەختی ئەفگانستانی ئاخڕشەڕ! فرۆکەی جەنگی ئەمریکی دەیویست بفڕێ و دەربازبێ لەوێندەری، کەچی سەتەها ئەفگانی موسڵمان یان خۆیان هەڵدەکوتییە سەر فرۆکەکە یان لەگەڵیا ڕایان دەکرد بەشکەم بتوانن سواربن! ئەم دیمەنە باوەڕناکەم بوونی هەبووبێ لە مێژوودا مەگەر لە ڤییتنام بەڵام ئەوسا هەر خودی ئەمریکییەکان بوون هەوڵی ڕاکردنیان دەدا لەدەس چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کە داگیریان کردبوو. 
ئەفگانییەکان رایاندەکرد لەدەس تالیبان. هەر دوولا موسڵمانن کەچی ڕادەکەن لە دەس یەکتر!
دەبێژن گوایە تالیبان توندڕەون و دوواکەوتوون و کۆنەپەرستن. تەنانەت زۆربەی موسڵامانانی ئاسایی دەبێژن ئەمانە دوورن لە ئیسلامی ڕاستینە! ئەمە لە کاتێکدا ئەم دەستەیە ئیسلامیان خوێندووە لە پاکستان و هەمووەیان باش لە ئیسلام تێگەیشتوون. ئەمان لەسەر بنەمای قورئان و سوونەتی پێغەمەبەر دەڕۆن و دەیکەنە کۆڵەکەی دروستکردنی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا! بە هیچ شێوەیەک لایاننەداوە و لاشنادەن لە پەیرەوی ئیسلام. 
بۆ نممونە ئەمان مووزیک ناقانوونییە لایەن چونکە حەرامە بەپێێ ئیسلام. لە فەرموودەیەکی پێغەمبەر ئەم دەستەواژەیە هاتووە: "الجرس مزامير الشيطان"، واتا زەنگوڵە بلوێری شەیتانە. زەنگوڵەش بێگومان هێمایە بۆ هەموو دەنگێکی مووزیکی. هەروەها فەرموودەیەکی تر هەیە کە ئەمەیە: "من أشراط الساعة كثرة المعازف"، واتا یەکێ لە نیشانەکانی ڕۆژی دووایی زۆربوونی مووزیک و کەرەستەکانیەتی. دەها بؤچی گلەیی بکرێت لە تالیبان؟! 
هەروەها ڕۆیشتنی خانمان بۆ فێرگە لە ئیسلامدا نییە و حەرامە. مێژووی ئیسلام لە کاتی پێغەمبەروە تاکوو نەمانی دەوڵەتی عوسمانی ژنان خوێندنیان پەیرەو نەکردووە و دووربوونە لێی. پاشان دەتوانین بێژین لە چلەکانی سەدەی ڕابووردووەوە خانمان چوونە فێرگەکان ئەویش لەسایەی کاریگەریی جیهانی دەروەی ئیسلام! دەها ڕەخنە بۆ دەگرن لە تالیبان کاتێ بەبێ کەموکوڕی پەیرەوی فەرمانەکانی دین دەکەن؟

کێشەی موسڵمانانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە تووشی شپرزەییی ئەقڵی و هزری و دەروونی بوونە. لە لایەکەوە نووساون بە دینەوە، لە لایەکی تریشەوە دەیانوێ بیروباوەڕی هاوچەرخ پەسەندکەن هەرچەندە ئەم دوو شێوازەبیرە دوورن لەیەکتر و هاوسەنگییان نییە.
کێشەی سەرەکی دین بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی ئەوەیە کە هزرێکی نەگۆڕە چونکە پەیوەستە بە خودای بەدیهێنەری گەردوون و بۆیە هزرێکی پیرۆزە و نابێ و ناشێ و نابەجێیە دەستکاریکرێت. بەڵام موسڵمان کەوتووەتە نێو گێژاوەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە و ناتوانێ خۆی ڕزگارکات و ناوێرێ بگوڕێ. هاوکاتیش ڕادەکات کاتێک دەوڵەتێکی ئیسلامی لەبەرچاوی بنیات دەکرێت و دەیەوێ کۆچکات لە دەستی!
هەمان دیاردەمان بینی لە میسر بەڵام بە شێوازێکی تر و وردەکارییەکی جیاواز لە ئەفگانستان. کاتێ کە برایانی موسڵمان واتا "الاخوان المسلمون" حکوومەتیان بونیاتنا و ویستییان هەنگاهەنگاو بەرەو دەوڵەتی ئیسلامی بکشێن، نیوەی زیار لە میسرییەکان بەگژیانا چوون. دەتبینی خانمێکی سەرپۆشداری دیندار لەسەر شەقام ڕەخنەی لێێان دەگرت و دژایەتیی خۆی دەردەبڕی دژی ئەوەی کە میسر ببێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی! ئەوەبوو خۆپێشاندان کرا دژی سەرکۆمار و ڕژێمەکەی کە بووە هۆی بەرپاکردنی کودەتای سەربازی و میسر گەڕایەوە کاتی موبارەک بەڵام بە سەرۆکایەتیی ئەفسەرێکی تر.
ئەمەیە سەرلێشاوان و تێکشکاویی هزر و بۆچوون و هەڵوێست و تێڕامان و بیروباوەر. ئەگینا چۆن دەبێ موسڵمانبیت و هاوکات دژی دەوڵەتی دینی بیت واتا دژی دەوڵەتی ئیسلام بیت؟! ئیسلام لە سەرەتاوە دین و دەوڵەت بووە و جیاکردنەوەیان یەک واتای هەیە: نەمانی خودی ئیسلام. واتا ئیسلام وەک بیروباوەر و چێوە بۆ دەوڵەت و کۆمەڵگا و تاکەکەکانی. بەڵام بێگومان ئەگەر باسی ئیسلام بکەین وەک پەرستن، ئەوسا نوێژ و ڕۆژوو هەروەها حەجکردن، ئەمانە هەر دەمێننەوە و دەبنە بنەمای پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خودا یاخود نێوان مرۆڤێک و ئەو خودایەی کە خۆی بڕوای پێیەتی. ئەمیش دیاردەیەکی سروشتییە و لە هەموو گۆشەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیە و پەیڕەو دەکرێت.
بەڵام ئەمەی گوترا ئێستا پەسەندناکرێت لەلایەن ئیسلامەوە وەکوو دین هەروەها لەلایەن پیاوانی دینەوە بە گشتی جگە لە خودی دەوڵەتەکانەوە کە ئیسلامیان کردووە بە دینی دیوانەکی واتا ڕەسمی لە نێو دەستووردا.
ئیسلام دینێکی تۆتالیتارە واتا گشتەکییە بە واتای ئەوەی پەیوەستە بە هەموو ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوە. تۆ وەکوو موسڵمان لە بەرەبەیانەوە تاکوو نووستن دەبێ پابەستبی بە ڕێنمایییەکانیەوە ونابێ و ناشێ و ناگونجێ بە ئەندازەی یەک گەردیلە لابدەی، ئەگینا بەرەو گومان و گومڕایی دەچیت. تۆ شەریعەتت هەیە کە بریتییە لە قانوونگەلێکی دوورودرێژ و ئاڵۆز و خاوەن لق و چڵ و قەدێکی ئەستوور وەکوو دنگەی باڵەخانەیەکی بۆنێوهەورچوو!
لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کە تالیبان موسڵمانی ڕاستینەن و دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر ڕێبازی ئیسلامی پێغەمبەر واتا ئیسلامی قورئان و سوننە. ئەوانەی کە دەبێژن تالیبان توندڕەون یاخود لایانداوە لە ئیسلام یان لە ئیسلام تێنەگەیشتوونە، دەبێ بگەنە ئەو ڕاستییە کە بۆچونەکانیان هەڵەن. ئەگەر تۆ وەک موسڵمان دژی تالیبان بیت، یان دژی برایانی موسڵمان بیت، ئەوسا واتا تۆ دژی خودی ئیسلامیت. بە واتایەکی تر دەبێ مرۆڤ دین وەکوو سروشتی خۆی تەماشایکا و ڕاڤەیکا و لێیبگا، نەک بەو شێوەیەی خودی خۆی وەک مرۆڤ دەیەوێ. دین بەو شێوەیەیە کە هەیە، دیاردەیەکە پێش سەتەها ساڵ دانراوە لە مۆمەڵگاگەلێکی جیاوز و بەگشتی دواکەوتوو لە هەموو بووارێکەوە و کاتێکیش مرۆڤ دێت و دەیەوێ بیگونجێنی لەگەڵ کۆمەلگای ئێستاکانە، دەبینیت نابێ و ناشێ و ناگونجێ و هاوکات تووشی ئەو شپرزەیییە دەروون و ئاوەزەکی و ئەقڵیی دەکات و دەبێتە مرۆڤێکی سەرلێشێواو یاخود تاکێکی زیندانیکراو لە نێوان دۆزەخ و بەهەشت! بۆیە بڕوانە دووفاقی و ڕواڵەتبازی و دووڕوویی و دزی و درۆ و شەڕوشۆڕ تکاوتکاکاری و فێڵ و ساختە و گەندەڵی! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە