فاشیزم و ڕەفتاری یەکێتی و پارتی

Tuesday, 26/10/2021, 16:07

2930 بینراوە


فاشیزم چەمکێکی تیوری و ھەڵگری ناوەرۆکێکی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تایبەتە، فاشیزم تێگەیشتن و ڕوانین و ئایدۆلۆژیای تایبەت دیجوڵێنێت ، کەسایەتی سەرۆک لە ناو فاشیزم دا بەشێکی گرنگ و سەرەکییەو سەرۆک سەرۆکی حیزب و دەوڵەت و کۆمەڵگایە ، هەمیشە نەوەی سەرۆکە فاشیزمەکان خەون بەوە دەبینن کەشوێنی باوکیان بگرنەوە ، خەونی ئایدۆلۆژیای فاشیزم خەونی دروستکردنی جۆرێکی تر لەئینسان و لەکۆمەڵگایە بە پێی ڕوانینی فاشیستی ، هەموو فاشیزمێک خێڵو مێنتەڵییەتی خێڵ پیرۆز دەکات و دەسەڵاتێکی شمولی پێکدەهێنێت ، تووندوتیژی سیاسی بەرامبەر بەرهەڵستکاران و دەنگی ناڕازیی و ئۆپۆزسیۆن یەکێکە لە میتۆدەکانی دەسەڵاتی فاشیزم ، خەونێکی تری فاشیزم ئەوەیە کە ئازادی ئینسانەکان ڕیشەکێش بکات و هیچ دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ڕەخنە و دیدو ڕوانین و ڕای جیاوازی مرۆڤ نەهێڵێت . 

یەکەمین کاری فاشیزم چاودێریکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا و کۆنترۆڵکردنی کایەی سیاسی و ئابوری و بڵاوکردنەوەی ترس و ڕەنگڕێژکردنی ترسە لە ناو کۆمەڵگادا ، توندوتیژی فاشیزم جیاوازە لەتوندوتیژی دیکتاتۆرییەت و ئاکاری تایبەت بەخۆی هەیە ، بینیتۆ ئەمیلکەیر ئاندریا موسۆلینی ( ١٨٨٣- ١٩٤٥) یەکێکە لە گەورە فاشیزمەکانی جیهان ، مۆسۆلۆنی بە چیرۆکێکی پڕ لەتراژیدی لەسێدارە دەدرێت ، واڵتەر ئاودیسۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێت : چوومە ئەو ژورەی کە موسۆلینی و خۆشەویستەکەی( کلارا بیتاچی) تێدا دەستبەسەر کرابوون ، بڕیارم دا جارێکی تر عەدالەتی نەتەوەیی بۆ گەلی ئیتالیا بگەڕێنمەوە ، سەرەتا چەکەکەم چروکی کرد و تەقەی نەکرد ، دووەمین چەکیش هەر تەقەی نەکرد ، پاشان توڕەبووم و چەکی یەکێک لە پاسەوانەکانم هەڵگرت و ڕووم کردە هەردوکیان لەوکاتەدا لەپێشدا مۆسۆلۆنیم کوشت و دواتریش خۆشەویستەکەی ، واڵتەر ئاودیسۆ لە کتێبەکەیدا نوسیویەتی و دەشڵێت ؛ بۆ ئەوەی فاشیزم لە داهاتووی مرۆڤایەتیدا ببێتە پەند لە مەیدانی (لۆریتۆ) لە شاری (میلانۆ) لەنزیک بەنزینخانەی (ئیسیسسۆ) تەرمی (مۆسۆلۆنی و خۆشەویستەکەی بە ناوی کلارا) و دوو وەزیرم سەربەرەو خوار هەڵواسی.

توندوتیژی و جەنگ و ملمملانێ و کوشتن و تیرۆر لای فاشیزم پلەو پایەیی بەرزیان هەیە، فیکرو فەلسەفەی هەموو فاشیزمێک ڕەگەزپەرستی و پیرۆزکردنی سەرۆک و خێڵ و بنەماڵەکەیەتی ، زۆرێک لە پاشاو سەرۆک و زەعیمەکانیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەرێمی کوردستانیشەوە سەرسام و شوێنکەوتە و لاسایکەرەوەی فاشیزمن ، چۆن برۆیش دەڵێ :"فاشیزم زیاترە لە دیکتاتۆری". ئێستا یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی دنیای سیاسی ئێمەی تەنیوە دامەزراندنی بنەماکانی ئەو فاشیزمەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکانە لە ڕێگەی جیاوازەوە لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە کاری لەسەر دەکرێت، رۆژانە ئەو رەفتارە سەرکوتکاریانە دەبینین کە ئاماژەی گرنگن بۆ سەرهەڵدانی عەقڵیەتێکی فاشیخواز بە کڵاوی یەکێتی و پارتی ، فاشیزمی یەکێتی و پارتی هەمیشە لە هەوڵی لێدان و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازیەکاندا بووە و لە پراکتیکدا لە هەوڵی ژینگەیەکی پڕ لە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و چاودێریکردنی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە هەر جوڵە و خۆپیشاندانێکی جەماوەریی دان ، یەکێتی وەکو پارتی لە غروری پاوانکردنی دەسەڵاتدایە لەپێناو دروستکردنی هەژمونێکی گەورەتر بەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگادا .

هیچ گومانی تێدا نییە لەهەر گۆشەو سوچێکەوە  بە ڕوانینێکی فیکری و فەلسەفی خوێندنەوە بۆ ئەم سیستە سیاسییە و هونەری بەڕیوەبردن لە هەرێمی کوردستان بکەیت ، سیستەمەکە بەڕوونی بەرگی فاشییەتی لەبەردایە و دەبێ چاوەڕێی هەموو کردەیەکی فاشییانە بین ، یەکێک لەو کردە فاشییانەی کە فاشیستەکان پەنای بۆ دەبەن بریتی یە لە دروستكرنی فەزاییەكی پڕ لە ترس و تۆقاندن ، شکاندنی شکۆی مرۆڤ و بچوککردنەوەی ئینسان و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا ، هەتا پەنا بردن بۆ تیرۆری ئینسان و ئیفلیج کردنی دیموکراسیەت هەموو ئەمانە کردەی فاشیستین ، ئەم خەونە فاشستییە لەسنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کاری بۆ کراوەو کۆمەڵگاش بەو ئاراستەیەدا دەبرێت کە خەونی فاشییەت پێویستی پێیەتی  ،هاوکات لەتەنیشت قەڵەمڕەوی پارتیشدا ئەم خەون و حەزو خولیا فاشیزمە گوازراوەتەوە بۆ قەڵەمڕەوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش ، وردە وردە ئەو تۆزە ئازادییەی کە بەشانازییەوە باس  دەکرا سەرکوت دەکرێت و كردەی فاشییانە ئەکتیڤ دەکرێت دژ بە بەهاكانی مرۆڤ و ئازادییی و دەنگە ئازادەكان ، دژ بە خەون و بەها گەورەكانی دیموكراسی ، وردە وردە یەکێتی نوێ چاو لەپارتی دەکات و  دەیەوێت بە مرۆڤەكانی ژێر دەسەڵاتەكەی خۆی بڵێت دەتوانم  خەون و بەهاكانتان لێوەر بگرمەوە ، شكۆمەندیتان تێک بشکێنم، پیرۆزییەكانیشتان وێران بکەم، ئازادییەكانتان كۆتایی پێ بهێنم ! یەکێتی ئێستا پارتییە چونکە وەک پارتی نەخشە بۆ فاشییەت دادەڕێژێت و لەگەڵ پارتی پێکەوە لە هەوڵی دامەزراندنی فاشیزمێکدان کە تاکەکانی کۆمەڵگا توانای دەربڕینی راوبۆچونەکانی خۆیانیان نەبێت و هەموو دەنگێکی ناڕازیی  کپ بکەن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە