ئەردوغان و بایدن

Friday, 10.15.2021, 13:09

2341 بینراوە


پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا ناتەبایە. جاران ئەو کۆمەڵە فاکتەرەی کە ببوو بە بیناغەی پەیوەندیی باش لەنێوان هەر دوو وڵاتدا، ئەمڕۆ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە ئاسانی یان لە ماوەیەکی کورتدا ئەو پەیوەندییە وەک جاران پتەو نەبێتەوە. ناکۆکیی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر کۆمەڵێک چەمکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تورکیا دەیەوێت بەبێ بەرابەر ئەمریکا، بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی ئەنقەرە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکانە بکات.
یەکێک لەو چەمەکە سەرەکییانەی کە تورکیا هەمیشە لێ نیگەرانە مەسەلەی پرسی کوردە لە تورکیا، سوریا، عیراق و ئیران. ئەردوغان دەیەوێت لەسەر بیناغەی بیرۆکەی نەتەوەپەرستی تورکیی و ستراتیژیەتی نەتەوەپەرستی تورکیا ئەمریکا لە عیراق، سوریا، تورکیا و ئیران مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمەکەدا بکات.  تورکیا دەرک بەوە دەکات، گۆڕان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و گۆڕانی هاوپەیمانیەتە جیهانی و ئیقلیمیەکان، کاردانەوەی دەبێت لەسەر جۆری مامەڵەکردنی زلهێزەکانی دنیا لەگەڵ نەتەوەیی کورد، بۆیە ئەو مەترسی ئەوەی هەیە، کە لە ئەنجامدا گرفتی نێوان زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەکەدا، هەلێکی زێرین بۆ نەتەوەی کورد بڕەخسێنێت و تەکان بە جوڵانەوەی ڕزگاری بدات، لەبەرئەوە هەنووکە ئەنقەرە پەیوەندیی باشی ئەمریکا لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی لەگەڵ هێزی یەپەگە، بە دوژمنایەتی ئەمریکا بۆ تورکیا لە قەڵەم دەدا. 
تورکیا دەیەوێت ئەمریکا وابەستە بێت بە ڕێککەوتنێک کە بۆ ئەو شەفافیەتی بێ سنووری تێیدا هەبێت، بە تایبەتی دەیەوێت ئەمریکا هەموو ئەو یارمەتیانەی کە یان ئەو بودجەی کە بۆ یەپەگەی تەرخان کردوە، ڕەزامەندی تورکیای لەسەر بێت، یان بەلای کەمی ئەو زانیاری هەبێت کە ئەو بودجەیە چۆن دراوە و چۆن خەرج کراوە، هەروها کاتێک کە ئەمریکا چەک و تەقەمەنی داوە بە هێزی یەپەگە لە سوریا، دەبوایە ئەمریکا هەموو زانیاریەکی لەسەر ئەو جۆرە چەکانەی کە  داویەتی بە یەپەگە، تورکیای لێ ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی تورکیا دڵنیا بێت لەوەی کە تەنیا جۆرێک چەک دراوە بە هێزی یەپەگە کە بە کەڵکی جەنگی دژ بە داعش بێت، نەک جۆرە چەکێک یان موشەکێک کە ئەو بۆ ئاسایشی خۆی بە مەترسی لە قەڵەم بدات.  بەگوێرەی هەواڵی میدیا جیهانیەکان بێت، بایدن بۆ ئەو مەسەلەیە گوێی لە خواستەکانی ئەردوغان نەگرتووە، بۆیە تورکیا هەوڵدەدات کە نەک تەنیا بە ڕێگەی سوپا، بەڵکو بە ڕێگەی جێگۆڕکی کردن و  بەهێزکردنی زێتری میلیشیاکانی سەربەخۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان ترسی خۆی بڕەوێنێتەوە و ژمارەیەکی زۆرتر لە جاران لەو میلیشیانە بنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی بۆ شاری عەفرین، بۆ ئەوەی گرفتی زێتر بۆ یەپەگە دروست بکات و سیناریۆکانی داهاتووی ناوچەکە بەرەو ئاقارێکی دی ببات و ئەمریکا لەبەر خاتری تورکیا هەرچی تروسکە ڕۆشنایەکی تێیدا هەبێت بۆ کورد ئەمریکا بە پفێک بیکوژێنەتەوە. لە دنیای میلیشیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا دەیوێت ئەمریکا میللەتی کورد چەک بکات و نەهێڵێت ببن بە خاوەنی تاپرێک، چارەنووسی میللەتی کورد تەسلیم بە ئەردوغان بکرێت و بە کەیفی خۆی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادی لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات.
گرفتی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا لەسەر مەسەلەی گولەن، خاڵێکی دییە کە ئەردوغان گولەن تاوانبار دەکات بەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا هەوڵی ئینقلابی دژی ئەو داوە، بۆیە بەبێ سێودوو لێکردن، ئەمریکا دەبێت خاتری ئەردوغان بگرێت، گولەن بەدەست بەستراوی ڕادەستی تورکیا بکات. تورکیا ئەوە لە یاد دەکات کە ئەمریکا کاتێک کە مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکات، وەک هێزێکی بەرابەر بەرامبەر بە خۆی نایبینێت، بەڵکو تورکیا بۆ ئەمریکا تەنیا داشێکە، کەی بیەوێت ئەو کات بەکاریدەهێنێت و وەک یەکێک لە وڵاتانی دنیای سێیەم هەژمار بۆ تورکیا دەکات، بەڵام تورکیا بۆ لەدەستنەدانی شکۆی خۆی لە ناوچەکەدا نایەوێت زۆرینەی سادەی شەقامی تورکیا، سوریا، عیراق و ئیران و کوردستان دەرک بەو فاکتەرە بکەن، بێگومان ئەو چەند هەوڵبدات ناتوانێت ئەو ڕاستییە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا بەتایبەتی لە زلهێزەکانی دنیا بشارێتەوە. 
مێژوو گەواهی ئەوە دەدا بە تایبەتی لەنیوەی سەدەی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ ئەمریکا هەمیشە لە ناکۆکی نێوان یۆنان و تورکیادا بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی قوبرس، ڕووبەڕووی ئەنقەرە ڕاوەستاوە و نەویستوە تورکیا ئەو وڵاتە داگیر بکات،  یان بواری بۆ بڕەخسێت وەک ئەوەی لە عەفرین کردی لە یۆنان و قوبرس دیموگرافیا بگۆڕێت، کە ئەمەش بۆ  ئەردوغان بۆتە مایەی نیگەرانی. کەلەڕەقی تورکیا لە مامەڵەی لەگەڵ کێشەکاندا، ڕەچاو نەکردنی مافی وڵاتان و نەتەوەی دی، وای کردوە کە ئەنقەرە هەژمار بۆ دەوروبەری خۆی و وڵاتانی دراوسێ و کێشە ناوەخۆیەکانی تورکیا نەکات و بیەوێت ئەمریکا بەناوی هاوپەیمانیەتی بێت، یان هاوئەندامی ناتۆ یان هاورێیەتی، پشتیوانی لێ بکات، بەڵام ئەمریکا لە ناوچەکە تەنیا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و مامەڵە کردنی لەگەڵ ئەو چەمکەش بە گوێرەی ستراتیژیەتی داڕێژراوی دوور و نزیکی خۆی دەبێت. 
ئەمریکا کاتێک بیەوێت دەماری تورکیا بگرێت، مەسەلەی جینۆسایدی ئەرمەنیەکان لە میدیاکاندا باس دەکات، بەتایبەتی بایدن لە زۆربەی بۆنەکاندا پەنجەی بۆ ئەو ڕووداوە نامڕۆڤانەی تورکیا لە مێژوودا درێژ کردوە. تورکیا دەیەوێت بەجۆرێکی دیکە و بەدڵی ئەو باسی ئەو کۆمەڵکوژیە لە مێژوودا بکرێت، کای کۆن بەبا نەدرێت. 
کەیسی "تورکیا خەڵکن بانکەسی" کە بانکی حوکمەتی تورکیایە، تاوانبارە بەوەی کە بە بڕی ٢٠بیلیۆن دۆلاری ساختەی کردوە و داویەتی بە تاران، پارەی کاش گۆڕدراوە بە زێر، بە لۆری بە ناوی ئەوەی خواردن دەگوازنەوە بۆ ئیران گوازراوەتەوە. ئەردوغان دەیەوێت ئەو کەیسە بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەوان ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵدا بکات، کۆشکی سپی چاو لەو گەندەڵیە بخشێنێت و سزای تورکیا نەدات، بەڵام بایدن گوێ نەداوەتە ئەردوغان و پێ ڕاگەیاندووە کە  ئەمریکا لەو کەیسەدا پێداگری دەکات.
 خوی ڕۆژانەی ئەردوغان ئەوەیە، کە هەمیشە خۆی مەزن دەکات، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی ئیدی بەرامبەر ئەمریکا ئەردوغان لە پێستی خۆیدا خۆی نەبێنیت و پێ وایە مامەڵە لەگەڵ سەرانی باشوور دەکات، کلکیان دەگرێت و "٤٢" میلیارد دۆلاری هەرێم لە بانکەکانی تورکیادا، وەک فشار بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی مەرجە سەربازیی و ئابوورییەکانیان بەسەر دەسەڵاتدارانی باشوور.
تورکیا، هێز و میلیشیاکانی لە دنیای عەرەبی و ئیسلامی واتە نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لە ئەفریقیاش بڵاوە پێ کردوە، ئەمە لە هەندێک شوێندا بێ ڕەزامەندی ئەمریکا نەبووە، بەڵام تورکیا زێدەڕۆی کردوە لەو سیاسەتەدا، کە جگە لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوچەکەش، هەندێک لە حکومەتەکانی ئەو ناوچەیەی نیگەران کردووە، کە لە هاوپەیمانیەتیدان لەگەڵ ئەمریکا کە بێگومان سکالای دڵی خۆیان لای ئەمریکا دەکەن، بۆ نمونە میسر، سعودیە و ئیسرائیل، ئەڵمانیا و فرەنسا و هیتر. ئەنقەرە دەیەوێت ئەمریکا چاو لە زێدەڕۆیەکانی تورکیا بخشێنێت و هاوشانی ئەو کاتێک کە پێویست بوو جەنگی ئەو وڵاتانە بکات بۆ بەرژەوەندیی تورکیا، بەڵام ئەمە مەحاڵە ئەمریکا هەرگیز بۆ ئەجێندای تورکیی کار ناکات، ناشیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەکەدا زیندوو بێتەوە تا دەگات بەو ئاستەی هەوڵی بچووک کردنەوەی تورکیاش دەدات.
یەکێک لەو زێدەڕۆیانەی کە ئەمریکا دەڵێت تورکیا کردویەتی و ڕاپۆڕتی ساڵانەی ڕێکخراوی دژە "هیومەن ترفیک" پەنجەی بۆ درێژ کردوە و گەیاندویەتی بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، کە تێیدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی کە حکومەتی  تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.  منداڵانی لە ریزی میلیشیاکانیدا وەرگرتوە،  ڕاهێنانی چەکی پێ کردون، دواتر لە جەنگی لیبیا و سوریادا بەکاری هێناون. ئەنسینی بەلەکینی لە کۆنفرانسی ئەم ساڵی ئەو ڕێکخراوەدا کە لە میدیا جیهانیەکان بڵاوبۆیەوە گوتی:
" یەکەم جارە وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆ بێت، ئەو کارە نایاسایە ئەنجام بدات". 
تورکیا دەیەوێت ئەمریکا پەردە لەسەر تاوانەکانی لانەدات، چاو لەو مەسەلە نایاسایانە بخشێنێت. 
 
ئەنقەرە دەوێت لەنێوان ئەمریکا و ڕوسیادا یاری بکات، پەیوەندیی سەربازیی و دیبلوماسی خۆی لەگەڵ هەردووکیاندا وەک فشار بەرامبەر ئەویدی بەکاربهێنێت، کاتێک کە ئەمریکا لەگەڵی سارد دەبێت دەڵێت، من بەردەوام دەبم لە کڕینی موشەکی ٤٠٠ ئێس لە ڕوسیا، کاتێکیش کە ڕوسیا لەگەڵی سارد دەبێت دەڵێت، کەواتە من بەگەڵ ئەمریکا دەکەوم. تورکیا لە یاد خۆی دەباتەوە کە هەردوو زلهێز هەژماری کارتێکی فشار بۆ تورکیا دەکەن و هاوشانی خۆیان نایانبینن، سەرەڕای ناکۆکی نێوانیان هەر کاتێک پێویست بکات، بەرژەوەندییەکانیان جووت بێت، گەلەکۆمەکێ لە تورکیا دەکەن، وەک چۆن لە سوریادا دژی جەنگی داعش بوونە هاوپەیمان. تورکیا پێ وایە ڕوسیا و ئەمریکا تۆپێکە لە گۆڕەپانی ئەودایە، چۆنی بوێت ئاوا شەقیان تێهەڵدەدات، کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە.  
دەبێت ئەوە نەبوێرین کە، مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا پێمان دەڵێت، هەر کاتێک کە پەیوەندیی نێوان تورکیا وئەمریکا ناخۆش دەبێت، ئەوجا ئەمریکا ئەو جۆرە هەنگاوانە دژی تورکیا داوێت، لاپەڕە ڕەشەکانی تورکیا هەڵدەداتەوە و پەنجە بۆ کارە نایاسایەکانی درێژ دەکات، وێرای ئەوەش ناتەبایی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر هەر چەمکێک بێت بۆ هەر مەبەستێک بێت، بوارێک دەرخسێنێت کە هێزە کوردییەکان بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بتوانن لەو گەمەیەدا سوودمەند بن.